پرسیاری گۆڤاری”دیدگای سۆشیالستی” سهبارهت به ڕیفراندۆم
دیدگای سۆشیالیستی: له مانگی نیسانی ئهمساڵدا حزب بهیاننامهیهكی سهبارهت به ڕیفراندۆم دهركرد كه تیایدا ئاماژهی بهوە دا بوو كه ئهمه یاریهكی سیاسیه و یهكێتی و پارتی و حزبه بۆرژوازیهكان به جهماوهری ئهكهن و هوشداری دا به خهڵك لهمبارهیهوه. بهڵام له بهیاننامهی حوزهیرانی ههر ئهمساڵدا ههڵوێستی حزب جۆرێكی تره و بانگهواز بۆ ڕیفراندۆم ئهكات. ئایا ئهو ئالوگۆڕ و زهمینانه چین كه له ماوهی ئهم دوو مانگ و نیوهدا هاتوونه تە پێشهوه و ڕیفراندۆمی كردووه به مهسهلهیهكی واقعی كه ڕووئهدات تاكو ههڵوێستی حزب گۆڕانی بهسهردا بێت؟
عوسمان حاجی مارف: ئەوەی پێویستە سەرنجی بدەین هەڵوێستی حزبمان دەربارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان هەمان ئەو سیاسەت و هەڵوێستەیە کە لەبەرنامەی حزبدا نوسراوەو هەمان ئەو تەرحەیە کەلەساڵی ١٩٩٥وە هەوڵمان بۆ داوەو کارمان لەسەر کردووە، ئەم مەسەلەیەش لە چوارچێوەی کێشەو هەلومەرجێکی سیاسی کە لە کوردستانی عێراقدا هەیە مەترەح کراوە. ئاشکرایە ئەو کێشەیە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ناونانی بە ووڵاتێکی عەرەبی، پێشێلکردنی مافی هاوڵاتی بونە و ئەبێت بە ناساندنی خەڵکی کوردزمان بە دەرەجە دوو، وەهەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرکوتکردنی خەڵکی کوردزمان و دان نەنان بە مافەکانیاندا مانای هێشتنەوەی ئەم کێشەیە و بەردەوامیەتی. لە هەمان کاتدا بۆرجواناسیۆنالیستی کورد بەئاقاری بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆی هەمیشە توانیویەتی ئەم مەسەلەیە بەکار بهێنێ و سات و سەوداو مامەڵەی پێ بکات.
وە ئەوەی ئەم تەرحە لە ساڵی ١٩٩٥دا بوو بەبەشێک لە سیاسەت و هەڵسوڕانی جدی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ئەوە بوو کە لە دوای شەڕی کەنداو، کوردستان بوو بە ئۆردوگایەک و لەچارەنوسێکی هەڵواسراودا ڕاگیڕا. هەرچەندە لە ماوەی ئەم٢٢ ساڵەدا چەندین ئاڵوگۆڕ لەهەلومەرجی سیاسی کورستان و ناوچەکەدا بەدیهات، وەک داگیرکاری عێراق لەلایەن ئەمریکا، ڕوخاندنی حکومەتی بەعس، هاتنە کایەی شەڕی تائیفی و قەومی، توند بونەوەی زیاتری گێژاو و ناجێگیری سیاسی، بەهێز بونی پێگە و دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی و بوژانەوەی ئابوری کوردوستان، داوتر بەدوایدا شۆڕشەکانی تونس و میسر و کارکردی لەسەر ناوچەکە و تێکچونی باری سوریا تا دەگاتە هێرشەکانی داعش و بوونی ناوچەکە بە مەیدانی شەڕی جەمسەرە جیهانیەکان لە وێنەی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و کارکردی لەسەر هەلومەرجی سیاسی عیراق و ناوچەکە و گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکان، بەهەموو ئەم دیاردە و ئاڵوگۆرانەوە ئەوە ڕاستە کە زوڵمی نەتەوەیی نەماوە، بەڵام مەسەلەی چارەنوسی کوردستان و کێشەی نەتەوایەتی کورد لە شوێنی خۆیدایە و بێ چارە مایەوە، کەبەردەوام وەرەقەیەک و گەمەیەکی سیاسی بووە بەدەست حیزبەکانی کوردستانەوە. توانیویانە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە چاوەڕوانیدا ڕابگرن بە هێژمونی و زاڵکردنی بیری نەتەوە پەرستی و بۆتە هۆکارێک بۆ دانی پەردەیەکی ڕەش بەسەر کێشمەکێشی چینایەتیدا. بەمانایەک چارەنوسی کوردستان و کێشەی نەتەوایەتی بەهەردەردەسەری و بەڵایەک کە بەسەر دانیشتوانی کوردستان دا هاتوەو دێت، پێویستە بە ئاکامێکی عەمەلی و کۆتایی و ئەرێنی بگات. لەگەڵ ئەوەی لە تەواوی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکاندا فرسەتی ئەوە هاتوە ئەم کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام حیزبەکانی کوردایەتی لەسەربنەمای بەرژەوەندیەکانی خۆیان سات و سەودا و مامەڵەیان بەم کێشەیەوە کردوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەمیشە لە پێش بەرژەوەندی و خواست و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و خواستی سەربەخۆیی کوردستانەوە بووە.
واقعیەتێک لە ئێستا دا بەدوای کۆتایی شەڕی موسڵ دێتە ئاراوە و پێشبینی ئەوە دەکرێت کە کێشمەکێش و شەڕی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکە هەلومەرجێکی نالەبارتر و ئاڵۆزكاوتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، دابەش بونی عێراق بە سێ ناوچەی تەواو لێکترازاو، بەردەوامی لە ناجێگیری سیاسیدا، هەروەها پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەکانی حکومەتی هەرێم لە پەیوەند بە جیهانی دەرەوەی خۆی لە ئاستێکی باڵادا مەترەح بووە، بۆ ئەمەش بۆرجوا ناسێۆنالستی کورد پێویستی بەوەیە چوارچێوەیەکی سیاسی گونجاوتر ڕێکبخات تا لە چوارچێوەی پەیوەندی پێشوی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئاڵوگۆڕ بە دەستبهێنێت. هەرلەم بارودۆخەوەیە بۆ زیاتر بەهێز کردنی هێز و پێگەی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بەدوای دابینکردنی سەربەخۆیی ئابوری و داراییەوەیە، بەمانای دابڕینی ئەو ڕێککەوتن و بڕیارانەی کە پێشترلەگەڵ حکومەتی عێراقدا بوویەتی. هەر لێرەوەیە بۆرجوا ناسێونالستی کورد باس لە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم دەکات. پێویستی بە دابینکردنی شێوازێکی تر هەیە لە حوكمڕانی، بۆ ئەمەش دەتوانین لە لێکدانەوەماندا دوو ئەنجامگیری لێ دەربهێنین یەکەم : تەواوی ئەو ڕێککەوتن و بڕیارانەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بویانە هەڵبوەشێتەوە بە ڕێککەوتن و بڕیاری تازە پەیوەندی بگرن تا دەستکەوت و ئیمتیازاتی زیاتر بسەپێنن. دووەم: لە ڕێگای سەقامگیربون وسەربەخۆیی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت دەکاتە فشارێکی جیهانی و ناوچەیی تا ئاستی ئیمکانی جێبەجێ بونی. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە کە ئێمە دەڵێین بۆرجواناسیۆنالیستی کورد پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکە لە چۆنیەتی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕە ئابوری و سیاسیانەی لەناوچەکەدا بەڕێوەیە، هەوڵ دەدات فرسەتی سەربەخۆیی ئابوریەکەی بە شیوازێکی تر بسەپێنێ و خۆی لەگرفت و کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق رزگارکات. بۆیە دەتوانم بڵێم دەربارەی ڕیفراندۆم جدین و کاری لەسەر دەکەن، ئەمەش ئیمکانی ئەوە دەڕەخسێنێت کە چارەنوسی کوردستان و کێشەی نەتەوەیی لە کوردستاندا بەلایەکدا بخات. هەر بەو مانایەی لەو دووخاڵەی باسم کرد و لە بەیانی پێشتری حزبانماندا کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە یاری بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان نەکەن، ئەوەیە پێشتر بارزانی و پارتی، یەکەم؛ وەک بانگەوازێک زیاتر بۆ هەڕەشە و فشارلە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا باسیان لە ڕیفراندۆم دەکرد. دووەم؛ باسکردن لە ڕیفراندۆمێک بوو کە دیاریان نەکردبوو کەی دەیکەن و بۆچی دەیکەن و چۆن دەیکەن و بەکاری دەهێنن. بە ئاشکرا سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی دەیانووت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە، بەڵام دواتر وەک دیمان بارزانی بەهەر ئەماو ئەگەرێكیش بێت ڕایگەیاند کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و کاتەکەشی دیاری کردوە، بۆیە لە وەڵامی پرسیارەکەی ئێوەدا پێویستە ئەوە بڵێم کە لەهەردوو بەیانی حزبدا یەک ناوەرۆکی سیاسی و یەک ئاراستەی سیاسی دهردهبڕێت. جیاوازییان نییە تا باس لە ئاڵوگۆڕی زەمینەی سیاسی لە دوو مانگی ڕابردودا بکەین، بەڵکو ناوەڕۆکی هەردوو بەیانەکە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات ڕیفراندۆم جدیتر عەمەلی بکرێتەوە، لەهەمان کاتدا ئسوڵی پیادەکردنی ڕیفراندۆممان لە هەردوو بەیانەکەدا ڕۆشن کردۆتەوە. بۆیە جیاوازیەک نییە لە نێوان هەڵوێستی سیاسی بەیاننامەی یەکەم و دوەمی حیزبدا، بەڵکو بەیانی دوەم پێداگری لەسەر ئەوەدەکات کاتێ حیزبەکانی کوردایەتی دێنە پای ڕیفراندۆم و ڕۆژی بۆ دیاری دەکەن مانای ئەوەیە دەیانەوێت ڕیفراندۆم بەڕێوە بچێت. بەیانی دوەمی ئێمە جەخت کردنە لەسەر چۆنیەتی چونە پای ڕیفراندۆمێکی ئازاد و تەبلیغە بۆ دەنگدان بە سەربەخۆیی کوردستان و دیاری کردنی چۆنیەتی ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای هاووڵاتی بون. لەهەمان کاتدا پێداگری و فشارهێنانە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجامی دەەنگدانی خەڵک و جێبەجێ کردنی ئەنجامەکەی.
د. س: ئایا ئەم هەڵوێستە و بەیانی حیزب لە ئێستادا لەبەرامبەر سیاسەتێک کە پارتی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە کوردستان دا ڕەواجی پێدەدا وەک خۆشتان پێشتر ئاماژەتان پێکرد ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان بەتایبەتی پارتی بەگوێرەی ئاڵوگۆڕێک کە بەڕێوەیە هەوڵدەدات بەرژەوەندی یەکانی خۆی بیگونجێنێت و مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی تەنها لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بۆرجوا ناسیۆنالستی کوردو پارتی و بنەماڵەی بەرزانیەوە مەترەح دەکات، ناکاتە پاشکۆبوونی حیزب بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی پارتیەوە؟
ع. م: ئێمە هیچ گومانێکمان لەوە نییە نەک تەنها پارتی بەڵکو هەموو ئەحزابی بۆرجوازی دنیا لە پەیوەند بە پاراستنی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرجوازی و چەوساندنەوەی کریکاران هەنگاوە سیاسیەکانی دەباتە پێشەوە. ئێستاش سیاسەتەکانی پارتی و بارزانی لەپەیوەند بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانەوە هەر بەو ئامانجە و بەو جۆرە مامەڵەدەکات کە چەند پێگە و مەوقعیەتی سیاسی خۆی دەباتە سەرەوە. بەڵام ئەوەی لە بەیانەکە و سیاسەتی ئێمەدا مەبەستە ئەوەیە کە کێشەیەک لە ئارادایە چەندین ساڵە خەڵکی کوردستانی تێوە گلاوە و سەرقاڵیان کردووە، حیزبەکانی کوردایەتی لەسەروهەمویانەوە پارتی ئەم مەسەلەیە لەسەرەتای دروست بونیانەوە بەکاری دێنن و نانی لێ دەخۆن. ئەوە ڕاستە کە چەوساندنەوەی نەتەوایەتی بەدوای دەسەڵاتی بۆرجواناسیۆنالیستی کورد لە کوردستانی عێراقدا نەماوە، بەڵام مەسەلەی نەتەوایەتی بە ناجێگیری سیاسی و ڕاگرتنی کوردستان بە حکومەتی فیدڕاڵی لەپاڵ دەوڵەتێکی عێراقی ناسراو بە دەوڵەتی عەرهبی، دیارنەبونی چارەنوسی کوردستان و دانەمەزراندنی دەوڵەت و هەلومەرجی نالەباری سیاسی لە عێراق و شەڕی قەومی هەمیشە پانتایی کێشەی نەتەوایەتی کوردی ڕاگرتووە. هەروەها ئەحزابی بورجواناسیۆنالیستی کورد وەک ئایدیۆلۆجیا و وەهم وخورافەی نەتەوایەتی لەبەرامبەر ژیان وگوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشدا بەکاریان هێناوە.
زۆر پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێم کە جیابونەوەی کوردستان و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بەڕێگای نەخشەو سیاسەتی حیزبەکانی بۆرجواناسیۆنالیستی کورد بەهیچ جۆرێک وەڵام بە هەژاری وبرسیەتی، ژیان و گوزەرانی خەڵک ناداتەوە، هەروەها بەمانای هیچ جۆرە خۆشگوزەرانی وئاسودەییەک نییە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەڵکو سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت لەسایەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی دا تەنها وەڵام و دەربازبونە لە کێشەیەک کەچەندین ساڵە کابوسێکە و مایەی دەردەسەری و بەڵایە بەسەر خەڵکی کوردسانەوە. لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێست و سیاسەتی ئێمە بەو مانایەی کە فرسەتێکە لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە ئێستا هاتۆتە ناو شانۆی سیاسی کوردستانەوە جا هەر لایەنێک مەترحی کردبێت، داوادەکەین خەڵکی کوردستان بڕۆن دەنگ بدەن بە جیابوونەوە. هەڵبەتە پرۆسەی بەجێ گەیاندنی ئەم ڕیفراندۆمە و هەر ڕیفراندۆمێکی تریش بێ کێشە و بێ دەردی سەری نییە. لە ڕەوتی چوونە پێشەوەیدا پێویستە ئاگاداری ئەوەبین کە ڕیفراندۆمێکی گونجاو بە دابینکردنی هاتنە مەیدان و دەورو دەخالەتی خەڵک و چاودێری خەڵک و بێ کێشە و کارەسات بەڕێوە بچێت. هەر لادانێک بەمانای پێشێلکردنی ئیرادەی خەڵک و یاری کردن بەچارەنوسی خەڵک مەحکومە و دەبێت بەری پێ بگیرێت و پوچەڵ بکرێتەوە، ئهم ڕێگهچارهیەش دهرهێنانی ئهو بیانوهیه له دهستی بۆرجواناسیۆنالیزمی کورد كه چهند ساڵه لهسهری ئهژین.
د. س: باشە هاوڕێ عوسمان ئێوە پێتان وایە کە مەسعود بارزانی ئەچێتە پای جێبەجێ کردنی سەربەخۆیی کوردستان لەکاتێکدا ئەوە دەبینین کە لێدوانەکانی بارزانی لەوبارەیەوە بەپێی ڕۆژ دەگۆڕێت هەتا ئەوەبوو لەسەرەتادا وتیان ڕیفراندۆم دەکەین بەڵام شەرت نیە جێبەجێیکەین، ئێستاش دەڵێن لە ڕێگای دانوسان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەو کارەدەکەین یاخود دەڵێن کارێک ناکەین دەوڵەتانی دراوسێ نیگەران بکەین، هەندێ جاریش دەڵێن ئێمە ئەم کارەدەکەین هەرچی دەبێت باببێت، بۆیە لەم بارەیەوە ئەو سەرنج و ڕەخنەیەی لەسەر پارتی هەیە گوایە جێی متمانە نییە کە جێبەجێی بکات و ڕێزی دەنگدەران بگرێ لەم بارەیەوە دەڵێن چی؟
ع. م: لە ڕاستی دا بۆ خۆم متمانەم بە هیچ سەرکردە و حزبێکی بۆرجوازی نییە لە پەیوەند بەوەڵام بە کێشە و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و گوزەرانی خەڵکەوە، وە ئەم بێمتمانەییەم لەبەرامبەر حیزبەکانی کوردایەتیدا زۆر زیاترە. ئەوەش ئاشکرایە کەلایەنی لاوازی ئەم ڕیفراندۆمە لەوەدایە کە لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە مەترەح کراوە، چونکە بەڕاستی ئەزمونی ٢٧ساڵەی دەسەڵاتی ئەم حزبانە هەر تاڵان و بڕۆ و گەندەڵی و گیرفان پڕکردن بووە و هیچ کات بیریان لە ژیان و گوزەران و ئایندەی کوردستان نەکردۆتەوە، ئێستاش نەک هیچ ئاڵوگۆرێک لە ئاراستە و چەپەڵی نەخشە و سیاسەتەکانیاندا نەبووە، بەڵکو چاوبرسیترو مەترسیدارترن. بەڵام وەک لە بەشی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێدا ئاڵوگۆرێکی سیاسی بە دوای کۆتایی شەڕی موسڵ لەئارادایە، کە حزبەکانی کوردایەتی پێویستیان بە ئارایشێکی تازە لە دەسەڵاتی سیاسی هەیە، هەر بەو مانایەش هاتونەتە پای ڕیفراندۆم و ئامادەن کاری لەسەر بکەن. سیاسەتێک کە ئێستا بەرامبەر ئەم ڕیفراندۆمە ئێمە مەبەستمانە لەسەر بنەمای متمانەو هیچ ڕێککەوتنێک نیە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا، لەسەر ئەو بنەمایە نییە کە بارزانی و پارتی یا یەکێتی ئاکامەکەی جێبەجێ دەکات یان نایکات. لەم بارەیەوە خلافم هەیە لەگەڵ ئەو لایەن وکەسانەی لەکوردستاندا بەو شێوەیە بەشداری لە ڕیفراندۆمدا لێکدەدەنەوە کە ئایا بارزانی ئاکامی دەنگەکانی ڕیفراندۆم جێبەجێ دەکات یان نا، هەڵبەتە دەبێت پێداگری لەسەر ئەوەبکەین کە ئاکامی دەنگەکان دەبێت جێبەجێبکرێت، ئەمە کاری خەڵک و ئێمەیە دەبێت شەڕی لەسەر بکەین. بەڵام ئێستا ئەمە نابێتە مەرجی بەشداربون یان بەشدار نەبون لە ڕیفراندۆمدا، بەو مانایە سیاسەتی ئێمە بۆ داواکردن لە بەشداربونی خەڵک لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە بارزانی ئاکامەکەی جێبەجێی ئەکات یان نا، بەڵکو ئەوە دەوری ئێمەیە چۆن کاری لەسەر دەکەین. وە خودی ڕیفراندۆم کە تەرحی ئێمەبووە، ئێستاش لە لایەن پارتیەوە مەترەح کراوە و کاتەکەشی دیاری کراوە، واتە خودی ئەم تەرحە ناکرێت حزب و لایەنەکان لە کوردستان وەک تەماشاکەرێک هەڵوێستی لێوەربگرن و مەحکومی بکەن، چونکە مەسەلەکە پارتی نیە، مەسەلەکە ڕیفراندۆمە کە دەبێت ئێمەش وەک لایەنی بەرپرس و خاوەنی مەسەلەکە بچینە پێشەوە و کاری لەسەر بکەین. وەک فرسەتێک دەورببینین لەبردنە پێشی تەرحەکانی خۆمان. لەهەمان کاتدا وەک لایەنی بەرپرس هەوڵبدەین کار لەسەر بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمیکی سالم و ئازاد بکەین، کار لە سەر جێبەجێ کردنی ئەنجامی دەنگەکان و سەربەخۆیی کوردستان بکەین، ڕیسوای سیاسەتی ئەو لایەنانە بکەین کە دەیانەوێت بەربە ڕیفراندۆم بگرن یا یاری پێ دەکەن، ڕیسوای لایەنە عێراقیە قەومی و تائفیەکان بکەین کە دەیانەوێت بە ناوی یەکپارچەیی عێراقەوە ڕیفراندۆم و مافی خەڵکی کوردستان بۆ جیابونەوە قەبوڵ نەکەن.
د. س: باشه هاوڕێ عوسمان حزب چهند مهرجێكی داناوه تاكو ڕیفراندۆمێكی ئازادانه بەڕێوە ببرێت، گهر ئهو مهرجانه یانی زۆرینهیان نههاتنه دی ئایا ئهو ڕیفراندۆمه موعتهبهره؟ بهتایبهتی ههمووان ئهحزابی بۆرژوازی كورد و له سەروهەمویانەوە پارتی ئهناسن كه ئهندازیاری ساختهكارین و سهپاندنی خۆیانە بهسهر دهنگی خهڵكدا.
ع. م: هەڵبەتە هیچ گومان لەسەر ئەوە نییە کە حزبەکانی کوردایەتی مامۆستا و داهێنەری ساختەکارین، بە تایبەتی لە هەر توندپێچی و کێشەو قەیرانێکدا کە دەرگیریان ئەبێت. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ کردووە بۆ ئەم ڕیفراندۆمەش پێمان وانەبێ کەبەو جۆرەی ئێمە دەمانەوێت لەسەدا سەد جێبەجێ بکرێت و ئەوەی لە بیرکردنەوەو ئایدیای ئێمەدایە بەرێوە دەچیت، ئەوان بەرژوەندی سیاسی خۆیان هەیە و هەموو هەوڵێک ئەدەن بەو شێوەیەی بۆیان دەگونجێ کاری لەسەر بکەن. هەر ئێستا لایەنەکان لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان هەر یەکەیان لە ئاراستەی بەرژەوەندی هێز و نفوزیانەوە مامەڵەی ئەم ڕیفراندۆمە دەکەن نەک بۆ چارەنوسی کوردستان. بەڵام ئێستا مەسەلەی ڕیفراندۆم مەترەحە، جا ئێمە مەترەحی کەین یا هەر لایەنێک مەترەحی بکات هەموو ئەو کێشانە لەپرسیارەکانی ئێوەدا هەیە و هەمو ئەو نیگەرانیانەی کە ئێستا بۆتە هۆی بەرپەرچدانەوە و ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم لەلایەن کەسانێکەوە واقعین، ئەتوانم بڵیم نیگەرانیەکان جێگای خۆی هەیە لە هەر کاتێکدا ڕیفراندۆم مەترەح کرابێت یان هەر لایەنێک تەرحی ڕیفراندۆمی کردبێت، هەڵبەتە ئەو نیگەرانیانە لەبەرامبەر پارتیدا زیاترە.
ئەوەی پێش هەمو شتێک پێویستە ڕەچاوی بکەین ڕیفراندۆم هەر لایەنێک تەرحی بکات مافێکی ڕەوای خەڵکە بۆ بەشداری و دەخالەتی ڕاستەوخۆ بۆ دەنگدان لەسەر دیاری کردنی چارەنوسی کوردستان. واتە با پرسیارەکە بە شێوەیەکی تر بکەین، بارزانی و پارتی ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی مەترەح کردووە، بە هەموو دەورو بەرژوەندیەکانی پارتی و کەموکوڕی و نیگەرانیەکانمانەوە پێویستە ئێمە چی بکەین؟ ئایا وەستانەوە لەبەرامبەر ڕیفراندۆمدا، ئەمانخاتە بەرەی دژی پارتی و دەچینە پاڵ خەڵک؟ یان بە پێچەوانەوە بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و کارکردن لەسەری و هەوڵدان بۆ جێ خستنی لایەنی زۆری ئەو مەرج و ئایدیاڵانەی ئێمە دەمانەوێت، ئایا دەمانکاتە پاشکۆی پارتی و لەبەرامبەر خەڵکدا ڕامان دەگرێت؟ بۆیە وەڵامدانەوە تەنها بە بەڵێ یان نەخێر ڕۆشن نابێت. بە بۆچونی من ڕێگای دروست لە ئێستادا کارکردن و هەوڵدان و دەخالەتە لە ناو پرۆسەی ڕیفرانۆمدا وەک خاوەنی ئەم مەسەلەیە بۆ دەرکێشانی کوردستان لە ناجێگیری سیاسی و یەکلایی کردنەوەی کێشەی نەتەوایەتی. هەرکات لەو پرۆسەیەدا مامەڵە بەڕیفراندۆم لەڕێگەی واقعی خۆی لایدا و دەور و جێگاوڕێگای خەڵک وەلاخراو مەرجەکانی ڕیفراندۆمێکی ئازاد ژێر پێ خرا، بەڵگە نەویستە کەدەبێت ڕیسواو مەحکوم بکرێت. بەڵام کارو دەوری ئێمە ئەوەیە بچینە ناو پرۆسەکەوە و بەر بە گرفتەکانی بگرین و هەوڵبدەین لە فەازیەکی سالم و ئازاد و بێ فشار ڕیفراندۆم بەڕێوە ببرێت. داوتریش ڕێگە نەدەین بێ ئعتباری بە ئاکامی دەنگی خەڵک بکرێت. بەکورتی ئێستا لەسەر پێشداوەری ئەوەی ئەوان ئەندازیاری ساختەکارین و مەرجەکان جێبەجێ ئەکەن یان نایکەن هەڵویست نەگرین. دوپاتی دەکەمەوە ئەو جۆرە هەڵویستە بۆ کەسان و لایەنێکە کە خۆیان لەدەرەوەی ئەو مەسەلەیە دەبینن و دەخالەتگەر نین، وەک تەماشەکەرێک یا چاودێرێکی سیاسی لەمەسەلەکان دەڕوانن و تەنها پارتی بە خاوەنی مەسەلەک دەزانن و لەڕوانگەی کێشەو شەڕی لەبەرامبەر پارتیدا هەڵویست دەگرن، لەسەر ئەو بنەمایە و ئەو چاوەڕوانیانەی پێشبینی دەکەن کە پارتی چی دەکات هەڵویستی سیاسی بەیان دەکەن. ئەوەی دەبێت خۆیان چی بکەن قسەیەکیان نییە، هەر ئەوەندەش دەسەڵاتیان هەیە و دەستیان دەڕوات کە هەر لەئێستاوە بەخەڵک بڵین بەشداری لەم ڕیفراندۆمەدا مەکەن. ئێمە بەو مانایە باس لەبەشداری ئەکەین کە هەوڵ ئەدەین بە قازانجی دەورو دەخالەت و هاتنە مەیدانی خەڵک برواتە پێشەوە. لەهەمان کاتدا خواست و ناڕەزایەتی و شەڕی خەڵک لەبەرامبەر پارتی و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا بۆ یەک سات ڕاناگیرێت.
د. س: بۆچونێک هەیە دەڵێت لەبەر ئەوەی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و کوردستان ئاڵوگۆڕی جدی بەسەردا هاتووە، هەروەک ئێوەش لەوەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەتان بەو ئاڵوگۆڕانەدا، ناکرێت کۆپی هەمان ئەو ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکرێت کە لە ساڵی ١٩٩٥دا مەترەح کراوە. هەر لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆرانەو مەوقعیەت و دەسەڵاتی بۆرجوا ناسیۆنالستی کورد لەبەرامبەر چینی کرێکارادا ئەم ڕیفراندۆمەی ئێستا ڕەت دەکاتەوە.
ع. م: پێم وایە کەسێک نییە کەنەک ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی لە جیهان و عیراق و ناوچەکەو کوردستاندا پێشهاتووە نەبینێت، بەڵکو سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی باس لەو پێشهاتانەش دەکرێت کە دوای شەڕی موسڵ ئالوگۆڕی تر و کێشەو سیناریۆی تر بە ڕێوەیە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کاتێک باسەکە دێتە سەر ئەوەی کە تەواوی ئەو ئاڵوگۆڕانەی ڕویانداوە، ئایا مەسەلەی نەتەوایەتی کورد و کێشەی ناجێگیری سیاسی و نەبونی دەوڵەت لە کوردستانی عێراقدا بەلایەکدا کەوتووە و کۆتایی هاتووە، واتە نادروستی ئەو لێکدانەوەو هەڵوێستەی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕەکان باس لەم ڕیفراندۆمە دەکات، ئەمان گەیەنێت بەو ئاکامەی کە نەک تەنها نابێت کۆپی تەرحی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کورستانی ١٩٩٥ نەکەین کە مەسەلەکەش بۆ خۆی کۆپی نییە و بەکارهێنانی تەعبیری کۆپی بۆ دەوروهەڵوێست و هەوڵمان لەم ریفراندۆمەدا دروست نییە، بەڵکو ئەو باسە بەوەمان دەگەیەنێت گەر لەسەر بنەمای ئەم ئاڵوگۆڕە جدیانە هەڵوێست لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە وەرگرین ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا زەمینەکانی تەرحی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کۆتاییان پێ هاتووە یا ماوه؟ گەر نەماوە ئیتر پێویستیەکمان بە پرسی ڕیفراندۆم نیەو پێویستە لەبەرنامەی حزبدا دەریبکێشین، چونکە ناکۆکی ئەو جۆرە باس و لێکدانەوەیە لەوەدایە کاتێ لەلایەک ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەکاتە بنەما بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم ڕیفراندۆمە و بەشداری کردن لەپرۆسەی ئەم ڕیفراندۆمە و دەنگدان بە سەربەخۆیی بە کۆپی ڕیفراندۆمی ١٩٩٥ پێناسەی دەکات، لەلایەکی ترەوە لە سەر بنەمای بەرزبونەوەی ئاستی مەوقعیەت و پێگەی دەسەڵاتی بۆرجواناسێۆنالستی کورد، بەتایبەتی پارتی کە بە دەورو کێشمەکێشی پارتی لەبەرامبەر خەباتی چینی کرێکارو چەوسانەوەی کرێکاران و خەڵکدا ئەم ڕیفراندۆمە مەحکوم دەکات. واتە دەبێت بە ئاکام و سیاسەتێکی تر لەبەرامبەر بە کێشەو چارەنوسی کوردستان بگات، نەک سوڕانەوە لەبازنەی ” ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مافی خەڵکی کوردستانە” چونکە سەیر لەوەدایە ئەو بۆچونە لەهەمان کاتدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بە مافی خەڵکی کوردستان دوپات دەکاتەوە و ڕەسمیەتی پێ ئەدات، بۆیە ئەم جۆرە لە لێکدانەوەو لەهەڵوێست جگە لە ناکۆکی و سەرەگێژی و ناڕۆشنی، سیاسەتێکی عەمەلی نادات بەدەسەتەوە، کاتێک باس لەمافی خەڵی کوردستانە واتە بە هەموو ئەو ئاڵوگۆاڕنەی دەخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوەو خاڵبەندی دەکرێن، کێشەی نەتەوایەتی کورد و چارەنوسی کوردستان و ناجێگیری سیاسی لە شوێنی خۆیدا باقیە پێویستە وەڵام وەرگرێتەوەو بە ئاکامێک بگات، لەهەر کات و فرسەتێکدا بێت.
هەڵەبەتە ئەوە ئاشکرا و بەرچاوە کە پارتی و هەر حزبێکی بورجوازی لە هەر کاتێکدابێت لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بۆرجوازی و هێزەکانیان دەچنە دوای کێشەکان و هیچ کات بە خواست و ئایدیاڵی ئێمە نایکات، هەر بەو مانایەش تەرحی ڕیفراندۆم بۆ پارتی شتێکی جیا نییە لە تەواوی بەرژوەندیەکان و گونجاندن و ڕەچاوکردنی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکاندا، ئەوەش ئاشکرایە هەمو کات لایەنێک یا چەند لایەنێک ڕیفراندۆم مەترح دەکەن، بەڵام کاتێک دەچێتە بواری عەمەلی و سایە بە سەر فەزای سیاسی و کۆمەڵگەدا دەکات، هونەری سیاسی و پرسیار ئەوەیە چی ئەکەین و دەورمان چیە؟ پێویستە هەڵوێست گرتن لەم ڕیفراندۆمە لە ڕوانگەو مەوقعیەتی دەورو دەخالەت و بەرپرسیاریەتی و خۆ بە خاوەن زانینی کێشەکە وەڵام بدەینەوە و بچینە پای، قسە تەنها لەسەر دروستی یا نادروستی ئەو هەڵوێستە نییە کە لەڕوانگەی گۆڕانکاریەکان یا پێگەو مەوقعیەت و بەرژەوەندی پارتی هەڵوێست دەگرێت، بەڵکو ئەو جۆرە هەڵوێستە لە مەوقعیەتی تەماشاکەر یا چاودێرێکی سیاسی بەدەر نییە کە بە لێکدانەوەکانی بەدوای ئەوەدا دەگهڕێت ئاخۆ ئەم پرۆسەیە بە تەرح و دەور و ساتوسەوداو مامەڵەی پارتی سەردەکەوێت یا شکست دەخوات، یا بەقازانجی پارتیە، دەوری خەڵک و حزب دەخاتە ناو چاوەڕوانیەک و دەستی قەدەرەوە. ئەتوانم بڵێم بێ دەخالەتی و نەهاتنە مەیدانە بۆ گۆڕینی ئەو پرۆسەیە بە قازانجی خەڵك.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری “دیدگای سۆشیالستی” ژمارە ٧ دا بڵاوکراوەتەوە