په‌له‌كوتێ له‌ مه‌رگی خۆدا

جه‌مال موحسین

درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ ٨ مانگ و پێشنیاره‌كانی جڤاتی نیشمانی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی و دواتریش خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی ناوبراو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵحدا له‌ ڕوانگه‌ی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه‌وه‌ فلسێكی قه‌ڵب ناهێنێ.
هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ فه‌له‌كێكدا ئه‌خولێنه‌وه‌: درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی نه‌گریسی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا-ناسیۆنالیزمی كورد و دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فاشیست-ئیسلامی عێراقدا. هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ ده‌ربازكردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد له‌ چنگی نه‌ك توڕه‌یی و نه‌فره‌تی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش، بگره‌ له‌ خه‌بات و خولیای ئه‌وان بۆ له‌ گۆڕنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ گه‌ڕكه‌وتووه‌.
بێناوه‌ڕۆكترین قسه‌یان یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستانه‌. ئه‌وان كه‌ خۆیان زۆر باش ئه‌زانن ’’گه‌لی كوردستان‘‘ یه‌كڕیز نییه‌ ئه‌م قسه‌ پوچه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ڵێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قڵشتی نێوان خۆیان وه‌ك چینی پاره‌دار و ده‌سه‌ڵاتدار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش بشارنه‌وه‌. وا نیشان بده‌ن كه‌ هه‌موو ’كورد ‘ یه‌ك ڕیزن و یه‌كن و ئه‌شبێ هه‌ر یه‌ك بن له‌به‌رامبه‌ر ’دوژمنی ده‌ره‌كی‘ دا. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌وان به‌ دوژمنی ده‌ره‌كی له‌ قه‌ڵه‌میان دا هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ویستبێتی دۆستی ئه‌وان بوون بۆ پول پێكه‌وه‌نانی زیاتر و به‌ زۆری زۆرداره‌كیش به‌ دۆستی جه‌ماوه‌ریان له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، كاتێكیش جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌وتبێته‌‌ نێوانیانه‌وه‌ هه‌ر جاره‌ و لایه‌كیان به‌ دوژمن ناوهێناوه‌. هه‌موو ئه‌و پێناسه‌ پوچ و بێبنه‌مایانه‌ و دۆستایه‌تی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ و باڵباڵێنی ناو خۆیان بۆ خۆیان. به‌ڵام بۆیان نییه‌ له‌مه‌ زیاتر خۆیان و جه‌ماوه‌ری هه‌میشه‌ به‌ قوربانی بووی كوردستان له‌ ڕیزی خۆیاندا دابنێن.
حكومه‌تی كاتی و ڕزگاری نیشتمانی له‌ كێ دروست ئه‌كه‌ن؟ له‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كاتێك له‌ به‌ناو ئۆپۆزسیۆندا بوون ڕه‌گی لا ملیان له‌ شاشه‌كانه‌وه‌ به‌رزئه‌بۆوه‌ و داتا له‌سه‌ر داتا ئه‌یاندا به‌ ئه‌رزدا كه‌چی كه‌ چوونه‌ ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌ش و پێنج قۆڵیه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ سفر بۆ ژماره‌ی موچه‌كانیان زیاد بوو داتا و ماتایان بیر نه‌ما. یان له‌ كه‌سانێك كه‌ تا ئێستا له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا دانیشتوون، سه‌ركردایه‌تیه‌كانیانن، له‌ حكومه‌ت و لیژنه‌ جۆراوجۆره‌كانیاندا بوون و یان له‌ پڕۆژه‌كانیاندا شه‌ریك بوون یان به‌ به‌شه‌كانیان ڕازی نه‌بوون و شه‌ڕی پشكی زیاتریان كردووه‌.
هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ خۆی به‌ سه‌ردار و حاكمی خه‌ڵكی كوردستان دابنێ. ئیتر باسی چی ئه‌كه‌ن؟ ئێوه‌ ڕۆیشتوون له‌ چاوی خه‌ڵكه‌وه‌، نۆره‌تان زۆر ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌. له‌ هه‌رچی ئه‌زمونتاندایه‌ فاشیل بوون و تازه‌ ئیكمالیش به‌ده‌ردتان ناخوات. ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ڕۆڵی ڕێكخراو و به‌ ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ر. په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌موو شتێكتان ئه‌بێ ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، نه‌ك داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ (ئیستقاله‌) تان لێ بكرێ. خه‌ڵك بۆچی له‌مه‌ زیاتر دیاریكردنی جۆری خواردنی سه‌ر سفره‌ی ماڵه‌كه‌ی بداته‌وه‌ ده‌ست ئێوه‌ هه‌مووتان؟ خه‌ڵك بۆچی قبوڵ بكات ئێوه‌ بڕیار بده‌ن ته‌نانه‌ت له‌ ژووری نووستنه‌كه‌ی چی بكات و چی نه‌كات؟ خه‌ڵك بۆچی قبوڵی بكات مناڵه‌كه‌ی چی له‌به‌ردا بێ، چ خواردنێكی پێ بێ بۆ قوتابخانه‌ (ئه‌گه‌ر هه‌بێ)، چه‌ند ئاو بخواته‌وه‌ و چه‌ند جار خۆی بشوات و كه‌ی بنوێ به‌ هۆی به‌رنامه‌ جوانه‌كه‌ی ئاو و كاره‌بای ئێوه‌وه‌؟ …….هتد. كه‌سێك له‌ ئێوه‌ له‌ پارتی، له‌ یه‌كێتی به‌ باڵباڵێنه‌كه‌یه‌وه‌، له‌ گۆڕان و هاوه‌ڵه‌ ئیسلامیه‌كانیه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌له‌قێكانی به‌ ناوی نه‌وه‌ی نوێوه‌ هیچ ڕه‌وایه‌تیه‌كتان نییه‌ و نابێ چاره‌نووسی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌مه‌ زیاتر ئێوه‌ یاری پێوه‌ بكه‌ن.
ئه‌وه‌نده‌شی به‌ دانوستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فاشی ئیسلامی عێراق ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌مووتان تیایدا هاوبه‌شن، ئیتر له‌ پوچ پوچتره‌. حكومه‌تێك كه‌ ڕێزی بۆ نزیك له‌ ٦ ملیۆن مرۆڤی كوردستان دانه‌نا كه‌ نایه‌وێ له‌گه‌ڵیدا بژی و بگره‌ هێرشی سه‌ربازی كرده‌ سه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ به‌ هاوكاری دڕنده‌ترین ڕژێمی ناوچه‌كه‌، ڕژێمی ئیسلامی كۆكوژ، ئیتر نه‌ك نابێ له‌گه‌ڵی دابنیشی ئه‌بێ به‌ ته‌واوه‌تی خۆتی لێ جیابكه‌یته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری عێراقیشی له‌ دژ هان بده‌ی.
جوانترین دیاری دیموكراسیه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی بۆرژوازی كورد هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌یه‌ و ٢٦ ساڵه‌ ئه‌زمون ئه‌كرێ.
ئه‌م ئه‌زمونه‌ ته‌واو بووه‌ و له‌ زه‌لكاوی مه‌رگی خۆیدا ئه‌گه‌وزێ. كاری جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی به‌ واقع ئازادیخواز ئه‌وه‌ نییه‌ په‌لی بگرێ و له‌و زه‌لكاوه‌ ده‌ریبهێنێ، بگره‌ ئه‌بێ نقومتری بكات تا دواتر بتوانێ زه‌لكاوه‌كه‌ وشك بكات و له‌ جێگه‌كه‌یدا گوڵزارێك بنیات بنێ: ئه‌ویش سۆشیالیزمه‌!

٢٤ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *