لە بیرەوەری هاورێ “ئازاد ئەحمەد” دا

ژیاننامەی هاورێ ئازاد ئەحمەد

هاورێ ئازاد ئەحمەد، کەسایەتی سیاسی‌و جەماوەری‌و کادری رابەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، لە ٢٨/٢/١٩٧١ لە شاری قەڵادزە لەدایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قەڵادزەو خوێندنی دوا ناوەندیشی لە شاری رانیە تەواوکردوە.دواتر ساڵی ١٩٩٤ کۆلیژی ئەندازیاری بەشی میکانیك ی لە زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردوە.

ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ هاورێ ساکار سەعید ژیانی هاوسەریان پێکهێناوەو کچ‌و کوڕێکیان هەیە بەناوەکانی ژیلا( ١٠ساڵ) و ئارین(٣ساڵ).

هاورێ ئازاد لە سەرەتای لاویەوە تێكەڵاوی خەباتی سیاسی‌ بوەو یەکێك بووە لە هەڵسوڕاوە چالاکەکانی دژی رژێم لەناوچەی بتوێن‌و پشدەر. لەیەکەم ساتەکانی خرۆشانی خەڵکی رانیە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا دەوری بەرچاو دەگێرێت‌و نمونەی جەسارەت‌و فیداکاری بووە لە دژی رژێـی سەرکوتگەری بەعس‌و دەرپەڕاندنی دەزگا جاسوسیەکانی لەوناوچەیە. دواترو لەگەڵ ئاشکرابوونی خەباتی سیاسی کۆمۆنیستی وچەپ لە کوردستان لەگەڵ هەڵسوڕانی سیاسی رێکخراو ئاشنا دەبێت‌و سەرەتا لە ریزەکانی رێکخراوی رەوتی کۆمۆنیستدا، کە رێکخراوێکی کۆمۆنیستی بوو، دەست بە هەڵسوڕانی سیاسی دەکات‌و دوای ئەوەی کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ساڵی ١٩٩٣ پێکهات یەکێك بوو لە دامەزرێنەرانی حیزب‌و سەرەتای دەورەیەکی پڕ لەهەڵسورانی سیاسی وکۆمۆنیستی لەڕیزەکانی حزبدا دەست پێدەکات‌و چەندین ئەرک وبەرپرسیارێتی جیاوازی لەئەستۆگرتووە، لەوانە بەرپرسی کۆمیتەی رانیە‌و ئەندامێتی لەکۆمیتەی رابەرایەتی ڕێکخراوی کوردستانی حیزب‌و پاشان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق کە تا دوا ساتەکانی ژیانی تەمەنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزب بوو. لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە بۆماوەی نزیك بە ٤ ساڵ جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب بووە. هەروەها هاوڕێ ئازاد لە پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان ساڵی ٢٠٠٨ یەکێك بوو لە دامەزرێنەرانی حیزب‌و لەیەکەمین کۆنگرەی حیزبی کوردستاندا بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.

لەماوەی هەڵسوڕانی سیاسیدا، هاورێ ئازاد، چەندین چالاکی جەماوەری و حیزبی سازداوەو رێکخستوە. لە هەموو مەراسیمەکانی ٨ی مارس ‌و یەکی ئایارو یادەکانی حیزب‌ لەناوچەی پشدەرو بتوێن وتاری پێشکەش کردوە‌و لەسەرجەم خۆپیشاندان‌و نارەزایەتیەکانی ئەو ناوچەیەدا دەوری رابەری بینیوەو لەریزی پێشەوەی وەستانەوە بووە بۆ داکۆکی لە خواست‌و داواکاریەکانی خەڵك. لە دەورانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات‌و رۆژانی دواتردا دەوری بەرچاوی بینیوەو یەکێك بووە لە رابەرانی ئەو بزوتنەوە جەماوەریەی جەماوەری زەحمەتکێش‌. هاوڕی ئازاد ئەحمەد کەسایەتیەکی ناسراو وکۆمۆنیستێکی جەسوری ڕێگای خەباتی راوەستانەوە بووە بەدژی دەسەلاتی کۆنەپەرستانەی ئەحزابی قەومی‌و ئیسلامی لەکوردستان دەستدرێژیەکانیان بۆسەر ماف‌و ئازادیەکانیان.. بەرگریکاری سەرسەخت بوو لە کەسایەتی‌و مافەکانی ژنان‌و لەونێوەدا بە کردەوە نەخشی هەبووە لە رزگارکردنی چەندین ژن لە چەقۆی ناموسپەرستی‌و ژنکوژان لەسەر ئاستی کوردستان‌و عێراق. لەپاڵ کاروباری سەختی حیزبی‌و پڕ مەسئولیەتدا، هەڵسوڕواێکی بەرجەستەی مافەکانی مناڵانیش بووو یەکێك بوو لە کەسە ئەسلیەکانی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵان لە عێرا‌ق‌و کوردستان‌و بۆماوەیەك بەرپرسی سەنتەری پاریزگاری لە مناڵانی عێراق بوەو چەندین چالاکی جۆراوجۆری لەو پەیوەندەدا ئەنجام داوە.

مەیدانی هەڵسوڕانی سیاسی هاورێ ئازاد سەرجەم کوردستان‌و عێراق بوو. بەرگریکرن لە ژیان‌و کەرامەتی ئینسان‌و هەوڵو خەبات بۆ دەستراگەییشتنی مرۆڤەکان بە ئازادی، بە ژیانێکی ئارام و یەکسان، بە ژیانێك کە هاوڵاتیانی کوردستان‌و عێراق ئاسودەو خۆشگوزەران‌و سەربەرز بژین، سەرجەم مێژووی ژیانی سیاسی هاورێ ئازاد ئەحمەد پێکدەهێنێ.

هاورێ ئازاد ئەحمەد سەرباری کارە سیاسی‌و جەماوەریەکانی، لەبواری دابینکردنی ئیمکاناتی مالی بۆ هەردووحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق‌و کوردستانیش کەسێکی خاوەن نەخشەو بەتوانا بوو. بۆماوەی چەندین ساڵ بەشێکی بەرچاوو گرنگی ئیمکاناتی مالی هەردوو حیزبی دابین دەکردو هەمیشە لە فکری ئەوەدابوو کە هەردوو حیزب لە تەنگژەی مالی رزگاربکات.

هاوڕی ئازاد وەکو چۆن لەژیانی سیاسی‌و حیزبیدا بەوپەڕی دڵسۆزیەوە ئەرکەکانی جێبەجێکردوەو خۆشەویستی هاورێیانی بووە، بەهەمانشێوە دڵسۆزی ئەو‌ و خۆشەویستیی بۆ خەڵک‌ چ لەژیانی کۆمەڵایەتی‌و چ لەومەیدانانەدا کە تێێدا کاری کردوە، زۆر بە زوویی بوەتە جێگای متمانەیان و لای خەڵك خۆشەویست بووە. هاورێ ئازاد بەهەق کەسایەتیەکی ماندوو نەناس و راوەستاو بوو لەسەر بیروباوەڕەکانی، لەسەر بەها بەرزە ئینسانیەکانی، لەسەر رێزگرتن لە ماف‌و حورمەتی ئینسان‌و خەبات کردن بۆ گێڕانەوەی لە کۆمەڵگایەکدا کە لە یاساو دەسەڵاتەوە تا بە نەریت‌و کەلتور، لەسەر پێشێلکردنی ئەو کەرامەت‌و کەسایەتیەی مرۆڤەکان دامەزراوەو تەنانەت ژیانی ئینسانەکان وەکو بارمتەو هۆکاری گەیشتنی لایەنە سیاسیە نەتەوەپەرست‌و ئیسلامیەکان بە دەسکەوت‌و بەرژەوەندیەکانی خۆیان مامەڵە دەکرێت. هاورێ ئازاد نمونەی ئومێدو گەشبینی کۆمۆنیستی وئینساندۆستی بوو، بەدڵسۆزیو قوربانیدانەکانی لەجوڵانەوەی کۆمۆنیستی وحزبەکانیدا جێگایەکی گەورەی هەبوو.

هاورێ ئازاد ئەحمەد وەکو چۆن لەژیانی سیاسی‌و حیزبیدا کەسێکی دڵسۆزو میهرەبان‌و خەمخۆرو پڕ لە هەستی بەرپرسیارێتی بوو، بەهەماشێوە لەژیانی خێزانیدا نمونەی کەسایەتی کۆمۆنیست‌و یەکسانیخوازو ئازادیخوازو میهرەبانی‌و دڵسۆزی بوو. هاورێ ئازاد هەر لەلایەن ژیلای کچیەوە وەکو باشترین باوک وەسف نەکرا، بەڵکو لەلایەن ساکاری هاوسەریەوە وەکو خۆشەویسترین هاورێ و لەچاوی دایك‌و براو خوشک‌و کەسوکارەکەیەوە
کۆڵەکەی ماڵ‌ بوو کە خەمی هەموانی هەڵدەگرت!

هاورێ ئازاد، بەهەق خەمی هەموانی هەڵدەگرت. هەر خەمی مناڵەکانی خۆی نەبوو، بەڵکو بە خەمی مناڵانی عێراق‌و کوردستانەوە بوو. هەر لەگەڵ هاوسەرو خوشکەکان‌و ئەندامانی خێزانەکەیدا یەکسان مامەڵەی نەدەکرد، بەڵکو بۆ یەکسانی نێوان ژنان‌و پیاوان، بۆ یەکسانی نێوان مرۆڤەکان، بۆ نەهێشتنی نایەکسانی‌و چەوسانەوەو زوڵم خەباتی دەکردو هەموو ژیانی خۆشی بۆتەرخان کرد. بەلەدەستدانی هاورێ ئازاد، نەك بەتەنها خێزانەکەی، بەڵکو ژنان‌و مناڵان‌، سەرجەم خەڵکی کوردستان‌و عێراق، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری لەعێراق وکوردستان وحزبەکانی، خەسارەتێکی گەورەیان لێکەوت‌و حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە عێراق‌و کوردستان یەکێک لەسیما سیاسی‌و ناسراوەکانی خۆیان لەدەستدا.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ١٥ی بەرواری ١/١١/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *