موحسین کهریم:
١- (ئاڵۆز- معقد) ی کێشەی کورد وەکو یەکێك لەدوو کێشەی نەتەوەیی چارەسەرنەکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوو گرێی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مانەوەی کێشەی فەلەستین و کێشەی کوردە. ئەم دوو کێشەیە دەیان ساڵە مایەی نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەن و هۆکارێکی ئاسان بوون بۆ دەستێوەردانی ئیمپریالیستی و جەنگ و ململانێی نەبڕاوە لەنێوان دەوڵەتان و خەڵکی ناوچەکە. فاکتەرو بیانویەکی کەم خەرجی بوون و هەن بەدەستی دەوڵەتان و بۆرژوازی ناوچەکەوە بۆ توندکردنەوەی گیانی خۆپەرستی و نەتەوەخوازی و پەرەدان بە ناکۆکی نێوان چینی کرێکار لەناوچەکەو بەگژاکردنەوەی یەکتری کە بە بەهایەکی گران لەسەر چینی کرێکار تەواوبوە. مانەوەشی بەچارەسەرنەکراوی گرانتر لەسەر چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش تەواو دەبێت.
٢- چینی کرێکارو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ناوچەکە ناتوانن خەباتی خۆیان بەرەو سۆشیالیزم بەرەوپێش بەرن ئەگەر بەسەر ئەم رێگریانەدا سەرنەکەون و وەڵامی بەکردەوەیان نەبێت بۆ چارەسەری ئەم دوو گرفتە ئاڵۆزو پڕگرێ و گۆڵەیە. ئەمەش لەتوانادا نیە ئەگەرکۆمۆنیزم و چینی کرێکاری ناوچەکە سەرکەوتنێکی فکری سیاسی بەسەر بیروباوەڕو هەژمونی سیاسی و فکری ناسیۆنالیزم و بەتایبەتی ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی نەتەوە باڵادەستەکان و دەوڵەتە شۆڤێنیەکانی (ئیسرائیل و عێراق، ئێران، تورکیاو سوریا) مسۆگەر نەکات.
٣- ئەگەرچی ئەمجارە هێزە سیاسیەکانی بۆرژوازی کوردو بەدیاریکراوی باڵێکی ئەو پێشنیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی کرد، بەڵام سەرجەم پرۆسەی ریفراندۆم و دواتریش مامەڵەکردن ئاکامەکانی بێتوانایی و لەرزۆکی ئەو چینەو هێزە سیاسیەکانی دەرخست لەبەرامبەر پرسێکی هەستیاری وەکو سەربەخۆیی و بەرگریکردن لە دەنگی خەڵك. ئەوەی دەرخست کە پڕوپاگەندەی چەندین ساڵیان سەبارەت بە دۆستەکانی “گەلی کورد” هەمووی قسەی پوچ و بێناوەرۆك و چەواشەکاری بوون و ئەم هێزانە هیچ نەبوون تەنها خزمەتکارێکی دەست لەسەر سنگ بۆ ئاغاکانی ئیمپریالیزم و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە! ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکانی بۆرژوازی کورد، هێزگەلێکن کە زوڵم ونایەکسانی و بێمافیان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە، ناتوانن پشت بەهێزی جەماوەری هوشیار و شۆرشگێر ببەستن و لە بچوکترین کاردانەوەی “دۆستەکانیان” لەدژیان دەست و قاچیان وون دەکەن و سەری تەسلیم بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرست دائەنەوێن، هەروەکو بەرامبەر حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی کردیان…
٤- خاڵێکی زۆر گرنگ کە دیسانەوە کە مەسەلەی ریفراندۆم تۆخی دەکاتەوە و دەبێ جەماوەری خەڵکی کوردستان و چینی کرێکارو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە هەستیارەوە مامەڵەی بکەن، رەچاوی بکەن و ئەزمونی لێوەبگرن، ئەوەیە کە ئەگەر جەماوەری کوردستان نەبێتە خاوەنی راستەقینەی بڕیاری ریفراندۆم و جێی بهێڵێت بۆ ساتوسەودای سەرانی ناسیۆنالیستی کورد، ئەوا زۆر بەئاسانی ئەم پرسە گرنگە تووشی شکست دەکرێت و “مەسەلەی کورد” بۆ دەیان ساڵی دیکە دەبێتەوە بە بابەتی ململانێ و کێشەو شەڕی نێوان باڵەکانی چینی بۆرژوازی ناوچەکە لەهەردوو بەرەی کێشەکەوە. دەیان ساڵی دیکە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەبێ دەست و پەنجە لەگەڵ نفوز و هەژمونی فکری و سیاسی ناسیۆنالیزم لەناو چینی کرێکاری ناوچەکەو بەدیاریکراوی هەژمونی بزوتنەوەی کوردایەتی نەرم بکەنەوە.