بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە لەگەڵ ئین ئارتی
تەوەرەی بەرواری ١٨/٩/٢٠١٧
ئایا پەرلەمان دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم؟
دیارە ماوەی کاری پەرلەمان دوو مانگێکی ماوە، لە ماوەی رابردووشدا، دوو ساڵ داخرابوو… واتە ئەم خولە چوار ساڵیەی پەرلەمان تەنها دووساڵیک بووە… ئەگەری درێژکردنەوەی یان کورتکردنەوەو دوبارە داخستنەوەشی ئەگەری کراوەن و لە دەرهاویشتە ئاساییەکانی پەرلەمان خۆیەوە هاتوون.
ئینسانی ویژدان زیندو، تاکی نەکردراو، لەهەریمی کوردستاندا، گەواهی ئەو راستیە دەدەن، کە پەرلەمان لەهیچ کات و سەردەمێکدا، نەیتوانیوە هیچ رۆڵێکی بەرچاو لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، بە دیوی باشەدا وازی بکات. وە هەموو کەسێکی هوشیار و ئازاد، کە بەرژوەندی خۆی و حزب و تاقمەکەی جڵەوی ئازادی و هۆشیارییەکەی نەگرتبێت، دەزانێت… پەرلەمان هەرگیزاو هەرگیز، نەیتوانییوە رۆڵێکی یاسایی و حقوقی و بگێرێت… لانی کەم یەکێتی و پارتی کە خاوەنی هیزی چەکدارن و داهاتی کۆمەڵگەیان بەپێی دەسەڵاتیان لە زۆنەکاندا دەست بەسەردا گرتووە، دەزانن پەرلەمان هیچ کات خاوەنی رۆڵ و دەزگای یەکلاکەرەو جیگایەک بۆ هاوسەنگی هێز نییە… وە لەوە دڵنیان کورسیان لە پەرلەمان هەبێت یان نەبێت خۆیان دەسەڵاتدارو قۆرغچی هەموو کایەکانی دەسەڵاتدارێتی و بریاری سیاسین… و ئەوەش باش دەزانن کە کەس ناتوانێت لە رێگای هەڵبژرادن و دەنگدانەوە دەسەڵاتیان لەدەست دەربهێنێت… بۆیە پەرلەمان لایان هیچ نییە جگە لە ئامرازێکی فریوکارانەی قورمیشکراو بۆ پەسەندی بریار و پاراستنی دەسەڵاتیان و لەو جێگایەش دەست دەبات بۆ هێڵەسورەکانی دەسەڵات و بریاری سیاسی دەسەڵات… دەرگاکەی دادەخەن… هەموو ئەو راستیانە ئەوە نیشان دەدەن کە خودی پەرلەمان لە کوردستان، نەک ناتوانێ هیچ کیشەیەک چارەبکات، یان دەروازەی یاسایی و چاکەکاری بێت…
پەرلەمان لە کوردستان خۆی کێشەیە، بە ئەندازەی هەموو کیشە زۆرو زەوەندکانی کۆمەڵگەی کوردستان، پەرلەمان ناوی وەکو کیشە چۆتە ناو کێشەکانی تری کۆمەڵگەی کوردستانەوە… پەرلەمان داخرا، پەرلەمان کرایەوە، پەرلەمان کارایە، پەرلەمان ناکارایە، پەرلەمان دەسەڵات و رۆڵی نییە، هیچ یاسایەکی پەسەندکراوی پەرلەمان ئەگەر پەیوەندی بەخەڵکی کوردستانەوە هەبێت، و بکەوێتە دژایەتی لەگەڵ قازانجپەرستی و دەسەڵاتەوە، گوێگرێکی نابێت… پەرلەمان هێندەی بەداخراوی و تەپڵ کوتان و فرکانی دەبەی ئاو ناسراوە، بەهیچ بریارو یاسایەک نەناسراوە… هێندەی بەباسی کاراکردنەوە و بەشداری و بایکۆت ناسراوە، هێندە بە شوینێک نەناسراوە کە یاسا دەربکات و چاودێر بێت بەسەر کارەکانی حکومەتەوە…
لەدۆخێکی ئاوادا کە پەرلەمان خۆی دەردەکەبێت، خۆی کێشەکە بێت، چۆن دەتوانێت، دەردێک تیمار بکات و کێشەیەکی پێ چارەسەر بکرێت… پەرلەمان نەک ئێستا، نەک لە دووساڵ بەر لەئێستا، بەڵکو بە مردویی لەدایک بووە، بە خنکاوی هاتۆتە بوون… لەهەموو تەمەنی خۆیدا بۆیەک سات و کات هیزی یاسایی و حقوقی نەبوو، چونکە حكومەتکەی مافی حکومەتداری نەبووە…
باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵدان بە شان و بازوویدا بە وێنەی دەزگای شەرعی و یاسایی، تەنها بانگەشەی هەندێک حزب و لایەنەسیاسی کەنارکەوتوو و ژمارەیەک قەڵەم بەدەستی نابیناوەیە، کە هەموو ئومێدو شیوازی خەباتی خۆیان لە پەرلەماندا دەبینەوە وەکو مەرجەعێکی گوایە یاسایی… دیارە بۆ ئەندام پەرلەمانەکانیان وەکو سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون و پۆزی پیگەی بەرزلێدان دەتوانێ مانای هەبێت… دەنا ئەوانیش باش دەزانن هیزی هەر حزبێک لە دەرەوەی پەرلەمانە، لە دەرەوەی لۆژیکی کورسی و ژمارەی دەنگە بەدەستهاتوەکانە لە هەڵبژاردنەکاندا… دوو ساڵ بوو پەرلەمان داخرا بوو هیچ رووینەدا، هەروەکو دوو ساڵیش دەرگای کراوە بوو هەر هیچ رووینەدا… ئیستاش کە بۆئەوماوە کورتەی کەماوەو کراوەتەوە هەر هیچ روونادات… بۆ خەڵکی کوردستان پەرلەمان کراوەبێت یان داخراو هیچ کاریگەریەکی نییە… بۆ حزبەکانیش بەتایبەت ئەو حزبانەی ئومێد و توانای مایەیان لەسەر پەرلەمان داناوە، مایەی مشت و مڕو هێنان و بردنێکە بێ ئەوەی لە دنیای واقعیدا رۆڵێکی هەبێت…
پەرلەمان نەک هەر خۆی کێشەیە، هاوکات خۆی کارتێکی ململانێی حزبیشە لەدەرەوەی ناو هۆڵی پەرلەمان… ئەگەر لە تەواوی دنیادا پەرلەمان شوێنێکە بۆ کیبەرکێی یاسایی نیوان حزبەکان و لیستەکانیان و هینانی پرۆژە و بریار و راسپاردە لەلایەن حزبەکانەوە، ئەوا لە کوردستان پەرلەمان” بەداخراوی یان کراوەیی” کارتێکی ململانیی حزبییە لە دەرەوەی پەرلەمان و هەریەکەیان بۆ رەوایەتی دان بە پابەندبوونیان بە دەنگی هاوڵاتیان، شانازی بەپەرلەمانەکەیانەوە دەکەن و بەرگری لێدەکەن… بەڵام خودی پەرلەمان وەکو دەزگایەکی تەشریعی بیبەهاترین دەزگایە… ململانیی حزبی لە کوردستاندا لە رێگای لیستەکانی پەرلەمان و پرۆژەکانیان لەناو پەرلەماندا ناچێتە پێشەوە، هەموو لە دەرەوەی پەرلەمانە و دۆسیەی پەرلەمانیش هەر لە دەرەوەی پەرلەمان جێگای کێبەرکێی حزبییە…
… بۆ حزبەکانی دەسەڵات پەرلەمان روپۆشیکە بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی نایاسایی و نائاسایی میلیشیایی حزبی، دەزگایەکە بۆ شیواندنی رای فەرمی و گشتی دنیای دەرەوە و فریوکاریی یاسایی ناوخۆیی… بۆ حزبەکانی تری دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتیش پەرلەمان چەکێکی بەرامبەرکییە لەگەڵ دەسەڵات… بێ ئەوەی رۆڵ و نەخشیکی گوشار یان قورسایەک بخاتە سەر دەسەڵات…
دیارە کێشەکانی خەڵکی کوردستانیش لە دیدی پەرلەمان و حزبەکانی گیرۆدە بە پەرلەمانەوە، شتێکەو لە دیدی خەڵکی کوردستان و دنیای واقعێشدا شتێکی دیکە… کیشەی حزبەکان کارا نەبوون، داخران، ناهاوسەنگی، بەهەندنەگرتن، لاوازی چاودێری، نەبوونی هێز و پابەندنەبوون بە بریارو راسپاردەکامی، کارا نەبوون یان نەتوانینی لێپێچینەوە لە حکومەت و وەزیر و گزیرەکان… بۆ خەڵکی کوردستانیش پەرلەمان کێشە نییە، گرفتەکانیش لە گرانی و بێکاری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی و پێشلکاری ئازادیەکان و تا دەگاتە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و زنجیرە گرفتێکن، دورو نزیک پەیوەندی بە پەرلەمان و کراوە بون و داخستنیەوە نییە… پەرلەمان دەمێکە بە کردەوە ئەزموون کراوە، کە هیچ رۆڵیکی نییەو نایشتوانێ بیبێت… تەنانەت خەریکە وەکو کەیسێکی ململانێش کۆتایی بە تەمەنی دێت، وەکو دەردیکیش خۆی دەرمانی چارەسەری نییە… لە ئیستادا کە ریفراندۆم کراو کوردستان بە ئاقاری دەوڵەتسازیدا هەنگاو دەنێت… پرسی حکومداریش دەگۆردرێت… دەسەڵاتی میلیشیایی پێویستە بە زووی جێگای خۆی بدات، بە دەسەڵاتی پشت بەستوی جەماوەری و دامەزراوەیی و خاوەن پەیمان و تەعەهوداتی ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتی… وە راستکردنەوەی شیوازی حکومرانی لە حزبیەوە بۆ دەوڵەتداری، ئەو گەران بەدوای لێکەوتەکانی دەسەڵاتی میلیشیاییدا، کە زیاتر لە چارەکەسەدەیەکە داروخان و گەندەڵیەکەی لە چەندین زەمینەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و یاساییدا، خۆی نیشان دەدات… پێویستە دوای ریفراندۆم ئەلتەرناتیفی پەرلەمان، یەکێک لە دۆسیەکان و ئەرکەکانی دوای ریفراندۆم بیت… ئەو پەرلەمانە لەگەڵ دەسەڵاتی میلیشیایی هاتۆتە بوون کاری داپۆشینی ئەو دەسەڵاتە بووە، ئەو دەسەڵاتە کە ئیستا دەبێ ماڵئاوایی لە مۆدێلە کۆنەکەی بکات، پەرلەمانەکەشی کارایی خۆی لەدەست دەدات…
تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net