دەسەڵاتی شکستخواردوی کوردایەتی کاتی بەسەرچووە، ئیتر نۆرەی دەسەڵاتی پشتبەستوە بە ئیرادەی خەڵک

 

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان     

لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، جارێکی دیکە هێزەکانی کوردایەتی کارەساتێکی گەورە و مەترسیداریان رووبەڕووی خەڵکی کوردستان کردەوە. خەڵکیان بە دەستبەستراوی کردەوە بە نێچیری حکومەتی فاشیستی ئیسلامی عێراق و میراتگرانی شۆڤێنیزمی مەزنخوازی عەرەب! پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی دەسەڵاتدار کەدەستیان بەسەر سامان و داهات و هەموو موقەدەراتی خەڵکی کوردستاندا گرتوە، لە ساتوسەودایەکی ئابڕوبەرانە، لەسەر دەستی گەورە تیرۆریستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قاسم سلەیمانیدا، ئایندەو ئیرادەی خەڵکیان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی فرۆشت. لەم پێشبڕکێی ساتوسەودا رەزیلانەیەدا سیاسەتمەدارانی بنەماڵەی تاڵەبانی پشکی شێریان بەردەکەوێ. دەشیانەوێ ئەم مامەڵە پڕ لە ریسواییە بە نرخی گران بە خەڵك بفرۆشنەوە، گوایە بەو کارەیان پێشیان بە کارەسات و کوشتاری خەڵك و پێشمەرگە گرتووە.

مێژووی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیان، بەردەوام خۆشخزمەتی و داردەستەیی بووە بۆ دەوڵەتان و بلۆکە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و دنیا. هەمیشە فاکتەری وردکردنی ئیرادەی خەڵک و بەخشینەوەی خۆشخەیاڵی بوون لەناو خەڵکی کوردستاندا بەرامبەر هێزە کۆنەپەرست و ئیمپریالیستی و دەوڵەتە دژی بەشەریەکانی ناوچەکە. ئەم کردارەیان بە رێکەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ حکومەتی عەبادی بۆ لەشکرکێشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق  وەکو هەمیشە هەڵهاتنی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی لەلایەک و سەرمەستی خۆشحاڵی حزبە بۆرژوازیەکانی نەیاریان بەم تراژیدیایە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە بۆ رەواییدان بە دژایەتیان لەگەڵ ریفراندۆم و هاتنەمەیدانی خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆیان، نمونەی ریسواترین کارنامەی سیاسی سەرجەم حزبەکانی کوردایەتی و داعشی کوردیە و بواری هیچ لێبوردنێکی نەهێشتوتەوە. دەبێت کۆتایی بەدەسەڵات و دەوری کۆنەپەرستانەی ئەحزابی قەومی و ئیسلامی بهێنرێت و بەرپرسانی ئەم کارەساتە دادگایی بکرێن. ئەوان سەلماندیان خۆیان و ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە بە دۆستی کورد دەیان ناسێنن، نەک پارێزەی ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو هەمیشە هۆکار و سەرچاوەی نەهامەتی و مایەی مەترسی و کارەسات و شکستن بۆ خەڵکی کوردستان.

ناسیۆنالیزمی کورد هەمیشە ئاکامی شکستە سەربازی و سیاسی و قەیرانەکانی خۆی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا دەشکێنێتەوە. ئەمجارەش خەریکن ژیان و ئایندەی خەڵک دەکەنە بابەتی مامەڵەی گەڕانەوە بۆ بەغداو درێژەدان بە فیدراڵیزمە شکستخواردوەکەیان. خەریکی هەرزان فرۆشکردنی بڕیاری خەڵکی کوردستانن بۆسەربەخۆیی و بەم جۆرەش خۆیان لە قەیرانەکان رزگار بکەن و دەسەڵاتی میلیشایی و سەروو خەڵکیان درێژەپێبدەن.

لەماوەی ٢٦ساڵ دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمیشە بەریان بەدەورو دەخالەتی خەڵک گرتووەو فاکتەرێکی کاریگەری سەرکوتی ئیرادەی خەڵک بون. لە دوای کارەسات و هەرەسی ١٦ی ئۆکتۆبەرو ملکەچکردنیان بۆ بڕیارو سیاسەتەکانی عەبادی و ئێران، خەڵکی کوردستانیان رووبەڕووی دۆخێکی سیاسی تەواو جیاواز و کارەساتبار کردۆتەوە. هاوسەنگی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیە کوردیەکان پێی ناوەتە ناو دۆخێکی تازەو ئاڵۆزەوە. ئەگەر بەرەی سۆسیالیزم و ئازادیخوازی و جەماوەری ناڕازی بە ئامادەییەوە رووبەڕووی ئەم دۆخە تازەیە نەبنەوە و هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی نەگۆڕدرێت، ئەوا ناسیۆنالیزم و بۆرژوازی کورد بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، سەرباری ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان دەدەن، هاوکات چارەنوسی سیاسی خەڵکی کوردستان بە ئایندەیەکی نادیارو پڕ لە کێشەو ململانێ دەسپێرن!

کارەساتی١٦ی ئۆکتۆبەر بە تەنها شکستێکی تراژیدی نەبوو، بەڵکو حوکمی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی داسەپاوی بزوتنەوەی کوردایەتی و دامودەزگا کارتۆنیەکانی لە حکومەت و پەرلەمانیشی دەرکردوە. گەڕانەوە و پەنابردن بۆ زیندوکردنەوەی ئەو دەزگا شکستخواردوانەی کە کارنامەیان جگە لە نوقمکردنی خەڵکی کوردستان لە نەهامەتی هیچیتر نیە، مانای بودەڵەیی و نا بەرپرسیارێتی ئەو هێزو لایەنانە دەردەخات بەرامبەر ژیان و چارەنوسی خەڵک کە دەیانەوێ بەناوی ” حکومەتی رزگاری نیشتمانی و پەرلەمان و هەڵبژاردن” ئەو سیناریۆ تۆز لەسەرنیشتوە بەسەر خەڵکدا بسەپێننەوە. ناکرێ کۆمەڵگەی کوردستان جارێکی دیکە گیرۆدەی دەسەڵاتی میلیشیایی بنەماڵەیی بۆرژوا ناسیۆنالستی کورد بکرێتەوە. ئیتر کاتی هاتنەمەیدانی خەڵکە بۆ بەرێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان. ئەمەش بەوجۆرە دەکرێ کە جەماوەر خۆی ئامادە بکات بۆدەرپەڕاندنی ئەم حزبانە و لەکارخستنی دەسەڵاتی مشەخۆر و ستەمکار و شەرمهێنەریان. دەبێ ئەوانەی کە ساڵانێکی زۆرە قوتی خەڵك تاڵان دەکەن و دەیکەن بە قوڕگی میلیشیاکان و بەرپرسە چاوچنۆکەکانیاندا و لەکاتی روبەڕوو بونەوەشدا خەڵکی کوردستان دەخەنە بەر کەڵبەی دوژمنانی ئازادی و شۆڤێنسیتەکانی ئیسلام لە بەغدا، نەك لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشن بەڵکو دەبێ لەبەردەم دادگای خەڵکدا بوەستن بۆ لێپێچینەوە. هاوکات خەڵکی کوردستان دەبێ هێزی چەکداری جەماوەری خۆی سازبکات بۆ بەرگری لە شکۆو لە ئازادی خۆی دژی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیا دڕندەو خوێنخۆرەکانی لە حەشدی شەعبی و جڕوجانەوەرەکانی دیکە! دەبێ بەجۆرێك ئەو هێزانە هەراسان بکرێن کە ناچار بن ئەو شارانەی بە زەبری چەك و تانك و هەڕەشە و خۆشخزمەتی بەرپرسانی کوردایەتی خستیانەوە ژێر دەسەڵاتی نەگریسیان، بۆ خەڵكەکەی جێبهێڵن و بەرێوەبردنی بکەوێتە دەست ئەنجومەن و شوراکانی کرێکاران و خەڵك کەدەبێ هەر لەئێستاوە هەوڵی پێکهاتنیان بدەین لەسەراسەری کوردستاندا.

ئێستا کاتی ئەوەیە بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ دەرهینانی دەسەڵات لە دەستی ئەم حزبە میلیشیا گەندەڵ و تاڵانچی و دۆڕاوانە  و بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگا بەرپا بکەین. دەستبردنی هەڵسوڕاوانی گەڕەک و ناوەندەکان بۆ پێکهینانی کۆمیتەکان و بنکەی ناوندە و گەڕەک و سازدانی جەماوەر لە دەوریان، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئەوەی لە ئاستی شار و شارۆچکەکاندا بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەراسەری یەکانگیر بکەین. هاوکات پێویستە لە دەوری ئەم کۆمیتە و بنکانە دەستە چەکدارەکانی گاردێکی بەهێزی بەرگری لە کوردستان رێکبخەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی حکومەتی شۆفێنست- ئیسلامی بەغدا و هەر هێزێک کە بیەوێ لولەی چەک ئاراستەی خەڵکی کوردستان بکات. لە ئێستادا ئەرکی کۆمیتەکانە بۆ سازدانی جەماوەر و بەڕێخستنی ناڕەزایەتی بە شێوەی مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ناچارکردنی حکومەتی شکستخواردوی ئێستا و پەرلەمان و دامودەزگا گەندەڵ و سەرووخەڵکیەکان بە دەست لەکارکێشانەوە و رێگاچۆڵکردن بۆ ئیرادەی جەماوەری رێکخراو. کۆمیتەی گەڕەک و ناوەندەکان پێویستە ببن بە ناوکۆکەی بەرپاکردنی کۆبونەوە گشتی و جەماوەریەکان و بەم جۆرەش بەرپاکردنی شورا و ئەنجومەن و رێکخراوە جۆراوجۆرەکان، وەکو بەرجەستە بوونی ئیرادەی جەماوەر بۆ بەدەستەوە گرتنی ئیدارە و کاروبار و خزمەتگوزاری لە گەڕەک و کارگە و فەرمانگە و شار و شارۆچکەکان…و…ئەرکی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخواز و هەموو رێکخراوە و لایەنە سیاسیە ئازادیخواز و بەرگریکارەکان لە ئازادی و ماف و بڕیاری خەڵکە لەم پێناوەدا رۆڵی خۆیان بگێڕن.

کۆتایی هێنان بەم واقعتە کارەساتبارەی ئێستای کوردستان، رزگاربون لەدەسەڵاتی قەوم پەرستی عروبە و ئیسلامی و تائفی و گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆی و خۆشگوزەرانی لە کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت  لە گرەوی هاتنەمەیدانی هێزی رێکخراو و یەکگرتووی کرێکاران و زەحمەتکێشانە بۆ راماڵین وکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی نوێنەرانی خەڵک لە شوراکاندا. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە پێناو دەرکێشانی خەڵکی کوردستان لەم گێژاو و سەرگەردانی و کارەساتە بەردەوامانە و لە پێناو کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و کۆنەپەرستانە و پیادەکردنی بڕیاری ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، لەریزی پێشەوەی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشاندا رادەوەستێت و تێدەکۆشێت بۆ رابەری و رێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی.

22/10/2017

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *