لە مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە
جەماوەری خەڵکی کوردستان!
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەنگدانی ئێوە بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، حکومەتی فاشیستی ئیسلامی عێراقی وەکو میراتگری شۆڤێنیزمی عەرەبی دەستی دایە سزادان و هەڕەشەی هێرشکردن بۆسەر کوردستان ئەگەر ئاکامەکانی ریفراندۆم هەڵنەوەشێتەوە. هەروەها هەردوو دەوڵەتی کۆنەپەرستی ناوچەکە ئێران و تورکیا کەوتنە هەڕەشەی گەمارۆدان و داخستنی سنورەکان. دژایەتی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ ئەم مافەی خەڵکی کوردستان دەستی حکومەتی فاشیست و رەگەزپەرستی عێراقی ئاوەڵاکرد هەڕەشەکانی فراوانتر بکات و سەرەنجام دەست بەرێت بۆ هێرش و پەلاماری سەربازی بۆ سەر کوردستان.
لەماوەی رۆژانی رابروودا، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان رایانگەیاند کە ئامادەن بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکەن و هەزاران چەکداریان لەناو شاری کەرکوك و دەوروبەری بڵاوەپێکرد. هەر لەوکاتانەدا جەماوەری شاری کەرکوك، لە کۆبونەوە جەماوەریەکانی خۆیاندا ئامادەییان نیشان دا بەرگری لە خۆیان و شارەکە بکەن بەرامبەر بە هێرشی حەشدی شەعبی.
دوێنێ ١٥/١٠/٢٠١٧ لە هاوینەهەواری دوکان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆبونەوەو رایانگەیاند کە پێکەوە دژی هەرپەلامارێك دەوەستنەوە کە بکرێتە سەر کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ ١٦/١٠/٢٠١٧ ئەم دو حزبە بەوهێزە زۆرو زەوەندەی ساڵانێکی زۆرە پارەو پوولی خەڵک دەکەن بە قوڕگیانداو بە سەدان ئوتومبێلی سەربازی و چەك و تۆمپ و مووشەك وکەرەستەی جەنگیان لەبەردەستدایە، لەماوەیەکی زۆر کورتدا و بەبێ هیچ جۆرە بەرگریەك هەموو شوێنە هەستیارەکانی دەوروبەری کەرکوکیان بەجێهێشت و رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرد.
خەڵکی ئازادیخوازو تێکۆشەری کوردستان!
ئەوەی کە ئەمڕۆ لەکەرکوك روویدا شەنگالێکی دیکە بوو کە یەکێتی وپارتی پێکەوە و هەرلایەکیان بە رۆڵ و شێوازی خۆی ئەنجامیان دا. لایەکیان دەستی لەگەڵ سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی تێکەڵ کرد و لایەکەی دیکە هەر بەوجۆرەی خەڵکی شەنگالی بۆ داعش بەجێهێشت، ئاواش خەڵکی کەرکوکی پێشکەش بە حەشدی شەعبی کرد. ئەم کارە قێزەونەشیان بۆئەوە بوو کە وەکو چاوەڕوان دەکراو پێشتریش ئێمە هوشداریمان دابوو، مامەڵەو سەودا بە بڕیاری خەڵکی کوردستانەوە بکەن کە لە ٢٥/٩دا دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، لەپێناو بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسی بۆخۆیان. ئەوە روون و ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی دوای سەوداو مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و قاسم سلێمانی کە دوێنێ لە کوردستان بوو، هێزەکانیان کشاندۆتەوە و کارەساتێکیان روبەرووی خەڵک کردەوە تا بیانوی سازشکردن بە دەنگی خەڵک و وازهێنان لە ئاکامی ریفراندۆم پەیدا بکەن.
ئەم شەرمەزاریەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی و هەڵاتن و جێهێشتنی خەڵک و سەنگەرەکان لەبەردەم هێرشی حەشدی شەعبی دا جگە لەوەی کە بووە هۆی کارەساتێکی دیکە و ئاوارەبوونی جەماوەرێکی بەرین، لە هەمانکاتدا کاریگەریەکی وێرانکەری هەیە لەسەر ئەو گیانی بەرەنگاریەی کە لەلای خەڵکی کەرکوك و کوردستان خەریك بوو دەگەشایەوە. جارێکی دیکە هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی خەڵکیان کردەوە بە قوربانی سیاسەتە بەرژەوەندخوازو کۆنەپەرستانەکەیان.
ئەم کارەساتەی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر خەڵکی کەرکوك و کوردستان هێنایان، ئەوەی دوپات کردەوە کە ئەم هێزانە دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانن. ئومێد بەستن بەم هێزانە کە گوایە خەڵک دەپارێزن، وەهمێکی کوشندەیە و سەرچاوەی کارەساتە. دەبێ ئیتر ئەمە وەکو ئەزمونێکی تاڵ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە تەماشابکرێ. ئەمانە بۆ چەندەهەمین جار ئەو راستیەیان سەلماندەوە کە نەك نابێ چاوەڕوانی پاراستنی خەڵكیان لێ بکرێت، بەڵکو شایستەی ئەوەن خۆیان و میلیشیای حزبی و هەموو دامودەزگا گەندەڵ و ستەمکارەکانیان هەڵپێچرێن و لە کۆڵ خەڵك بکرێنەوە. گشت مێژووی بزوووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی جگە لە راپێچکردنی خەڵک بۆ ناو کارەساتی یەك لەدوای یەك و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرست و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان لەسەر حسابی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان شتێکی دیکە نەبوە. ئەو بەندوبەست و سەودا حەقیرانەیەی ئەمجارەو بۆ چەندەهەمینجار بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە کردیان، ئیتر دەبێ ئەو حوکمە زۆر بە درەنگ کەوتوە بخاتە بەرنامەی کاری خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە، کە ئەزمونە کۆنەپەرست و گەندەڵ و کارەساتبارەکەیان بە پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی میلیشیاییانەوە کۆتایی پێ بهێنرێت و چارەنوسی کۆمەڵگا لە چنگیان دەربهێنرێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا پێداگری توند لەسەر ئاکامی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکات و ئەمە بە دەسکەوتیکی گرنگی خەڵکی کوردستان دەزانیت، هەرجۆرە پلانێک بۆ لەباربردنی ئەو دەسکەوتە و پاشگەزبونەوە لەو بڕیارەی خەڵك بە توندی سەرکۆنە دەکات و دژی دەوەستێتەوە، هاوکات ئەو پڕوپاگەندەو بانگەشانە کە دەڵێن ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، ئەم هیرش و پەلامارەی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر کەرکوك و ناوچە “کێشە لەسەرەکان” روی نەئەدا، بە چەواشەکاری و خۆڵكردنە چاوی خەڵك دەزانێت. حکومەتی عێراق لە دوای هاتنی داعش، بەشێوەیەکی کاتی رازی بوو ئەو ناوچانە لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بێت و دوای کۆتایی هاتنی شەڕ دەبێ رادەستی حکومەتی ناوەند بکرێنەوە. ئەمەش چەندین جار لە زاری بەرپرسانی حکومەتی بەغداوە راگەیەنراوە. لەبەرئەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی خەڵک دەکات کە لەسەر بڕیاری خۆیان پێدابگرن و رێگا نەدەن ئەم دەسکەوتە سیاسیە گرنگەیان بکرێتە قوربانی ساتوسەودای حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکەدا. هەروەها حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش رادەوەستی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو دۆخە ئابوری و سیاسیە سەختەی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکاری بۆرژوازی کورد پێکیهێناوە، بۆ کۆتایهینان بەم دەسەڵاتە ستەمکارە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک کە بتوانێ کۆمەڵگای کوردستان لەم تەنگانەیە دەربازبکات بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادیخوازی غەیرە قەومی و غەیرە دینی.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکات کە دەست بەرن بۆ پێکهێنانی شوراو ئەنجومەنە کرێکاری و جەماوەریەکانی خۆیان لە گەڕەك و کارگاو فەرمانگەو دامەزراوە حکومی و زانکۆ و خوێندنگاکان و لە سەراسەری شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا، هێزی چەکداری خۆیان پێك بهێنن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر هێرش و پەلاماری دوژمنانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو هێزانەی کە ئیرادەی خەڵك پێشێل دەکەن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەرکی خۆی و پابەندبوونی خۆی بە رێکخستن و رابەری کردنی ئەم خەباتە رادەگەیەنێ.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٦/١٠/٢٠١٦