ئیسپانیا ٤٨کاتژمێری مۆڵەت داوە بە کەتەلۆنیا بۆ ئەوەی پاشگەز بنەوە لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی..

هەرێمی کەتەلۆنیا بناسە

ئامادەکردنی/ ئاراس ڕەشید

حکومەتی ئیسپانی هەینی ٢٣/٩/٢٠١٧ مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری بە هەرێمی کەتەلۆنیا داوە بۆئەوەی بە فەرمی پاشگەزبنەوە لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، کەبڕیار بوو سەری مانگ بکرێت بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا.

ئیدارەی مەدرید گوتی” ئەو هەرێمەی کە حوکمی زاتی هەیە، ڕووبەڕووی ڕاگرتنی سەرچاوەی مالی دەبێتەوە لە کاتی گوێ نەگرتن لەو مۆڵەتەی بۆی دانراوە بۆ ڕاگرتنی ڕیفراندۆم، کە بەنایاسایی ناوی برد!!”

حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا ڕیفراندۆمێکی جەماوەری ڕاگەیاند بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا لە ١ی مانگی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧.

با بزانین ئەم هەرێمە چیە کە وا تیشکی خراوەتە سەر لەئێستادا؟

هەوای سەربەخۆیی:

هەرێمی کەتەلۆنیا بە یەکێک لە دەوڵەمەنترین هەرێمەکانی ئیسپانیا دەژمێردرێت. هەرێمێکی پیشەسازیە، و مەیلی سەربەخۆیی تێدایە و شانازی بە ناسنامە و زمانی تایبەتی خۆیان دەکەن.

مێژووی ئەم  هەرێمە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، زوربەی زۆری خەڵکی هەرێمەکە بڕاویان وایە کە میللەتێکی سەربەخۆن لە ئیسپانیا. ئەم هەستە لەو کاتەدا زیادی کرد، کە فرانسیسکۆ فرانکۆ هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کاتەلۆنیەکانی دا. ئەمەش لە کاتی یاریەکانی نێوان هەردوو تیپی ڕکابەری یانەی بەرشەلۆنە و ڕیال مەدریدا بە توندی دەردەکەوێت.

ئەم هەرێمە دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری خۆرهەڵاتی ئیسپانیا و زنجیرە چیاکانی برانس لە باشووری فەرەنسای جیا دەکاتەوە، کە پەیوەندیەکی پتەویان لەنێواندا هەیە. زوربەی دانیشتوانی ئەم هەرێمە کە پایتەختەکەی بەرشەلۆنەیە دەژین. بەرشەلۆنە ناوەندی ئابووری و سیاسیەکی گرنگە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ناوەندێکی گەشتوگوزاری بەناوبانگە.

هەروەها هەرێمەکە بە پیشەسازیە باوەکان و پیشەسازی کیمیاوی و خۆراکی ئامادەکرا و کانزاکان بەناوبانگە، سەرەڕای گەشانەوەی کەرتی خزمەتگوزاریەکەی.

مێژووەکەی:

ناوچەکە وەک یەکەم ناسنامەی دیار، لەوکاتەدا سەری هەڵدا کە هەرێمی بەرشەلۆنە لە سەدەکانی ١١ و ١٢ کەوتە ژێر هەمان دەسەڵاتی پاشایەتی شانشینی ئەراگۆنی هاوسێی و بووە هێزێکی ئاوی گەورە لە سەدەکانی ناوەڕاست. لەوکاتەدا کاتەلۆنیا بووە بەشێک لە ئیسپانیا لە سەرەتای دروستبوونی لە سەدەی ١٥، کاتێک فردیناند پاشای ئەراگۆن هاوسەری لەگەڵ ئەزەبیللا شاژنی قشتالە کرد بۆ یەکگرتنی هەردوو شانەشینەکان.

لە سەدەی ١٩دا هەستی ناسنامەی کاتەلۆنی تازە بۆوە و وەرچەرخا بۆ سەربەخۆیی سیاسی تا ڕادەی جیابوونەوە، ئەو ماوەیە بوە ماوەی ژیانەوەی ئینتمای کاتەلۆنی. کاتێک ئیسپانیا بوو بە کۆماری لە ١٩٣١، ئۆتۆنۆمیەکی فراوان بەخشرایە کاتەلۆنیا لە ماوەی شەڕی ناوخۆییدا لە ئیسپانیا، لەو کاتەدا خانەخوێیەکی سەرەکی کۆماریەکان بوو.

شکستی بەرشەلۆنە بەدەستی جەنەڕاڵ فرانکۆ لە ساڵێ ١٩٣٩دا؛ سەرەتای کۆتایی بەرگری ئیسپانیا بوو. لەژێر دەسەڵاتی توندی فرانکۆدا ئۆتۆنۆمی هەڵوەشێندرایەوە، و نەتەوەی کاتەلۆنی ڕووبەڕووی سەرکوت بوونەوە، و بەکارهێنانی زمانی کاتەلۆنی سنووردارکرا.

سیاسەت و زمان:

لەگەڵ دەرکەوتنی دیموکراتیەت لە ئیسپانیا دوای مردنی فرانکۆ، هەرێـمی  کاتەلۆنیا بووە خاوەنی پەرلەمانی خۆی لەگەڵ ئۆتۆنۆمیەکی فراوان.

پاشەکشێی ئابووری ئیسپانیا لەم چەند ساڵانەی دواییدا بووە هۆی دروستبوونی هەستی جیابوونەوە لە کاتەلۆنیا، بەجۆرێک باوەڕیان وایە کە هەرێمەکە زیاد لە پێویست دەدات بە مەدرید.

حکومەتی هەرێمی کاتەلۆنیا؛ کە دوای هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٢ دەسەڵاتی گرتۆتە دەست ولەلایەن هەردوو حزبی سەرەکی جووداخوازەوە پشتیوانی لێدەکرێت، ڕیفراندۆمێکی نافەرمیان لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئەنجام دا، کە ٨٠% ی دەنگەکان کە پتر لە ٢ ملیۆن کەس بەشداریان لێ کردبوو لە کۆی  ٧.٥ ملیۆن لە دانیشتوانی دەنگیان بە بەڵێ دا. لە کاتێکدا حکومەتی ئیسپانیا وای دادەنێت کە کاتەلۆنیا مافی جیابوونەوەی نیە.

لە پاڵ زمانی ئیسپانی زمانی کاتەلۆنی زمانی ڕەسمیە لە هەرێمەکە، و هانی خەڵکیش دەدەن لە بەکارهێنانی لە خوێندن و ڕاگەیاندنەکاندا. زوربەی دانیشتوانەکەی بەهەردوو زمان قسەدەکەن.

هەروەها زمانی کاتەلۆنی لە شارەکانی ڤالێنسیا باشوور و دوورگەکانی بلیار و ناوچەی ڕۆزالین لە فەرەنسا باوە. بۆیە نەتەوە پەرستەکانی کاتەلۆنی پێیان وایە ئەم ناوچانە دەتوانێت ببێت” بەدەوڵەتی کاتەلۆنیا”.

ئەیلول 23, 2017

سەرچاوە/bbc.com

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *