ریفراندۆم هەنگاوێکی گرنگ، لە رێگایەکی درێژتر بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سیکیولاری ناقەومیدا!

     نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

٢٥ سیبتەمبەر، ریفراندۆم لە کوردستان بەبەشی هەرەزۆری ناوچە کێشە لەسەرەکانیشەوە، بەرێوە چوو… سەرباری هەر تیبینی و سەرنج و کەم و کورییەک، چ ژمارەی بەشداریکردنی خەڵک و چ دەنگی بەڵێی خەڵکی کوردستان… بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ریفراندۆمی تیادا کرا، سەرکەوتنێکی گرنگ و روداوێکی بێ وێنە نەتەنها لە عێراق وکوردستان، بەڵکو رووداوێکی ناوازەیە لە ئاستی تەواوی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیادا…  لە ئاستی کوردستاندا هیچ کام لە ‌هێزو حزبەکای زۆنی سەوز لەخانەوادەی بۆرژوازی کوررد،  نەک بە لێبڕاویەوە لەپشت ریفراندۆم نەبوون، بەڵکو لەسەرەگێژە و دابەش بوون و دژیش بوون… هاوکات بەرەیەکی نەخێر و ترساندنی خەڵک بێ وەستان دەچەرخا. وڵاتانی ناوچەکە جگە لە هەڕەشەی پەیتا پەیتا، بەڵکو ماشێنی مانۆڕی سەربازیان خستبۆوە گەڕ. رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەرگیری جەنگی خوێناوی زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکەو چ بەشێوەی راستەوخۆ و چ بەوەکالەت بوو. لەسەر ئاستی دنیا ئەنجومەنی ئاسایش بە بەیاننامەیەک دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندبوو… خەڵکی کوردستان بەگشتی توڕەبوون لەدەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی پارتی و یەکێتی… کەچی خەڵکی کوردستان لەناو ئەو دۆخەدا، دۆسیەی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە عێراق بە موڵکی پارتی و یەکێتی نەزانی و گوێشیان بەو هەموو هەڕەشە ناوچەیی و جیهانی و وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە نەدا، و بە بەڵی بەمەبەستی دەست ڕاگەیشتن بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، بەحەماسەت و شوڕ و شەوقەوە بەشداری ریفراندۆمیان کرد. بەمەش پەیامێکی گرنگ و چارەنووسیان راگەیاند. بە پێچەوانەی ژمارەیەک نووسەر و ئیلێتی سیاسی و چەپی ئەنتی پارتی، ریفراندۆم و سەربەخۆیان بە مافی خۆیان زانی و بۆ دەست راگەیشتن بەو مافەشیان، ئیرادەی زیندوی خۆیان نمایش کرد و نەبوونە زەخیرەی ئەو پروپاگەندە روکەشانەی کە ریفراندۆم ناکرێت، ریفراندۆم کوشت و کوشتار بەدوای خۆیدا دێنی، ریفراندۆم موڵکی پارتی و  بارزانییە، ریفراندۆم بی یەکریزی نیشتیمانی! و تەبایی ناوماڵی کورد! بێ ریفراندۆم پشتیوانی ئەمریکاو غەرب، ناکرێ. ریفراندۆم ناوچە کیشە لەسەرەکان ناگرێتەوە، ریفراندۆم… خەڵکی کوردستان هوشیارتر و دووردیدەتر بەئیرادەیەکی لێبڕاوانەوە، وەڵامی هەموو ئەو بانگەشانەیان بە کردەوە دایەوەو کۆمەڵگای کوردستانیان خستە بەردەم قۆناغێکی نوێ. قۆناغی بڕیاردان بە جیابوونەوەو قۆناغی دوای ریفراندۆم.

ریفراندۆم کرا و بەهەموو پێوانەیەک هەم سەرکەوتوو بوو هەم روداوێکی ناوازە لەدڵی هەلومەرجی عێراق و ناوچەکەو دنیادا بوو، بەڵام نابێ بیرمان بچێت، ریفراندۆم تەنها هەنگاوێکی گرنگ و ئیرادە نواندنێکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی بوو بۆ بڕیاردانی جیابوونەوە لە عێراقی قەومی و ئیسلامی، لەپێناو سەربەخۆییدا. وە تا گەیشتن بەسەربەخۆیی واقعی و دامەرزاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆش گەلێک هەنگاو و ئەرکی گرنگیتر ماون، کە دەکرێ بڵێین نەبەردەکانی داهاتووی دوای ریفراندۆم و تەواوکردنی پەیامی ئاکامی ریفراندۆمن.

کاری خەڵکی کوردستان تەنها بە رۆژی ٢٥ سێبتەمبەر و دەنگدان بەجیابوونەوە، بەکۆتا نایەت، بەڵکو دەورەیەکی نوێ دەستپێدەکات، کە ئەگەر خەڵکی کورستان و لە پێشیانیشەوە بەرەی چەپ و ئازادیخوازی کۆمەڵگە لە مەیداندا نەبن، دەشێ ئەم دەستکەوتە گەورەیە کە سەرکەوتنی ریفراندۆم و نمایشی جەماوەری بوو بۆ بڕیاردان بۆ سەربەخۆیی، بە ئاقاری تردا ببرێت، سات و سەودای پێوەبکرێت، بکرێتە دەستمایەی سازانی پۆست و داهات و هاوبەشێتی سیاسی بۆ دەورەیەکی تر لەگەڵ بەغدا، دەشێ بڕیارو ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەهەند نەگیرێت و بۆ مەبەستی تر بەکار ببرێت… دەشێ لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەنگی خەڵکی کوردستان بکەنە کارتێک بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی خۆیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچە.  ئەوەی کە رێگە لەو دەشێ و ئەگەرانە دەگرێت، ئەوەی دەتوانێت مەترسیەکان و لە پێشیانەوە هەێەشەو چاوسورکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە پوچەڵ بکاتەوە… لەمەیداندا مانەوەی خەڵکی کوردستانە تاکۆتایی پرۆسەکە… دریژەدانە بەو ئیرادەیەی ٢٥ سیێتەمبەر نمایش کرا.

لەمەیدان دامانەوە بۆ راکیشانی پشتیوانی بەرەی ئینساندۆست و پێشکەوتنخوازی ناوچەکەو دنیا، یەکێک لەو نەبەردانەیە. هاتنە مەیدانی جەماوەری لە شارەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی رۆژئاوا و بە دروشمی پشتیوانی لەپێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەین… هەنگاوێکی گرنگە. کە ئەمە نەک تەنها پەیامێکی هاوپشتییە بۆ پشتیوانی لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی کوردستانی عێراق، بەڵکو هاوکات پەیامێکیشە بۆ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و بەرگرتن بە ملهوری نواندن و هەڕەشەکانیان. دیارە ئەم بزوتنەوەیە دەبێ هەم درێژەی هەبێت و هەم تەواوی خەڵکی ئازادخوازی ئێران و تورکیا و سوریا بگرێتەوە، هاتنە مەیدانی ئەو هێزە دەتوانێت دەستی ئەو دوژمنانەی ئازادی و خەڵکی کوردستان کورت بکاتەوە پیلانە ئاشکراو نهینیەکانیان لە قاو بدات.

بۆ راکێشانی پشتیوانی بەرەی ئینسان دۆست و ئازادیخوازی لەناوخۆی عێراق و ناوچەکەو جیهاندا، لەمەیداندابوونی خەڵکی کوردستانی عێراقی دەوێت، بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و رێپوانی دەوێت، نیشاندانی حەقانیەتی و سیمای ئازادیخوازانەی دەوێت. دەستبردن بۆ خۆریکخستن و سازانی ئۆرگان و نهادە جەماوەرییەکانی بەرگریکردنی دەوێت. پلاتفۆرمی ئینسانی ئازادیخوازانەی دەوڵەتی سەربەخۆیی داهاتووی دەوێت. تا دنیای ئازادیخوازی و پیشکەوتنخوازی بتوانێت بێتە پشتی خواستە ئینسانیەکانی ئەو خەڵکە. بزوتنەوەیەکی ئاوا دەتوانێت دانپیانانی نێودەوڵەتیش بۆ پرسی سەربەخۆیی مسۆگەر بکات.

لە مەیدان دابوونی خەڵکی کوردستان، بەجیا لە راکێشانی پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی بۆ پشتگیری لە ئاکامی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، هاوکات دەبێ بۆ ئەوە بێت، کە گوشاری جەماوەری و رێكخراو و فراوانی هەموو رۆژە لەسەر دەسەڵاتی ناسیونالیستی کورد دروست بکات، کە رێز لەدەنگی خەڵکی کوردستان و ئاکامی ریفراندۆم بگرن و رێگەبگرن لەوەی ئاکامی ریفراندۆم بۆ مەبەستی تر بەدەستەوە بگیرێت.

هەروەها ئامادەیی جەماوەری لەسەر شەقام هاوکات پێویستی بە ئامادەیی چەکداریی جەماوەریە بۆ بەرگری لەخۆو وەستانەوە بەڕووی هەڕەشەو دەستدرێژی چەکدارانەو دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لە کوردستانی عێراقدا. راوەستاوی چەکداری و جەماوەری بۆ بەرگری لە خۆکردن و وەڵامدانەوە بە دەستدرێژیەکانی هەرکام لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە، پێداویسیەکی زۆر گرنگ و چارەنووسازە… ئامادەیی بۆ بەرگریەکی ئاوا جەماوەری و چەکداری حەقخوازانە دەتوانێ هاوسۆزی و هاوئاهەنگی و پشتیوانی دنیای ئازادیخواز بۆخۆی فەراهەم بکات… هەروەکو لە ئەزمونی کۆبانێدا بینیمان.

پێداگری لەسەر دەوڵەتی هاوڵاتی داهاتوو، لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی پشت بەستوی جەماوەری بۆ بەڕێوەبردن و حکومرانی هەنگاوێکی ترە کە دەبێت لە ئێستاوە مۆری خۆی بەهەموو جموجۆڵە سیاسی و جەماوەری و کۆمەڵایەتیەکانەوە، نیشان بدات. تا خەڵکی ئازادیخواز ئەمە بەدەسکەوتێکی گرنگ لە ناوچەکەدا بزانن و  بەرگری لێکردنی لە مافێکەوە بۆ پێویستیەک تەماشا بکەن.

“دەوڵەتی قەومی و دەوڵەتی پێکهاتەکان و دەوڵەتی فیدراڵی” لە روانگەی دنیای شارستانی ئەم سەردەمەوە یانی کردنی عێراق بە دوو دەوڵەتی هاوشێوەی بچوک. بێگومان خەڵکی ئازادیخوازی دنیا نەک پشتیوانی لە دەوڵەتێکی ئاوا ناکەن بەڵکو مەترسیەکانی دەبینن و ئەزمونی دەوڵەتی عێراق نموونەیەکی بەرجەستەیەتی. بۆیە پێداگری لەسەر دەوڵەتی هاوڵاتی و دەوڵەتی سکیولاری غەیرە دینی، دەتوانێ پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی دەستەبەر بکات.  بۆیە بەرەی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگەی کوردستان، پێویستە لە ئێستاوە ناوەرۆکی حکومەتی داهاتوو، دەسەڵاتدارێتی جەماوەری، یاساو رێسای ئەو حکومەتە، مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، مافە فەردی و مەدەنیەکان، ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان… بخاتە روو تا خەڵکی کوردستان بەشۆڕو شەوقەوە بۆ جێگیرکردنیان بۆی تێبکۆشن… دنیای ئازادیخوازیش پشتگیری لێ بکەن.

ئامادەییی خەڵکی کورستان بۆ گواستنەوە و گۆڕینی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی بە دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی لەخوارەوەی جەماوەری و بەیاساییکردنی ئەو دەسەڵاتە جەماوەرییە، یەکێکی تر لەو هەنگاوانەی دوای ریفراندۆمە… کە بەدوای خۆیدا دەبێ لێکەتەکانی ئەو دەسەڵاتە میلیشیایی و حزبییە لە گێڕانەوەی داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستانەوە بۆ داهاتی گشتی و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ سەرجەم ناحەقی و تاوانەکانی چارەکە سەدەی رابردوو، کارێکە نابێ بە فەرامۆشی بسپردرێت.

هەموو ئەمانە کار و ئەرک و هەنگاوی دوای ٢٥ سێبتەمبەرن… کە دەتوانین بەسادەیی بڵێین، ریفراندۆم هەنگاوێکی گرنگ بوو لە راستای رێگایەکی درێژتردا بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی بەکردەوەی دەوڵەتێکی ئازادی جەماوەری و ئازادیخوازانەو تەسەل و خۆشگوزەرانی داهاتوو… پێویستە خەڵکی کوردستان تا دوا ویستگەی جێبەجێکردنی ئاکامەکانی ریفراندۆمەکە بڕۆن و جڵەوی هەنگاوە چارەنووسازو هەنگاوەکانی ئایندە لەدەستی خۆیاندا بهێڵنەوە. ٢٥ سێبتەمبەر تەنها رۆژێک و هەنگاوێک و دەنگدان و بڕیارێک بوو، بۆ ئایندەیەکی دڵخوازانەی ئینسانی و پێشکەوتنخوازانە کە چەندین ئەرک و نەبەردی گرنگ و چارەنووسازی تری ماوە تا سەرکەوتنی کۆتایی.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *