كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ دای له‌ بنی هه‌مانه‌كه‌

جه‌مال موحسین:

دوای ڕووداوی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ و چۆڵكردنی ئه‌م شاره‌ و هه‌ندێ شارۆچكه‌ی تری وه‌ك تازه‌خورماتو و خانه‌قین و… له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و پارتیه‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌ و په‌رچه‌كرداری جیاوازی له‌ نێو خودی ئه‌حزابی كوردستاندا به‌ دوای خۆیدا هێنا.

مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر زوو ڕۆشن بوو كه‌ گرتنی كه‌ركوك و شارۆچكه‌كانی تر به‌ شه‌ڕ و پێكدادان نه‌بوو، وه‌ ڕێكه‌وتنێك له‌ ئارادا بووه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌ر له‌ ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر نامه‌ی هێرۆ ئه‌حمه‌د و پاڤێڵ تاڵه‌بانی بۆ حكومه‌تی عێراق نیه‌تی ده‌رگا واڵاكردنیان بۆ سوپا و حكومه‌تی عێراقی نیشان دا. دوور له‌ هه‌ر لێكدانه‌وه‌ و شیكاریه‌ك، وه‌ك هه‌میشه‌ باڵباڵێنی ناو یه‌كێتی كارێكی وای كردووه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر پلانی چه‌په‌ڵ و ڕه‌شی یه‌كتر هه‌ڵماڵن. ئه‌وه‌تا دانپیانانی ڕاشكاوانه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ كه‌ خۆی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری یه‌كێتیه‌ (كه‌ ته‌نانه‌ت دوای مه‌رگی سكرتێریش هه‌ر به‌ جێگری ماوه‌ته‌وه‌!!)، ئیتر هیچ لێڵییه‌كی له‌وه‌دا نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ چ ڕێكه‌وتنێك له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی و به‌تایبه‌تی باڵی ده‌ستڕۆیشتووی ناو یه‌كێتی، بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ڕه‌شی فاشیست_ئیسلامی عێراقه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌. كۆسره‌ت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كه‌ی خۆی له‌لایه‌كی تره‌وه‌ و له‌پاڵ بارزانیدا ئه‌بینێته‌وه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ئه‌داته‌ ’’پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانه‌ی ده‌سته‌ ڕه‌شه‌كانی ناوخۆ‘‘ و ’’ئۆباڵی كاره‌ساته‌كانی كه‌ركوك و دوز و هه‌موو زیانه‌ گیانی و مادی و مه‌عنه‌ویه‌كان [ئه‌خاته‌] ئه‌ستۆی ئه‌و كاڵفامانه‌ی ناو یه‌كێتی‘‘. ئه‌گه‌رچی مێژووی گڵاوی یه‌كێتی و پارتی له‌ ڕێكه‌وتنه‌ نهێنی و ئاشكراكانیان له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌ فاشیسته‌ یه‌ك به‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراقدا لای هه‌مووان ڕوون و ئاشكرایه‌، به‌ڵام ئه‌م دانپیانانه‌ی جێگری سكرتێری یه‌كێتی هیچ بوارێك بۆ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و لایه‌نگرانی له‌ ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا بۆ داكۆكی ناهێڵێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ په‌رده‌یه‌كی سپی نییه‌ له‌سه‌ر مێژووی ڕه‌ش و كرده‌وه‌یه‌كی چه‌په‌ڵی ئێستای یه‌كێتی هه‌ڵدرابێته‌وه‌. مێژووی ساڵانی شاخ و ٢٦ ساڵی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م حزبه‌ و نۆكه‌رایه‌تیه‌كه‌ی جارێك بۆ حكومه‌ته‌كانی عێراق و جارێك بۆ سوپای پاسداران ڕاستیه‌كی تاڵی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران ئینسانی زه‌حمه‌تكێشی هاڕیوه‌. وا دیاره‌ ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌موو كات ڕاشكاوتر له‌سه‌ر ڕێبازی مامه‌ بڕگه‌ی ١٩٦٦ دوپات ئه‌كه‌نه‌وه‌!

١٦ ی ئۆكتۆبه‌ر پڕاوپڕ هاوتای ٣١ ی ئابه‌. هه‌ردووكیان ده‌رخه‌ری عاده‌ت و هه‌ڵسوكه‌وت و كاروكرده‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتین، دوو براكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی. به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ی كه‌ پارتی له‌ ٣١ ی ئابدا ڕسوا كرا، ئه‌بێ یه‌كێتیش (به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی) ڕسوا و شه‌رمه‌زار بكرێ. پارتی مێژوویه‌كی زۆر پاكتر و جوانتری له‌م ده‌سته ‌برایه‌ی نییه‌ تاكو ئێستاش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م پلانه‌ چه‌په‌ڵه‌ی یه‌كێتیدا خۆی به‌ وێنه‌ی داكۆكیكار و به‌رگری له‌ خه‌ڵكی كوردستان بنوێنێ. جارێكی تر شه‌ڕه‌ ئاڵا و كوردایه‌تی له‌ كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ و ته‌واوی كوردستان سازبدا و زهن و مێشكی خه‌ڵكی پێ پیس بكا. جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شی كوردستان نابێ ڕێگا بده‌ین ئه‌م مێژووی كاره‌ساتانه‌ دووباره‌ و چه‌ندباره‌ هه‌رجاره‌ و ژیانی سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران بكاته‌ قوربانی كه‌ ئامانجه‌كه‌شی ته‌نها و ته‌نها مانه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ ده‌سه‌ڵات و نووستن له‌سه‌ر پاره‌ و برسی و هه‌ژاركردنی جه‌ماوه‌ره‌.

یه‌كێتی و پارتی‌ نه‌ مێژوویان و نه‌ ده‌سه‌ڵاتیان و نه‌ بوونیان هیچ سه‌روه‌ریه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و نه‌ ئیتر بۆیان هه‌یه‌ درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕانه‌یان بده‌ن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا. ئه‌وان و ده‌سه‌ڵات و كوردایه‌تی شه‌رمه‌زارین بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان و ئیتر كاتیان ته‌واو بووه‌.

خۆئاماده‌كردنی لێره‌ به‌دوای جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی هه‌ژار و ده‌سته‌نگ ئه‌بێ بۆ وه‌لانانی ئه‌مانه‌ و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بێ له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌.

١٩ ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *