داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئین ئارتی، پێشیلکاریەکی ئاشکرای ئازادی کاری میدیایی و رۆژنامەگەری و ئازادی رادەبڕینە…

 

بەپێی فەرمانی ژمارە ٦١٩ بەرواری ٢٨/٨/٢٠١٧ بەڕیوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوبونەوەی هەولێر کە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانە، بریاری راگرتنی پەخشی کەناڵی ناوخۆیی ئین ئارتی داوە. پاساوی ئەم بریارە ئەوەیە کە ئەم کەناڵە بانگەشە بۆ نەخێر دەکات لە پەیوەند بەریفراندۆمەوە.

بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان،  هێندە نامۆن بە بیری ڕۆشن و هێندە دژی ئازادی و کاری میدیایی و رۆژنامەگەرین، نایانەوێ لەوە تێبگەن، کەحیکمەتی ئازادی، ئەوەیە کە ئەوانەی لەگەڵت نین، نەیارەکانت، مخالیفەکانت، ئازاد بن لە کاری میدیایی و رۆژنامەگەری و ئازادی بەیان و بیروباوەریاندا… نەک دەسەڵات و میدیای حزبی دەسەڵات و خێڵی میدیا و نووسەرانیان.

خودی ریفراندۆم  وەکو پرۆسیسیكی بۆ نواندنی ئازادی و شانۆیەک بۆ نمایشی ئازادی، بۆ بریاردان لەسەر پرسێکی پربایەخ، گرنگیەکەی لەوەدایە، هەر دەنگ و رەنگێک، هەر حزب و رێکخراو کۆمەڵەیەک، هەر بڵاوکراوە رۆژنامەو گۆڤارێک، هەر سیاسی و نووسەر و رۆژنامە نووسێک، هەر میدیا و کەناڵێکی بینراو بیستراو چاپکراو، وە هەر هاوڵاتیەک… ئازاد بێت، دەنگی “بەڵی” یان ” نەخێر” بەو پەری ئازادییەوە رابگەیەنێت و بانگەشەی بۆبکات و خەڵکی لەدەوری بانگەشەکەی کۆبکاتەوە. ریفراندۆمێک جێگای ئەوەی تیا نەبێتەوە، بانگەشەی نەخێر و نای تیابێت، ریفراندۆمێکی ئازاد نییە. دەسەڵات و دەزگا رۆشنبیریەکەشی رێگری لەو مافە زۆر سادەیە بکەن، وەکو هەمیشە دەیسەلمێنەوە، دەسەڵات و دەزگایەکی دژی ئازادین.

داخستنی کەناڵی ئێن ئارتی، هەوڵێکە بۆ داخستنی هەموو دەنگی نارازیی و بەشێکە لەو هەوڵەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ بەرتەسککردنەوەی هەرچی زیاتری ئازادی و ئازادی بەیان و بڵاوکردنەوە و کاری رۆژنامەگەری… کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی خۆی پێوەگرتووە.

ئیمە لە کاتێکدا بەتوندی ئیدانەی داخستنی پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئین ئارتی دەکەین و ئەو هەوڵە بە هەوڵێکی مایە مایەپوچ و دژە ئازادی دەزانین، هاوکات بانگەوازی بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە دەکەین لەبەرامبەر بەو هەنگاوە دژی ئازادییەی دەسەڵات و وەزارەتە دژە رۆشبیری و تاریک پەرستیەکەی رابوەستن، تا رێز لە ئازادی بگرن و ئەو  بریارەشیان هەڵبوەشێنەوە.

بۆپێشەوە

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *