نادر عبدالحمید
زۆر باس لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەمە کارێکە هەم لەجێی خۆیدایە و هەم زۆریش پێویستە، بەڕووی جیهانی مەشەقەتباری سەرمایەداری و دەسەڵاتی زاڵمانەی بورژوازیدا، گەرچی لە زۆر حاڵەتیشدا ئەم باسکردنانە ڕەواڵێکی پیاهەڵخوێندنی ئاینیانەی بەخۆیەوە-گرتووە. گرینگتر لە باسکردنی دەسکەوتەکان، بەدەستهێنان و بەدەستەوەگرتن و بە عەمەلی دەرهێنانی مێسۆدێکی فکری سیاسیە کە ئەو شۆڕشە لەڕێگەیەوە شکڵی گرتووە. ئەم گرینگیەش بەپلەی یەکەم بۆ دەستبەکاربوونە بەهەمان مێسۆد، وە بە تایبەتیش لە وڵاتانێکدا کە لە قەیراندان و دەسخۆشی ئاڵوگۆڕی سیاسی دێن. وە لەلایەکی تریشەوە گرنگە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنی ڕوداو و ئاڵوگۆڕە مێژووییەکان، لەوانە ئاڵوگۆرەکانی ساڵانی جمهوریەتی یەکەم (1963-1958)ی عێڕاق و تەکانی (تەحڕوکاتی) گەورە و پڕجۆشوخرۆشی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی کرێکاران و جوتیاران لەو ساڵانەدا، کە جێی مەبەستی ئێمەیە لێرەدا.
بەدوای جەنگی جیهان یەکەم و داگیرکاری ئیمپریالیزمی بریتانیا بۆ عێڕاق و دروستبونی دەوڵەت، سەرمایە گەشەی کرد و کۆمەڵگەی عێڕاق، بەتایبەت دوای جەنگی جیهانی دووەم، چووە ناو سەرمایەداریەوە. چاکسازی کشتوکاڵی بۆ ئازادکرنی هێزی کاری جوتیاران (لە بەستراوەییانەوە بە زەویەوە بۆ ناو بازاڕی شارەکان) ببوە پێداویستیەکی چارهەڵنەگر، بۆیە (نوری سەعید) سەرەک-وەزیرانی ئەوکاتی عێڕاق، بەنیاز بوو چاکسازیەکی ئیمپریالیستانەی کشتوکاڵی ئەنجامبدات.
بزوتنەوەی کرێکاری لە کۆتایی بیستەکان و ساڵانی سیەکانی سەدەی بیستدا لە خۆکۆکردنەوەیەکی سەرەتایی دابوو بۆ هێنانەدی ڕێکخراوە کرێکاریەکان و بەڕێخستنی ناڕەزایەتی، ئەم ڕەوەندە لە چلکان و پەنجاکانی سەدەی بیستدا زۆر خێراتر و بەرفراوانتر بۆوە، وێڕای ڕاپەڕینە جوتیاریەکان لە سەراسەری عێڕاقدا. عێڕاقی ئەو کاتە ژانگرتووی لە دایکبوونی شۆڕشێکی کرێکاران و جوتیاران بوو. دەستپێشکەری ئەفسەرە نیشتیمانپەروەرە دژە-ئیمپریالیستەکان بۆ ڕوخانی پاشایەتی گەرچی کۆرپەڵەی ئەو شۆڕشەی لەباربرد، بەڵام ڕوخانی پاشایەتی و لاچونی سەرقاپی ئیستیبداد فه‌زای سیاسی ئاوەڵا کرد بۆ هاتنەدەرەوەی ئەو بزووتنه‌وه کۆمهڵایهتیانە و خۆده‌رخستنیان لە پانتاییەکی به‌رینی ملیۆنیدا.
جه‌ماوه‌ری کرێکاران، جوتیاران، سه‌ربازان، لاوان و ژنان، … به‌پێی مێژوویەکی شکۆمەند و پڕ له سه‌روه‌ری خه‌باتی ژێرزه‌مینی “حزبی شیوعی عێراق” له ده‌ورانی ئیستیبدادی پاشایه‌تیدا، کاتێك ئه‌م ڕژێمه ده‌ڕوخێت، ئه‌و جه‌ماوه‌ره ده‌چنه ژێر ئیتۆریته و ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م حیزبه‌وه و دەیکه‌نه سومبلی سیاسی خۆیان و به‌رزی ده‌که‌نه‌وه و ده‌یخه‌نه سه‌رشانیان، وە له‌ڕێپێوانه مه‌زنه‌کاندا به‌تایبه‌ت له به‌غدای پایته‌خت و لە یەکی ئایاری 1959دا پڕ به‌ده‌میان هاوارده‌که‌ن “حیزبی شیوعی بۆ ده‌سه‌ڵات”.
ئه‌م حیزبه ڕادیکالزمه‌یه‌کی دژی ئیستیبدادی ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی و دژی دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی بریتانیا بوو لە عێراقدا، ئاسۆ و به‌رنامه سیاسیه‌که‌ی له ناوه‌ڕۆکێکی ڕیفۆڕمیستانه‌ی لیبرالی واوه‌تر نەدەڕۆیشت. بەم پێیە حیزبێکی لیبرالی-چەپ و ڕیفۆڕمیست بوو بە شێوازێکی ڕادیکاڵەوە. ئەم حیزبە خوازیاری ئەوەبوو کە “حکومەتی قاسم” هەموو شادەمار و جومگەکانی ئابووری لەژێر دەستی ئیمپریالیزم بێنێتەدەرەوە بە خۆماڵی کردنیان، و کردنیان بە موڵکی دەوڵەت، هەوڵبدات بەخێرایی وڵات پیشەسازی بکات و ببێتە هاوپەیمانی سۆڤیەت و لە پڕۆسەیەکدا (عبدالکریم قاسم) وەك (فیدڵ کاسترۆ) ببێتە ڕابەری هێنانەدی سۆشیالیزم. سۆشیالیزم و شیوعیەتێك کە ئەم حیزبە خوازیاری بوو سەرمایەداری دەوڵەتی و پیشەسازیکردنی وڵات بوو بەخێرایی لە ڕێگەی ڕیفۆڕمی کشتوکاڵەوە بۆ ئازادکردنی هێزی کار بۆ بازاڕی کار. هه‌ربۆیه‌ش له‌گه‌ڵ ڕوخانی ئه‌و ئیستیبداده پاشایه‌تیه و ئاوه‌ڵابوونی فه‌زای سیاسی بۆ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کانی کرێکاران و جوتیاران له پانتایەکی به‌رینی ملیۆنیدا، ئه‌م حیزبه ده‌سته‌پاچه ده‌مێنێته‌وه و نازانێت ئه‌م جموجۆڵه و تەکانە مه‌زنه ئینسانیه به‌رفراوانه‌ی کرێکاران، جوتیاران، ئازادیخوازانی لاوان و ژنان چی لێبکات و به‌ره‌و کوێی بەرێت!!! وە لە ڕاستیدا سیاسەتەکەی لەو ساڵانەدا کردنی ئەو بزوتنەوانە بوو بە گۆپاڵ وداردەستی (قاسم) و ڕاگرتنتیان بوو لە چاوەڕوانیدا تا (قاسم) بە ڕاوێژکاری حزبی شیوعی ئەو جۆرە لە سۆشیالیزمی ڕوسی بهێنێتەدی بۆیان.
لەو سەردەمە مێژووییەدا حیزبێکی کۆمۆنیست ئه‌بوایە لەڕێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ ڕێکخستنی بزوتنه‌وه پڕ جۆشوخرۆشەکانی کرێکاران و جوتیاران و ڕابه‌رایه‌تی کردنی خۆپێشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌کانیان له هه‌وڵی شکڵپێدانی شۆڕشێکی دیمۆکراتیدا بوایە به هاوپه‌یمانیه‌تی کرێکاران و جوتیاران که ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریه‌تی ئه‌و دوو چینه‌ی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پاندایه و ڕێگه-خۆشکه‌ر بوایه بێ پسانه‌وه و بێ وه‌ستان بۆ به‌رپاکردنی شۆڕشێکی سۆشیالیستی هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی لینین له کتێبی “دوو تاکتیکی سۆشیال دیمۆکراته‌کان له شۆڕشی دیموکراتیدا” باس له شۆڕشی 1905 ی ڕوسیا ده‌کات، یان ئەو سیاسەتەی کە لینین بەدوای شۆڕشی دیموکراتی شوباتی 1917ی ڕوسیادا، هەم لە “نامەکانی دورە وڵات” هەم لە “تێزەکانی ئەپریل”دا بەرجەستەی کردۆتەوە.
ئه‌وه هیچ که ئه‌م حیزبه له‌سه‌ر خه‌تی فکری سیاسی و به‌رنامه‌یی لینین نه‌بوه له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شۆڕشی دیموکراتیدا، به‌ڵکو هه‌تا حیزبێکی به ناوهڕۆك شۆڕشگێر و چه‌پی وڵاتانی ژێرده‌سته‌ی ئیمپریالی له چه‌شنی حیزبه‌که‌ی (ماوتسی تۆنگ) یان (فیدڵ کاسترۆ و گیڤاراش) نه‌بووه، کە ئازایانە هەنگاو بهاوێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، تا ئەو ئاسۆ سیاسیە و ئەو بەرنامەی کە هەیەتی خۆی پیادەی بکات لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، نەك لە پەیوەندیەکی ڕاوێژکارانەدا بە دەسەڵاتەوە بیەوێت بیهێنێتەدی.
له‌م چرکاته ساته مێژووییه هه‌ستیاره‌دا که ئه‌و بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه شۆڕشگێڕانه له هه‌موو کاتێك زیاتر پێویستیان به حزبی ئازا و چاونه‌ترسی ڕابه‌ریانه بۆ خۆداسه‌پاندیان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، له‌و چرکه ساته هه‌ستیاره‌دا ئه‌م حیزبه له‌باتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، عه‌ریزه ده‌نوسێت و ده‌یبات بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ تا مۆڵه‌تی یاسایی کارکردن و چالاکی سیاسی وه‌رگرێت!! (عبدالکریم قاسم)یش کە لە نفوزی بەرفراوانی ئەم حزبە دەترسێت، حیزبێکی تری کارتۆنی به‌ناو “حزبی شیوعی”یه‌وه دروست ده‌کات و مۆڵەتی پێده‌دا، جا له‌به‌ر ئه‌وەی ناکرێ دوو حیزب به‌یه‌ك ناو مۆڵەت لە وەزارەت وه‌رگرن، کۆمیته ناوه‌ندییه‌که‌ی دوای ئه‌و سوکایەتی پێکردنە له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی ددان شکێنانە بداته‌وه کە (قاسم) لە دەسەڵات وەلابنێ و خۆی دەسەڵات بگرێتە دەست، کۆبونه‌وه‌یه‌کی نائاسایی ده‌که‌ن و به‌تێکڕای ده‌نگ بڕیار ده‌ده‌ن ناوی حیزب بگۆڕن و بیکه‌نه (حیزبی یەکێتی گه‌ل). سه‌یر ئه‌وه‌یه که له‌ناو کۆمه‌ڵگه و له جیهانی ده‌ره‌وه‌دا واده‌زانرێت (قاسم) له ژێره‌وه سه‌ر به (حزبی شیوعی)ه.
حیزبێك که خاڵی بەهێزی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و جوتیاری و لاوان و ژنان بوو له سه‌رده‌می ئیستیبدادی پاشایه‌تی و داگیرکاری ئیمپریالیزمی ئینگلیزدا، له‌گه‌ڵ ڕوخانی ئه‌م ڕژێمه‌دا، ئه‌و حیزبه جێگەوڕێگەی سیاسی دەگۆڕێت و دەبێتە خاڵی لاوازی ئه‌و بزووتنه‌وە کۆمەڵایەتیانه و هۆکاری نەزۆرکی و ناکام مانەوەیان.
لەگەڵ بوونی زەمینەی مادی و خواستی جەماوەری بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حزبی شیوعیەوە، بەڵکو هەتا لەگەڵ ئامادەبوونی باری تەکنیکی-سەربازیشدا کە ئەفسەرێکی زۆری پلەداری بەرز، سەر بەو حزبە لە شوێنە هەستیارەکانی سوپای عێڕاقی ئەوکاتەدا بوون، وە لەناو تیمی پاسەوانانی شەخسی (عبدالکریم قاسم)یشدا ئەندامی سەر بەو حیزبە هەبوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم حزبە دەسەڵاتی نەگرتە دەست. ئەمەش هەلی بۆ ڕەوتە ناسیونالیستە عەرەبیەکان ڕەخساند کە دەسەڵات بگرنەدەست، و تەواوی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانە تێکبشکێنن، بکەونە کۆمەڵکوژی شوعیەکان وەك سومبلی ڕێکخەر و ڕابەری ڕێکخراوە پیشەیی، جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیان، هەروەها هەڵمەتی سەربازیش بۆسەر کوردستان بەڕێبخەن و ببنە میراتگری ئیمپریالیزمی بریتانیا بۆ دووبارە داسەپاندنەوەی زوڵمی نەتەوەیی و عێڕاق بکەنە مەیدانی جەنگ و پێکدادانی قەومی.
دۆڕاوی حزبی شیوعی عێراق لە بەرامبەر هەردوو ڕەوتی ناسیونالیستی عەرەبی و کوردی‌دا، نەك لەبەر ئەوە بوو کە ئەم حیزبە زیادەڕەوی لە “ڕادیکاڵیەت” و “کۆمۆنیست” بووندا کردوە، وەک لێکدانەوە ژەهراوی و کۆنەپارێزەکانی بورژوازی پڕوپاگەندەی بۆدەکەن، بەڵكو دروست بە پێچەوانەوە، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەوەی مێژوو وەك پێویستیەك هێنابوویە پێشەوە کە شۆڕشێکی دیموکراسی کرێکاران و جوتیارانی بێ پسانەوە بوو بەرەو شۆڕشێکی سۆشیالیستی، وە لەو نێوەشدا مەسەلەی کورد چارەسەر دەکرا، لە ئاسۆی سیاسی و بەرنامەی ئەو حزبەدا نەبوو. لەبری ئەوە سیاسەتەکەی ڕاوێژکاری دەوڵەتی ناوەندی (ڕژێمی قاسم و پاشانیش ڕژێمی بەعس 1973-1979) و پارسەنگ ڕاگرتنی بەرژەوەندیەکانی سۆڤیەت بووە لە عێراق و ناوچەکەدا، هەر لەو پێناوەشدا “مەسەلەی کرێکار” و “مەسەلەی کورد”ی کردۆتە قوربانی ئەو سیاسەتانەی خۆی.
سەرمایەداری ئەمڕۆی عێڕاق، بەراورد ناکرێت بە سەردەمی سەرهەڵدان و گەشەکەی، مەسەلەی زەوی و جوتیار بوون بە بەشێک لە ڕابردوو، شۆڕشی دیموکراتی نەک بە مەفهومی ساڵانی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستی عێڕاق، بەڵکو زۆر بەهێزتر لە شوباتی 1917ی ڕوسیا بۆتە بەشێکی شۆڕشی سۆشیالیستی، بەڵێ مەسەلەی کرێکار و سۆشیالیزم بە هێزێکی زۆر زیاترەوە خۆیان دەخەنەڕوو لەبەرامبەر سەرمایەداریەکدا کە لە قەیراندایە و هیچ ئاسۆیەکی نیە بۆ ئایندەیەکی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەی عێڕاق، هیچ چارەسەرێکی دیموکراسیانە و ئازادیخوازانەی پێ نیە بۆ چارەسەری مەسەلەی قەومی و کێشە ئایینیەکانی ناوخۆی.
هەروەک چۆن ئێمە ئەمڕۆ ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان و حزبەکان لە دەورانە پڕ لە کێشمەکێشە سیاسی و وەرچەرخانە مێژووییەکاندا هەڵدەسنگێنین، بەدڵنیاییەوە نەوەی کۆمۆنیستی دوای ئێمەش هەڵسەنگاندنی سیاسەت و کاروچالاکی ئێمە بەشێک دەبێت لە خوێندنەوەیان بۆ مێژوو. جا ئاخۆ ئێمە چۆن دەتوانین کۆمەک بە نەوەی داهاتووی خۆمان بکەین کە ئەو مێژووە چۆن بنوسنەوە، چۆن هەڵی بسەنگێنن و چۆن بیخوێننەوە؟ ئایە ئەتوانین وایان لێبکەین کە وەک 1917 ئێمە بخوێننەوە یان وەک 1958؟.
بڕۆکسڵ/ 30 ئۆکتۆبەری 2017
تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ١٥ی بەرواری ١/١١/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net