٣١ی ئاب لەکارنامەو سیاسەتی پارتی!

      نوری بەشیر

میژووی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لەسەرو هەموویانەوە پارتی ویەکێتی سیخناغە لە سیاسەتی نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزەکانی دنیا… ئەم کارنامەو سیاسەتەشیان بەشێکە لە ماهیەتی چینایەتی ئەم حزبانە وەک حزب گەلێک کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندی و سیاسەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و بنەماڵەیی کوردستان دەکەن، ئەمانە بەشێکن لەماهیەتی ئەم حزبانە چ لەشاخ و چ لەشارو لێیان جیانابێتەوە.

٢٧ ساڵی دەسەڵات و کاروکردەوەی سیاسی و نەخشەو کارنامەی ئەم حزبانە لەشارو بەسەر ژیانی خەڵكەوە، پڕاوپڕە لەساتوسەودا و نۆکەری لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە لەچەشنی حکومەتی بەعس، دەسەڵاتەکانی حکومەتانی تورکیا، دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران و بردنە پێشەوەی ئەجیندای ئەمریکاو غەرب. کۆمەڵگەی کوردستان و هەموو کەسێکی ئاگا شاهیدی سیاسەتی ئەم حزبانەیە، کەچۆن هەمیشە لە بۆشایی و قڵشتی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا، خەریکی بەهرەبەردارین و هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لەو دەوڵەتە چنگ بەخوێن و دڕندانەی سەرمایە دەست تێکەڵ دەکەن و دەبنە جێبەجێکەری سیاسەت و نەخشەکانیان… دەبنە ئەڵقەلەگوێیان و پێش لەشکریان بۆ دەکەن… تا سەدام حسێن و رژێمی بەعس مابوو، هەمیشە ئومێدێکیان پێوەی گرێدابوو تا لەدەسەڵاتی رەشی خۆیان بیانکات بە هاوبەش. کە ئەم دەسەڵاتەش کەوتە بەر سیاسەتی ملهوڕانەو جەنگی ئەمریکا و غەرب، هەر ئەو حزبانەی سەدام حسێنیان بە ئەندازیاری حکومی زاتی دەزانی، ئەم جارە بوونە خۆشخزمەت بە سیاسەتی جەنگی و ملهوڕانەی ئەمریکاو غەرب و لەسەر لاشەی لەخوێن هەڵکێشراوی خەڵکی عێراقدا، بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە بوون، وە بوونە بەشێکی بەشدار لە مێژوویەکی رەشی جەنگ و ئابڵۆقەی ئابوری و …تاد. بەدوای نەمانی دەسەڵاتی سەدام حسین و رژێمەکەشیدا، ئیمزایان دا لەدەسەڵاتێکی قەومی عەرەبی مەزهەبی لەچوارچێوەی فیدراڵیزمێکدا کەکێشەی قەومی بەهەڵواسراوی هێشتەوە و بەردەوام خەریکی چەواشەکاری بوون. لەجیاتی ئەوەی کەڵک لە بۆشایی دەسەڵات لە کوردستاندا بەئاقاری سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ وەربگرن، بوونە هاوبەش لە دەسەڵاتی عروبی ئیسلامی و شاگەشکەی پۆست و داهات و بەشداری سیاسی لە بەغدا بوون. بەو کارەشیان هەم کێشەی قەومیان بەهەڵواسراوی هێشتەوە لەچوارچێوەی عێراقدا و هەم بوونە ئەژدیهای هەزار سەر بۆ دزینی هەموو داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان… قایمکردنی جێپێی سیاسیان بۆ سەرکوتی هەر دەنگ و بزوتنەوەیەکی رەوای خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەدژی دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانکاریان.

ئەگەر ماهیەت و سیاسەت و نەخشەو کارنامەی ئەو حزبە بۆرژوا ناسیونالسیتە کوردیانە، تاکو دەیەیەک لەمەوبەر لەلایەن کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە ریسوا کرابێت و ئەو کارنامانەیان وەک عادەتێکی هەمیشەییان ناسرابێت. ئەوا ناڕەزایەتیەکانی تا ئێستای خەڵك، دژی پارتی و یەکێتی و بووەتە یەک پەیام و قسەوباسی رۆژانەی جەماوەری بەدژی ئەم هێزانە و ریسوا بونیان، بەتایبەت لەلایەن جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لەکارمەندو مامۆستا ولاوان و ژنان و خانەنشینانەوە، کەرۆژانە لەمیدیاکانەوە هاوارو ناڵەیانە بەدەسەت دەسەڵاتی حزبە کوردیە خۆماڵیەکانەوەیە، کەهەموو جومگە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەڵگەیان دەست بەسەردا گرتووەو مافیا ئاسا خەریکی تاڵانکارین.

٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ یەکێک و گۆشەیەکە لە درێژەی ئەو کارنامەو سیاسەتە کە خەڵکی کوردستان شاهیدیەتی… وە بەشیکە لە عادەتێکی هەمیشەیی و کارنامەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە چوارچێوەی جەنگی دەسەڵاتدا. پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بەرزانی، دەستی عادەت ئاسای راکێشا بۆ دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی دڕندەی بەعس بەسەرۆکایەتی سەدام حسێن، بۆ تێکشانی رەقیبی هاوبزوتنەوەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی کەئەویش ببوە هاوکاری جمهوری ئیسلامی ئێران و هێزەکانی ئەم رژێمەی سەنگسارو سێدارەیەی پەلکێش کردبوو بۆ کوردستان… بەم کارەشیان کارەساتێکی لەبیرنەچووەوەیان خستە سەر خەرمانی مێژووی رەشیان.

٢١ ساڵ لەمەوبەر پارتی بەئاشکرا دەستی ڕەشی ڕژێمی سەدامی گەیاندەوە سەرخەڵکی کوردستان و کوشتارێکی زۆری لە ئازادیخوازان کرد بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەکەو جیهانەوە، کەخەڵکانێکی زۆر، لەمەدەنی و ئەندامانی حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەهەولێر بوونە قوربانی سیاسەت و بەرژوەندیەکانی شەڕخوازانەو دژی خەڵکی پارتی و بەدەستی هێزەکانی رژێمی دڕندەی بەعس، کەزۆرێک لەوانە ئیعدام کران و زۆرێکی تر تا ئێستا بێسەرو شوێنن. وەخەڵکی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی رژێمی بەعسی ئاوارەو خەڵتانی خوێن کرد، تەنها بۆ ئەوەی هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی پاشەکشە پێبکات و تەوازن هێز لەبەرژەوەندی خۆی هاوسەنگ بکات، کەلەوکاتەوە تا ئێستا بەشەڕو کێشەی نێوان ئەم دوو حزبەی کوردایەتی، بەنۆکەریان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا، بە تاڵانکاری سەروەت و سامانی کوردستان و عێراقەوە، بەڵام لەبەرامبەر خەڵکی کوردستاندا یەک هەڵوێست و دەست لەناو دەست بوون، هاوکار بوون لەهەژارکردن، برسیکردن، بێ ئاو و کارەبا و بێ موچەیی خەڵکی کوردستان و تیرۆرو راووڕووت و کاری مافیایی و دابەشکردنی کوردستان بەزۆرنی زەردو سەوز. واتە ٣١ ئاب تاکە کارنامەو عادەتی حزبەکانی کوردایەتی نەبووە، پارتی چەندین جاری تر پێشلەشکری بۆ دەبابەو هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا کردوە، شەڕی هێزەکانی حزبەکانی تری کردوە. ساتوسەدای لەگەڵ رژێمی بەعس کردوە. حزبەکانی تری کوردایەتی بەتایبەتیش یەکێتی بەهەمان شێوە، تەنیا لەبەرامبەر مانەوەی دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی کەمایەتیەک و برسیکردنی زۆربە لەکۆمەڵگەدا، دەستیان لەهیچ تاوانکارییەک و نۆکەرایەتیەک نەپاراستووە.

راستە خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە دژی یەکێتی و پارتی و سیاسەتەکانیان هەن، دژی کارنامەی پارتین لەوانە ٣١ ئابن لە هێنانەوەی بەعس بۆ کوردستان، بەڵام هێشتا ئەم خەڵکە بەش مەینەتە ئەم برسی و ڕەش و رووتە، ئەم خەڵکە بێ موچەو ئاوو کارەبایە، ئەو خەڵکە کەسوکار تیرۆرکراوانە، هێز گەلێکی کوردایەتی کە دژی مەدەنیەت شارستانیەیە یارمەتی دەری کۆنەپەرستیە، بەڵام هێشتا ئەو خەڵكە ریزی خۆی لەسیاسەت و ماهیەت و کارنامەی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد جیا نەکردۆتەوە، خۆشخەیاڵی بەو هێزانەو بزوتنەوەی کوردایەتی لەکۆمەڵگەدا وقعیەتێکی تاڵە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەر کاتێک ئەم هێزە ناسیونالیستانە روپۆش و ناوی خۆی بگۆڕێت و لەژێر روپۆشیکی تردا سیمای درۆزنانەی بشارێتەوە،  قابیلی ئەوە هەیە خەڵك شوێنی ئەو خەتە نوێیەو ئەو دەموچاوە تازەیەی ناسیونالیزمی کورد بکەوێت کەهەمان کارنامەو سیاسەتی پارتی هەیە.

٣١ی ئاب وەک کارنامەو سیاسەتێکی پارتی کە ناتوانێت لە ماهیەت و کارەکانی ناسیونالیزمی کورد و پارتەکانی جیابێتەوە، قابیلی فەرامۆشکردن نیە، قابیلی ئەوەیە لەلایەن حزبەکانی کوردایەتیەوە دووبارەو سێ بارە بێتەوە. پەڵەیەکی ڕەش و شەرمەزاریە بەنێوچەوانی پارتی و ناسیونالیزمی کوردەوە.

بۆیە رێگاچارەی خەڵك بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەسات و مەرگەسات و یاریکردن بەچارەنوسیان، هاتنە مەیدانێکی ئاگایانەو رێکخراوبوون و خۆجیاکردنەوەیە کە لەکارنامەو سیاسەت و ماهیەتی ناسیونالیزمی کورد. خەڵکی کوردستان بۆ رزگاریان لەدەست ئەم دەسەڵاتەو ئەو مەرگەسات و تراژیدیایانەی لە چەشنی ٣١ ئاب،  پێویستە دەستبەرن بۆ رێکخراوکردنی رێزەکانیان لەدەرەوەی سیاسەت و بەرنامەی ئەم حزبانە، و پێویستە بەشوێن رێگاچارەی گونجاوو کارسازی خۆیانەوە بن کەهێزو دەسەڵاتی ئەم نوێنەرانەی بۆرژوازی لەکوردستان بۆ هەمیشە دەستکۆتا بکەن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *