گفتوگۆ لەگەڵ محسین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە پەیماننامەی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ

بۆپێشەوە: پەیماننامە(میثاق)ی دەوڵه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ بۆ؟

موحسین کەریم: دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ جیابونەوە، کوردستانی عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی سیاسی تازەوە. دەورەی ئایندە دەبێت دەورەی راگەیاندن و دروستکردنی دەوڵەت بێت. خەڵکی کوردستان دەنگی داوە بە جیابونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ. گەڕانەوە بۆ پێش ٢٥/٩/٢٠١٧ مومکین نیە، نە بۆ خەڵکی کوردستان و نە بۆ هێزە سیاسیە بۆرژواییە دەسەڵاتدارەکانیش.

بۆ دەسەڵاتدارانی بۆرژوایی کوردو هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، گەڕانەوە بۆپێش ریفراندۆم و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خەڵکی کوردستان، مانای لەدەستدانی زۆر دەسکەوتی سیاسی سەربازیە کە لەدوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە بەدەستیان هێناوە. بگرە بەوەوە ناوەستێ و پێگەی سیاسیان لە هاوکێشەی سیاسی و دەسەڵاتی عێراقدا دەباتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣. راگەیاندنەکانی مالکی سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بۆ هێڵی سەوز (واتە ئەو ناوچانەی کە پیش روخانی سەدام لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا بوون) ئەوە بەروونی نیشان دەدات.

بۆ خەڵکی کوردستانیش مانایەکی دیکەی هەیە. لەلایەکەوە ناتوانن مل بە ژیان لەگەڵ دەسەڵاتێکی نەتەوەپەرستی- ئیسلامی بدەن کە لەعێراقدا دەسەڵاتدارە. لەماوەی پرۆسەی ریفراندۆمیشدا دەرکەوت کە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا نوێنەری فاشیزمی ئیسلامی و میراتگری شۆڤێنیزمی عەرەبیەو ئامادە نیە مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ خەڵکی کوردستان بەرەسمی بناسێت. نیشانی دا ئەوانیش بۆ پاراستنی “یەکپارچەیی خاکی عێراق” وەکو رژێمە پێشوەکانی بۆرژوازی عەرەب پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەن و کەڵبەی خوێناویان نیشان بدەن.

بەڵام بەجیا لەم لایەنەی مەسەلەکە، واتە پەیوەندی سیاسی و ئیداری و پێکەوە مانەوەی نێوان کوردستان و عێراق، لەروانگەی هێزەکانی بۆرژوازی کوردو خەلكی کوردستانیشەوە، مەسەلەیەکی دیکە سێبەر دەکێشێ بەسەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان کە ئەویش پەیوەندی نیوان خەڵک و دەسەڵاتدارانی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانە. خەڵکی کوردستان نایانەوێ دەسەڵات و دەوڵەتی داهاتووی کوردستان کۆپیەکی دوبارەی هەمان دەسەڵاتی حزبە چەکدارەکان بێت و هەمان یاساو بەرنامەی سیاسی و ئابوری باڵادەست و فەرمانڕەوابێت. گومان لەوەدا نیە کە هەموو هەوڵێکی حزبە بۆرژواییە دەسەڵاتدارەکان ئەوە دەبێ کە شەرعیەت بدەن بەم دەسەڵات و یاساو رێسایانەی ئێستا لەئارادان لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی بەرەسمی ناسراو لەئاستی عێراق جیهاندا. بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان، مەسەلەکە جۆرێکی دیکەیە. خەڵک رەخنەی لە هەلومەرجی سیاسی ئێستا هەیە. رەخنەی لە یاساو رێسا ئابوریەکان هەیە. رەخنەیان لە نایەکسانی و ستەم و زوڵمێکی سیاسی و ئابوری هەیە کە ئەم دەسەڵاتە بەسەریاندا سەپاندویانە. خەڵک خوازیاری ژیانێکی شکۆمەند و ئازادی و خۆشگوزەرانیە، کە لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە پایەماڵ کراوە. خەڵک رەخنەی لە نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان هەیە. رەخنەی لە تالانکردنی داهاتی کوردستان هەیە لەلایەن کۆمەڵێك مافیای خاوەن دەسەلات و سامانەوە هەیە.  بۆیە لەروانگەی خەڵکەوە، ناکرێ دەوڵەتی داهاتوو هەمان دەسەڵاتی ئێستای یەکێتی وپارتی و باقی حزبەکانی بۆرژوازی ئیستا بێت و دەبێ ئاڵوگۆڕ روبدات بەئاقاری بەرژەوەندی ئەواندا. ئەم میساقەی حزبی ئێمە بڵاوی کردۆتەوە هەوڵێکە بەو ئاراستەیەداو دەیەوێ سیمای دەوڵەتی داهاتوی کوردستان لەروانگەی ئەو بەرژەوەندی و پێداویستیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکەوە دەست نیشان بکات. دەیەوێ ئاسۆیەك بخاتە بەردەم خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێش و نارازی کوردستان و چوارچێوەیەکی روون بۆ خەبات و خواست و چاوەڕوانیەکانیان پێشنیار بکات.

بۆپێشەوە: راستە خەڵک خوازیاری دەوڵەتی ھاوڵاتی و مۆدێرنە و نایانەوێت دەوڵەتی داھاتوی کوردستان کۆپی دەسەڵاتی بەغدا بێت، بەڵام لەنێون ریفراندۆم وجیابونەوەی بەکردەوەو فەرمی کوردستاندا ماوەیەکی زۆر ھەیە کە لەوانەیە زیاد لەدووساڵێک بخایەنێت. ئێوە بۆچی بەدیلی سۆسیالیستی و وەسیقەی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ناخەنەروو؟ ئایا لەبەرنامەتاندا نییە تا ئەو ماوەیە بەکاری خۆتان ھاوسەنگی ھێزبگۆرن و کۆمەلگە بۆ دامەزرانندنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ئامادە بکەن؟

موحسین کەریم: بەبڕوای ئێمە دەبێ هەنگاوەکانی ئێستا بەدواوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بێت و نابێ ئەوە بسپێردرێ بە پرۆسەیەکی نادیار وەکو ئەوەی کە هەندێ جار مەسعود بارزانی یان سەرانی دیکەی حزبە بۆرژواییەکانی کوردستان باسی دەکەن. گومان لەوەدا نیە بەپێی هەلومەرجێك کە کوردستان پێیدا تێدەپەڕێ، راستەوخۆ توانای ئەوە نیە سەربەخۆیی رابگەیەنرێ، دەنا دەبوایە دوای دەنگدانی خەڵك بۆ سەربەخۆیی لەماوەی چەند رۆژێکدا سەربەخۆیی رابگەیەنرایە. کوردستانی عێراق بە کۆمەڵێك دەوڵەتی بۆرژوایی کۆنەپەرست و فاشیست و شۆڤێنیست دەورەدراوە کە خۆشیان گیرۆدەی مەسەلەی کوردن لە ولاتەکانیاندا، بێجگە لە دەوڵەتی عێراق کە دەسەڵاتێکی ئیسلامی فاشیستی بەتامی شۆڤێنیزمی مەزنخوازی عەرەبی فەرمانڕەوایە، ئەمانە هەمویان هەڕەشەی گەمارۆی ئابوری و خنکاندنی خەڵکی کوردستان و بگرە دەستێوەردانی سەربازی دەکەن. هەڵوێستی شەرمەزارانەی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی رۆژئاواش دژی ئەم مافە سەرەتاییەی خەڵکی کوردستان لەولاوە بوەستێ. ئەمانەو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەئێستادا لەرووی هەژمونی سیاسیەوە ئەو هێزو توانا پێویستەی نیە تا هاوکێشە سیاسیەکان ژێرەوژوور بکات. بۆیە بۆگۆڕینی ئەم فەزایەو بۆ پێشگرتنیش بەوەی کە مەسەلەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەناو پرۆسەیەکی پڕ لە توندوتیژی و خوێنرشتن بڕواتە پێشەوە، پێویست بەوەدەکات پرۆسەیەکی گفتوگۆکردن و ئامادەسازی سیاسی و جەماوەری بەڕێوەبچێت و ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەم مەبەستە دەست نیشان بکرێ، کە ئێمە پێمانوایە لە نێوان ٦ مانگ بۆ لانی زۆر ساڵێك دەبێ ئەم پرۆسەیە تەواوببێت.

لەم ماوەیەدا بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی کوردستان دەبێ ‌هەوڵی ئەوە بدات مۆری خۆی بدات لەم روداوە سیاسیە گرنگەی کوردستان. ئەو بەدیلە سیاسیەی حزبی ئێمە بۆئەوەیە ئەم ئامادەسازیە بکات و هاوسەنگی هێزی سیاسی- چینایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بەو ئاقارەدا بگۆڕێت. بێگومان ئێمە حزبێکی سۆشیالیستین و بۆ کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی خەبات دەکەین. بەدیلی ئێمە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازیدا حکومەتی کرێکاری و دەسەڵاتی سیاسی چینی کرێکارە. لە بەرنامەی حزب و لە بڵاوکراوە سیاسیەکانماندا ئەوەمان راگەیاندوە. کاری بەردەوامیشمان ئەوەیە کە چۆن ئەو  بەدیلە پیادەو جێبەجێ بکرێت و چۆن رێگریەکانی بەردەم ئەم ئامانجە هەڵبگرین. مەسەلەی بەجێگەیاندنی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ لابردنی یەکێك لە رێگریە فکری و سیاسیەکانی بەردەم چینی کرێکاری کوردستانە.

حزبی ئێمە ئامانجە سیاسیەکانی بەسەر دوو قۆناغدا دابەش ناکات کە دیوارێکی چینی لەنیوانیاندا کێشرابێت. ئێمە یەك قۆناغی خەباتی چینایەتی–سیاسی بەرەسمی دەناسین کە قۆناغی ئامادەسازیە بۆ شۆرشی کرێکاری و سۆشیالیستی. کاری ئێمە لە بنەڕەتدا رێکخستنی شۆرشی سۆشیالیستیەو ئامادەکردنی چینی کرێکارو رێکخستنی سۆشیالیستی ئەوانە، بەڵام وەکو وتم دەبێ رێگریەکان لەبەردەم چین و بزوتنەوەکەماندا کە بۆرژوازی بۆی دروست کردوین لابەرین. ئەنجامدانی ئەم کارەو تەرحی بەدیلی سیاسی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاوێکە بۆ تەختکردنی رێگای گەیشتنمان بە شۆڕش و نزیكکردنەوەی شۆرشی کرێکاری. سەرکەوتنی حزب لەم ئەرکەیدا مانای بڕینی هەنگاوێکی گرنگە بە ئاقاری نزیك بوونەوە لە شۆرشی سۆشیالسیتی. خەبات بۆ سۆشیالیزم لەناو کۆمەڵێك ئەڵقەو گرێ وگۆڵەو هەورازو نشێودا تێدەپەڕێ کە حزبی کۆمۆنیستی دەبێ بەرنامەو رێگای تێپەڕاندنیانی هەبێ.

ئەگەر سەرنجی ناوەرۆکی ئەم بەڵگەنامەیەی ئێمە بدەن، دەیەوێ رێگایەکی جیاواز لە دەسەڵات و یاساو فەرمانڕەوایی بۆرژوازی تائێستا بخاتە بەردەم کۆمەڵگای کوردستان. ئەم بەڵگەنامەیەی حزب لە بنەڕەتدا  پشتی بەستوە بە هێنانە مەیدانی جەماوەری خەڵك دەورو بەشداری سیاسی ئەوان لە سەرجەم کاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا. پێمانوایە بەو رادەیەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە نەخش و رۆڵیان لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە زیاتر بێت بەو رادەیە زەمینە سیاسی و فکریەکانی ‌رێکخستنی سۆشیالیستی چینی کرێکار فەراهەم تر دەبێت و  بنەما مادیەکانی شۆرشی کرێکاری فەراهەمتر دەبن.

بۆپێشەوە: هەنگاوی بەکردەوە یان پرۆژەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کورستان بە جی بەجێکردنی میساقی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چییە؟ و ئەو هەنگاوانەی دەبێ بنرێن کامانەن؟

بۆپێشەوە: هەنگاوی بەکردەوە یان پرۆژەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کورستان بۆ جیبەجێکردنی میساقی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چییە؟ و ئەو هەنگاوانەی دەبێ بنرێن کامانەن؟

موحسین کەریم: لە هەموو کارێکی سیاسیدا مەسەلەی بنەڕەتی ئەوەیە کە چۆن جەماوەری لەدەور کۆدەکەیتەوەو رێکی دەخەیت، چۆن پەیامە سیاسیەکانی خۆت دەکەیت کە بڕواو بۆچوونی خەڵک و دوای ئەوەش بەپراتیکی سیاسی- جەماوەری ئەوان. چونکە سەرەنجام سیاسەت و پلاتفۆرمی ئەحزاب دەبێ ببێتە بۆچوونی سیاسی و پراتیکی سیاسی ئەوان تا بتوانێ لە دنیای واقیعدا جێبەجێ ببێت. لانی کەم  ئەم پرەنسیپە بۆ ئەحزابی کۆمۆنیستی و کرێکاری بەوجۆرەیە. لەم روەوە پێموایە کە دەبێ یەکەم؛ کەمپیەنێکی فراوانی سیاسی لەئاستی کوردستاندا بەڕێبخرێ بۆ ناساندنی ئەم میساقەو کۆکردنەوەی پشتیوانی سیاسی و جەماوەری بۆی. گرنگە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیست و چەپ، کەسایەتی و تێکۆشەرانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە ژنان و پیاوان، لایەنگرانی دەنگ و بڕیار و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بە پلەی سەرەکی و  گروپ و رێکخراوە جەماوەری و سیاسیەکان، ئەو حزبانەی کە بەرگری لە مەسەلەی سەربەخۆیی دەکەن و هاوکاتیش  خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتین لە پێکهاتەی دەسەلات و دابینکردنی ماف و خۆشگوزەرانی و ژیان و گوزەرانی خەڵك دەکەن، پێشوازی لەم میساقە بکەن.  دروستکردنی رای گشتی لە دەوری ئەم میساقەی حزب مەرجی سەرکەوتن و جێبەجێ بوونیەتی…

دووەم: دوای ئەوەی لەرووی سیاسیەوە پشتیوانی بۆ ئەم میساقە بەدی دەهێنرێ،  دەبێ هەنگاوی دوەم ئەوەبێت جەماوەری خەڵک و هەموو ئەو لایەنانەی بەهەر رادەیەك خۆیان بە هاوبەش دەزانن لەگەڵ ئەو میساقە، سازبدرێن و کاری پێکەوەیی و هاوبەش لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجام بدرێ. پیویستە رێکخراوی جۆراوجۆری جەماوەری و دامەزراوەی سیاسی گونجاو دروست بکرێن کە هەنگاوە هاوبەشەکان و نەخشەرێگاکانی داهاتوو دیاری بکەن و دەست بەرن بۆ جێبەجێ کردنیان… بۆنمونە دەست ببرێت بۆ رێکخستنەوەی شورا و ئەنجومەنی ناوەندەکان و گەڕەکەکان و یان هەرجۆرە رێکخستنێکی جەماوەری دیکە… ئەنجامدانی کارێکی لەو جۆرەو سەرکەوتنی، هاندانێکی گەورە دەبێ بۆئەوەی هێزو گروپ‌ و  پارتە سیاسیە جیاوازەکان پشتیوانی بکەن و ئامادەی هاوکاری و کاری هاوبەش بن لەو بارەوە.

بێگومان لەم هەلومەرجەدا، رێکخستنی جەماوەر لە دەوری میساقێکی لەم چەشنە، بەبێ جۆرێك لە رێکخستنی چەکداری جەماوەری یان چەکداربوونی گشتی خەڵك ناتوانێ ئایندەیەکی سەرکەوتووی هەبێت. جەماوەر بۆئەوەی بەرگری لە خۆیان و لە بڕیارو  خواستەکانیان بەرامبەر هەر هەڕەشەو مەترسیەك بەتایبەتی کە رەنگە لە لایەن  دوژمنانی خەڵکی کوردستانەوە بکرێتە سەریان، دەبێ لەرووی چەکداریشەوە رێکخراوبن. بۆیە بەشێك لەکاری هوشیارکردنەوەی و رێکخستنی خەڵک، مەسەلەی چەکداربوونی گشتی و جەماوەریە.

سێیەم؛  پێویستە کاری جدی بکرێ لەگەڵ هێزو لانەیە سیاسیەکان بۆئەوەی پلاتفۆرمێكی سیاسی هاوبەش ئامادە بکەن و کاری هاوبەش و پێکەوەیی بکەن بە ئاقاری جێبەجێبوونی بڕیاری خەڵك و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ . بۆئەوەی هەوڵ بدەن دەوڵەتی داهاتووی کوردستان بەپێی ئەو بنەماو پرەنسیپانە بێت کە لەو پلاتفۆرمەدا دەست نیشانی دەکەن. ئێمەش هەوڵ بدەین ئەوەندەی دەکرێت ئەو هێزانە قانع بکەین بەوەی ناوەرۆکی میساقی حزب قبوڵ بکەن و  لەو پلاتفۆرمەدا جێگای بکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە بێگومان  لە هەنگاوی یەکەمدا گرنگە ئەو هێزو لایەنانە پێکەوە کۆببنەوە کە بڕوایان بە وپرەنسیپانە هەیەو لەرووی بەرگری لە ماف و کەرامەت و ژیانێکی شکۆمەند بۆ خەڵکی کوردستان و خۆشبژێوی و خۆشگوزەرانی بۆ ئەوان نزیکایەتی باشتریان هەیە…

چوارەم؛ لەسەر ئاستی ناوچەیی وجیهانی پیویستە کاری جۆراوجۆری سیاسی- کەمپینی- دیپلۆماسی بکرێ بۆ راکێشانی پشتیوانی جەماوەری لە پرسی سەربەخۆیی و هەروەها بنەماو پرەنسیپەکانی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان. هەروەها لەسەر ئاستی دەوڵەتان و دامەرزاوە رەسمیە جیهانیەکان هەوڵ بدرێ پشتیوانی بۆ بەرەسمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆ بەدەست بێنرێ.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٤ بەرواری ١٥/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *