دابینکردنی ئیمکانیەتی پێویست و ئازادیی رادەربرین لە پرۆسەی ریفراندۆمدا مافی هەموو لایەنێکە!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان :

کەمپینی پڕوپاگەندەی لایەنەکان بۆ خستنەڕووی بۆچوون و پێشنیاری خۆیان سەبارەت بە ریفراندۆم دەستی پێکردووە. بەڵام ئەو ماوە کەمەی کە بۆ پڕوپاگەندە بەدەستەوەماوە، بەرەچاوکردنی ئەوەی هێشتا خەڵکی کوردستان ئاشنایەتیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەلتەرناتیوی لایەنەکاندا نیە، گرفتێکەو پێویستی بە هەنگاوی جدی و بە پەلە هەیە بۆ چارەسەرکردنی.

لەم ڕوەوە، دابینکردنی ئیمکانیەتی یەکسان بۆ هەموو لایەنەکان (لایەنگر یان مخالفی ریفراندۆم، بە بەڵێ یان نەخێر) بۆ ئەوەی بتوانن رای خۆیان لە کەمپەینێکی چڕوپڕو هەمەلایەنەیەدا بە جەماوەری خەڵک بگەیەنن، یەکێك لەو هۆکارانەیە کە لانی کەم بەرپاکردنی ریفراندۆم لە کەشوهەوایەکی سیاسی ئازادو دوور لە هەر جۆرە رێگریەك دەستەبەر دەکات.

بەڵام نەک هەر ئەمە بە هیج جۆرێک دابین نەکراوە، بەڵکو تا ئێستا چەندین پێشێلکاری لەبەرگرتن بە ئازادی ڕادەربڕین و هێرش بۆسەر ئەوانەی کە بە پێچەوانەی رای دەسەڵاتەوە هەڵویستیان گرتووە، ئەنجامدراوە. دیاردەی هەڕەشە و چاوسورکردنەوە و سیاسەتی تەخوین لە لابەلای راگەیاندنەکانی لایەنە دەسەڵاتدارەکاندا، بەتایبەتی پارتی، خۆی دەنوێنێت.

لەگەڵ ئەوەدا حزبە دەسەڵاتدارەکان لە داهاتی کۆمەڵگا، هەموو ئامراز و هۆیەکانی راگەیاندنیان بۆ خۆیان و لایەنەکانی دەوروبەریان فەراهەم کردووە، دیسان لەرێگای پێکهێنانی “کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم”ەوە کە پارتی تێێدا باڵادەستە، هەموو بڕیارەکان و پەیوەندیەکان و ئیمکاناتێك کە بۆ ریفراندۆم تەرخان کراوە، لەبابەتی بودجەو راگەیاندن لەدەستی خۆیاندا قۆرخ کردوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەکو لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات کە مێژوویەکی دریژی هەیە لە خەبات بۆ سەپاندنی مافی خەڵکی کوردستان لە بەرپاکردنی ریفراندۆم و ساڵەها لەسەر نەسەلماندنی ئەم مافەی خەڵکی کوردستان لەگەل حزبە دەسەڵاتدارەکان کێشمەکێشی کردوە، لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی توندی خۆی لەم رەفتارانەی دەسەڵات، پاندبوونی خۆی لە بەرگری لە ریفراندۆمێکی واقعی دوور لە هەرجۆرە زەخت و زۆر و قۆرخکاریەک رادەگەیەنێ. بە پێچەوانەوە هەڵوێستی توندی دەبێت بەرامبەر بەگاڵتەجاڕکردنی ریفراندۆم. لەم بارەیەشەوە جارێکی دیکە ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکو گرنگترین پرەنسیپەکانی بەرپاکردنی ریفراندۆم رادەگەیەنین:

1- ئازادی بێ قەید و بەندی هەڵسوڕانی هەموو حزب و  قەوارەو لایەنێکی سیاسی و جەماوەری لە بارەی ریفراندۆم و ئایندەی کوردستانەوە بەدەر لەوەی کە لایەنگر یان ناکۆکن چ لەگەڵ ریفراندۆم و چ لەگەڵ جیابونەوەی کوردستان.

2- ئازادیی بەرپاکردنی کۆبونەوە و میتینگ دەربارەی ریفراندۆم بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان لە سەراسەری کوردستاندا.

3- دەستڕاگەیشتنی یەکسانی هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان بەدەرلەوەی هەڵویست و سیاسەتیان چیە لە بارەی ریفراندۆمەوە، بە میدیا و ئیمکانیاتی دەوڵەتی؛ رۆژنامە و تەلەفزیۆن و رادیۆ، هۆڵەکان و مەیدانەکانی کۆبونەوە، رەخساندنی پێداویستیەکانی راگەیاندن بۆ هەموو لایەنەکان بۆ گەیاندنی ئەلتەرناتیو و پرۆگرامی خۆیان لە بارەی ریفراندۆم و ئایندەی کوردستانەوە.

4- تەرخانکردنی بودجەی پێویست و یەکسان بۆ هەموو حزب و لایەن و رێکخراوە سیاسی و جەماوەری و مەدەنیەکان کە پروپاگەندە و چالاکی بۆ ریفراندۆم دەکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرپرسیار دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئەو هەلومەرجانە و رەخساندنی فەزایەکی ئازاد و گونجاو بۆ بەرپاکردنی ریفراندۆمێکی دور لە زەخت و زۆر و رێگری و پێشێلکاری، هەروەها دابینکردنی ئەمنیەتی هەموو چالاکیە سیاسیەکان و پێکهینانی دەرفەتی گونجاو بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە چاوێکی کراوە و ئازادانە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.

پشتگوێخستنی ئەم مەرجانە و قۆرخکردنی هەموو بوار و ئیمکانیەت و ئامرازەکانی راگەیاندن بۆ حزبەدەسەڵاتدارەکان و رێگری لەبەردەم لایەنەکانی دیکە، ریفراندۆم دەگۆڕێت بۆ نمایشی سەپاندنی رای دەسەڵات. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەموو خەڵکی ئازادیخواز و لایەنە سیاسیەکان بانگەواز دەکات بۆ  بەرپاکردنی ریفراندۆم لە کەشوهەوایەکی گونجاودا، لە پشتی چەسپاندنی ئەم خواست و پرەنسیپانە راوەستن.

١٣-٩-٢٠١٧

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *