بەڵێ بۆدادگایی کردنی بەرپرسانی ڕژێمی سێدارەی ئیسلامی ئێران !!

عبدالرحمن رسول:

لەتەواوی کۆمەڵگەی ئێراندا، بەهۆی زاڵبوونی سیستەمی ئیسلامی بەدرێژایی چەندین ساڵە زۆرترین لەمرۆڤەکان بەسەرجەم نەتەوەو ئایین وڕەگەزجیاوازەکان دەچەوسێنەوە، لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەتەوەی کورد بەجۆروبەشێوازی زۆر دڕندانەو بێبەزەیانەتر دەچەوسێتەوە، سیستەمی کۆماری ئیسلامی کەبەهۆی لەسێدارەدانی تێکوشەرانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردەوە لەدونیادا ناسێندراوە بەکۆماری ئیسلامی سێدارە.

چەندین دۆسیەی کۆمەڵکوژی وبەکۆمەڵ لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی سیاسی وڕۆشنبیری و فەرهەنگی …هیتدکورد  هەیە کەلەلایەن دادگاکانی ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، کەپێویست دەکات سەرانی ئەوڕژێمەی لەسەری دادگایی بکرێن و سەرجەم دۆسییەکان ڕەوانەی دادگایی نێودەوڵەتی بکرێن کەبەرپرسانی ڕژێم تاوانباران لەئەنجامدانی تاوانی گەورەی بەکۆمەڵی لەسێدارەدانی گەنجان ولاوان وهەڵسوڕاوانی ژنان و سیاسی وئەدەبی وڕوناکبیری، تەقەکردن وکوشتنی کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی کورد لەسەرسنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەکانی شارەکانی بانەو سەردەشت وناوچەکانی ترکەنزیکە لەسنووری باشووری باشووری کوردستان. بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنەکان ڕۆژانە کۆڵبەرانی زەحمەتکێش لەلایەن سوپای پاسدارانی ڕژێمەوە لەسنوورەکانەوە بەتەقە ڕاویان دەنێن و زۆرجار دەبنەقوربانی، ئەمانەو دەیان سەدان نموونەی تر هەیە لەتاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێم کە دژبە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  ئەنجامی داوە وبەردەوامە لەئەنجامدانی.

پێویست دەکاو دەبێ لەشوێنێک بەری پێبگیرێت وڕابگیرێت. سڵاولەهەمووئەوانەی کەبۆبژێوی ژیانیان گیانی خۆیان لەسەرلەپیدەستیاندا دەنێن وکۆڵبەری دەکەن، بەڵام لەپێناوی پوڵ و پارەدا سەری خۆیان شۆڕناکەن  نابنە جاسوو کرێگرتەو ئیتڵاعات.. سڵاو لەگیانی ئەومرۆڤانەی کە لەپێناو بەدەستهێنانی بژێوی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویی مەرگ بوونەوە، نەفرەت لەستەمکارو زۆرداروداگیرکەران.

 

دوابەدوایی گیان لەدەستدانی دووکۆڵبەری تربەهۆی تەقەکرنی ڕاستەوخۆیی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەمەرزی بانە، لە۱۳/خەرمانانی ۱۳۹٦دوو کۆڵبەرەکە بەناوەکانی(حەیدەرفەرەجی)۲۱ساڵ و(قادربەهرامی) ٤٥ساڵ. خەڵکی شاری بانە بۆناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی کوشتنی کۆڵبەران چوونەبەردەم فەرمانداری شاری بانە، دواترشارەکانی سنەو سەردەشت ومەریوان وچەندین شاری تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە سەرشەقامەکان. خەڵکی  ناڕازی خوازیاری  کۆتاییهێنان بەقەتڵ وکوشتنی کۆڵبەران بوون لەناوچە سنووری یەکان، بەڵام کاربەدەستانی ڕژێم هەروەک ڕابردوویان گوێیان لەداواکاری خەڵک نەگرت و بەپێچەوانەوە ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەنگاوی ناوە چەندین کەسیان لە چالاکوانان و خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردو خستەزیندانەکانەوە. هەروەها لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وباشووری کردستان هێزی زۆری نیزامی ئەمنێتیەکانی جێگیر کرووە هەتاوەکو هەمووجوڵەو هاتووچۆکان کۆنترۆڵ بکات. ئەم هێزانە خەڵکی کۆڵبەر ئازاردەدەن وباجیان لێ دەستێنن، کەلوپەلەکانیان تاڵاندەکەن، ئەیاندەنە بەرگوللە.

کۆڵبەری کارێکی زۆر دژوارو پڕمەترسییە کەهەمووجۆرە مەترسێکی مەرگ هێنەری لەکەمیندایە.

خەڵکی لەناچاری کاری کۆڵبەری دەکات، بێکاری لەناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەسەروویی پەنجا لەسەدەوەیە. لەناوکۆڵبەراندا تەمەنی پانزەساڵ دەبیندرێت و تەمەنی سەرووی شەست وپێنچ ساڵە وخەڵکی گیرۆدە بەنەخۆشی وجۆراوجۆری دەبیندرێت،.

پێویستە هەموولایەک پشتیوانی لەداواکاری وخواستەکانی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئێستای ناڕازی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. پێویستە لەسەرکوشتنی کۆڵبەران ولەسێدارەدانی گەنجان ولاوانی کور بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بدرێنە دادگایی نێودەوڵەتی و هەروەک تاوانباران سزابدرێن. لەساڵی ڕابروو بەشێک لەکەسایەتیە نێونەتەوەییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەکانی ئێران لەئەوروپا لەسمینارێکداکەلە۱۳/خەرمانانی۱۳۹٥هەتاوی لەپاریسی فەرەنسا پێکهاتبوو، داوایانکردووە دادگایەکی تایبەت بۆدادگایکردنی بەرپرسانی ڕژێمی ئێران پێکبێت.

ئەوداواکارییە بەهۆی لەسێدارەدانە بەکۆمەڵەکانی هەزاران زیندانی سیاسی لەساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی(۱۹۸۸زایینی)، چەندین کەسایەتی سیاسی جیهانی بەشداربوون لەوسمینارەدا لەوانە(ئێد ڕندێڵ) سەرۆکی کونوانسێونی حیزبی دیموکراتی ئەمریکاو فەرمانداری پێشووی پنسیلوانیا، بێرناردکۆشنێر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا وستروان ستیۆنسیۆن سەرۆکی دامەزراوەی ئەوروپایی ئازادیی عێراق ونوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپاش ئامادەبوون. سەرجەمیان بەرچاوڕوونیان هەبووە لەسەر سەرکوت وبەڕێوەچونی لەسێدارەدان لەسیستەمی ئیسلامی ئێراندا. ئێدڕندێڵ وێڕای ئاماژە بە لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی زیندانیانی سیاسی لەساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی گووتوویەتی: چ شتێک لەوەپڕ ئازارترە کەوەزیری دادی ئێران یەکێک لەئەندامانی کۆمیتەی مەرگ لەوکوشتارە بەکۆمەڵانەدا بووە. بێرنارد کۆشنێر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا گووتوویەتی :تەنهالە۱۹۸۸ نەبوو کەئەو کۆمەڵکوژی و لەسێدارەدانانە ڕوویدەدا بەڵکو هەرئێستاش لەئێران ئەو کوشتارانە هەیە. ئێران ساڵی ۲۰۱٥زێدەترین لەسێدارەدانی لەجیهاندا هەبووە. ستروان ستیۆنسیۆن گووتوویەتی: لەمەڕ ۳۰۰۰۰سی هەزار کەسی لەسێدارەدراو لەساڵی۱۹۸۸چ ڕوویدا؟ ڕاستی ڕۆژئاوا هەرهیچ کارێکی لەمبارەوە نەکرد.

خەڵکی ئێران بەگشتی وخەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بەردەوام لەژیان وگوزەرانێکی کوللەمەرگی وکۆیلەیی و جەهەنەم ئاسا دەگوزەرێن، بەهۆی بەڕێوەچوونی سیاسەتی کۆنەپەرستی ودژە ئینسانی ڕژێمی سێدارەی ئیسلامی یەوە بەردەوام کێشەو گرفتەکانیان زیاددەکات. ڕژێم لەهەوڵی بەڕێوەچوونی پلان وبەرنامەی دژە بەشەری دایە لەوانە پەرەسەندنی سیاسەتی نەژادپەرستانە و دژبەیەکڕیزی پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان. لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپارێزگای ورمێ لەهەوڵی سڕینەوەی ناوە کوردییەکان لەدوکان وشەقام وپارک ومەیدان وکۆڵانەکان ودانانی ناوی تورکی وفارسیییە. ئەم دیاردەیە بەردەوام لەپەرەسەندایە. بێگومان ئەمەش بەشێکە لەسیاسەتی دژەئینسانی ڕژێم دژ بەخەڵکی کوردزمان. ناونانی دوکان و ومەیدان و کۆڵان وپارک مافێکی ڕەوای خەڵکە کە ئازادانە چۆنیان بوێت ئەوناوە لەوشوێنە یان دوکانە بنێن. پێویستە خەڵک مل بەم سیاسەتە دواکەوتوانەو دژەکورد بوونە نەدات  و بەهەرجۆرێک بۆیان دەکرێت دژایەتی بکەن. پێویستە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەسەر ئەنجامدانی تاوانە دژەئینسانییەکان لەدژی خەڵکی کوردستان لەدادگایی نێونەتەوەیی بەرپرسەکانی دادگایی بکرێن. پێویستە خەڵکی  ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کورد گرووپ وتیمی جۆراوجۆر دروست بکەن وحیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەهەر جیاوازێک هەیانە بێنە سەرخەت بەیەک تیمی یەکگرتوو هاوبەش کاربکەن وهەنگاوی کرداری بنێن بەیەکەوە نەک بەجیا ئامادەباشی باش بکەن  بۆ بەدواداچونی سەرجەم کۆمەڵکوژی و سێدارە وتاوانە دژە ئینسانییەکان. پێویستە بەردەوام وەک فشارێکی بەهێز لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی ڕژێمی سێدارەی ئیسلامی ئێران بکرێت. لەم چەند مانگەی ڕابردوو لەچەند شاری ئێران بەکۆمەڵ گەنجان ولاوان وهەڵسوڕاوانی سیاسی وڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسی کورد لەژنان و پیاوان لەسێدارەدران،بەچەندین کوڵبەری زەحمەتکێش لەسەرسنوورەکانی ڕۆژهەڵات وباشووری کوردستان دەبنە قوربانی کەدەیانەوێت شەرەفمەندان و شەریفانە ژیانی خۆیان وخانەوادەکەیان بگوزەرێنن. هەرئێستا چەندین لەگەنجان ولاوانی ژن وپیاوی  چالاکوانی ڕۆژنامەنووس وسیاسی وڕۆشنبیری وهونەری وئەدەبی لەناو زیندانەکانی ڕژێمدان ئەگەر خەڵک بەهانایانەوە نەچن لەڕۆژانی داهاتوو گوێبیستی هەواڵی لەسێدارەدانیان دەبین. هەربۆیە پێویستە بەردەوام یەکگرتوانە بەهاوبەشی تێکۆشان بکەین و ناڕەزایەتییەکان لەدژی یاسا کۆنەپەرستەکانی سیستەمی ئیسلامی ئێران پەرەپێبدەین و ڕۆژانە شەقامەکانی وڵاتان جمەی بێت لەناڕەزایەتی لەدژی ئەوڕژێمە  کۆنەپەرستە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٢ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *