خه‌سره‌و سایه
هاوڕێیان:
ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێ لێره‌دا له‌سه‌ری ڕاوه‌ستم، ئه‌و لایه‌نه تازه‌یه‌یه كه به‌تایبه‌تی له‌م یه‌ك دوو مانگه‌ی دواییدا له نێو دۆخی سیاسی كوردستاندا به‌رجه‌سته بۆته‌وه. له‌م په‌یوه‌نده‌شدا، ده‌بێ ئه‌وه بڵێم که حزب به‌گشتی لێکدانه‌وه و هه‌ڵویسته‌کانی خۆی له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه و شه‌ڕ له سوریا و موسڵ و ململانێی سیاسی و سه‌ربازی نێوان هێزه ئیمپریالیستیه‌کان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی ئێران و توركیا و هێزه ناوخۆییه‌كان، له به‌یاننامه و به‌ڵگه‌نامه‌کانیدا ڕاگه‌یاندووه که من نامه‌وێت لێره‌دا دووباره‌یان بکه‌مه‌وه. بۆیه فه‌رزم ئه‌وه‌یه که ئه‌م باسه‌ی من له درێژه و پشتبه‌ستن به‌و لێکدانه‌وه و هه‌لوێستانه‌ی حزبدا وه‌ربگرن. به‌ڵام سه‌ره‌تا چ شتێک تازه‌یه؟
دوو لایه‌نی تازه:
بێگومان هه‌لومه‌رجی كوردستان به‌شێكه له هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه و دنیا. به‌دیاریکراویش ڕه‌وه‌نده‌کانی شه‌ڕێك که له ناوچه‌که‌دا هه‌یه، وه‌ک سهنتهریك بۆ ئاڵوگۆڕی دونیا و جێخستنی هاوکێشه‌ی نێوان هێزه جیهانی ئیقلیمی و ناوخۆییه‌کان، به یه‌کجاری کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕه سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه و فاکتۆرێکی کاریگه‌ره بۆ بزواندنی حزب و جوڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له کوردستاندا. له‌م باره‌وه به بڕوای من دوو لایه‌نی تازه، وه‌ک ئاکامێک له کێشمه‌کێشی چه‌ند مانگی ڕابردووی نێوان هێزه ده‌رگیره‌کان جێگای سه‌رنجدان و ڕاوه‌ستانه: یه‌که‌میان به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌ی ڕۆڵی ڕوسیایه له‌دوای گرتنه‌وه‌ی شاری حه‌ڵه‌ب ودووه‌میشیان، وه‌ده‌رنانی داعشه له به‌شێکی زۆر له ناوچه‌کانی عێراق به‌تایبه‌تی له به‌ره‌ی چه‌پی موسڵ و دواتریش په‌ڕینه‌وه بۆ به‌ره‌ی ڕاست.
له‌باره‌ی خاڵی یه‌که‌مه‌وه، وه‌ده‌رنانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا له حه‌له‌ب ته‌نها یه‌ک وه‌رچه‌رخانی گه‌وره نییه له هاوکێشه‌ی سه‌ربازی نێوان لایه‌نه ده‌رگیره‌کانی سوریادا، به‌ڵکو له‌باری سیاسیشه‌وه، داسه‌پاندنی پاشه‌کشه‌یه‌کی تره به‌سه‌ر ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا و لایه‌نگرانی ئه‌م که‌مپه‌دا. ئه‌مه به مانای وه‌رگرتنی پێشڕه‌وی یه‌کلایه‌نه‌ی ڕوسیایه بۆچاره‌سه‌ری جه‌نگ له سوریادا، سازدانی چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌کی نێوان لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن و حکومه‌تی سوریا له “ئاستانه”، هاوکات خۆئاماده کردن بۆ کۆبوونه‌وه‌ی جنێفی چوار به‌ڕۆشنی ده‌ریده‌خات که‌ڕوسیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریکادا ڕوو لهپێشڕهویه، و ده‌یه‌ویت سوریا وه‌كو حه‌وزه‌یه‌كی نفوزی خۆی به‌سه‌ر ئه‌مریکا و هێزه ڕه‌قیبه‌کانی تردا داسه‌پێنێ. داکۆکی کردن له مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و نووسینی مسۆده‌ی ده‌ستوری سوریا، پێشنیارکردنی له‌لایه‌ن ڕوسیاوه بۆ هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن و حکومه‌ت، خۆی نیشانه‌یه‌ک له پێشڕه‌وی ڕوسیا ڕووه‌و ئه‌م ئامانجه ده‌رده‌خات. له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌رچه‌نده ئه‌م مه‌وقعه تازه‌یه‌ی ڕوسیا هێشتا شه‌ڕی به‌ره‌و کۆتایی نه‌بردووه، به‌ڵام به بۆچوونی من هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌یانه‌وێت ئه‌م شه‌ڕه به‌جۆرێک ته‌واوکه‌ن، چونکه درێژه‌کێشانی به زیان و گرفتی چه‌ندلایه‌نه بۆههمویان ته‌واوبووه. ئه‌م دۆخه تازه‌یه له‌لایه‌ک ئه‌مریکا وادار ده‌کات ده‌ست بۆ کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌رێ تا لانیکه‌م هاوسه‌نگیه‌ک پێکبهێنێ له‌به‌رامبه‌ر ڕوسیادا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر سایه‌یدا، ڕێچکه‌ی ڕێکه‌وتن بگرێته‌به‌ر. به‌تایبه‌تی هه‌مووده‌زانین که ئه‌مریکا له سه‌رده‌می ئۆبامادا، شه‌ڕی موسڵی وه‌ک کارتێک بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی هاوکێشه‌ی هێزی سه‌ربازی و سیاسی له‌به‌رانبه‌ر ڕوسیادا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌سته‌وه گرت، به‌ڵام ئێستا نازانرێ ئیداره‌ی ترامپ ده‌ست بۆ چ کاردانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربازی ترده‌بات. به تایبه‌تی که ترامپ، وه‌ک نوینه‌ری ره‌وتێکی ئه‌ڵترا ڕاستڕه‌وی زاڵ به‌سه‌ر ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وادا به‌یکجاری جڵه‌وی له‌ده‌ستداوه و ئه‌گه‌ری خوڵقاندنی مه‌ترسیه‌کی گه‌وره له‌ئارادایه. له‌لایه‌کی تره‌وه نفوزی ئێرانه که له‌به‌ر ڕۆشنایی پێشڕه‌ویه‌کانی ڕوسیادا، هه‌رچی زیاتر وه‌ک پۆلیسی ناوچه‌که و پڕکردنه‌وه‌ی سیسته‌می ئه‌منی که‌نداو، خۆی به‌رجه‌سته کردۆته‌وه. ئه‌مه بابه‌تێکه که هه‌م زه‌مینه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی ترامپ بۆسه‌ر ئێران و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی تازه سازده‌کات، وه هه‌م ڕوڵی تورکیا و سعودیه وه‌ک به‌ره‌یه‌ک له‌به‌رامبه‌ر ئێران‌دا کارا کردۆته‌وه. به‌راده‌یه‌ک که ڕوسیا نه‌توانێ هه‌مولایه‌ک پێکه‌وه ڕازی بکات و سه‌ره‌نجام ئارایشتێکی تازه به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ببه‌خشێ. کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی ته‌عاونی عه‌ره‌بی له ئه‌رده‌ن که زیاتر بهه هوڵی سعودیه له‌دژی ئێران سازدرا، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هێزه، به‌تایبه‌تی هه‌وڵدان بۆ ڕازی کردنی عێراق و ڕازی کردنی به‌ده‌رچون له بازنه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئێران، خاڵێکی سه‌ره‌کی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بووه….
ئه‌م دۆخه تازه‌یه به دڵنیایه‌وه کاریگه‌ری له‌سه‌ر حزبه‌کانی کوردستان داده‌نێ چونکه هه‌رهه‌موویان به‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌ی تورکیا و ئێران‌دا دابه‌شبوون و له‌بازنه‌ی سیاسه‌ته ناوچه‌ییه‌کانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌خوڵێنه‌وه. له‌م په‌یوه‌نده‌شدا ئێستا باس له “سیاسه‌تی متهوازنی حکومه‌تی هه‌رێم و پارتی” ده‌کرێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دونیادا. كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌م دواییانه‌دا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و سیاسه‌تی پارتی له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ڕوسیا و ئێران، له حاشییه‌ی کۆنفرانسی “ئاسایشی جیهان”دا که له میونخ به‌سترا، هه‌روه‌ها ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی که بارزانی سه‌ردانی ئێران ده‌کات، نیشانه‌یه‌که له‌وه‌ی که بارزانی خه‌ریه‌ک ده‌ست بۆ جۆرێك له سیاسه‌تی دوسهرهیی ده‌با له‌ژێر ناوی “ڕاگرتنی باڵانس” دا. هه‌موو ئه‌مانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌وقعه تازه‌یه‌یه که ڕوسیا و ئێران له‌سایه‌ی شکسته‌کانی ئه‌مریکا و تورکیادا، به‌ده‌ستیان هێناوه..
به‌ڵام له‌باره‌ی خاڵی دووه‌مه‌وه، گۆرانکاریه‌کان ڕاسته‌وخۆتر له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێم کاریگه‌ری داناوه. ئێستا که هه‌موولایه‌ک باس له‌وه ده‌که‌ن که “کێشه‌که داعش نییه”، به‌ڵکو موسڵی دوای داعشه، ئه‌مه خۆی ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوبوونی جه‌نگ له‌موسڵ هه‌ر له ئێستاداوه هێزه ده‌رگیره‌کانی خستۆته قۆناغی کێشمه‌کێشه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئارایشی ناوچه‌که چی لێدێت وههرلایه ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆی چۆن ده‌چنێته‌وه و چ جێگاوڕێگایه‌ک له ده‌سه‌ڵات و ناوچه‌کانی نفوزدا به‌ده‌ست دێنێ. له‌م په‌یوه‌نده‌دا، مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، که دواتر دێمه‌وه سه‌ری، ساڵانێکه درێژه‌ی هه‌یه و به‌رده‌وامیش خاڵێکی میحوه‌ری بووه. کێشه‌ی بودجه و دابه‌شکردنی داهات، مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک وناوچه جێناکۆکه‌کان، که ئێستا هێزی پێشمه‌رگه له به‌شێکی زۆریاندا جێگیرکراوه، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و ئیمتیازاتی ناسیونالیزمی کورد، که پێشتر له فیدڕاڵیزمدا پێناسه‌ی بۆ کرابوو.. هه‌موئه‌مانه چی‌یان به‌سه‌ردێ و چۆن له‌سه‌ری ده‌بڕێنه‌وه؟ بابه‌تگه‌لێکن که جارێکی‌تر ده‌بێته‌وه بنه‌مای کێشمه‌کێشی نێوان به‌غدا و هه‌رێم و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، په‌یوه‌ندی نیوان حزبه‌کانی کوردستان به‌ره‌و گۆرانکاری و ڕیزبه‌ستنی تازه ده‌بات.
ئه‌وه‌ی که‌ده‌مه‌وێت به‌دیاریکراوی سه‌رنجی ئێوه‌ی بۆ راکێشم ئه‌وه‌یه که پارتی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م فاکتۆره تازانه‌دا، ڕۆڵی هێزێکی هێرشبه‌ر وخوڵقێنه‌ری دۆخه سیاسیه‌کان ده‌رده‌که‌وێ، هێزێک که تاکڕه‌وی زیاتر به خه‌رج ده‌دات له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی، مه‌سه‌له‌ی ئاڵا له‌که‌رکوک، باسی سه‌ربه‌خۆیی و وڕیفراندۆم و ده‌ست هه‌ڵگرتن له نامه‌که‌ی مه‌سعود به‌رزانی بۆ ڕێکه‌وتنی لایه‌نه‌کان و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی و دارایی له هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک خۆی ناوی لێناوه، به‌ی هکجاری خراوه‌ته لاوه. ئێستا هه‌موان باسی سه‌ربه‌خۆیی وڕیفراندۆم ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌که بۆدهورهیهکی تازه‌ی له کێشمه‌کێشه‌کانی نێوان بۆرژوازی کورد و ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی له‌په‌یوه‌ند به نزیک بوونه‌وه‌ی کۆتایی داعش له‌موسڵدا… له‌مباره‌وه قسه‌ی زیاتر پێویست ده‌کات، به‌ڵام ڕێگام بده‌ن با جارێ سه‌رنجێک له جوڵانه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد له‌ئاستی ناوچه‌که‌دا بده‌م ودوایی بگه‌ڕیینه‌وه سه‌رئه‌م خاله.
ناسیونالیزمی کورد و پێگه‌ی پارتی
وه‌ک سونهتهێکی سیاسی که به‌رده‌وام ئاماژه‌مان پێداوه، ئه‌حزابی ناسوینالسیتی کورد هه‌میشه سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌مای درزوکهلێنی نێوان ده‌وڵه‌تان و هاوکێشه‌ی هێزی نێوانیان و خۆبه‌ستنه‌وه پێیانه‌وه داڕشتووه، به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به ڕۆڵێکه‌وه که ناسیونالیزمی کورد و هه‌موو حزبه‌کانی ده‌یگێڕن له ئێستای ناوچه‌که‌دا و له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌ی ئاماژه‌مان پێ‌کرد، ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ حاڵه‌تێکی واوه‌تر له‌م سونه‌ت و بنه‌مایه بکه‌م. ئه‌ویش ڕۆڵگێرانی هێزه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه بۆرژوازیهیه وه‌ک “هێزی کۆنترا”. ئه‌مه به مانای ته‌جاوزکردنی ڕۆڵی “بریکاری” بوونیشه که تائێستا له جه‌نگدا بۆ ده‌وڵه‌تانیان گێڕاوه. له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا، پارتی ده‌بینین که هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ر له‌زووه‌وه به‌پێی یاداشتی لێکتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا له‌به‌رامبه‌ر 415 ملیۆن دۆلاردا خستۆته خزمه‌تی سیاسه‌ته جهنگخوازیهکانی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاواوه. پارتی لهکۆنتراکردنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا، ته‌واوی هه‌وڵه‌کانی بۆ ئه‌وه‌یه که چه‌ک و پاره و ئیمکانات و توانای لۆجستیکی شه‌ڕ به‌ده‌ست بهێنێ و خۆی له‌به‌رامبه‌ر عێراقی دوای ته‌واو بوبی داعش له‌موسڵدا ئاماده‌بکات. هه‌ر له‌مباره‌وه بارگرژیه چه‌کداریه‌که‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی شنگال له‌گه‌ڵ په‌که‌که مقۆمقۆی ئه‌وه‌ی که ده‌بێ هێزه‌کانی په‌كه‌كه له‌شنگال و قه‌ندیل ده‌ربکرێ، به‌ڕۆشنی کۆنتراکردن و پێشله‌شکری کردنی پارتیه، به‌پێی داوایه‌ک که حکومه‌تی تورکیا کردوویه‌تی. به‌ڵام له‌م ڕۆڵه‌دا پارتی ته‌نیا نییه. حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، که‌تا ئه‌م دوایانه‌ش سه‌روبنی زمانی ئه‌وه بوو که ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ جمهوری ئیسلامی ئێران‌دا، به دیالۆک و ئاشتی کێشه‌ی کورد به‌لایه‌کدا بخه‌ن، که‌چی ئێستا هێزه‌کانی بۆ سعودیه خستۆته کۆنتهراتهوه و ده‌ستی داوه‌ته توندکردنه‌وه‌ی کرده‌وه‌ی چه‌کداری له شاره سه‌ر سنوریه‌کان. په‌یه‌ده‌ش له‌مباره‌وه ڕۆڵی هاوشێوه ده‌گێڕێ. بانگه‌وازی به‌رده‌وامی ساڵح موسلیم و ئاماده‌یی بۆڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕوسیا و ئه‌مریکادا، هاوکات به‌شداری له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌دا و وه‌رگرتنی کۆمه‌که سه‌ربازیه‌کان له‌م ده‌وڵه‌تانه، دیسانه‌وه نیشانده‌دات که سیاسه‌تی کۆنترابوون حاڵه‌تێکی تازه‌یه له ڕۆڵی ناسیونالیزمی کورددا. به‌ڵام لایه‌نێکی تر که پێویست ده‌کات سه‌رنجی لێبده‌ین پێگه و ده‌وری پارتیه له‌م دۆخه‌دا. به بڕوای من پێگه‌یه‌ک که پارتی بۆی په‌یدا بووه و سیاسه‌تێک که ده‌یه‌وێت تاکڕه‌وانه بیگێڕێ، ئه‌وی وه‌ک سهنتهریک بۆ ناکۆکی و ڕیزبه‌ستنی حزبه‌کان نه‌ک هه‌ر له‌عێراق، به‌ڵکو له ئاست پارچه‌کانی کوردستانیشدا دیاری کردووه. ئه‌مه به‌و مانایه‌ی که له‌لایه‌که‌وه، ده‌عوای پارتی له‌دژی ده‌وڵه‌تی عیراق و گه‌رمکردنی بانگه‌واز بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ڕیفراندۆم، هه‌م یه‌کیه‌تی و حزبه ئیسلامیه‌کانی به‌خه‌ت کێشاوه و خودی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشی ته‌ریک خستۆته‌وه، وه‌هه‌م ده‌رگای ئومێدێکی به ڕووی حزبه ناسیونالیسته‌کانی کوردستانی ئێران‌دا کردۆته‌وه، تاوه‌ک پشتیوانه‌یه‌ک سه‌یری بکه‌ن. له‌لایه‌کی تریشه‌وه پارتی وه‌ک میحوه‌رێک بۆ دژایه‌تی په‌که‌کا، ده‌رده‌که‌وێ وبه‌مه‌ش قورساییه‌ک له‌سه‌ر ته‌واوی حزبه‌کانیتر داده‌نێ، وپێدهچیت له‌نێوان شه‌رکردن و نه‌کردنی پهکهکادا، قه‌راریان پێبدات. وه‌ک ئهنجامیگیریهک له‌م سه‌رنجانه ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ ئه‌گه‌ری شهر و بارگرژی چه‌کداری نیوان حزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ڕاکێشم، که پارتی ده‌ستی پێشڕه‌وی تێدا هه‌یه و هه‌مولایه‌کیش له پرۆسه‌ی کۆنترابوندا خۆیان پرچه‌ک کردووه. پێم وابێ ئه‌مه مه‌ترسیه‌که و ده‌بێ کۆمه‌ڵگای لێ‌ئاگادار بکرێته‌وه. ئێستا بابگه‌ڕینه‌وه سه‌ر ورده‌کاریه‌کانی دۆخی سیاسی کوردستان و مه‌یدانه‌کانی خه‌باتمان.
سه‌رنجێک له دۆخی سیاسی کوردستان
هه‌روه‌ک پێشوتر له‌مباره‌وه قسه‌مان کردووه، دۆخی ئێستای کوردستان له‌چوارچێوه‌ی قه‌یرانێکی فره ڕه‌هه‌ندی سیستم و حاكمیه‌تی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی كورد دا ده‌چێته پێشه‌وه. ئه‌م قه‌یرانه به بۆچونی من سێ ڕه‌هه‌ند، وه‌یان بڵێم سێ کوچکه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه، که هه‌موویان پێکه‌وه زه‌مینه ماددی و سیاسیه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی له كوردستان وڕهوهندهکانی دیاری ده‌کات. که‌وایه با که‌مێک زیاتر له‌باره‌ی ئه‌م قه‌یرانه و ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه قسه‌بکه‌ین:
ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌م: قه‌یرانی ئابوریه، ئه‌مه به‌و مانایه‌ی كه نیزامی سه‌رمایه‌داری له كوردستان دوای ده‌وره‌یه‌ک له گه‌شه‌کردن و بوژانه‌وه، له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابوری به‌ره‌وڕووه. ده‌وره‌یه‌ک له بوژانه‌وه که له‌ساڵی 2005 ده‌ست پێده‌کات تا 2012 بۆ 2013 درێژه ده‌کێشێ. ئه‌م ده‌وره‌یه که له‌ژێر سایه‌ی ئارامیه‌کی نسبی و سهرهوژێربوونهوهی داهاتی نه‌وت و بودجه‌ی عێراق، سه‌رمایه به لێشاو ڕووئه‌كاته بازاڕه‌کانی كوردستان و به‌و پڕۆژانه‌وه ئه‌چه‌سپێ که ژێربینای ئابوری کوردستان ده‌گرێته‌وه و زیاتریش وه‌ک پێداویستیه‌کانی دامه‌زراندنی پیشه‌سازی دۆزینه‌وه و ده‌رهێنان و هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و مه‌وادی ژێرزه‌مینی، جێگایان هه‌یه. له‌م ده‌وره‌یه‌دا که به خێرایی هه‌زاران پڕۆژه‌ی جۆراو جۆری گه‌وره و بچوک و مامناوه‌ندی، له بواره‌کانی ڕێگاوبان، پرد، بینا و شوێنی نیشته‌جێبوون، تا کارگه‌کانی پاڵاوگه‌ی نه‌وت، به‌رهه‌م هێنانی گه‌چ و چیمه‌نتۆ، ئاسن و بواره‌کانی خۆراک.. هاوکات سه‌رده‌رهێنانی سه‌دان کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی و کارکردنیان له بواره‌کانی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه و ده‌رهێنانی نه‌وت و گازدا. که سه‌ره‌نجام فراوانبوونه‌وه‌ی شاره‌کان و خستنه‌گه‌ڕی هێزی کاری کرێکارانی کوردستانی له مه‌ودایه‌کی فراواندا به‌دوای خۆیدا هێنا. ئه‌م ده‌وره‌یه ده‌کرێ به قۆناغ و شه‌پۆلی دووه‌می ته‌واوکردنی ژێربینای ئابوری سه‌رمایه‌داری کوردستان ناوبه‌رین که به‌دوای ساڵی 1974 وه تا 2003، له‌به‌رئه‌نجامی پشێوی وشه‌ڕه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی نێوان ناسیونالیزمی کورد وبه‌عس، شه‌ری ئێران و عێراق، شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می که‌نداو، تاساڵی 2003 وڕوخانی به‌عس، ئابوری سه‌رمایه‌داری کوردستانیان له چاوه‌ڕوانیدا ڕاگرتبوو. ئه‌گه‌رچی لهسازدانهوهی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراقدا، ڕێکه‌وتنی نێوان ناسیونالیزمی کورد و لایه‌نه عێراقیه‌کان به‌پێی ده‌ستور، هاوکات دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سامان، لهژێرفۆرمی فیدڕاڵیزمدا، زه‌مینه سیاسییه‌کانی بۆ ئه‌م شه‌پۆله له په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری له کوردستان سازکرد، به‌ڵام خودی ده‌وره‌که خێرا و کورتخایه‌ن بوو، وه هه‌رزوو سه‌ری له ڕاوه‌ستان و پاشان قه‌یرانی ئابوری ده‌رهێنا. قه‌یرانێک که له‌لایه‌ک به‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ی پڕبوونی به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیه ژێربینایهکانه، بۆ پیشه‌سازی ده‌رهێنانی نه‌وت ومه‌وادی ژێرزه‌مینی، وه له‌لایه‌کی تریشه‌وه سه‌ره‌و ژێر بوونه‌وه‌ی کارکرد و ڕه‌وه‌ندی قه‌یرانی ئابوریه جیهانیه بۆ کوردستان. به‌تایبه‌تی که ئابوری و سه‌رمایه‌داری له كوردستان به‌حوكمی ئه‌وه‌ی وه‌ك حه‌وزه‌یه‌كی ئیمپریالیستی بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه و وه‌گه‌رخستنی هێزی كاری هه‌رزان، جێگه‌ی له کاردابه‌شکردنی ئابوری جیهاندا گرتووه، به پێویست له‌ژێر کاریگه‌ریه‌کانی بازاڕی جیهان و دۆخی سه‌رمایه‌داری جیهاندایه. به ڕاده‌یه‌ک ده‌کرێ بڵێم که ئابوری کوردستان چاوه‌ڕوانه بۆ هه‌لومه‌رجی جیهانی و هاوکات چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌که‌شی له ناوخۆدا نییه، چونکه په‌یوه‌ندی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رمایه له‌به‌رهه‌مهێنان و فرۆش و ناردنی نه‌وت چاوه‌ڕوانی بازاڕی جیهانییه. ئه‌مه باسێكی تره و من نامه‌وێ لێره‌دا له‌وه‌زیاتر له‌سه‌ری بڕۆم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئاكامی ئه‌م قه‌یرانه چییه و چ ڕه‌نگێكی داوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات؟ له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان؟ سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر ڕه‌وتی خه‌باتی چینایه‌تی چ کاریگه‌ریه‌ک داده‌نێ؟
یه‌كێك لهئاکامهکان و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م قه‌یرانه ئابوریه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، وادار کردنیه‌تی به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی داشکاندنهوهی ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م قه‌یرانه به‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشدا، یانی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی سکهه‌ڵگوشین و لێگرتنه‌وه له داهاتی خه‌ڵک و ده‌ستهه‌ڵگرتن له خزمه‌تگوزاریه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سیاسه‌تی بێکارکردن، له‌ڕێگای ترشیق و بچوککردنه‌وه‌ی حکومه‌ت و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه.. ڕاپۆرته‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی سیسته‌می موچه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ره‌ماڵه و.. لێکدانی وه‌زاره‌ته‌کان، خۆ دهربازکردن له دابینکردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی، خوێندن، ئاووکاره‌با، دامه‌زراندن.. هه‌موو ئه‌مانه گۆشه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ن که چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌راستای داشکاندنهوهی ئاسه‌واری قه‌یرانه‌که به‌سه‌ر شانی خه‌ڵکدا گرتویه‌تیه‌به‌ر.
یه‌کێکی تر له ئاکامه‌کانی قه‌یرانی ئابوری ڕاوه‌ستان و له‌کارکه‌وتنی کارگه و پڕۆژه ئابوری و بازرگانیه‌کان و گرژبوونی بازاڕ وسه‌رهه‌ڵدانی بێ‌کاری و گرانیه. دۆخێکی ئاواش له‌پاڵ سیاسه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا که ئاماژه‌م پێدا، هه‌رچی زیاتره هه‌ژاری و نه‌داری کردۆته دیارده‌یه‌کی بهرپڵاوی مه‌ترسیدار. که بێگومان کاریگه‌ری خراپ و شکێنه‌ری ده‌بێ له‌سه‌ر دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌باتی چینایه‌تی. هه‌ربۆیه خه‌بات له‌دژی هه‌ژاری و نه‌داری وه‌ک مه‌یدانێكی ئه‌سڵی و سه‌ره‌کی خه‌باتی چینایه‌تی له كوردستان جێگا ده‌گرێ، که ده‌بێ حزب به‌بایه‌خێکی زۆره‌وه کاری له‌سه‌ر بکات. به‌واتایه‌کی تر ده‌مه‌وێ بڵێم که خه‌بات له‌دژی گشتیه‌تی چینی بۆرژوازی و حزبه‌کانی له‌مڕۆدا له خه‌بات له‌دژی هه‌ژاری و بۆ باشكردنی ژیان ده‌ڕواته پێشه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ خه‌بات بۆ ئازادیه‌كان، بۆ سكولاریزم بكه‌ین ده‌بێ له ژیانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین. مه‌سه‌له‌ی ژیان به مانای كرێ، خزمه‌تگوزاری ئاو وكاره‌با، به مانای خوێندن و په‌روه‌رده‌ی خۆڕایی، به مانای په‌یداكردنی كار و به‌ده‌ستهێنانی بیمه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، به مانای چه‌سپاندنی یاسای كار له كوردستاندا. به بڕوای من ئه‌م مه‌یدانه ده‌بێ وه‌ک نه‌به‌ردێكی ئه‌سڵی سه‌رنجی بۆ بده‌ین و وه‌ک بناغه و ڕیشه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانی ده‌وره‌ی داهاتووه له‌به‌رچاوی بگرین… به‌ڕای من یه‌كێ له بنه‌ما ئه‌سڵیه‌كانی ده‌خاڵه‌تی ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ژاری و نه‌داری هه‌ر ئه‌وه نییه که بزوتنه‌وه‌یه‌کی داخوازیه‌کانی له‌سه‌ر به‌ڕێ بخه‌ین، به‌ڵکو له‌و ڕووه مه‌یدانی ئه‌سڵیه که بوعدێکی ستراتیژی له خه‌باتی ئێستای حزبدا، له‌ڕاستای کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌وه، ڕیشه‌داکوتانی تهشکیلاتیماندا بۆ په‌یدابووه. چونکه ئه‌م دۆخه زیاتر درێژه‌ده‌کێشێ و بۆرژوازی کورد ناچاره فشاره‌کانی خۆی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک زیاتر بکا و به‌پێی رێنوێنیه‌کانی بانکی جیهانی سیاسه‌تی لێگرتنه‌وه بۆ تێپه‌رینی له قه‌یرانی ئابوری بگرێته‌به‌ر. به‌ڵام ئه‌م کاره به‌بێ وه‌ڵامی سه‌رمایه‌داری جیهانی به ئابوری کوردستان و سیسته‌مه سیاسهیهکهی، به جۆرێک که گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی ماوهدریژی ئابوری‌دا، شتێکی مه‌حاڵه. هه‌ربۆیه، مه‌سه‌له‌ی هه‌ژاری و نه‌داری، مه‌سه‌له‌ی ژیان و بژێوی، وه‌ک زهمێنهیهکی سه‌ره‌کی بۆ توندبوونه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی کرێکاران و جه‌ماوه‌ری که‌مده‌رامه‌ت، له‌دژی ده‌سه‌ڵات، به‌هێزی خۆیه‌وه ده‌مێنێته‌وه و له ئه‌گه‌ری زۆریشدا، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری جه‌ماوه‌ری. له‌مه‌ش زیاتر ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم که خودی قه‌یرانی ئابوری بنه‌ما و زه‌مینه‌ی قه‌یرانی حکومه‌تیشه که ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وا له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووه.
ڕه‌هه‌ندی دووه‌م: قه‌یرانی حکومه‌تیه.. سه‌ره‌تا ئه‌بێ ئه‌و ڕاستیه بۆ ڕای خه‌ڵكی كوردستان ڕۆشن بكه‌ینه‌وه كه ئه‌ووترێ ڕێكنه‌كه‌وتنی ئه‌م حزبانه وای كردووه که حکومه‌ت و په‌رله‌مان گیرۆده‌ی قه‌یران ببن و هه‌لومه‌رجی كوردستان له باری سیاسه‌وه موستهقر نه‌بێ. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی كه وای كردووه حزبه‌کان بخاته به‌رامبه‌ر به‌یه‌که‌وه و یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌كان نه‌توانن ڕێكبكه‌ون، ناکارامه‌یی نمونه‌یه‌که له حکومه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی، که‌هه‌م ناتوانێ وه‌ک سه‌رخانێکی گونجاو بۆ ئابوری سه‌رمایه‌داری ڕۆڵ بگێڕێ وههم په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک به جۆرێک ڕێکبخات، که مه‌قبول بێ و جێگای ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک بێت. به‌واتایه‌کی تر ئه‌م فۆرمه له حکومه‌ت که ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی ئه‌حزابی میلیشیاییه و به‌رئه‌نجامی هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ته، عومری خۆی کردووه‌و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه مۆدێرنه ئابوری و سیاسیه‌کانی سه‌رمایه‌داری نییه. هاوکاتیش خه‌ڵک له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا، ناڕازی وتوڕه‌یه. ئه‌مانه هۆکارن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکی نێوان حزبه‌کان و کێشه‌یان له‌سه‌ر ڕێگاچاره‌ی ده‌ربازکردنی ده‌سه‌ڵاتێک که ناسیونالیزمی کورد دایمه‌زراندووه. باسی چاکسازی که هه‌موو حزبه‌کان قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، خۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقعیهتیه که فۆرمی حکومه‌ت وهلامدهرهوه نییه وناتوانرێ ببێته مایه‌ی ئینسجامی ده‌رونی ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وا ویه‌ک ده‌ست بوونه‌وه‌ی باڵه‌کانی بۆرژوازی تێیدا. بۆ نمونه ئه‌و ده‌وره‌یه بۆچی توانییان بانگه‌وازی حكومه‌تی بنكه فراوان بكه‌ن؟ چونكه ده‌وره‌یه‌ك بوو گه‌شه‌ی ئابوری، جۆرێك لهڕیفاهی بۆ خه‌ڵك دابین کردبوو، وهلهبهرامبهردا، ئه‌وانیش ملیان بهدهسهڵاتدابوو. به‌ڵام كه قه‌یرانی ئابوری سه‌ری هه‌ڵدا وپاشان دۆخی ناوچه‌که فه‌زای جه‌نگی به‌خۆوه‌گرت، ئیتر حکومه‌تی بنهکهفراوان نه‌یتوانی عاملی یه‌کگرتوو مانه‌وه‌ی حزبه‌کان بێت له‌ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شیاندا. لایه‌كی تری ئه‌م قه‌یرانه سیاسیه هه‌ر په‌یوه‌ست نابێته‌وه به مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی خه‌ڵك و قه‌یرانی ئابوریه‌وه، به‌ڵکو كێشه‌كه فۆرمی حكومه‌تیه له كوردستان. تا ئێستا ٢٥ ساڵه كۆمه‌ڵێك میلیشیا خۆیان به‌سه‌ر کۆمه‌لگادا داسه‌پاندووه و به‌زه‌بری هێز هه‌موو جومگه‌کانی سیاسه‌ت وئابوری وئیداریان كۆنترۆڵ كردووه. به‌راده‌یه‌ک نه‌یاسا، نه‌دادگا ونهپهرلهمان وحکومه‌ت ونه‌زمی ئیداری.. هیچیان مانایه‌کیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌بونی ده‌ستور وکارپێکردن به‌بڕیارو یاساکان خودی ئه‌م ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌ی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه، ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌ی چینی بۆرژوازیه‌وه نامهتڵوبه. خه‌ڵك ده‌وڵه‌تی ئه‌وێ، یاسای ئه‌وێ، دادگای ئه‌وێ….. به‌ڵام كێشه‌ی بۆرژوازی كورد ئه‌وه‌یه هچ فۆڕمێكی ده‌وڵه‌تی نییه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تیۆری ده‌ورانه كه بۆرژوازی و ئیمپریالیزم له هه‌ر ده‌وره‌یه‌كدا سازی داوه. بۆ نمونه له ده‌ورانی موستهعمهرهكاندا حكومه‌تی وصایا هه‌بووه، یان حكومه‌تی ئینتیداب هه‌بووه. ئه‌وانه نوێنه‌رایه‌تی بۆرژوازی و چینه باڵادهستهكانیان كردوه. له ده‌وره‌یه‌كدا دیكتاتۆری بێپه‌رده شكڵی حكومڕانی بووه، به‌م دوایانه‌ش فۆرمی دیموکراسی ئه‌تنیکی وئاینی. یانی مه‌به‌ستم له‌وه‌یه کهبلێم جۆری ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌ت به عینوانی ئامڕازی ده‌ستی چینی سه‌رمایه‌دار كه پێگه‌ی ئه‌سڵی له ئابوری ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه كه‌وتۆته ژێر پرسیاره‌وه. که‌وایه پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که‌ئابوری سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆی کوردستان چ جۆرێک له ده‌وڵه‌ت ئه‌خوازێ، که‌بتوانێ شیوازی مهتڵوبی بۆرژوازی کورد بێت وئینسیجام و ئارایشی سیاسی تاماوه‌یه‌کی درێژ بۆ هه‌یئه‌ی حاكمه زامنکات. ئه‌م كێشه‌یه هه‌ر كوردستان نییه، بۆ نمونه له ناجیریا، له سۆماڵ و هه‌تا له سودان، له لیبیا، هه‌موو كۆمه‌ڵێك میلیشیان شوێنێكیان گرتووه و كۆنترۆڵیان كردووه. وه مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی و په‌رله‌مان و ئه‌وانه كارتۆنیه، هه‌ڵبژاردنیان كارتۆنیه. ڕه‌خنه‌ی ئێمه له‌م وڵاتانه‌دا له په‌رله‌مان له‌وه‌وه نییه كه په‌رله‌مان نیابه‌تی ده‌نگی خه‌ڵك ناكات، ڕاسته‌وخۆ نییه، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م نیزامانه كه دروست ئه‌بن و به‌رگی دیموكراسی و چی و چی به به‌ردا ئه‌كرێ له ئه‌سڵدا غیابی ئهلگۆیهكی ده‌وڵه‌ته كه بۆرژوازی له ده‌ستی نه‌ماوه، پێی نییه. هه‌موو ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نیشانی ئه‌دات كه بۆرژوازی جیهانی له ئێستادا هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی پێ نییه بۆ مه‌سه‌له‌ی سازدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت و ئابوری له‌م وڵاتانه‌دا. ئه‌مه شتێكه كه ئه‌م قه‌یرانه درێژماوه ئه‌كات.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌نجامگیریه‌ک له‌م باسه بکه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که‌قه‌یرانی حکومه‌تی ودرێژه‌کێشانی، هه‌م ته‌وازنی هێز وههم فرسه‌ت ئه‌دات به چینی كرێكار وجه‌ماوه‌ر، باشتر پێ بنێنه مه‌یدانه‌وه، هاوکات بوار ده‌دات تا حزبی ئێمه وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی ئه‌سڵی هێز بگرێ و بچێته ناو هاوكێشه سیاسیه‌كانه‌وه. له‌مباره‌شه‌وه ده‌بێ حزب وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤی سیاسی وئابوری ده‌رکه‌وێ. یانی وه‌ک هێزێک کهخهرێکه خه‌بات ده‌کات بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و نیزامێکی سیاسی که‌تێیدا خه‌ڵک ئازاده‌و ڕۆڵی هه‌یه له‌به‌ڕیوه‌بردنی وڵات‌دا. ده‌وڵه‌تێک که‌دابینکردنی باشبژێوی بۆهاولاتیان به‌بنه‌مای خۆی ده‌زانێ. ته‌بلیغ بۆ کوردستانی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، بۆ حکومه‌تی شورایی وکۆکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ناڕازی له‌ده‌وری ئه‌م دروشمانه‌و خه‌باتکردن له‌ده‌وریان، گۆشه‌یه‌کی تری پلاتفۆرمی سیاسی حزبه لهمدهورهیهدا. به‌مجۆره دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت وپرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئه‌وله‌ویه‌ت و مه‌یدانیکی تری کارمانه، که‌دواتر لهبهرهیهوه قسه‌ده‌که‌م..
ڕه‌هه‌ندی سێهه‌م: لایهنێکیتر كه له‌م قه‌یرانه‌دا درێژی هه‌یه و كاریگه‌ری به‌سه‌ر خه‌باتی چینایه‌تیه‌وه له كوردستاندا جێهێشتووه، په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی مه‌ركه‌زی و هه‌رێمه. ئه‌مه به‌مانایه‌ک مانه‌وه‌و درێژه کێشانی مه‌سه‌له‌ی كورده. یانی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی خودی مه‌سه‌له‌ی كورده وه‌ک کێشه‌یه‌ک که‌له‌سه‌ر خاک ونه‌وت و ئیمتیازاتی سیاسی ومادی.. هه‌رجاره له‌لایه‌ن ناسیونالیزمی کورد وحزبهکانیهوه وه‌ک کارتێک به‌ده‌ستیه‌وه ده‌گرێ وکوردستان به‌ره‌و بارگرژی ونائارامی ڕاده‌کێشێ. به‌ڵام خودی ئه‌م په‌یوه‌ندیه که‌له‌ژێر ناوی فیدڕاڵیزمدا، پێناسه‌یان بۆکردووه، پوچه‌ڵ بۆته‌وه‌و کوردستان به‌کرده‌وه سه‌ربه‌خۆیه ومل نادات به‌بڕیارو سیاسه‌ته‌کانی به‌غدا. ئه‌م واقعیته کۆمه‌لگای کوردستانی له‌گێژاوێکی سیاسی به‌رده‌وامدا ڕاگرتووه وکه‌س نازانێ ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌و هه‌رای نێوان حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا، چ ئاکامێکی خراپ به‌دوای خۆیدا دێنێ، بۆنمونه کێشه‌ی نێوان به‌رزانی و مالکی به‌رده‌وام بارگرژی به‌دواداهات. ئه‌م بارگرژیهش هه‌میشه فاكتۆرێک بووه به‌ده‌ستی ناسیونالیزمه‌وه تا نه‌زعه‌ی قه‌ومی له كوردستاندا بهێڵیته‌وه و فه‌زا ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیزم له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا رابگرێ. ته‌نانه‌ت خه‌ڵك نان و ئاوی نه‌بێ، هه‌ر له‌م وه‌زعه‌ش خراپتر بێت، به‌ڵام كاتێك ببیستێ حه‌شدی شه‌عبی هێرش ئه‌كات یه‌كسه‌ر هه‌موو هاوكێشه‌كان ئه‌گۆڕێت. ئه‌مه یه‌کێکی تره له‌و به‌ربه‌ستانه‌ی به‌رده‌م چونه پێشه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی. که‌ده‌بێ حزب هه‌ڵویستی ڕۆشنی لهسهربگرێ. بهواتایهکیتر ده‌مه‌وێ بڵێم کهخهبات بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد، مه‌یدانێکی تره کهبهجدیهتێکی زۆره‌وه که‌وتۆته ده‌ستوری کارمانه‌وه. له‌م باره‌وه ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی زیاتر بکه‌م، ده‌بێ ئاماژه به‌دۆخی دوای ته‌واوبونی شه‌ڕی داعش له‌موسڵ بکه‌ین، به‌تایبه‌تی که په‌یوه‌ندی نیوان هه‌رێم وبه‌غدا وپێناسهکردنهوهی له‌ڕوانگه‌و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولاوه، دوباره له‌بوعدێکی فراوانتردا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، ته‌نانه‌ت سنوری ده‌ستوریش ده‌بڕی ومادهکانی هه‌ڵده‌وه‌شێنیته‌وه. ئه‌م بابه‌ته له‌روانگه‌ی به‌غداوه، نه‌زعه‌ی گێڕانه‌وه‌ی كوردستان بۆ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی، یه‌كێكه لهمهبدهئهکانی “یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق” به‌لای بۆرژوازی عێراقیه‌وه. یانی بۆرژوازی عێراقی هه‌میشه چاوی له‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تێكی یه‌كپارچه و یه‌كگرتوو دروست بكات. له‌روانگه‌ی حزبه‌کانی ناسیونالیزمی کورده‌وه، به‌تایبه‌تی پارتی، له‌ته‌وازنی ةیوان هێزه‌کانی دوای ته‌واوبونی داعشدا، مه‌سه‌له‌ی گێرانه‌وه‌ی که‌رکوک وناوچه‌دابراوه‌کان وهه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی زیاتر به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ وده‌که‌وێته شوێن ئیمتیازاتی زایترهوه. باسی ڕیفراندۆم که‌پارتی و مه‌سعود به‌رزانی، که‌حزبه‌کانی بۆ جولاندووه، نیشانده‌دات، که‌په‌یوه‌ندی نیوان هه‌رێم وبه‌غدا، له‌به‌رده‌م ده‌رگای دوباره پێناسهکردنهوهدایه ولێره‌شه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕو ده‌وره‌یه‌ک له‌بارگرژی ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه. ته‌نانه‌ت ئه‌کرێ بڵێم که ئه‌م شه‌ڕه كراوه‌یه و ده‌بێ خه‌ڵك له‌م گێرمه وكێشه‌یه ده‌ربهێنرێت. وه‌ڵامێکیش بۆ ئه‌مه ته‌نها کارکردنه بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌م ڕێگایه‌وه.
حزب نابێ خۆشخه‌یاڵ بێ به پارتی گوایه باسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌کات، گه‌ر به کرده‌وه‌ش درۆنه‌کا و بییه‌وێت کوردستان به‌ره‌و جیاوببونهوه به‌رێ، به‌ڵام هێشتا سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌کردن بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازات له‌به‌غدا، له‌پشتی ئه‌م بانگه‌وازه‌وه خه‌وتووه. هه‌ر له‌م باره‌وه ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که پلاتفۆرمی بارزانی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاڵوگۆڕێكی به‌سه‌ر هاتووه. به‌تایبه‌تی جاران ئه‌یویست له ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌وه هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵگرێ، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی گرفته قانونی و ڕێگریه‌کانی به‌رده‌م ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی کوردستان و ساغکردنه‌وه‌ی له بازاڕی جیهانیدا. هاوکات به‌هۆی ئه‌و جێگایه‌ی که پارتی له‌شه‌ری موسڵدا به‌ده‌ستی هێناوه، ڕێگای سیاسه‌تی دانوسان و گفتوگۆ و قانعكردنی هێزه ئیمپریالیستی و هێزه ناوخۆییه‌كانی گرتۆته‌به‌ر. ئه‌وه‌تا سه‌رانی پارتی به‌رده‌وام ده‌ڵێن: ” ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غداد دائه‌نیشین و ئه‌مانه‌وێ به‌غداد دراوسێیه‌كی باش بێ له‌گه‌ڵماندا”…
مه‌سه‌له‌یه‌ک که ده‌بێ په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵماڵین ئه‌وه‌یه که فاکتۆری خه‌ڵک لاوه‌کیه له ته‌رحه‌که‌ی پارتیدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، هاوکات باسی ڕیفراندۆم ده‌کات که هێزی میلیشیا به‌سه‌رسه‌ری خه‌ڵکی شاره‌کانه‌وه راگیراوه وهیچ جۆره فه‌زایه‌کی ئارام و ئازاد بۆ ده‌نگدان و به‌شداری کردنی خه‌ڵک و لایه‌نه‌کان له‌م ڕیفراندۆمه‌دا زامن نییه و قسه‌ی له‌سه‌ر ناکرێ. له‌لایه‌کی تره‌وه هێشتا خه‌ڵکی ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان، ئاواره و ماڵوێرانن، هێشتا فه‌زای جه‌نگ سایه‌ی هه‌یه به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی که‌رکوک وئه‌و ناوچانه‌وه. بۆیه پارتی ده‌یه‌ویت ڕیفراندۆمێک سازبدات، که له‌چاو هه‌لبژاردنه‌کانی هه‌رێمیشدا زۆر کارتۆنیتر و نائازادانهتره. ئێمه ده‌بێ مه‌رجه‌کانی خۆمان بۆ ڕیفراندۆمیکی سه‌رکه‌وتو ئازادانه بڵێێن و حزب وه‌ک هێزێكی په‌یگیر بۆ خواستی سه‌ربه‌خۆ و دامه‌زراندی ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا، ده‌رکه‌وێ و ببێته پێشه‌نگی جه‌ماوه‌ر.
هاوڕێیان: من لێره‌دا قسه‌کانم ته‌واو ده‌که‌م، هیوادرام له‌ڕێگای ئه‌م سه‌رنجانه‌وه توانیبێتم لانی که‌م سه‌رخه‌تی لێکدانه‌وه و سیاسه‌ت و مه‌یدانه‌کانی کاری حزبم به‌یان کردبێ و ده‌رگام له‌سه‌ر گفتوگۆی ئێوه‌شدا، خستبێته‌سه‌ر پشت.. به‌سوپاسه‌وه..
تێبینی:
ئه‌م نوسراوه‌یه کورته‌ی قسه‌وباسێکه کهلهپلنۆمی 20 حزبدا پێشکه‌ش کراوه