١٦ ئۆکتۆبەر لەکام پرۆسەدا، هۆکارەکان، لایەنەدەرگیرەکان، ئاکامەکان، رێگاچارە

    نووسینی: عەبدوڵا مەحمود     

روداوەکانی ئەم ماوەی دوایی بەتایبەتیش لەشکرکێشی  هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و رێکەوتنی باڵێکی یەکێتی و بەدیاریکراوی باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ عەبادی و گەورە تیرۆریستی ناوچەیی قاسم سلێمانی و رادەستکردنی ناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و کەرکوک بە دەستی حەشد و سوپای عێراق و پاشان پاشەکشەی ئابروبەرانەی هێزەکانی پارتی لەتەواوی سنوری زۆنی زەردا، لەبەرامبەر بە هێرشی سوپاو حەشدی شەعبی… روداو گەلێکن کە پێویستیان بە هەڵوێستەو رامانی جدی هەیە… بەتایبەتی کە مێژووی پێش ١٦ ئۆکتۆبەر و دوای ئەو بەروارە، دوو مێژووی تەواو لەیەک جیاوازن و گەرانەوە بۆ دۆخی پێش ١٦ ئۆکتۆبەر نەک تەنها سەخت و پڕ کۆسپ و رێگرییە، بەڵکو لە نزیک مەودادا لەمەحاڵ نزیکترە.

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی لایەنە سەرەکیەکانی ئەو رووداوانە و لایەنە دەرگیرەکانی ناو ئەو شکست و ئەو گورزەش کە لەو نێوەدا لە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان درا…  بۆ خوێندنەوەی ئەم هەلومەرجە سەرەتا پێویستمان بە ئاوردانەوەیەکی خێرا و هۆکارە بناغەیەکانی ئەم رووداو و  ئاڵوگۆرانە هەیە.

فیدرالیزمی قەومی و تایفی:

بەدوای ناکامی ئەمریکا لە عێراق و بەناچار پاشەکشەکردن بە هێزەکانی و چنینەوەی بەری هەموو هەوڵ و جەنگخوازیەکەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە… پاشان دامەزراندنی عێراقی دوای سەدام حسێن لەسەر بنەمای فیدرالیزمی قەومی و دینی” تایفی”… سەرەکیترین ژینگەی تیرۆر، بناغەییترین هۆکاری دابڕدابڕکردنی کۆمەڵگەی عێراق بوو. ناسیونال-ئیسلامی سیاسی شیعە، ناسیونال-عەرەبی سونە، ناسیونالیزمی کورد… وەکو سێ بزوتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتی دیاریکراو و پیکهاتنیان لەسەر بنەمای فیدرالی و نووسینی دەستور لەسەر ئەو بنەمایەو دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لە نێوانیان لە هاوسەنگیەیەکی دیاریکراوی دوای جەنگدا، چنین و بەفەرمی کردنی ململلانێ و کێبەرکێ  نیوان خەڵکی عێراق بوو لەسەر بنەمای قەومی و دینی و مەزهەبی “تایفی”، راگرتنی دانیشتوانی عێراق بوو بەرامبەر بەیەکتری و هاوکاتیش ماشینی راگەیاندن و هەڵرشتینی پارەو داهات بەردەوام بوو بۆ قوڵکردنەوەی قڵشت لە نێوان خەڵکی شیعە مەزهەب و سونە مەزهەب، کوردو عەرەب و تورکمان و… تاد… لەیەکەمین رۆژەکانی دامەزراندنەوەی عێراق لەسەر ئەو فیدرالیزمە، رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی هوشداری لە ئاکامی ئەم فیدرالیزمە، دا. ئەو کاتەی رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی مەترسی قوڵبونەوە و بەیەکدادانی قەومی و دینی و تایفی، بە فاکت نیشان دەدا، ئەو کاتە بوو کە لایەنە سیاسیەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە بەش پێبراوەکان… شانازیان بە فیدالیزمەوە دەکرد، سەران و نووسەران و لێکۆڵەرە سیاسییەکانیان فیدرالیزم و چەسپاندنی ئەو فیدرالیزمەیان لەدەستوردا بەدەسکەوت دەرخواری جەماوەری عێراق و دنیا دەدا… لە ئاکامی قوڵبونەوەی ململانێی نێوان هەر سێ ئەو بزوتنەوەیە… سەرەتا خوارو ناوەراستی عێراق بوونە شانۆی جەنگ و کردەی تیرۆریستی تایفی و تەسفیەی مەزهەبی و لەو نێوەشدا بە دەیان هەزار ئینسانی بێتاوان بوونە خۆراکی غولی فیدرالیزمی خوێن خۆر… ململانێی نیوان دەسەڵاتی ناسیونال- ئیسلامی سیاسی شیعە لەگەڵ ناسیونالیزمی کوردیش لەسەر دەیان دۆسیەی وەکو نەوت و غاز، بودجە، پێشمەرگە، سنورو ناوچە کێشەلەسەرەکان، مادەی ١٤٠، سەرژمێری، پۆست،…تاد بەردەوامی هەبوو تا ئەوکاتەی داعش لە ئاکام و وەکو بەرهەمی شکستی ئەمریکا لە عێراق و دامەزراندن و زاڵبوونی دەسەڵاتی تایفی ناسیونال-ئیسلامی شیعیدا هاتە ناو گۆرەپانەکە و ویستگەیەکی نوێی لەگەڵ خۆی هێنا…

سەرهەڵدانی داعش

داعش بەرهەمی شکستی ئەمریکاو غەرب لە عێراق و ناوچەکە و بەرهەمی دامەزراندنی دەسەڵاتی تایفی و ناسیونال- ئیسلامی شیعییە… بە پشتیوانی و هاوکاری رەوتی ناسیونال- عەرەبی سونی لەناوخۆی عێراق و پشتیوانی چەندین وڵاتی عەرەبی لەو رەوتە لە دنیای عەرەبیدا…

هاتنی داعش و وەشاندنی گورزی جەرگبر لە سوپای عێراق و دەست بەسەراگرتنی شاری  موسڵ و چەندین شاروشارۆچکەی تر… بە خێرایەکی ناچاوەروانکراو و تەکاندەر و پێشرەوی کردنی تا نزیک شاری بەغدا، بەهاوکاری بزوتنەوەی ناسیونال عەرەبی سونی لە ناوچەکدا، گورزێکی گەورەو کەمەر شکێنی لە بزوتنەوەو رەوتی ئیسلامی تایفی شیعی عێراق وەشاندو پەیامی بزوتنەوەو راسانی بزوتنەوەی ناسیونال عەرەبی سونی، لەعێراق ناوچەکەدا راگەیاند… ئەو پەیامە بەئاشکرا ئەوە بوو کە ناتوانرێت رۆڵ و نەخشی بزوتنەوەی ناسیونال عەرەبی سونە نادیدە بگیرێت و بخرێتە دەرەوەی کایەی دەسەڵاتدارێتی بە قەڵەمرەویی جغرافیایی تایبەتی خۆیەوە… لەبەرامبەردا رەوت و بزوتنەوەی ناسیونال تایفی و ئیسلامی شیعی، لە خەوێکی قوڵ بیدار کردەوەو ناچاری کرد لەلایەکەوە ریزەکانی خۆی کۆبکاتەوەو لەلایەکی تریشەوە بەتەواوەتی بچیتە ژیر چەترو هەژمونی سیاسەتی زاڵ لە ناوچەکەدا… ناکامی ئەمریکاو غەرب لە عێراقدا هەروەکو چۆن رۆڵی هەبوو لە هاتنی داعشدا و جەنگ لە دژی داعشیش بووە دەروازیەک تا دووبارە ئەمریکاو غەرب و لەژیر ناوی جەنگ لەدژی داعشدا، بێنەوە ناوچەکەو قەرەبووی ناکامیەکانی دەورەی رابردویان بکەنەوە… بەڵام دەخالەتگەری روسیا هاتنی بۆ ناو هاوکێشەکەو جەنگ لە ناوچەکەو بەدیاریکراوی لە سوریادا و کاریگەری دەستێوەردانەکانی تا رادەی دروستکردنی سێکوچکەی عیراق، ئیران، سوریا، توانی دوبارە رۆڵی ئەمریکاو غەرب مایەپوچ بکاتەوە وعیراقیشی بە تەواوەتی خستەوە باوەشی گەرمی بزوتنەوەی دایک کە دەسەڵاتدارانی ئیرانن. بۆیە چۆن جەنگی ئەمریکا لە عێراق، ئیرانی بەسەرکەوتن گەیاندا، جەنگ لەدژی داعشیش لەسوریا و پاشانیش لە عێراق دووبارە ئیرانی گەیاندەوە ترۆپکی سەرکەوتن لەهەردوو وڵاتەکەدا… ئەمە وای کرد رەوتی ئیسلامی و تایفی شیعی بە پشتیوانی و قورمیشی بەردەوامی ئیران، سەربەرزبکاتەوە ببێتەوە بە براوە لە دۆخی سیاسی عێراقدا و دوبارەش پاشەکشە بە رەوتی ناسیونال/ عەرەبی سوننە بکات… ئەم رەوتە ناتوانرێت تاسەر درێژە بکیشێت و کەنار خستنی رەوتی ناسیونال عەرەبی سونی، ناتوانریت درێژ مەودا بێت و لە شێوازی تردا بە پشتیوانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی لە دنیای عەرب و ناوچەکەدا دووبارە بەهیزەوە دێتەوە ناو گۆرپانی قەڵەمرەوی دەسەڵاتدارێتی، شیوازی ئەم خۆ دەرخستنەوەیە لە پێشدا ناتوانرێت، پێشبینی بکرێت… بەڵام هاتنەوەی و بوونەوەی بە بەشیکی کاریگەری دەسەڵات لە عێراقدا راستیەکی حاشاهەڵنەگری داهاتووە.

کۆتاییهاتنی جەنگی داعش یان شکستی سەربازی داعش و پاشەکشەپێکردنی لەناوچەکە بەگشتی و بەدیاریکراویش لە عێراقدا، یەکێک لە وەرچەرخانە بەرچاوەکانی گۆرانی هاوسەنگی هیزو باڵانسی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکانی سەر گۆرەپانی سیاسی عێراق و کوردستانە…

لەسەر ئاستی عێرقدا سەرکەوتنی باڵی ناسیونال/ئیسلامی شیعی بەسەر ناسیونالیزمی عەرەبی سونیدا بوو، لەسەر ئاستی ناوخانەوادەی ئیسلامی شیعیشدا، بە قازانجی باڵی عەبادی بەسەر باڵی مالیکیدا لەقەڵەم دەدرێت.

هەروەکو چۆن هاتنی داعش و داگیرکردنی موسڵ و چەندین شارو شارۆچکەی تر، ویستگەیەک لە برگەیەکی دیاریکراوی مێژووی هاوچەرخی عێراق بوو، کۆتاییهاتنی داعش و بنەبڕکردنی توانایە سەربازیەکەی لە عێراقدا بە هەمان شێوە ویستگەیەکی نوێی هەمان برگەی مێژووی هاوچەرخی عێراقە… کە تیایدا ئاڵوگۆری بەرچاو لە توانایی و دەسترۆشتووی بزوتنەوە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکان و حزب و لایەنە سیاسیە دەرگیرەکاندا پێکدەهێنێ.

بیناکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، لەسەر کەلاوەی دارماوی هەموو جومگەکانی دەوڵەتداری و حکومەتداری، رەوتێکە لەدوای لەدەسەڵات کەوتنی بەعسەوە درێژەی هەیە. ململانیی نیوان هەردوو باڵی ناسیونال/ تایفی و شیعی و ناسیونال عەرەبی سونی، لەسەر چۆنیەتی بیناکردنەوەی دەوڵەتی عێراق و پاوانی دەسەڵاتدارێتی بە پشتیوانی هاوکاری و هاوکارەکانیان لە ناوچەکەو دنیای عەرەبدا، سەرەکیترین ململانێ و جەنگی ئاشکراو نهینی و ئەو دوو رەوتەیە لەگەڵ یەکتری… ناسیونالیزمی کوردیش کە رەوت و بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی کۆمەڵگەی عێراقە و خاوەنی قەڵەمرەویەکی سیاسییە، بەشێکی تر لەو ململانێیە کە لە عێراقدا هەیە، بەڵام ئەم رەوتە هێزی بریاردەر لە چۆنیەتی بیناکردنەوەی عێراقدا نییە. شێوازی حكومداری داهاتووی عیراق بە پێی کایەو کارت و نەخشەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ناچێتە پێشەوە… ئەوەی کە دەوترێت کورد رۆڵی سەرەکی لە دروستکردنەوەی عێراقدا هەبوو، بەمانای وشە درۆ دەکەن… عێراق لەناوەندو لەبەغداو بەهێزو حزبەکانی ئەوێ دروستدەکرێتەوە. سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی تەنها دەتوانن سواڵکەری سیاسی و داهات بن لە رەوتگەلی تایفی و قەومی و شیعی و سونی… عێراقدا.

هاتنی داعش و کاردانەوەو نەخشی ناسیونالیزمی کورد

لەناو پیشهاتەکانی ناوچەکەو کایەی سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق و ململانێی نیوان هەردوو رەوتی ئیسلامی تایفی و شیعی و ناسیونال، عەرەبی سونی و بۆ چونیەتی سادانەوەی دەوڵەتی داروخاوی عێراق و ئەو بەرامبەرکێ سیاسی و جەنگەدا، هاتنی داعش بۆ ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی روداوێکی ناچاوەروانکراو بوو… داگیرکردنی بەرق ئاسای موسڵ و چەندین شوێنی تر و پێشرەوی خێراو بێ پسانەوەی داعش لەچەندین شوینی عێراقدا و نزیک کەوتنەوەی تا بەغدا روداوێکی گەورەو وەرچەرخانێکی تەکاندەرو هەڵگێرانەوە و شێواندنی رەوتی رووداوەکان بوو بە ئاقارێکی تردا. لەسەر ئاستی عێراقدا ئەوەی نیشاندا کە عێراق چ وەکو دەوڵەت و چ وەکو حکومەت و دەسەڵات، لەسەر خاشاک و زەویەکی بۆشدا قاچی چەقاندووەو هەر رەشەباو لەرینەوەیەک لێکی دەترازێنی و دایدەروخێنی… ئەو هەموو هیزو جبەخانە سەربازییەی عیراق، بەرگەی چەند سەعاتی هیرشەکانی داعشی نەگرت و ناوچەکان وەکو پولی دۆمینە بەدوای یەکدا کەوتن و شوینەکانیان کەوتنە دەستی داعش و لە زۆرێک لە ناوچەکانی تریش رەوتی دۆران و شکست وای کرد کە سوپای داوەشاوی عێراق ناوچەکان چۆڵ بکات… ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و پارتی وەکو هێزی بریاربەدەست و لەناو جەرگەی ئەو کوشتار و ئاوارەیی و  کوێرەوەریانەی بەسەر خەڵکی سفیلی ئەو ناوچانە هاتن، شاگەشکە بوون و ئەو دۆخەیان بە دەستکەوتێکی زێرین زانی و بە خیرایی چوونە ئەو ناوچەو شوێنیانەی کە سوپای عێراق چۆڵی کردبوون… بەتایبەتی زوربەی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی کیشە لەسەر ناسرابوون بە چەندین کێڵگەو بیری نەوتەوە کەوتنە دەست هیزەکانی پیشمەرگەو دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی… سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی رایان گەیاند کە جارێکی تر لەو ناوچانە ناکشێنە دواوە.. ئەم دۆخە تا ئەو رادەیە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی سەرمەست کرد و خستنیە سەر شایی لۆغان، کە شەیپوری” فرسەتە” بووە بە مانشێت و وێری سەر زمانی سەرانی حزبەکان و نوسەرانی جڵەو ئازادو موچەخۆریان. بارزانی رایگەیاند کە مادەی ١٤٠  تەواو بوو. بانگەشەی سەربەخۆیی بووە بە مانشێت و وتەی ئەوێ رۆژێ. تای سەربەخۆخوازی بە رادەیەک هەڵكشا بەشێک لە هاوڕییانی چەپ و کۆمۆنیستیش لەناو ئەو دۆخە پر مەترسی و نائەمنیەدا چوونە پشت بانگەشەی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کوردستان… کاتێکش لە گەمەیەکی جەنگی و سات و سەودایەکدا، داعش پەلاماری شەنگال و چەند ناوچەیەکی دا،  خاوەنانی سەرەکی بانگەشەی سەربەخۆیی و فرسەتە، خەڵکی شەنگالیان بەدەستی بەستراوەوە رادەستی هیزە درندەکانی داعش کرد و کارەساتێکی ئینسانی لەبیرنەکراوی دڵ هەژێنی کەم وێنەیان لە مێژووی ئینسانی سەر ئەو هەسارەیە تۆمار کرد و بە هەزاران کوژراو بریندار، بەهەزاران ئغتیساب، کرین و فرۆشتنی ژنان و کچان، ئاوارەیی ملیۆنی، وێرانکردنی شارەکە… هەموویان بوونە دیاری نەگریسی داعش و پاشەکشەی ئەو هەموو هیزە سەربازییەی پارتی و و هیزەکانی تر…

ئەم روداوە و درندەیی داعش و بەزین و سات و سەودا لەگەڵ داعش، درێژەی هەبوو تا ئەوکاتەی جەماوەری خۆراگری کۆبانێ، ژنان و پیاوانیان بۆ بەرگری لە خۆیان و لە ژیان و مانەوەیان، بەچەک و ئیمکانیەتێکی کەمەوە رووبەرووی داعش بوونەوەو تەلیسم و ترسی داعشیان بە ئیرادەی یەکگرتوانەو چەکدارانەی پشت بەستوو بەخۆیان تێکشکاند و نیشانیاندا، هێز لە ئیرادەو یەکگرتوویدایە… ئەمە ئەو رووداوە بوو کەبووە سەرەتای پاشەکشەی داعش و هاوپەیمانەکانیان و بووە سەرەتایەکش بۆ پشتیوانی لە کۆبانی و ئیرادە بەخشین بە بزوتنەوەی بەرگری جەماوەری… ئەگەر ئەم دۆخە بەزین و پاشەکشەو سازشە لە عێراق و کوردستانی عێراقدا، ورەی روخاند، راکردن و تەسلیم بوون بوو بە دیاردە، ئەوا لە کۆبانێ و خۆراگریان بووە بەهۆی پێشرەوی و ئیرادە بووە بەوەی خەڵکی خۆبەخشانە بچێتە جەنگی داعش، بوو بەوەی دنیای پێشکەوتنخوازو شارستانی بچنە پشت کۆبانی و تەنانەت بەدەیان کەسی وڵاتانی ئەوروپی بوونە چەکدار بەرامبەر بەداعش. ئەوە ئەو ئاڵوگۆرە بوو کە وای کرد ئەمریکاو غەرب جەنگ لەدژی داعش رابگەیەنن و بچنە پشتی سوپای داوەشاوی عێراق و لە موسڵ و شوێنەکانی تر… لەو جەنگی دژی داعشەدا حزبەکانی کوردایەتییش لە چوارچێوەی جەنگی دژی داعشدا چوونە ناو بەرەی خۆشخزمەتی بە ئەمریکاو غەرب و سازانی نوێ لەگەڵ حكومەتەکەی عەبادی… پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگەکەی هەر دوولایان سەرباری راگەیاندنی جەنگیان لەدژی داعش بەڵام بەدوو ئەجندای جیاوازەوە بەشداری شەریان کرد، کە ئامانجی سەرەکی هەردوو لایان دەستبەسەراگرتنی ناوچەو بەرینکردنەوەی جغرافیایی قەڵەمرەوەی دەسەڵاتدارێتی و پاوانی داهات بەتایبەتیش نەوت بوو… ئەمریکاو غەربیش هانی پارتی و یەکێتیان دەدا و دەستخۆشانەیان پێرادەگەیاندن کە وەکو چەکداری خۆیان و بێ بەرامبەر و بێ رێکەوتنێک شەری زەمینیان دەکرد و بوونە پاڵپشتی هیزە ئاسمانیەکانی ئەمریکاو غەرب… کەچی بێشەرمانە دەیان وت ئەمریکاو غەرب لە پشتی ئیمە و خەڵکی کوردستانن… دەستپیکردنەوەی جەنگی رزگاری موسڵ!!، بووە ویستگەیەکی تایبەتی لە سازانی نیوان بەغدا و هەرێم و بە چاودێری ئەمریکاو غەرب.

جەنگی موسڵ، ناسیونالیزمی کورد

بریاردان بۆ دەستپێکردنی جەنگی موسڵ و دەرکردنی داعش لەو شارە، ویستگەیەکی گرنگ و چارنووسازبوو، کە هەم هێزی چەکداری پێشمەرگەی حزبەکانی کوردایەتی و هەم سوپای عێراق و هیزی ئاسمانی و لۆجیستیکی و هەواڵگری ئەمریکاو غەرب تیایدا بەشدار بوون و بەر لە شەرەکەش ڕیکەوتننامەیەک کرا کە دوای کۆتاییهاتنی شەر و وەدەرنانی هێزەکانی داعش لە موسڵ و دەوروبەری، هەموو هێزەکان دواتر دەگەرێنەوە خاڵەکانی بەر لەدەستپێکردنی شەر… دیارە ئەم رێکەوتننامەیە کە بە چاودێری هێزەکانی ئەمریکا مۆرکراوە، هاوکات هەموو ناوچەکانی تری سنوری کوردستان و هەموو ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەی کێشەلەسەر ناسراون و ناونراون… دەبێ بگەرێنەوە بۆ بەر لە هاتنی داعش. وەدەرنانی هیزەکانی داعش لە موسڵ هەر بە وینەی سەرکەوتنی سەبازی حکومەتەکەی عەبادی نەبوو، بەڵکو هاوکات هەڵسانەوەیەکی سیاسی بوو کە غروری هێزەکانی سوپاو حەشدی شەعبی و جوڵاند و جێگەو رێگەی عەبادیشی وەکو فەرماندەی هێزە سەربازیەکانی عێراق، قایمتر کرد لەبەرامبەر بە رەقیبەکانیدا… ئەوەی لەو نێوەدا بۆ هیزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی جێگای شەرمەزاری بوو، بەشداریان لەو شەرەدا بەوێنەی فرۆشتنی خوێنی خەڵکی نەدارو برسیکراو بوو لەجەنگەکەدا کە لەبەرامبەر سەفقیەکی پارەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریدا بوو… ئەوە خۆی شکستێک بوو بۆ ناسیونالیزمی کورد بەر لەوەی شەر دەست پێبکات. واتە بەشداری هیزەکانی ناسیونالیزمی کورد هیندەی پەیوەندی بە پارەوە هەبوو، پەیوەندی بە گێرانەوە یان جەنگ لەسەر هیچ ناوچەیەک و بۆ پاریزگای لەهیچ خەڵکێک و بۆ گێرانەوە هیچ شتێکی لەدەستچوو نەبوو، تەنانەت پەیوەندی بە دژایەتی داعشێشەوە نەبوو… پەیوەندی بە مامەڵەیەکەوە بوو کە پارە بوو، ئەمە سەرەتای کەوتنی جێگەو رێگەی ناسیونالیزمی کورد بوو کە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئەوکاتە…

جەنگی حەویجە و وەدەرنانی داعش… دوا وێستگەی جەنگی دژی داعش بوو کە هیزەکانی پێشمەرگە تیایدا بەشدار بن… وەدەرنانی داعش دوای ئەو شکستەی کە داعش لە شوێنەکانی تر توشی هاتبوو، بە خێرایەکی چاوەروانکراوەوە و بە خێرایی کۆتایی هات. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ لە سایەی ڕیکەوتنێکی نا فەرمیدا، نزیک بە دوو هەزار چەکداری داعش خۆیان رادەستی پێشمەرگە کردبوو… دیارە کۆتاییهاتنی جەنگ لەدژی داعش لەدوا ناوچە کە هیزەکانی پێشمەرگە بەشداری تێداکرد… سەرەتای  کۆتاییهاتنی ئەو زێدەرەویانەش بوو کە لەگەڵ هاتنی داعشدا دەستیان بەسەردا گرتبوو، ئەمە چ وەکو ناوچەو چ وەکو بیرە نەوتەکان…

کۆتایی هاتنی جەنگی حەویجەو ١٦ ئۆکتۆبەر…

کۆتاییهاتنی جەنگ لەدژی داعش لە حەویجە، هاوکات بوو لەگەڵ قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نیوان پارتی و یەکێتی، هاوکات بوو لەگەڵ ململانێیەکی گەرمی نێوان ‌هێزو حزبە سیاسیەکانی کوردستان، هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ریفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی بەڵی، هاوکات بوو لەگەڵ مانۆری سەربازی و جموجۆڵ و هەرەشەی وڵاتانی ناوچەکە، هاوکات بوو لەگەل کۆتاییهاتنی داعش…

کۆتاییهاتنی داعشیش یانی سەرەتاو وێستگەیەکی نوێ لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا، بەدوای جەنگی داعشدا… وە یانی دووبارە هێنانەوە ئارای کێشە هەڵپەسێردراو و سڕکراوەکان، یانی دووبارە گەڕانەوە بۆ گێرانەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ بەر لەهاتنی داعش.. ململانێ لەسەر رادەستکردنەوەی ئەو ناوچەو بیرە نەوتانەی لەگەڵ هاتنی داعشدا کەوتە دەست هێزی پێشمەرگەو کەبەرپرسە سیاسی و سەربازیەکان هەر ئەوکات رایان گەیاند کە جارێکی تر ئەو ناوچەو شوێنانە چۆڵ ناکەنەوە و ئامادەنین رادەستی سوپای عێڕاقی بکەنەوە… دۆسیەی نوێ بوو کە چووە سەر دۆسیەکانی تری پێشوو، هاوکات پێگرتن و تارادەیەک خۆگرتنەوەی سوپای عێراق و بوونی هێزێکی تایفی و سەر بەحكومەتێکی تایفی وەکو حەشدی شەعبیش فایل و دۆسیەی تازە بوو کە چوونە سەر فایل و دۆسیەکانی تر، سەرکەوتنی حکومەتەکەی عەبادی و غروری سەرکەوتنی بەسەر داعش و پاشەپێکردنی بە نەیارە سیاسیەکانی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی عێراق و بەتایبەتیش پاشەکشەکردن بە رەوتی ناسونال عەرەبی سونی… روداوگەلێک بوون کە رەوتی ململانیی نیوان هەولێر و بەغدای خێراتر کرد.

مەسەلەی گەرانەوەی سوپای عێراق بۆ بەر لەهاتنی داعش، دەستبەسەراگرتنەوەی بیرە نەوتەکان وەکو شادەماری ئابوری، لەلایەن سوپای عێراقەوە، لەناو ململانێی نوێ دوای داعشدا، پێشبینکراو و چاوەروانکراو بوو… بەڵام گەرانەوەی سوپاو حەشدی شەعبی لە رێگای هێزی سەربازیی و هێرشی چەکدارانەوە بەو خێرایە نا چاوەروانکراو و ناپێشبینی کراو بوو… پێشبینی ئەوە دەکرا بەغداو هەولێر لە پرۆسەیەکی سازان و سات و سەودا و کۆبونەوەدا، بگەنە بە رێکەوتنێک و ڕیگاچارەیەک ئەگەر بە تەواوەتیش نەبێت بە نیوە ناچڵی… بەڵام ئەم پرۆسەیە رووی نەداو بازدانێک روویدا کە لەو ماوە کورتەدا ناچاوەروانکراو بوو… ئەوە کە وای کرد ئەم پرۆسیسە رووبدات و زوربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و بە شاری کەرکوک و بیرە نەوت و خاڵە سنوریەکان و کۆنترۆڵی هێڵە ئاسمانیەکانیش بگرێتەوە… بریتی بوو لە:

١/ قوڵبونەوەی ململانێی نیوان خانەوادەی بۆرژوازی کورد  

باڵادەستی پارتی و کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی، راگیرکردنی هەموو دۆسیە گرنگەکانی بریاردانی سیاسی و ئابوری و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئەمنی و لەدەستی خۆیدا، گوێنەدان و حساب نەکردن بۆ هیچ کام لە حزب و هیزە سیاسیەکانی کوردستان، قڵشتی نیوان ئەو حزبانەی بەشوێنێک گەیاندبوو کە تەنانەت ترس لە جەنگی ناوخۆیش ببووە دەنگۆ… هێزی نەیاری سەرەکی پارتی لە دەسەڵاتدا کە یەکێتیییە… لەدۆخێکی لێکترازان و جەنگی باڵ و لاباڵەکاندا نوقم بوو، هیزێکی بریندار و بێ رابەر، بێ ئەجندای سیاسی و بێ پرۆژە، لاواز و داروخاو… باشترین نێچیر بوو بۆ تەماح و بەکاربردن و بەدەستەوە گرتنی وەکو مەقاش و ئامرازێک بەدەست هێزو لایەنەکان و وڵاتانی ناوچەکەوە…

لەو نێوەدا بنەماڵەی تاڵەبانی، لەسات و سەودایەکی پێشوەختەدا دەستیان لەگەڵ قاسم سلیمانی گەورە جەلادو تیرۆریستی ناوچەییدا تێکەڵ کردو لە رێکەوتنێکدا لەگەل عەبادی و هادی عامری بەرپرسی هیزی حەشدی شەعبیدا، سنوری ناوچەی کەرکوک و پاریزگای کەرکوکیان رادەستی هیزە درندەکانی عەبادی کرد… ئامانجی بنەماڵەی تاڵەبانی لەو هەنگاوە ئەوە بوو کە: کۆتایی بە ملدان بە سیاسەت و نەخشەکانی پارتی بهێنن و بەر لە چلەی تاڵەبانی و لەناو هەراوهۆریای نمایشکردنی تاڵەبانییدا وەکو رەمز و کاریزمایەکی مێژوویی بزوتنەوەی کوردایەتی، نمایشی توانایی خۆیان و بکەن و ویستگەیەکی نوێ لە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ پارتی  و حزبەکانی تر دابرێژن کە لانی کەمی شکۆو مێژووی!! یەکێتی نیشتیمانی بگێڕنەوە و پارتی لاوازو ناچار بکەن کە پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەکێتی لەگەڵ باڵی تاڵەبانیدا سازبدات و ئەو پەیوەندیەش لەسەر بنەمای پاداشتی مێژووی روباری خوێنی شەهیدان و بەرخۆدانی رابردوویان بەرەسمی بناسێت، و پەراوێزخستنی یەکێتی لە بریاری گرنگی سیاسیدا، بگێرێتەوە بۆ مەرکەزی سیاسەت و بەشداری سیاسی… هاوکات بنەماڵەی بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و لێهاتوو لە نۆکەرایەتیدا بۆ ئیران و سلێمانی قاسمیانی، لەو هەوڵەیاندا ویستیان گورزێکی کوشندە لە باڵەکانی تری ناو یەکێتی بدەن و زوو وەکو میراتگری تاڵەبانی رەسمیەت بەخۆیان بدەن… پاشەکشە بە باڵ و لاباڵەکانی یەکێتی بکەن بەتایبەتیش باڵی کۆسرەت رەسوڵ و پارتیەکانی ناو یەکێتی پاشەکشە پێبکەن. بە کورتیەکەی پلانەکەیان ئەوە بوو کە لەلایەکەوە گورزێک لە باڵ و لاباڵەکانی یەکێتی بدەن و وەکو میراتگری تاڵەبانی لە چەقی بریار سیاسیدا جێگەبگرن و پاشانیش لەو رێگایەوە ویستیان تۆڵە لە پارتی پاوانخواز بکەنەوە و ١٦ ئۆکتۆبەر وەکو وەڵامێک بە ٣١ ئابی پارتی بدەنەوە… و کۆتایی بەو هاوسەنگی هێزە بهێنن کە لەساڵی ١٩٩٦ وە بەقازانجی پارتی جێکەوتووە. دیارە لەو نێوەدا نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاو نۆکەرایەتیش بوو بۆ بەغداو عەبادی. ئەم سات و سەودایە و رادەستکردنی چەندین ناوچەی گرنگ و ریگەدان بەگەرانەوەی سوپای عەبادی و حەشدی وەحشی بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە… بە جیا لە کوشتاری هیزێکی زۆری پێشمەرگە کە بێئاگا بوون لە سات و سەودا، لەگەڵ ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و گیرانەوەی زوڵمی تایفی و قەومی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەو سات و سەودا و رادەستکردنە، هاوکات گورزێکی گەورەی وەشاند لە هێزو ئیرادەی جەماوەری و لاوانی خۆبەشی چەکدار بۆ بەرگری لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و کەرکوکدا.

هاوکات پاشەکشەی ئابروبەرانەی پارتی لە زۆنی زەردا، هیزەکانی سوپای عێراقی گەیاندە دوا خاڵی بەر لەساڵی ٢٠٠٣ و بە کردەوە کۆتاییهیێنا بە برگەیەکی ١٤ ساڵەی رابردوو وە زیاتریش…

٢/ بەرگری نەکردن:

بەجیا لە سات و سەودای بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ عەبادی و قاسم سلێمانی، هیچ بەرگری لە خۆنیشان نەدانێک لەلایەن هێزەکانی تر و  زۆنی زەردا، هۆکارێکی تر بوو بۆ خوڵقاندنی ئەم دۆخە و گەرانەوەی بۆ بەر لەساڵی ٢٠٠٣ و واوەتریش… ئەگەر بەرگریەکی چەکداری چەند ڕۆژە رووی بدایە، دەیتوانێ هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوەو هاوکات دەبووە هۆی ئەوەش دنیا و وڵاتانی ناوچەکە، هەڵویستێکی تر بگرنە بەر… هەروەکو ئەوەی لە کۆبانی روویدا، دیارە ئەوکاتە هەڵوێست و بۆچوونی بەرەی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد” بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵ و جوڵانەوەی نەخێر…” بەبارێکی تردا دەچەرخاو زاتی ئەو بەرگرییە ئاشکرایەیان لە عەبادی نەدەبوو، هاوکات لەبەرامبەر بەو سازشە ئاشکرایەی بنەماڵەی تاڵەبانیشدا، نەیاندەتوانێ بێدەنگە هەڵبژێرن.

دیارە رەخنەو نارەزایەتی لە دەسەڵاتی حزبی و مافیایی و پارتی هیچ رەوایەتیەک نادات بە بەرگری لە هێرشی هیزەکانی سوپاو حەشدی شەعبی و حكومەتە نۆکەرەکەی عەبادی بۆسەر خەڵکی کوردستان… ئەو هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵ و جوڵانەوەی نەخێر و نوسەرە و لێکۆڵەرە بێ بەهرەکانیان، بە بەرگریکردن لە عەبادی و هیرش بۆسەر کوردستان، جگە لە ریسوایی و بودەڵەییان، هاوکات ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی بەشێکی زۆری پەیام و نەخشە سیاسیەکانیشیان بەرامبەر خەڵکی کوردستان نیشان دەدات.

٣/ ریفراندۆم و وەکو بیانوویەک

کۆتاییهاتنی جەنگی حەویجەو داعش، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ریفراندۆم و هەرەشەو چاوسورکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە… تەوقیتێک بوو کە زەمینەی سازدەر بوو هەم بۆ هیرش و هەم بۆ سات و سەودا… لەگەڵ ئەوەدا کە ئەنجامدانی ریفراندۆم هۆکاری هیرشی عەبادی و سات و سەودای بنەماڵەی تاڵەبانی نەبوو لەگەڵ ئیران وعەبادی، بەڵام ریفراندۆم کرایە بیانویەک و دۆسیەیەک بۆ تەکان دان بە قوڵبونەوەی خێرای نێوان هەولێر و بەغدا و فرسەتێک بۆ هێز نواندن و هیڕش دەست پیکردن… بێگومان بەدەستەوە گرتنی ریفراندۆم وەکو بیانو وە پاساوێک بۆ هیرش بۆسەر کوردستان بەر لەوەی هیرشێک بێت بۆ سەر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، هیرشە بۆ سەر خەڵکی کوردستان… ئەوە خەڵکی کوردستانن کە دەنگیان بە جیابوونەوەو پیکهێنانی دەوڵەتی کوردستان داوە، لە کاتێکدا بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئاکامی ریفراندۆم هێندەی دەیتوانی و وە وەکو پێشبینی دەکرا بکرێتە کارتێک بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغدا هێندە پرسێک نەبوو بۆ جیابوونەوەو پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ. پاساوی یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق هیندە درۆیەکی گەورەیە ناتوانێ کەس فریوبدات جگە لە موچەخۆرەکانی عەبادی… ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق بەرێوە دەبات، ئیرانە نەک عێراق خۆی…

نارەزایەتی خەڵک و پشت کردنە خەڵک

یەکێک لەو خو و وە نەریتە باوانەی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆتە خو و نەریتیكی جێگیر… کارکردنە لەسەر بێئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان، ئەم بێئیرادەکردنە لەرێگای بەستنەوەی زۆر خەڵک بە خۆیانەوە لەرێگای پارە بەخشینەوە و خانەنشینکردن، تا دەگاتە برسیکردن و تا رادەی ئەوەی بیر لە خەبات و کاتێک بۆ خەباتیان نەهێڵرێتەوە و تا دەگات بەوەی کە هەموو دەنگێ نارەزایەتی سەرکوت و کپ بکەن… هەموو ئەمانە لەگەڵ دۆخێکی ئەوپەری نەخوازراوی ژیان، لە بێکاری و گرانی و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریەکان و پایماڵ کردنی مافی هاوڵاتی بوون و سەرکوتی ئازادییەکان و… هەموو ئەوانە وادەکات خەڵکی دڵی بەدۆخەکە خۆش نەبێت و شتێکی پیرۆز نەبێت تا بەرگری لێبکات… ئەو ئیرادە وردکردنەی خەڵک وا دەکات کە خەڵکی کوردستان ئامادەی هیچ بەرگریەکی جدی نەبێت لەبەرامبەر هەر هیرشیکدا گەر بکرێتە سەریان… دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی هیچی شایستەی بۆ خەڵکی فەراهەم نەکردووە کە قابیلی شەر لەسەرکردن و بەرگری لێکردن بێت… ئەوە ئەو جیاوازییە گەورەیە خەڵکی کوردستانی عێراق لەگەڵ خەڵکی وەکو کوردستانی سوریا هەیبێت… ئەم فاکتەرە بە جیا لە راکردنی هیزی چەکداری حزبەکان و لەژێرەوە سات و سەوسەوداکردن لەگەڵ جەلادانی خەلکی کوردستان، هۆکارێک بوو بۆئەوەی خەڵکی کوردستان و هیزی خۆبەخش، بەرگریەکی بەرچاو لە خۆیان نیشان نەدەن لەبەرامبەر بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا… خۆ ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەگشتی و لە شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکاندا، لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵەی کردبا، باش بژێوی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی دانیشتوانی بێگوێدانە ناسنامەی قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی، بۆ هەمووان فەراهەم کردبا… خودی خەڵکی کوردستان و ئەو ناوچانە بۆ بەرگری لەو ژیان و ئەو دەستکەوتانەی بۆیان فەراهەم ببوو، بەرگریان لەخۆیان و دەستکەوتەکانیان دەکردو هیرشی سوپاو حەشدو پلانی خۆفرۆشەکانی بنەماڵەی تاڵەبانیان، تێک دەشکاند… پێچەوانەی ئەوە، بووە لاموبالاتی و تۆڵە لەو دەسەڵاتە تاڵانچی و مافیایەی پێشوو.

مایە دانان لەسەر ناکۆکی نێوان وڵاتەکان و ئەمریکاو غەرب…

پشتبەستن و مایەدانانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی و ململانێی نێوان وڵاتەکان، لە جێگای پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵک و رێکخراوکردنی خەڵک و تەزمینکردنی ئازادی و ژیانێکی شیاو بۆئەوەی خەڵکی هەست بە غرور بکات، رێگای خۆبەستنەوە و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکە هەڵدەبژێرن. هەمیشەش کاتێک وڵاتەکانی ناوچەکە لە وێستگەیەکدا ناکۆکیەکانیان سڕ دەکەن یان دوادەخەن یان رێکدەکەون… هەم خۆیان مایەپوچ دەبن و هەم ئاکامی ئەو سیاسەتە دەبێتە مایەی کوێرەوەی و باجەکەی خەڵکی نەداری کوردستان دەیدات. هەروەها مایەدانان لەسەر دەوڵەتەکانی ئەمریکاو غەرب، لەجیگای مایەدانان لەسەر خەڵکی نارازی و ئینساندۆستی ئەو وڵاتانە یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە هەمیشە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی خویان پیوەگرتووە، هەموو جارێکیش کە شکست دەخۆن، هاواریان لێ هەڵدەستێت، کە دۆستەکان پشتیان لێیان کردووە… ئەوەی جێی رامانە لەهەموو ئەوشکستانەی بەسەریان دێت و بە پلەی یەکەم خەڵکی کوردستان باجەکەی دەدات، وانەیەک وەرناگرن و دوبارەو چەندبارە ئامادەن سیاسەت و نەخشە و پرۆژەکانیان بە سیاسەت و نەخشەی ئەمریکاو غەرب و زلهێزەکان ببەستنەوە… کە بێگومان ئەمەش لە شکست و بێئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان زیاتر چاوەروانی هیچی تری لێناکرێت.

توانای سەربازی و دانپیانانێکی ئاشکرا

سەرباری ئەوەی سەرانی بریاربەدەستی بزوتنەوەی کوردایەتی و فەرماندە سەربازییەکانیان پەیتا پەیتا بانگەشەی ئامادەیی و بەرپەرچدانەوەو تیکشکاندنی ئەگەری هەر هێرش و پلانێکیان دەکرد، وە بەڵێنیان دەدا و سوێندیان دەخوارد مەگەر سوپا بەسەر لاشەی ئەواندا بگەرێتەوە کوردستان، کەچی بەبێ بەرگری پاشەکشەیان کرد و چەندین شارو شارۆچکەیان رادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرد… دوای ئەو ئابروچوونەش زوربەی سەرانیان باسی نابەرابەی توانای سەربازی و چەک و جبەخانەی سەربازییان دەکرد… و هۆکاری شکستەکەیان بۆ نابەرابەری هێزو تواناو جبەخانەی سەربازی گرێدا… دیارە ئەو پاساوە بۆ داپۆشینی سات و سەودای بنەماڵەی تاڵەبانی بوو لەگەڵ سلێمانی قاسمیانی و عەبادی، هاوکات ئەو پاساوە داننانە بەوەی کە ئەوان هەرگیز چاوەروانی بەرگری و جەنگیان لە دژی هیچ هیز و دەوڵەتێک لێناکرێت، چونکە رۆشنە کە ناتوانن ژمارەی سوپا، رادەی چەک و توانایی سەربازییان بگەیەنە ئاستی چەک و توانایی سەربازی وڵاتانی ناوچەکە… دیارە ئەو پاساوە، تەنها بیانویەکە بەدەست سەرکردەو فەرماندە دزی و گەندەڵەکان و چاوەروان مانەوە بەدیار پشتیوانی دەرەکی، ئەگەر نا دنیا شاهیدی جەنگی نابەرابەرو توانایی سەربازی نابەرابەر خەڵکی کۆبانێ بوو لەگەڵ داعش… بەڵام چونکە ئیرادەو پشت بەخۆ بەستن، سەرچاوەی سەرەکی بریاری بەرگری بوو، توانیان لمۆزی داعش و هاوکارەکانی بشکێنن…

راستیەکی سەلماو حاشاهەڵنەگر…

چ کاتی هاتنی داعش، چ هاتنی ئەمجارەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، یەک راستی سەلماندەوە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ئەزموونی ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵات و ئەزموونێکی فشۆڵە و بەرگەی هیچ هیزو تەکانێک ناگرێت و دەشی هەرچی هەیانە بە شەو رۆژێک یان تەنانەت لەماوەی چەند سەعاتێکدا بپێچرێتەوە… ئەمەش وانەیەکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان کە هیچ چاوەروانیەکیان لەو حزب و هیزە بۆرژوازیانە نەبێت بۆ بەرگری و لە هیچ هێرش و هەرەشەو پلانێک کەبە دژی خەڵکی کوردستان دەستی بۆ ببرێت… ئەوان کە قارەمانن بۆ سەرکوتی خۆپیشاندان و نارەزایەتی رەوای خەڵکی بێ چەک بۆ خواستە ئاسایی و سادەکانیان و کوشتاری دەنگە ئازاو بوێر و تەسلیم نەبووەکان، خەڵتانی خوێنکردنی لاوانی نارازی بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان، بەڵام لەبەرامبەر دۆژمنانی خەڵکی کوردستان و لە جەنگی نیوان خۆیان هاوپەیمانە پشت تیکردوەکانیان هیزی بەزیو و دۆراون…

رێگاچارە چییە و دەبێ چ بکرێت؟

شکستی سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە… چ ئەو حزبانەی لەدەسەڵاتدا یان لە پەراوێزی دەسەڵاتدا بوون و چ ئەوانەی وەکو موچەخۆری حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نمایشی خۆیان دەکەن، هاوبەشی ئەم بنبەستە سیاسی و سەربازی و دییبلۆماسیەیەن…  وە بەرپرسن لەو دۆخە نەخوازراو نائینسانیەی کەبەسەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکانیاندا هێناوە…. وە بەرپرسن لە ئەزموونی فاشیلی ٢٦ ساڵەی رابردوو…

گێڕانەوەی کوردستان، بۆ سێ گۆشەی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ و لەژێر هەرەشەراگرتنی شارەکانی تری کوردستانیش، لەگەڵ ئەو هەلومەرجە ئینسانکوژییە تەدریجییەی لە ئاکامی بێ موچەیی و گرانی و بێکاری و بێ یاسایی و بێ خزمەتگوزاریی رووبەرووی خەڵکی کوردستانیان کردۆتەوە، ئەم دەسەڵاتە واژۆی مەرگی خۆی کردووە و دەبێ ئەم واژۆیە لە کردەیەکی شۆرشگێرانەدا بەدەستی هیزی شۆرشگێر و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان، بکرێتە ئەمری واقع…

لە ئێستادا پێداگری لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و سەندنەوەی دەسەڵات لە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری… سەرەکیترین ئەرکی بەردەم هێز و رەوتی بەرگری لە ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستانە…

سەربەخۆیی: بوونی دەسەڵاتی تایفی لە بەغدا و هێرشی ئەم دوایانەی سوپاو حەشدی شیعی و دوبارە گێرانەوەی ستەم و زوڵمی نەتەوایەتی… هەوڵی ساتوسەودای دەسەڵاتی شکستخواردوی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بۆ گەرانەوە بۆ بەغدا و سرکردنی ریفراندۆم و هەوڵدان بۆ نۆژەنکردنەوەی فیدرالیزمی قەومی… پێداویستی سەربەخۆبوونی کوردستانی نەک هەر کردۆتە ئەرکێکی لەدواخستن نەهاتوو، بەڵکو لەمافێکی رەواوە کردۆتە پێداویستیەکی بێ ئەمما و ئەگەر. ئەوە ئەو وەڵامەیە کە خەڵکی کوردستان بە گرتنەبەری دەتوانن نەک قەرەبووی زیانەکان و ئاکامی شکستی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر خۆیان لاببەن، بەڵکو دەتوانێت گورزێکی کوشندە لە زێدەرەویەکانی دەسەڵاتی ناسیونال ئیسلامی شیعی و ساتو سەودای حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بوەشێنێت و ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانیش بۆ خودی خەڵکی کوردستان لە رێگای بەدەستەوە گرتنی ئەم رێگاچارەیەوە، بگێرێتەوە. دیارە بەدەستەوەگرتنی ئەو خواستە رەوایە کە خەڵکی کوردستانیش ٢٥/٩دەنگی پێداوە… پێویستی بە ئامادەکاری سیاسی و جەماوەری و چەکداری و رێکخستن و راگەیاندنی کاراو پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا… و خاوەنی سەر راست و سازشهەڵنەگر هەیە… رابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری و نارەزایەتیە جەماوەریەکان، رابەرانی بزوتنەوەی ژنان و خوێندکاران و لاوان و کەسایەتیە سیاسییە کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازەکان پێویستە ببنەئاڵاهەڵگری پیداگری لەم ویستی سەربەخۆیییە و ئەگەر لەسەرەتادا جێبەجێکردنی سەربەخۆیی تەنها چوار پارێزگاکەی هەرێم” هەولیر و سلیمانی و دهۆک و هەڵەبجە” بیت و پاشان دەتوانرێت لەسەر کەرکوک و پرسی ناوچەکیشەلەسەرەکان لەسەر بنەمای ئاکامی ریفراندۆمی ٢٥ سیبتەمبەر گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکرێت… دیارە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچە لەسەر پرسی سەربەخۆیی بەبێ بەشداری کردەیی نوێنەرانی جەماوەری خەڵکی کوردستان و بەشاراوەیی هیچ رەسمیەتێکی نابێت… نۆرە نۆرەی بەشداری راستەوخۆی نوینەرانی جەماوەری خەڵک و کەسایەتیە سیاسیە دڵسۆزو  تێکۆشەرەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، نەک سەرانی وابەستەی حزبەکان بە دەوڵەتەکانی ناوچەکەو باڵە دەسترۆشتوەکانی دەسەڵات.

دەسەڵاتی جەماوەری: ئەزموونی ٢٦ ساڵەی دەسەڵاتدارێتی حزبی رابردووی کۆمەڵگەی کوردستان، بەشەر و ئاشتیەوە، وە بەهەموو ئەلگۆکانیەوە تاقیکرایەوە… حکومەتی جیا جیای دووئیدارەیی، حکومەتی فیفتی فیفتی، حکومەت هاوبەش، حکومەتی زوربە، حکومەتی بنکە تەسک و بنکە فراوان… حکومەتی حزبەدەسەڵاتدارەکان بەجیاو حکومەت بە بەشداری حزبە ئۆپۆزیسێۆنەکان… هەموو ئەو ئەلگۆیانە نەک سەرکەوتوونەبوون و نەیانتوانی لەئاست سەرەتایی ویستی حکومداری و ئیدارەداندان بن، بەڵکە هەرکام لەم ئەلگۆیانە، بوونە مایەی قوڵکردنەوەی قڵشتی چینایەتی ناوازە لە دنیای ئەم سەردەمەدا، ژیانی شاهانەی و کۆشکی نۆشینی بیکۆتای نیعمەت و سامانی کۆمەڵگە بۆ کەمایەتیەکی حزب و بنەماڵە و مشتك سەرمایەدار و بازرگان، بەدوای خۆیدا هێنا و لەو بەرامبەریشدا ئۆردوی برسیەکان و هەژارو نەدارەکانی زۆرتر و زۆرتر کرد.  ئەم دەسەڵاتە هاوکات بوو مایەی نەهامەتی بەردەوام و خەمی گەورە هێنان، بێمافی و گرانی و هەژاری، تیرۆر و زیندان و سەرکوت، بیمافی کرێکاران و سەرکوتی نارەزایەتی جەماوەریییەکان، نەبوونی سەلامەتی شوێنی کار، قەسابی کردنی ژنان و دەست ئاوەڵاکردنی میشک گەنیوی پیاوسالاری بۆ کوشتاریان، خنکاندنی هەموو نەفەسێکی نەوەی نوێ و لاوان، فرێدانی بەرهەمهێنەرانی پێشووی کۆمەڵگە خانەنشینان بۆ کەنار کۆمەڵگەو گوێنەدان بە ژیان و گوزەرانیان، سەرکوتی ئاشکرای ئازادی و ئازادیەکان و ئازادی کاری رۆژنامەگەری… دەستگرتن و پاریزگاریکردن لەکەلتوری پرتوکاو دواکەوتوانەی کۆمەڵگە، لە ئەخلاقیات و داب و نەریت و ئایدۆلۆژیای دیلیهێنەرو تا دەستگرتن بە دین و کۆنەپەرستی دینی رەوتگەلی ئیسلام گەرایی نۆکەر، و سەرئەنجام تا کەم کردنەوەی موچەو سڕ کردنی لە ژێر ناوی پاشەوکەوتدا، لەگەڵ ویرانکردنی خزمەتگوزارییەکان و دارماندنی سیستەمی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی… گۆشە بەگۆشەی دەسەڵاتی شکستخواردووی بزوتنەوەی کوردایەتین… لە کۆتایشدا ئەم دەسەڵاتەی لەساڵی ١٩٩١ و لە ئاکامی پشت بەستن بە جەنگ خوازی ئەمریکاو غەربدا، لەئاکامی دزینی بەری رەنجی راپەرینی خەڵکی کوردستاندا چوونە سەر کورسی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و مافیایی، دوای ٢٦ ساڵ، ئەمجارەیان هەر لە ژێر چەتری خۆشباوەری بە ئەمریکا و غەرب و مل دانیان بەفدرالیزمی قەومی و تایفی حکومەتی عێراقیدا، کۆمەڵگەی کوردستانیان گێرایەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ و زیاتریش…

ئەم جۆرە لە حکومرانی و دەسەڵاتدارێتی، فاشلترین ئەزموونی نیشانی دنیا و لەپێشیشاینەوە خەڵکی کوردستان داو خەڵکی کورستانیش باجی ئەو دەسەڵاتە بە ئێسک و پروسکەوە دەدەن… دوای ئەو دەورە شکسخواردووە، نە ئەلگۆیان ماوە بۆ ئەزموونکردنی شکست و نە حزبێک لە خانەوادەی بۆرژاوزی کوردا دا ماوە بۆ  متمانە پیکردن و نەرێگەچارەیەکیشێان لایە بۆئەم دۆخە… کات کاتی ئەزموون کردنی دەسەڵاتێکی ترە، ئەزموونی دەسەڵاتی جەماوەری و خۆ بەڕیوەبردن…

ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان، لەسەر ئاستی هەموو کارگەو کارخانەیەک هەموو ناوەندێکی خزمەتگوزاری و هەموو کوچەو گەرەکی هەموو شارو شارۆچکەکان، بە کۆبونەوەیان لە گۆرەپانی کارگەو ناوەندەکان و گەرەکەکان، نوینەری خۆیان لەژنان و پیاوان و دڵسۆزو جێمتمانەی خۆیان هەڵبژێرن و متمانەی بەرێوەبردنی کارگەو ناوەندو گەرەکەکانیان پێ بسپێرن و لە نوینەرانی هەڵبژێردراوی هەموو ناوەندە کرێکاریی و خزمەتگوزاریەکان و گەرەکەکان نوینەری سەراسەی شار هەڵبژیرن و بەرێوەچوونی شارو شارۆچکەو دیهات و گوندەکان لەسەر بنەمای ئەو هەڵبژاردنەنانە بکەنە ئەلگۆ… سامانی گشتی بگێرنەوە بۆ دەستی نوینەرانی هەڵبژیردراوی جەماوەری… هیزی چەکدار و پێشمەرگە لە پارێزەری دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەوە بگۆرن بە هێزی بەرگری جەماوەری و لەناو خۆیاندا لەسەر بنەمای شارەزایی و لیهاتووی و خزمەت بێگویدانە ناسنامەی حزبی و بیروباوەرێ سیاسی لەهەموو ئاستەکاندا فەرماندەو لێپرسراوی جی متمانەیان هەڵبژێرن و ملکەچی هیچ فەرماندە و لیپرسراوە حزبیە بەزیوو تاڵانچی و خیانەتکارەکان نەبن.. چ لەسەر ئاستی کارگەو ناوەند و گەرەکەکان و تا ناو هیزەکانی سوپاو پێشمەرگە، هەرکاتیک زوربە ویستیان لە کۆبونەوەی جەماوەیدا بتوانن ئالوگۆر بکەن لەو کەسانەی لەئاست متمانەی جەماوەری ئەو شوێنەدا نەبوون… ئەو هێزی چەکدارە بە تەواوەتی ببێتە هێزی چەکداری و جەماوەری  بۆ بەرگری لە خواست و ویستی جەماوەری و بەرگری لەهەر هەرەشەیەکی سەرو جەماوەری لەخەڵکی کوردستان… هاوکات هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاساو ریسا دژە ئازادیەکان و کۆنەپەرستەکان و جێگرتنەوەیان بە یاساو ریساو مۆدێرن و ئینسانی و جیگیرکردنی یاسای پێشکەوتنخوازانە، لەوانە یاسای کاری پێشرەوی کرێکاری، یاسای مافە فەردی و مەدەنیەکان، یاسای یەکسانی ژن و پیاو، زامن کردنی ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان…

گرتنە بەری ئەو ئەلگۆیە لەدەسەڵاتدارێتی بەو ناوەرۆکەوە لە یاساو ریسای ئینسانی پێشکەوتنخوازانە،، نەک هەر دەتوانێ ئیرادەی جەماوەری بخاتەوە گەر، بەڵکو دەتوانێ ئیرادە بەخش بێت بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکانیش و هاوکاتیش دەتوانێ ببێتە هۆی راکیشانی پشتوانی و بەهرەمەند بوون لە هاوکاری بزوتنەوە ئینسان و دۆست و پێشکەوتنخوازەکانی ناوچەکەو دنیا لە بزوتنەوە و دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەری…

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *