ڕۆشنبیری دووڕویی

   ئاسۆکمال:     

هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان لەگەڵ خۆیدا ڕۆشنبیریەکی دووڕی هێنایە سەر شانۆ. لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر نەک هەر بێدەنگن لە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان و پێش لەشکری بنەماڵەی تاڵەبانی بەڵکو بونەتە پاساوچی ئەم بنەماڵەیە و تەنانەت حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراقیش بەڵام لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و حکومەتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا توندن و دەیانەوێ بیگۆڕن. ئەم ئەنتی پارتی بون و ئەنتی بنەماڵەی بارزانی بونە و لەهەمان کاتدا پرۆ بنەماڵەی تاڵەبانی بون و بانگەوازی عەبادی و حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی کە هەرێمی سلێمانیان بۆ ڕزگاربکا نیشانەی بونی ڕۆشنبیریەکی دووڕویانە و داڕمانێکی سەرتاپاگیری ئەخلاقی و ڕۆشنبیریە.

مەریوانی وریا قانع وەک یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان نوێنەری ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە. لە دوو نوسینیدا کە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە نوسیویەتی ، ئەوەی لەم ڕوداوانەدا بەیەک وشەش باسی ئەم ٣١ ئابەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢١٠٧ ناکا و وەک پاساوچیەک دەڵێ” ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” ئایا مەریوان لە ٣١ئابی ١٩٩٦یشدا هەمان شتی وتوە بەرامبەر بە پارتی کە هێنانی بەعس تەفسیری هیچ ناکا!

مەریوان باس لە شەرمی سیاسی دەسەڵات و شەرمی ڕۆشنبیری بەیعەتەکانی دەسەڵات دەکا بەبێ ئەوەی باسی بنەماڵەی تاڵەبانی و پشکی شێری هاوپەیمانەکەی گۆڕان لەم شەرمە سیاسیەدا بکا. ئەم دووڕوییە ئەرکێکی سیاسیە کە ئەم ڕۆشنبیرە ستراتیژیستەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێی دەکا تا لەسەرئەم خەتە بیهێڵێتەوە لە پێناو پاراستنی هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی یەکێتیدا.

بزانن ئەم نوسەرە چۆن پاساوی تەسلیمکردنی کەرکوک دەداتەوە و دەڵێ ” بڕیاری بەرگریکردن و شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا ھەڵەیەکی ستراتیژیی تر بوو… ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” کەواتە بەرگری کردن و شەڕ کردن لەگەڵ سوپایەکی داگیرکەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە لای مەریوان و تەسلیمکردنەوە هەڵوێستێکی ستراتیژ ڕاست بوە و هەربۆیە ئەو “خیانەتە”ی بنەماڵەی تاڵەبانیش هیچ نیە و بگرە بەشێک لەو ستراتیژە دروستەی تەسلیمکردنی کوردستان بوە.

دیارە مەسەلەکە تەنیا پاساوچێتی و داپۆشینی ٣١ ئابی یەکێتی نیە بەلای ئەم ڕۆشنبیرانەی بەیعەتی ئەمبەر دێگەڵەوە بەڵکو هاوڕابون و هاوبەرژەوەندی بونە لەگەڵ ئەم ٣١ ئابەی یەکێتیدا. لەمەش زیاتر هاوئاوازی ئەم ڕۆشنبیرانەیە کە بونەتە پاساوچی لەشکرکێشی عەبادیش و ڕایدەگەیەنن خەتای ٣،٥ملێون ئینسانە کە لە کوردستان رفراندۆمیان کردوە و هەڵەی ستراتیژی و گەمژەیەتیان کردوە کەوا عەبادیان توڕە کردوە و میلیشیا شیعەکانیان هانداوە بێنە سەرکوردستان. ئەمە نیشانی دەدا کە لە کوردستان لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر هەن کە بەهیوان لە سایەی سەرکەوتنەکانی عەبادی لەکوردستاندا پلەوپۆستێکیان دەست بکەوێ و بگەڕێنەوە پەرلەمان و حکومەت و حکومەتی مەدەنی ئینتدابی عەبادی و ئێران دروست بکەن.

ئەمە ناوەرۆکی پەیامی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە، کە داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و تەسلیم بون پێیان ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو ئەو “نەوە نوێ”یانەیە کە دەیانەوێ لەسایەی دەستور و حکومەتی شیعەکاندا حکومەتی پارتی و یەکێتی بگۆڕن. واتە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی لەڕێگای چونەوە ژێرباڵی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق.

لەڕاستیدا مەریوان ڕۆشنبیریەکی نوێی دانەهێناوە بەم جۆرە لە ڕۆشنبیری دووڕوویی بەڵکو تەنیا ئەو سیاسەتەی یەکێتی و پارتی خستۆتە قاڵبێکی ڕۆشنبیریەوە کە لە نیوسەدەی ڕابردوودا لە ململانێی نێوان خۆیاندا ناوچەکانیان بە سۆران و بادینان بەش کردوە و هەرکامەیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پەنای بۆ بەعس یان عەبادی بردوە. تێگەیشتن لەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەی لە سەنگەری پاساوچی بنەماڵەی تاڵەبانیەوە باسی گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی دەکەن کارێکی سەخت نیە. ئەم ڕۆشنبیرە پاساوچیانەی ٣١ ئابی یەکێتی هەمان هێندەی ڕۆشنبیرەکانی ٣١ ئابی پارتی ڕۆشنبیرێکی “بێ فکر” و “مناڵبازاڕ”ن.

ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم ستراتیژە نوێیەی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕووییە دەبێ کەمێک بگەڕیینەوە بۆ ئەو هەنگاوە ستراتیژە دروستانەی ئەم ڕۆشنبیرانە تا بزانین چۆن ئەمانە هەمیشە بەشوێن هێزە چۆراوجۆرە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانەوەن کە یۆتۆپیای دەسەلاتێکی دیموکراسی لە کوردستان بۆ دروست بکا؟

سەرەتا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیان بە لەدایک بونی یۆتۆپیای دیموکراسیەکەیان ناساند و هەرئەم ڕۆشنبیرانە  گەیشتنی گۆڕانیان بە کورسیەکانی پەرلەمان ناونا قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسی و لە کاتێکدا گۆڕان مامەڵەی ٤ساڵ دەمداخستنی شەقامی لەگەڵ بارزانیدا کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە وەک ئێستا بەرامبەر بە ٣١ی ئابی یەکێتی بێدەنگن ئاوا بەرامبەر بە گۆڕان بێدەنگ بوون واتە ڕازیبون. دواتر کە پارتی گۆڕانی دەرکرد لە پەرلەمان و حکومەت ئەمان بونەوە ئەنتی پارتی. بەڵام بەمەش نەوەستان کاتێک گۆڕان ڕێکەوتنامەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە ستراتیژی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی یان بەرزکردەوە و داوایان کرد بچنەوە ژێر باڵی بەغداد.

لیرەوە دەردەکەوێ کە ئەم هەڵوێستی پاساوچێتی و دووڕوویی ئەم ڕۆشنبیرانە لە ئیستادا پێشینەیەکی هەیە و ئەم ستراتیژەی چونە ژێر دەستی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق جێبەجێ بونی بەدیلی هەرێمی سلێمانیە کە پێشتر ئەمان داوایان کردوە. هەربۆیە ڕق و دژایەتی مەریوان و بزوتنەوە ڕۆشنبیریە دووڕوییەکەی لە رفراندوم و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە نەک لە حەشدی شەعبی و بنەماڵەی یەکێتی و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی.

رفراندوم  و سەربەخۆیی کوردستان ستراتیژێکی پێچەوانە و دژ بە ستراتیژی هەرێمی سلێمانی سەربە بەغدادی مەریوان و هاوڕێکانی بوو. هەربۆیە مەریوان خەتای خەڵکی کوردستان دەگرێ کە ” خورافەتێکی گەورەیان (رفراندوم)خستبووە شوێنی سادەترین لێکدانەوەی عەقڵانیی سارد و سڕی پەیوەندییەکان و ھاوکێشەکان “. ئەو پەیوەندی و هاوکێشانەی ئەم نوسەرە وا موقەدەس باسی دەکا “یەکپارچەیی خاکی عێراقە”. ڕاستە خەڵک بە رفراندوم دەیویست ئەم خورافەیە تێک بشکێنێ بەڵام تەسلیم خوازی یەکێتی و پارتی ئەم هەنگاوەی خەڵکی کوردستانی توشی شکست کرد.

بەڵام مەریوان دەیەوێ چیمان پێ بڵێ ؟  دوای سەدەیەک لە تەجروبە لەگەڵ حکومەتە شۆڤینیست و ئیسلامیەکانی عێراق و دوای ١٤ ساڵ دانیشتن بەدیار فیدرالیزمی قەومی ومەزهەبی شکستخواردوی عێراقەوە ئایا دەبوایە خەڵک دوای خورافەی سەربەخۆیی نەکەوتایە و بەپێی ئامۆژگاریەکانی مەریوان خەڵک بەدیار پەیوەندی و هاوکێشەی ساردوسڕی بەدیلی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی گۆڕان و یەکێتی بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی دانیشتایە؟

بەدیلی هەرێمی سلێمانی پڕۆژەی مەریوان و ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان بوو پێش رفراندوم. ئێستا بە هاتنی عەبادی خەریکە بەپارێزگاکردنی هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژەیە سەردەگرێ، هەربۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە بەشێوەیەکی دوڕویانە باسی ڕوداوی لەشکرکێشی حەشدی شەعبی دەکەن و هیچ وشەیەک سەبارەت بە سکانداڵی فرۆشتن و تەسلیمکردنی کەرکوک ناڵێن. لەبەرئەوەی ئەمانە هەموو لەگەڵ ئەجێندای بەهەرێمکردنی سلێمانی لەسایەی حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا دێتەوە و ئەمەش ناوەرۆکی هاوپەیمانیەتیەکەی گۆڕان و یەکێتیە کە لەبەرامبەر پارتیدا ناوچەی دەسەڵات دروست بکەن.

ئەم ئەنتی پارتی بونەی ئەم جۆرە ڕۆشنبیر و سیاسیانە بەبێ ئەوەی ئەنتی یەکێتی بن، ئەوا لە کردەوەدا هاوپەیمانی یەکێتین. هاوپەیمانێتی یەکێتیش بەمانای هاوپەیمانی باڵی تاڵەبانیە کە هێزی دەسەڵاتداری سلێمانی و پێشتر کەرکوکیش بوو. ئەم هاوپەیمانێتیەش ئەمڕۆ کێشەی لەگەڵ لەشکرکێشی عەبادیدا نیە و لە بەغداد لەسایەی پەرلەمان و حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا کە هەموو خەڵکی کوردستان بەتاوانباردانراوە و پلانی ژێردەستەکردنەوەی کوردستان هەنگاوبەهەنگاو دەبەنە پێش کیشەی ئەم هاوپەیمانێتیەی گۆڕان و یەکێتی نیە و بەڵکو لەسایەی ئەم هێرشانەدا ئەوان گرنگ ئەوەیە کە بەشە دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دەست دەکەوێ.

سەیری ئەو لەشکرە سیاسی و ڕۆشنبیرە ببینن کە ئارام شێخ محمد،جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەی عێراقیان داوا لە عەبادی دەکا “هێزێکی تایبەتی سوپای عێراق بخاتە جێگای حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو” و ” سوپاس بۆ برادەرانی حەشدیش قبوڵیانە”، وەک ئەوەی کوشتار و سوتانی ماڵ و بازاڕی خەڵکی کورد لەو شارەدا بەدەست و بڕیاری عەبادی نەبوبێ؟ گوێ لە قسەی وشیار عبداللە پەرلەمانتاری عێراقیان بگرە کە لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی کوردستان دەڵێ ” بەهیوای ئەوەبوین کە عەبادی ئەوەبوو کە جدی بێت لە جێبەجێکردنی دەستوردا دوای ئامۆژگاریەکانی سیستانی “، دیارە سیستانی دژی رفراندوم ئامۆژگاری دابوو بە عەبادی دەستور جێبەجێ بکا و ئەویش بە لەشکرکێشی بۆ سەرکوردستان دەستوری جێبەجێ کرد و بەڵام سەیر لەوەدایە داوای وشیار عبداللە ش هەمان داوای سیستانیە کە دەیەوێ عەبادی دەستور جێبەجێ بکا! ئایا ئەم پەرلەمانتارانەی گۆڕان جگە لە سایەی سیستانی و عەبادی شتێکی تریان هەیە چاوەڕێی دادپەروەری لێ بکەن؟ ئەمە هەمان قسەی مەسعود بارزانی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ە کە وتی سەدام حەکەمە نەک ڕەقیب! بەڕاستی ئەمانە قوتابی یەک قوتابخانەی ٣١ ئابن!. ئەوەتا سروە عبدالواحیدی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی عێراقیان داوای هەڵوێست لە عەبادی دەکا بۆ کارە سەرکوتگەریەکانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستاندا کردی. لە هاوشانی ئەم گۆرانخوازانەشدا سەیری سەرۆکی “لیستی نەوەی نوێ” بکەن داوا لە عەبادی دەکا با سزاکانی کوردستان بەپێی یاسا و دەستور بێت. ئەوە باسی ئاڵا تالەبانی ناکرێ کە لە پاپ کاسولیک تر بوو بۆ بەڕەسمی ناسینی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراقدا.ئەمە ئەو “بلۆکە مێژووییەیە” کە مەریوان باسی دەکا کە دەبێ دروست ببێ لەم سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانەی بە ستراتیژی بەرگری نەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی و بێدەنگی لە بنەماڵەی کەرکوک فرۆش بتوانن گۆڕانی گەورە دروست بکەن و لە جیاتی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و بنەماڵەیی بازرانی و تاڵەبانی ،کوردستان بخەنە ژیر دەستی عەبادی تا بەجدی دەستوری عێراق جێبەجێ بکا و سلێمانی تەسلیمی بنەماڵەی تاڵەبانی- قاسمی سلێمانی بکەن.

ئایا ئەم پڕۆژەیە وەک پڕۆژەی یەکێتی و پارتی مایەی شەرمی سیاسی و ڕۆشنبیری نیە. ئایا لە شکستی ناسیونالیزمی کوردی یەکێتی و پارتیدا ئەم  دیاردەی ڕۆشنبیری دووڕوییە زیاتر داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی دروست نەکردوە. ئەم ڕۆشنبیریە هەرچەند  لەناوەرۆکدا پاشکۆی سیاسەتی ململانێی دەسەڵاتی لەمێژینەی یەکێتی و پارتیە، بەڵام چیتر تەنیا ئەم دوو حزبە هەڵگری ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییە نین. مەریوان و ڕۆشنبیرانی گۆڕان و نەوەی نوێ هێزی نوێی ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییەن. ئەمانە ڕۆشنبیرانێکی دووڕوو و دیماگۆگین بەوەی لەلایەن دژی دەسەڵات و بنەماڵەیەکی کوردی شەڕدەکەن و لەلایەکی ترەوە دەستەمۆی میلیشیا شیعەکان و دەستور و پەرلەمان و حکومەتەکەیان و هاوپەیمانی بنەماڵەی تاڵەبانی-قاسمی سلێمانیشن. ئەمە زەلکاوی ڕۆشنبیری دووڕوە کە چوەتە سەر زەلکاوی ڕۆشنبیری ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی.

کۆمەڵگەی کوردستان لەپاڵ کێشەی سیاسی گەورەی بەرگری دژی داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و لابردنی دەسەڵاتی میلیشیاکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و پارتی و یەکێتی ، ئەمڕۆ پێویستە ئەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەش لەمەیداندا دەربکا و لەجێگایدا ڕۆشنبیریەکی شۆڕشگێڕانە جێگای بگرێتەوە کە باوەڕو ئیرادەی لە خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش و خەباتی ئەوان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی کوردستان جێگای ئەم داڕوخانە فکری و سیاسی و ڕۆشنبیریە بگرێتەوە.

ڕوداوی شکستی گەیشتن بەسەربەخۆیی لە دوای رفراندۆمەوە بەرئەنجامی مانەوەی هێزی پێشمەرگە و داهاتی کوردستانە لەدەست دوو میلیشیا کە لە پێناو پۆست و نەوت و داهاتدا ئامادەن هەمیشە ٣١ ئابەکان بەسەر کوردستاندا بهێنن و مامەڵە بە ئێستا وئایندەی خەڵکی کوردستانەوە بکەن. هەر ڕۆشنبیریەک و هەر سیاسەت و ستراتییژێک ئەگەر بەرامبەر بە هەردوو بنەماڵە تالەبانی و بارزانی و میلیشیای دەسەڵاتداریان و بەرامبەر بە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان نەوەستێتەوە ئەوا خەڵکی کوردستانەوە بە ناوێکی ترەوە توشی هەمان شکست و تەسلیم کردنەوە دەکا. ڕۆشنبیری دووڕوویی دەیەوێ لە دۆخی شکست و بێ ئومێدیدا دەیەوێ ستراتیژی ژێردەستەکردنی خەڵکی کوردستان بۆ حکومەتی مەزهەبی و شۆڤینیستی عێراق و بنەماڵەی تاڵەبانی هاوپەیمانی گۆڕان جێگیربکا. “کوتلەی مێژوویی” کۆنەپەرستانە دژ بە کوتلەی کۆنەپەرستانەی مێژوویی پارتی ئامادە دەکا. هەر ڕۆشنبیری و سیاسەت و ستراتیژیەکی شۆڕشگێڕانە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی پارتی و یەکێتی بێت، دەبێ  ئەم کوتلەیەی  ڕۆشنبیری دووڕوویی و بزوتنەوە سیاسیەکەشی وەک کوتلەی بەیعەتی عەبادی و بنەماڵەی تاڵەبانی – سڵێمانی بخاتە ژیر ڕەخنەوە .

http://www.speemedia.com/drejaWtar.aspx?NusarID=153&Jmare=3919

http://www.shafaaq.com/ar/Ar_NewsReader/cc1058ef-0120-47a2-8ef8-7514697ee1c6

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *