ئاگاداری بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات لە دنیادا و
بۆ هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان…
ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠١٧/١٠/١٦ کاتژمێر سێی بەیانی بەکاتی کوردستان، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەڕابەری عەبادی هێرش و شەڕیان لەکەرکوک و دەورووبەریەوە دەستی پێکردوەو خەریکی نانەوەی جەنگێکی کۆنەپەرستانەن بەدژی خەڵکی کوردستان و ئەو ناوچانە بەهاوکاری جمهوری ئیسلامی ئێران لەرێگای سولەیمان قاسیمیانەوە. وە خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچانە خۆیان چەکدار کردوەو لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئامادەییدان بۆ بەرەنگاری.
ئەم شەڕە کە جگە لەماڵوێرانی و کاولکاری وکوشتار هیچی کەی بەدواوە نیە، بۆ مەرامی گڵاوی قەومی و دینی دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵی قەومی و ئیسلامی لەعێراقدا، کە دەیانەوێت کۆمەڵگا مەدەنیەتی و ژیانی تێدا نەمێنێت، کە مەسەلەی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان و دەنگدان بەجیابوونەوەیان کردوەتە بیانوو و بۆ بەریخستنی کوشتارگایەک کەلەدەستوریاندایە.
بۆ ئەم مەبەستە هاوکاتی ناڕەزایەتیەکان لەکوردستان و عێراقدا بەو سیاسەتە گڵاوەی عەبادی و حەشدی شەعبی، ئێمە لەرێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە، بانگەوازی هەموو لایەک دەکەین، کەچەندە دەکرێت بەزویی برژێنە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان و ناڕەزایەتیەکان بەرنە بەردەم سەفارەتەکانی حکومەتی عێراق لە وڵاتەکاندا، بۆ فشار هێنان بۆ حکومەتی عەبادی و حەشدی شەعبی بۆ دەست گەڵگرتن لەشەڕو کوشتارو کاولکاری. وە هەوڵی هاوپشتی جیهانی بەدەست هێنان بۆ خواستەکانی خەڵکی کوردستان و بەدژی جەنگی کۆنەپەرستانەی عەبادی و حەشدی شەعبی.
رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
بۆ پەیوەندی:
نوری بەشیر: ٠٧٤٧٦٢٠٤١٢١ – دەشتی جەمال: ٠٧٨٥٦٠٣٢٩٩١