ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
دوای ئەوەی یەکێتی کەرکوکی فرۆشت بە ئێران و حەشدی شەعبی ، پارتیش دەستی کرد بە تەسلیمکردنەوەی ناوچە کورد نشینەکان و لە ٢٤ئۆکتۆبەریشدا حکومەتەکەی هەرێمیشیان ڕایگەیاندوە ئەگەر حکومەتی عەبادی گفتوگۆیان لەگەڵ بکا ئاکامی رفراندۆمی ٢٥ سێپتەمبەریش سڕدەکەن.
ئەم هەڵوێست و سیاسەتانەی یەکێتی و پارتی کە فرۆشتن و تەسلیمکردنی خەڵکی کوردستانە بە حکومەتی عێراقی لە پێناو پاراستنی بەشە دەسەڵات و بودجە و پۆست و میلیشیاکانیاندا لای خەڵکی کوردستان شاراوە نیە و ئەمە مێژووی ئەم هێزانە بوە. هەربۆیە ٣١ ئابەکانی یەکێتی و پارتی جێگای شانازی ئەم میلیشیایانە بوە کە دوژمنی داگیرکەری بەعس و میلیشیا شیعەکانیان هێناوەتە سەر خەڵک و کوشتاری خەڵکی کوردستانیان پێ کردوە.
سڕکردنی ئاکامی رفراندۆمیش هەر لە درێژەی ئەم سیاسەتەی گۆڕینەوە و ساتوسەوداکردنە بە خواست و بڕیاری خەڵکی کوردستانەوە بۆ سەربەخۆیی کە لە رفراندۆمدا بەدنیای ڕاگەیاندوە.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان لە خەباتی ٢٠ ساڵەی خۆیدا بۆ مافی رفراندوم و سەربەخۆیی هەمیشە خەڵکی کوردستانی لە یاریکردنی یەکێتی و پارتی بە چارەنوسی خەڵکەوە ئاگادارکردۆتەوە و لەدژی وەستاوە. هاوکات لەسەرەتای ئەم رفراندۆمەشدا یەکێک لە کارەکانمان ئەوەبوە کە فشاری جەماوەری دروست بکەین کە پارتی و یەکێتی ساتوسەودا بە ئاکامی رفراندۆمەکەوە نەکەن. هەربۆیە ئێمە دژی سڕکردنی ئاکامی رفراندۆمین و ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ساتوسەودا بە ماف و خواستی خەڵکی کوردستان دەزانین و بەتوندی لەدژی دەوەستین.
ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر حکومەتی مەزهەبی عەبادی و میلیشیا شیعەکانیدا کە دەیانەوێ هەموو کوردستان داگیربکەن و خەڵکی کوردستان بخەنەوە ژێردەستی خۆیان و دەست بەسەر داهات و چارەنوسی کوردستاندا بگرن، تەنیا ڕێگە بەرگری کردن و تەسلیم نەبونە بەم سیاسەتە داگیرکاریە نەک پەشیمان بونەوە و دەست هەڵگرتن لە مافی سەربەخۆیی. ئەم حکومەتە مەزهەبیە بە هێرشی بۆسەرکەرکوک و کوشتاری خەڵکی دوزخورماتو و کەرکوک و ناوچەکانی تر نیشانی داوە کە تا داگیرکردنەوەی کوردستان درێژەبەم سیاسەت و لەشکرکێشیە دەدات و نابێ بەهیچ بیانویەکی گەندەڵی و تەسلیم خوازی سەرانی یەکێتی و پارتی خەڵک لە دژایەتی ئەم حکومەتە شیعەگەرایەی سەربەئێران و داگیرکاریەکەی ساردببێتەوە و تەسلیم ببێ.
رفراندوم و سەربەخۆیی موڵکی یەکێتی و پارتی و حکومەتەکەیان نیە تا بەئارەزوی خۆیان ساتوسەدای پیوەبکەن و هەرزانفرۆشی بکەن تا پۆست و بودجە و دەسەڵاتی میلیشیاکانیانی پێ بپارێزن لەسایەی حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا. بڕیاری سەربەخۆیی بڕیاری زۆرینەی خەڵکی کوردستان و خواستی هەموو خەڵکی کوردستانە و دەبێ لە پێناویدا درێژە بەخەباتی سیاسی و بەرگری و ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی بدەین تا کوردستان لە دەسەڵاتی مەزهەبی شیعەگەرای کۆنەپەرست و داگیرکەر جیادەکەینەوە. خەڵکی کوردستان دەنگ و بڕیاری خۆی لە پێناو ڕازیکردنی ئێران و تورکیا و ئەمریکادا سڕناکا و هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵک لەگەڵ مانەوە و قبولکردنی ژێردەستەیی بۆ فیدرالیزمی شکست خواردوی مەزهەبی و قەومی عێراقدا نایەتەوە و تەنیا ڕێگاچارەی سەربەخۆبونە لەم دەسەڵاتە مەزهەبیە شۆڤینیستیەی عێراق.
ڕێگای گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تەسلیمکردنەوەی ماف و بڕیاری سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان نیە بەڵکو ڕێگاکەی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیە بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کە تیایدا نوێنەرانی خەڵکی کوردستان وەک خاوەن ماف و بڕیار بەرامبەر بە حکومەتی عێراق دانیشن و کێشەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بەپێی ئاکامی رفراندومی کوردستان چارەسەر بکەن. هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی عەبادی بەلێسەندنەوەی مافی رفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان دەستی حکومەتی عێراقی واڵادەکا تا وەک ئەسیری جەنگ مامەڵە لەگەڵ خەلکی کوردستاندا بکا و هەنگاوبەهەنگاو ژێردەستەی سیاسی و ئابوری و ئیداری بکا. هەربۆیە دەبێ دژی ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بۆ سڕکردنی رفراندوم ڕاوەستین و ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە کە دەنگ و بریاری خۆی بۆ سەربەخۆیی لەم ساتوسەدایانە بپارێزێ و ئەم کڕین و فرۆشتنە بە بریاری سەربەخۆییەوە شەرمەزار بکا وئاڵای خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەدەست ئەم بازرگانانه ى ئاشبەتاڵیان له سەربەخۆیی كردوه بسەنێتەوە.
25/10/2017
Check Also
پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!
عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …