یادێک لە یادی هاوڕێیانی گیان بەختکردوو بەکر عەلی و جەمیل ئەمین

هاوڕی بەکر عەلی شاعیر و رابەری ئاوارەو بێ خانەولانەکان… لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانیدا چاو بە دنیای زوڵم نابەرابەری هەڵهێناوە… بەکر عەلی زۆر زوو زوڵمی چینایەتی ناچاری خەبات و وەستانەوەی دەکات، زۆر زوو لەبەرەی خەڵکی هەژارو نەداردا دەوەستێت و دەبێتە هەڵسوراوێکی چالاک و تێکۆشەرێکی نا وتن بە دنیای سەرەوخواری پر ستەم و نابەرابەری سەرمایەداری… لەساڵی ١٩٩٣ و لە هاتنە ئارای مەسەلەی روخاندنی خانوە بێ تاپۆکانی شاری سلێمانی هاوڕی بەکر وەکو رابەرێکی ماندونەناسی بەرگری لە هاوڵاتیانی ئاوارەو بێ خانەو لانە، دەدەکەویت و دەبێتە سیمایەکی خۆشەویست و ناسراوی ناو ئاوارەکان و خەڵکی بێ خانەو لانە… دوای پشتیوانی لێبراوانە یەکێتی بێکارانی ئەو کاتە لە خەڵکی بێخانەو لانە، هاوڕی بەکر و ژمارەیەکی بەرچاو لەخەڵکی ئاوارەو بی خانەو لانە روو لە یەکێتی بێکاران دەکەن و  بەکر عەلی دەبێتە یەکێک لە ئەندام و رابەرانی یەکێتی بێکاران…  پاشان بەکر عەلی دەبێتە روخسارێکی ناسراو و خۆشەویستی بێبەشانی هەر جێگایەک کە ئەو هەڵسورانی تیادا دەکات… هەر ئەمەشە بەکر عەلی دەبیتە یەکێک لە هەڵسوراوی یاد و بۆنە کرێکاریی و ئاکسیۆنە کرێکارییەکان و یەکێک دەبێت لە وتار بێژانی ئاکسیۆنی شکۆداری یەکی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ ی مەلعەبەکەی شاری سلێمانی… لێبراوی و تیکۆشانی بەکر عەلی بۆ وەستانەوە بەرووی روخاندنی خانوە بیتاپۆکانی شارو حامیەی سلیمانی، رۆڵی رابەری و پێشرەوی ئەو بەکر عەلی دەکاتە خۆشەویست و جیگا متمانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی و نەداران و خەڵکی بێخانەو لانەو ئاوارە،  هاوکاتیش دەبێتە چقڵی چاوی ستەمکاران و تاڵانچیانی کوردایەتی… بۆیە جگە لە هەرەشەو چاوسورکردنەوەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی، چەندین جار دەستگیری دەکەن و هەرەشەی کوشتنی لێدەکەن بۆ وازهێنان لەپشتیوانی و تیکۆشانی لە خەڵکی ئاوارەو بیخانەو لانە…بەڵام باوەری بەکر عەلی بۆ ئاڵوگۆر و باشترکردنی ژیانی هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگە، ئەو سورتر دەکات لە خەبات و تێکۆشان و گرتنەبەری رێگای ریکخستنی نارەزایەتی جەماوەری و رابەری کردنیان… تا لە رۆژی ١/٩/١٩٩٤دا، لەکاتی رابەریکردنی خۆپیشاندان و رێپێوانی ئاوارەو بێ خانەو لانەکانی حامیەدا، دەدەرێتە بەر دەستڕیژی گوللەو دوای ئەوەی بریندار دەکرێت، بەدەستی قارەمانەکانی کوردایەتی و پارێزگارەکانی پاریزگای سلێمانی ئەو کاتە، دەکوژرێت و دڵە پڕ هیواو ئومێدەکەی لە جوڵە دەخەن… شایانی باسە بەکر  عەلی تەنها رابەرو هەڵسوراوێکی خەڵکی کرێکارو هەژارو نارازی نەبوو، بەڵکە ئەو شاعیرێکی هەست ناسک و یاخی و خۆشەویستی بوو… خاوەنی چەندین هۆنراوەی ناوازەو جوانە.

هاوڕی جەمیل ئەمین ٢٨/٦/١٩٥٦ لەشاری کەرکوک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٨ چۆتە کۆلیژی ئەندازیاری بەشی کارەبا لە زانکۆی بەغدا، بەڵام لە ساڵی دووەمی زانکۆ بەهۆی هەڵسوران و چالاکی سیاسیەوە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت… دوای ئەوەی ناتوانرێت هیچی بەسەردا ساغ بکەنەوە ئازاد دەکرێت… بەو هۆیەوە هاوڕی جەمیل بەردەوام لەژێر چاودێری دەزگا سیخوریەکانی رژێمدا دەبێت ناتوانێ بەردەوامی بەخوێندن بدات و چەند جارێک خوێندنەکەی دوا دەخات، تا دواجار ناچار دەبێت واز لە کۆلیژی ئەندازیاری بەغدا بهێنێت و بچێتە پەیمانگای تەکنیکی کەرکوک بەشی ئەلکترۆنیک کە بەپلەی یەکەم تەواوی دەکات…

هاوڕی جەمیل لەساڵانی هەشتاکانەوە تێکەڵی خەباتی سیاسی و کۆمۆنیستی دەبێت، یەکێک دەبێت لە کادرە بەرجەستەکانی ” رێکخراوی تێکۆشانی کارگەران” و ” رەوتی کۆمۆنیست’ و دواتریش لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق. پاش پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٨ لەناو ریزەکانی ئەو حزبەدا بێ وچان درێژە بەخەباتی کۆمۆنیستی دەدات…

بەداخێکی زۆرەوە هاوڕی جەمیل دوای ململانێیەکی ٥ ساڵی لەگەڵ نەخۆشی شیرپەنجە،  لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا و لەناو ئامێزی خێزان و کەس وکارەکەیدا لەشاری کەرکوک بۆ هەمیشە چاوی لێک نا… گیان لەدەستدانی هاوڕی جەمیل خەسارەتێکی گەورەبوو لە چینی کرێکار و کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق و کوردستاندا….

رێبوار ئەحمەد وەکو هاوڕێیەکی نزیک سەبارەت بەکەسایەتی هاوڕی جەمیل لە کتێبی” جەمیل ئەمین” گەوهەری کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەنووسێت “هاورێ جەمیل لە ماوەى نزیکەى چوار دەیە هەڵسوڕانى سیاسى و کۆمۆنیستیدا، خزمەتى گەورەى بە کۆمۆنیزم کردوە، هێزى زۆرى بۆ کۆمۆنیزم پەروەردە کردوە، کەسانێکى زۆر لەسەر دەستى فێرى مارکسیزم بوون و بە ریزى بزووتنەوەى کۆمۆنیستیەوە پەیوەست بوون، خۆم یەکێک بووم لەوانەى کاریگەریم لەو وەرگرتوە بۆ هەڵبژاردنى ئەم رێگایە. جەمیل کۆمۆنیستێکى پەیگیر بوو، لە ژیانى سیاسى و رێکخراوەییدا بەرپرسایەتى و پۆستى جۆراوجۆرى لە ئەستۆ گرتووە، هەمیشەش لە راپەڕاندنى ئەرکى سەرشانیدا ئەوپەڕى پەیگیرى نواندوەو کارى خۆى زۆر بە تەواوى ئەنجامداوە. جەمیل بۆ بزووتنەوەى کۆمۆنیستى کێوێک بوو لە ئینێرجى و لە بەرامبەر هیچ ئەرک و مەهامێکى سیاسیدا رانەماوەو سڵى نەکردوەتەوەو دەستەوەستان نەبووە. جەمیل بە واقعى هەمیشە و دایم، شەو و رۆژ، تەنانەت بە لەش ساغى و بە نەخۆشى، ئامادە باش بوو بۆ هەر کارێک کە بزووتنەوەو حیزبەکەى پێى سپاردبێت”.

بەشێکی تردا دەڵێت”… بەراستى هەرچیەک دەربارەى کەسایەتى سیاسى هاوڕێ جەمیل بڵێم وەسفى تەواو و کەماڵى ئەوم بۆ ناکرێت. بەڵام کۆمۆنیست بوون و هەڵسوڕاوى سیاسى بوون، تەنها بەشێک و لایەنێک بوو لە کەسایەتى عەزیمى جەمیل. ئەو بەڕاستى دەریایەک بوو لە ئینسانیەت، لە دڵسۆزى بۆ دەوروبەرەکەى، لە خەمخۆرى بۆ بەشەر، لە دڵپاکى، لە خۆشویستنى ژیان و خۆشى بۆ هەموان… بە دڵنیاییەوە دەڵێم جەمیل هیچ کات دڵى کەسى نەرەنجاندوەو قینى لە کەس نەبووە. باوەڕ ناکەم جەمیل قورسایى بەسەر کەسەوە بوبێ و زۆر هەستیار بوو بەرامبەر بەوەى بچوکترین قورسایى بخاتە سەر کەس، بەڵام هەمیشە بۆ هاوکارى هەموو کەس ئامادەبوو. جەمیل خاوەن نەفسیەتێکى بەرز بوو ئامادەنەبوو تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجدا هیچ تەنازولێک بۆ هیچ شتێک بکات. بەراستى جەمیل ئینسانێکى عەزیم و تایبەت بوو، لە دڵسۆزى و دڵپاکى و لە خۆبوردویى و هاوکارى و رێزدارى و میهرەبانى و…دا ئینسانێکى نمونەیى بوو. ئەمە قسەیەک نیە کە من لە پاش مەرگى لە سەر بناغەى خۆشەویستى زۆرم، لە وەسفى ئەودا وەکو زیادەڕۆییەک بیکەم، دەمێک ساڵە لە زۆر جێگا جەمیلم وەکو ئینسانێکى نمونەیى و تەنانەت بێوێنە لەو بوارانەدا وەسف کردوە. هاورێیەتى ئەو هەمیشە مایەى شانازى بووە بۆم.

بەڕاستى مەرگى ئەو زەربەیەکى زۆر گەورەبوو لە کۆمۆنیزم، لە ئینسانیەت، لە هەموو کەس و کار، لە ئێمە وەکو هاوڕێیانى نزیکى، وە لە هەموو کەسێک کە تەنانەت بۆ ساتیک لە نزیکەوە ئەوى ناسبێت، کە بێگومانم لەوەى پریشکى دڵسۆزى و میهرەبانى لە رادەبەدەرى ئەوى بەرکەوتووە. جێگاى جەمیل هەرگیز پڕنابێتەوەو بۆ هەتا هەتایە لە نێوماندا جێگاى خاڵیە…”

بەرزو بەرێز بێت یادی هاوڕێیان گیان بەختکردوو جەمیل ئەمین و بەکر عەلی…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

هۆنراوەیەکی بەندی عەلی لەساڵی ٢٠١١ نووسراوە

بۆ جەمیل ئەمین

ئەڵێن گوایە

مرۆڤە باوەڕدارەکان پێیان وایە

کاتێ کە یەکێکیان ئەمرێ

ئەوە تەنها جەستەیەتی

لەباوەشی نەرم و نیانی خاک ئەنرێ

روحی ئەبێت یان بە گوڵێک

یان بەهەنگێک یان پەپوولە

یان بەڕەنگاڵەیەکی دەنگخۆش

 

من ئەڵێم خۆ ئەگەر وابێ

هەم ئینجانەی بەڵەکۆنەی ماڵەکانمان

هەم چرای شەوی دیدارمان

هەم لق و چڵی درەختەکانی شۆریجەو

ئیمام قاسمیش

ئیتر بێ گوڵ و پەپوولەو

بێ هەنگ و رەنگاڵەی یادی

جەمیل نابێ

 

من جەمیلم نەبینی بوو

وەلێ بەوەی هاوڕێکانی باسی دەکەن

ئەو مرۆڤێک بوو لە رەنگی گوڵ

مرۆڤێک بوو لەماندوو نەبوونی هەنگ و

لەخۆنەویستی پەپوولەو

ڕەنگاڵەیەک بوو کەتەنیا

 

بۆ ئازادی دەیچریکان

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *