نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
لەو کاتەوەی پرسی ریفراندۆم هێنراوەتە ئارا، زۆریک لە نووسەران و بەتایبەتیش ئەوانەی کە دژی ریفراندۆمن یان دژی ریفراندۆمن لە روانگەی ئەنتی پارتی بوونیانەوە، پاساوێک بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کە بەدەستیەوە دەگرن ئەوەیە کە دەڵێن ریفراندۆم و سەربەخۆیی تەمەنی دەسەڵاتی ئێستا درێژ دەکاتەوە… بەرگری لە ریفراندۆم و چوونە بەرەی پارتییە و پاشکۆیەتیە بۆ دەسەڵاتی پارتی… من لەو وتارەدا هەوڵ ئەدەم وەڵامێک بەو بۆچوونانە بدەمەوە… بەهیوای کۆمەککردن بە رۆشنکردنەوەی لایەنە ناڕۆشنیەکانی ئەو مەسەلەیە…
ئەوە راستیەکی رۆشنە کە کۆمەڵگای کوردستان دەرگیری دوو گرفتی بناغەییە… کە هەرکام لەم دوو گرفتەش بوونەتە ژینگەو منداڵدانی گرفتی هەمەلایەنەتری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و حقوقی، ئەم دوو گرفتەش کۆسپی گەورەن نەک هەر لەبەردەم شۆرشی سۆسیالیستی، بەڵکو تەنانەت بۆ ئاڵوگۆڕ پێکهێنانێکی بەرجەستەو بەرچاو لە ژیانی مادی و مەعنەوی خەڵکی کوردستانیشدا.
گرفتەکان، یان باشتر بڵێم دوو گرفتە سەرەکیەکە پێکهاتوون لە یەکەم: لکاندنەوەی کوردستان بە دەوڵەتی قەومی و ئیسلامی عەرەبی عێراقی. دووەم: دەسەڵاتی میلیشیایی ناسیونالیزمی کورد و داسەپاندنی چەند زوونی…
وە تا ئەم دوو گرفتە وەڵام وەرنەگرنەوەو رێگاچارەیەک بۆیان نەدۆزرێتەوە، ئایندەی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان بە ناجیگیری و ناسەقامگیری دەمێنێتەوە.
ئیستا زیاتر لە ١٤ ساڵە فیدراڵیزمی قەومی…لە عێراق هەیە، کۆمەڵگەی عێراق تا هاتووە لێکدابڕ دابڕتر بووە، پەرتەوازەو دابەش بووە، ئەوەی هەرکام لە بەشەکانی ئەم عێراقەی بەرووکەش یەکگرتوو هێشتۆتەوە، سازانە لەسەر دابەشی داهات و پۆست و بەشداری سیاسیی سێ رەوتی دیاریکراوە. ناسیونالیزمی/ئیسلامی شیعی، ناسیونالیزمی/ عەرەبی سونیی، ناسیونالیزمی کورد… بەڵام لە دنیای واقعیدا هەرسێ ئەم رەوتانە سەرباری ململانێی نێوخۆی خۆیان، لەبەرامبەر یەکتریدا راوەستاون و کۆمەڵگەیان بەرەو داڕمان و وێرانەو هاوڵاتیانیشیان بێ ئێرادە کردووە.
هەر کەسێکی واقیع بین، تەماشای عێراق بکات و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بکاتە جێگای تێڕامان و دیدیكی سەرڕاست، بەسادەیی دەتوانێت، لێک دوورکەوتنەوەی ئەم دوو کۆمەڵگەیە، لە هەموو زەمینەکانی دەسەڵاتدارێتی و سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەیوەندی ناوچەیی و جیهانی، تەنانەت کەلتوری و فەرهەنگیش، ببینێ. لەو نێوەدا فیدراڵیزمی قەومی وەکو لێی چاوەڕواندەکرا، نەک نەیتوانییوە وەڵام بە کیشەی کورد بداتەوە، بەڵکو خۆی بۆتە گرفتێکی واقعی و سەربار بۆ برینی سەر کیشەی کورد لە عێراقدا… لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا، کێشەی داهات و بودجە، کێشەی سنور، کێشەی سەرژمێری، کێشەی نەوت و غازو سامانی سروشتی، کێشەی کەرکوک و مادەی ١٤٠ و ناوچە کێشە لەسەرەکانی تر، کێشەی پەیوەندی بە وڵاتانی ناوچەکەوە، لە ئێستا و داهاتوودا کێشەی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە… هەموویان هەڵگری چەندین گرفتی سیاسی و ئابوری و ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدان و هەمیشەش ئەگەر و مەترسی تەقینەوەی دووبەرەکی قەومی بە تایبەتی لەو شوێنانەی هاو سنورن و هاوکات کێشە لەسەرن کە سنورێکی درێژو پانتایەکی بەرینی جغرافیایین بە ژمارەیەکی فراوانی دانیشتوانەوە، ئەگەرێک و کابوسێکی چاو لێنەپۆشراو و حاشاهەڵنەگرە. ئەم گرفتە چۆن وەڵام وەردەگرێتەوە؟ دەبێ چ بکرێت؟ رێگاکانی بەرگرتن بە بەیەکدادانی قەومی چین؟ چۆن دەستی حەشدی شیعی و میلیشیایی کوردی دەگیرێت لەو ناوچانە ئاگرێک بەرنەدەنە یەکتری و دانیشتوانی بەرامبەر بەیەک تەیارکراو بەدەستی یەکتری بۆ قەسابیکردنی یەکتری هان نەدەن و تاوانە جەرگبڕەکان و کارەساتە مەرگ هەژێنەکان، نەکەنە شانۆیەکی تراژیدی ئینسانی؟
گومانی تێدا نییە، چارەسەری کێشەی کورد لە عێرقدا و لە ئێستادا لە غیابی بزوتنەوەی کرێکاری و رەوتی سیاسی سۆسیالیستی و بەهێز و حزبی عەلمانی توانادارو هێزدار، تەنها دوو وەڵامی هەیە، وەڵامێکیان کۆتایی هاتووە کە گرێدانەوەی کوردسانە بە عێراقەوە. لە عێراقدا ئومیدی ئەوەی کە دەوڵەتێکی مۆدێرن و شارستانی لە نزیک مەودادا دروست بێت، یان عێراق ببێتە دەوڵەتی هاوڵاتی، نەک لە ئارادانییە، بەڵکو دەسەڵاتی میلیشیایی شیعی و سونی ئێستا، بۆ دەیان ساڵی تر بەربەستی سەرەکین لەبەرامبەر هەر رەوت و بزوتنەوەیەکی مۆدێرن و هاوڵاتی سالار. ئەمەش ئومیدی گەڕانەوەی کوردستان و لکاندنەوەی بە عێراقەوە لەبەین بردووە و فیدراڵیزمی قەومیش بۆتە ئەو درۆ شاخدارەی کەس فریوی پێناخوات و ئەزمون کرا. ئەزمونێکی فاشیل و ترسناک و هەڵگری بەیەکدادانی قەومیی و دینی و مەزهەبی و تایفییە، بەدەست میلیشیاکانیانەوە.
گرفتێکی تر یان گرفتی دووەم، لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتییە، بە تایبەتی. ئەم گرفتەش ریشەی لە گرفتی یەکەمدایەو پێوەی گرێدراوە. بوونی ستەمی نەتەوایەتی سەرخەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو زوڵمە، ژینگەی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی کورد و پێگرتنیەتی، وە بە ناسیونالیست کردن و زاڵکردنی ئاسۆی ناسیونالیستیە بەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و نەفرەت لە زوڵمی نەتەوایەتی لە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی مەکەزی، بە درێژایی میژووی خۆی. ئەم ناسیونالیزمە لەسەردەمی رژێمە سەرکوتکەرەکانی پێشودا، تا روخانی بەعس، لە ژێر ناوی وەستانەوە بەڕووی سەرکوت و ستەمی نەتەوایەتیدا، هەم زەمینەی مانەوەی خۆی و هەم سەرکوتی هەر رەوت و بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری و رادیکاڵی کردووە لە ژێر ناوی چارەسەر نەبوونی زوڵمی قەومی و بەپاساوی لە پێشتر بوونی خەباتی نەتەوایەتی لە جێی خەباتی چینایەتی و…تاد. لەساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ ئەم دەسەڵاتە دیسان لەژیر ناوی مانەوەی سەدام حسێن و رژێمی بەعسدا، و خۆبەستنەوەی بە مەسەلەی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستان و خۆ دەخستنی لە زەمینەی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی و… بە مەسەلەی کوردەوە توانیویەتی خۆی دووبارە بەرهەم بهێنێتەوەو ئاسۆی ناسیونالیستی خۆی بۆ چارەسەری پرسی کورد و جێ بخات. هەر هەوڵ و تێکۆشانێکیش کە بۆ ریفراندۆم وسەربەخۆیی یان لە زەمینەی خەباتی چینایەتی و کرێکاریدا بۆ باشبژێوی کرێکاران و خەڵکی کوردستان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکان و مافی ژنان و وەستانەوە بەڕووی کۆنەپەرستی و بۆ ئازادی و رێکخراوبووندا نرابێت… ئەوان لە ژیر ناوی مانەوەی هەڕەشەی دەرەکی و ترسی گەڕانەوەی سوپای عێراق و بەعسدا، دوبارە لەدژی وەستاونەتەوەو کۆمەڵگەی کوردستانیان بەپاوانی دەسەڵاتی خۆیان زانیوەو ئەو پاوانداریەشیان لە رێگای دەیان دەزگای جاسوسی و سەرکوت و هێزی میلیشیایی چەکدارەوە کردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئێستاش، ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییەی پارتی و یەکێتی، لەگەڵ ئەوەدا کە خۆیان بوونە برا بەشی دەسەڵات لە بەغدا و لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی قەومیدا، لەسەر بەشی سیاسی و پۆست و داهات و…تاد رێکەوتن، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا هەڕەشەی گەڕانەوەی بەعس نەماو ستەمی نەتەوایەتیش کۆتایی هات، بەڵام چونکە کێشەی کورد بەهەڵواسراوی مایەوەو وەڵامی وەرنەگرتەوە، ئەمجارەیان لە جێگای ستەمی نەتەوایەتی، پابەند نەبوونی بەغدایان بە فیدراڵیزمی وقەومی و بە جێ بەجێنەکردنی بەڵێنەکانیان لە شەراکەتی سیاسی و بەڵێن شکێنی ڕێکەوتننامەکانیان، کردە بیانوو، دیسان لە ژێر ناوی کێشەی کورددا!!
ئەم دەسەڵاتە میلیشییاییە، لەگەڵ ئەوەدا چەند ساڵێکە خۆی نەوت فرۆشی دەکات، داهاتی ناوخۆیی کوردستان بەدەستی خۆیەتی، ئابوری سەربەخۆیی هەیە، بەڵام دیسان بیانوی گرانی و برسێتی و بێ موچەیی، نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و تەرفیهی و پەروەردەیی و مافە زۆر سەرەتاییەکانی ئینسان، دەخاتە پاڵ بەغدا. بەغدا بە تۆمەتباری دۆخی کوردستان دەزانێت و لەژێر ناوی هەڕەشەی بەغداو پابەندنەبوونیان بە شەراکەتی نیشتیمانی و بەڵینەکانیان، خۆیان لە خواستە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان دەدزنەوە و دۆخی ناهەمواری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، دەگێڕنەوە بۆ بەغدا. ئەوە لەکاتێکدایە کە خۆیان و وەکو بەرپرسانی حزب و بنەماڵەی دەسترۆشتوی ناو حزب و حکومەت!! لە ژیانێکی شاهانەدا دەژین و راپۆرتە هەواڵە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکان ئاماژە بە سەروەتی ملیاردیری خەیاڵیان دەکەن.
بنەمای درێژ بوونی تەمەنی دەسەڵاتی میلیشیایی چییە؟
٢٦ ساڵە پارتی و یەکێتی پاوانی دەسەڵاتدارێتی کۆمەڵگەی کوردستانیان لە رێگای فریوکاری و سەرکوت و دەستبەسەراگرتنی داهات و هێزی چەکداری میلیشیای و خۆبەستنەوە بە وڵاتانی ناوچەکەوە کردووە، بەڵام ئەوە هەموو حکایەتەکە نییە. ئەوەی ئەو تەمەنەی پێبەخشیوون و ئەوانی هێشتۆتەوە بە پلەی یەکەم چارەسەرنەبوونی كێشەی کورد بووە. ئەگەر لە ساڵی ١٩٩١ یان لە ساڵی ٢٠٠٣، کێشەی کورد چارەسەرکرابا. یەکێتی و پارتی بە چ پاساوێک دەیانتوانی درێژە بەو حکومڕانییە زاڵمانەو نابەرابەر و بیمافیە بدەن کە هەیە؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانێ بمێنێتەوە کە دوای ٢٦ ساڵ لەدەسەڵات و لەبەردەستدابوونی فرۆشی نەوت و غازو سامانی سروشتی…تاد، نەتوانێ ئاو و کارەبا بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانێ ٢٦ ساڵ حكومرانی بکات، بێ ئەوەی تۆمەتبارێکی دز، تاڵانچی، گەندەڵ، یان ئینسان کوژی سەر بەدەسەڵات بداتە دادگا؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانێ ٢٦ ساڵ حکومڕانی بکات، بێ ئەوەی یاسا” بەهەر ناوەرۆکێکەوە” هەبێت؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانی ٢٦ ساڵ تاڵانی بکات، پێشلەشکری بکات، ژن کوژان ئازاد پارێز بکات، رۆژنامە نووسان بە ئاشکرا بڕفێنێت و تیرۆر بکات، کەچی شانسی لەدەسەڵاتدانەوەی بمێنێ؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانێت ٢٦ ساڵ هەرێمێک بکاتە چەند بەش وهەر بەشەی سەر بەوڵاتێکی ناوچەکە بێت و لەدەسەڵاتیش بمێنتەوە؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانێ ٢٦ ساڵ دەسەڵاتدارێتی بکات، بی ئەوەی مافی حکومڕانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەڕەسمی ناسرابێت؟ چ دەسەڵاتێک دەتوانێت حکومەتی بێ مافی حاکمەیەت، پەرلەمانی بێ دەسەڵات بۆ ٢٦ ساڵ درێژە پێبدات؟ یان کەی ویستی دەرگاکەی بکاتەوە یان دابخات؟
بۆیە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ٢٦ ساڵە بکەرو ببڕو بکوژ و ماف و کوژ و ئیرادە شکێن و نۆکەر و درندەو تاڵانچین، چونکە قاچیان بە مەسەلەی کوردەوە بەستۆتەوە، چونکە میلیشیان؟ چونکە مەسەلەی کورد کۆتایی نەهاتووە. بۆ ئەوەی کابوسی ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێ بێت، دەبێ مەسەلەی کورد بەچارەسەر بگات و دەسەڵاتی میلیشیایی کۆتایی بێت. چۆن؟ کێ ئەم کارە بکات؟
کامیان پیش مەرجی کامیانن؟ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میلیشیایی زامنی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە یان وەڵامدانەوەی بە کێشەی کورد زامنی کۆتایی پێهاتنی دەسەڵاتی میلیشیاییە؟
تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتی میلیشیایی چین؟
ئەوانە ئەو پرسیارانەن کە وەڵامدانەوە پێیان دەتوانێ کۆمەک بە بەرچاو رۆشنی و هەنگاوی کارساز بکات.
لە چارەکە سەدەی رابردووی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، نەفرەت و ناڕەزایەتی بەردەوام بووە، بەڵام خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتێکی حکومی پێناسەکراو و فەرمی و دەوڵەتێک بەرەوڕوو نەبووە، توڕەیی و نەفرەتی ناڕەزایەتی بەرینتر بۆتەوە بەرەوهەڵکشان چووە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەدا تا هاتووە دەسەڵاتیش پایەکانی خۆی قایمتر کردووە، بە دەستبەسەراگرتنی داهات و بوونی میلیشیایی چەکدارەوە توانیویەتی درێژە بە تەمەنی خۆی بدات. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتە خۆی بە پابەند بە جێبەجێکردنی هیچ ویستێکی خەڵک نازانێت و هیچ تەعەهودێکی نییە لەگەڵ هاوڵاتیانی تا جێ بەجێی بکات. وە وابەستەی هیچ یاساو تەعەهوداتێکی نێودەوڵەتیش نییە، هیچ یاسایەکی فەرمی نییە ئەو دەسەڵاتە میلیشیاییە پەیڕەوی لێبکات، بۆیە زۆری هێز جێگای یاسا دەگرێتەوە. دەم کوتانی دەسەڵاتی میلیشیایی لە یاسا بۆ ئەوە نییە خۆیان پێوەی پابەند بن، بۆئەوەیە هاوڵاتیان مل کەچی بن و خۆیان لاباک بن بەرامبەری. باسی پەرلەمان وحکومەت، بۆئەوان بۆ حکومەتداری و یاسادانان و چاودێری حکومەت نییە، بۆئەوەیە دنیای دەرەوە فریوی بدەن. لە ژێر سایەی میلیشیادا، حکومەت و پەرلەمان، دوو دەزگای بەکرێگیراوی حزبین بۆ رەسمیەت دان بە دەسەڵاتی میلیشیا و بەس. بۆیە حکومەت و پەرلەمان گوێگری حزب و موچەخۆری حزب و قورمیشکراوی حزب و بوون و نەبوونیان بۆ هاوڵاتیان هیچ بایەخێکی کردەنی نییە. ئەگەر لە خرۆشانێکی جەماوەریدا، حکومەت و پەرلەمان بکەونە دەست جەماوەی توڕە، یان لە کودەتایەکی سەربازی دەستیان بەسەردا بگیرێت، هیچ لەدەسەڵاتی میلیشیایی ناگۆڕێت. یان لەرێگای کایەی هەڵبژاردنەکاندا و بە پێی دەنگی هاوڵاتیان دەسەڵات دابەش ناکرێت و هاوسەنگی هێز ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایەت. ئەمانە تایبەتمەندی دەسەڵاتی میلیشیایین. کۆتاییهاتن بەدەسەڵاتی میلیشیایی نە بەخۆپیشاندان و نە بەکاری جەماوەری و پەرلەمانی و هەڵبژاردن، مەیسەر نابێت. تەنانەت یەک فەرماندەی سەربازی و یەک سەرۆک خێلێش لەچوارچێوەی دەسەڵاتی میلیشییایدا ناتوانرێت، لە دەسەڵات بخرێت. دەسەڵاتی میلیشیایی بە میلیشیایی بەهیزتری چەکداری تر یان بە شۆڕشی جەماوەری پشتبەستوو بەهێزی چەکداری بەهێز، یان لەڕێگای لەدەست دەرهێنانی ئەو کەیسانەی زامنی مانەوەو پێکهاتنی بوون دەتوانرێت جێگۆڕکی بە دەسەڵاتدارێتیەکە بکرێت. هێزی میلیشیایی، هێزی دەوڵەتی نییە، بێلایەن نییە… هاوکات ناتوانرێت بکرێتە هێزێکی ” نیشتیمان”ی، چونکە خۆی هێزی حزبە لە غیابی دەوڵەت و دامەزراوەی پێناسەکراوی حکومرانیدا. باسی بە نیشتیمانیکردنی هێزی میلیشیایی، وەهمە. تەنها بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی میلیشیایی و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتی یاسایی و قەوارەی دەوڵەتی دەتوانێت مەیسەر بێت. هێزی چەکداری حزبی، پارێزەی حزبە، لە کاتێکدا سوپای نیزامی و یاسایی پارێزەی دەوڵەت و هێزێکی بان حزبییە. تا دەوڵەتیش نەبێت، هێزی چەکداری سەر بەپارتی و هێزی چەکداری سەر یەکێتی، هێزی ئەو دوو حزبەن و هەر ئەو هێزەشە وای لێکردون پارێزگاریان لێبکات. ئەو هێزەیە کە ئەگەر پارتی لە گەمەی هەڵبژاردندا یەک کورسیش نەهێنیت، کەس ناتوانێت دەسەڵاتدارێتی لە زونی زەردو قەڵەمڕەوی خۆیدا لێ بسەنێتەوە، بۆ یەکێتیێش هەروایە، ئەگەر یەک کورسیش لە هەڵبژاردنەکاندا نەهێنێت کەس ناتوانێت لە زونی سەوز دەسەڵات لەدەست یەکێتی دەربهێنێ. بەسادەیش چونکە هێزی چەکدار و لەرێگای ئەو هێزە چەکدارەوە، پاوانی هەموو جومگەکانی داهات و سامان و دەسەڵاتدارێتیان کردووە… چۆن هێزی میلیشیایی، هەڵدەوەشیتەوە؟
وەڵام وەرگرتنەوەی ئەو دۆسیە بناغەیانەی حزبی هێزی میلیشیای کردۆتە دێوەزمە، دەتوانێ بەڕە لە ژێر پێی دەربکێشێ و گوڵە بەهارەی هەمەکارەیی و هەمە دەسەڵاتی خۆی لێ وەربگرێتەوە و بیخاتە بەرامبەر بە یاساو لێپرسینەوەو دادگاییکردن و لاوەکی کردنی. ئەگەر هاوڕایین لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای زوڵمی قەومی ومانەوەی کێشەی کورد، توانیویانە هەبن و دەسەڵاتیان بمێنێ و لاباک بن بەرامبەر بە هاوڵاتیان. بێگومان بە وەڵامدانەوە بەو مەسەلەیە، زەمینەی مانەوەیان بە شێوەی رابردوو لەدەست دەدەن. بەبێ وەڵامدانەوە بە کێشەی کورد، دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی، و بۆ چەندین دەهەی تر درێژەی دەبێت و سەرۆکە پاکەتی ویراسیەکانیان بۆ ئێستاو داهاتوو لە گریسدان و ئامادەن.
ئیستا دەبێ بپرسین… ئەگەر ئەمانە دوو گرفتی سەرەکی کۆمەڵگەی کوردستانن، ئەی چی بکرێ؟ چارەسەر چییە؟
کەواتە وەڵامێک ماوە، وەڵام سەربەخۆیی کوردستانی عێراقە، لە دەوڵەتی عێراقی قەومی و تایفی، دابڕانە لەو مێژووە خوێناویەی چەندین دەهەیە، بەهۆی زوڵمی نەتەوایەتیتەوە، خەڵکی کوردستانی پلە دوو سەرکوت دەکرد… رێگاکەی چییە؟ رێگای باو لەدنیا و ئەزموونکراو بۆئەوەی ئیرادەی هاوڵاتیان تیادا، رۆڵ بگێڕێت، سازدانی ریفراندۆمە. بەوەی بزانریت خەڵکی چیان دەوێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دان بە ئیرداەی دەنگی هاوڵاتیاندا بنێت. تەعەهوداتی نێو دەوڵەتی خۆی پیادە بکات. ریفراندۆم ئەو رێگایەیە یان ئەحزاب و یان ناوەندێکی نێودەوڵەتی یان ئیلێت” نوخبە”یەکی ناسراو دەتوانێت بانگەوازی بکات. دیارە هەرکام لەوانەش لە هێنانەگۆڕی پرسی ریفراندۆمدا، بەدوای قازانج و تەماحی بەرژەوەندی دیاریکراوەوەن. لە دۆخی کوردستاندا کە میلیشیایی حزبی باڵادەستە، پاروی دەمی خەڵکی بەبارمتە گیراوە، پرسی ریفراندۆم بەهەمان ئاقارو بەشێوەی ئەو وڵاتانە بەڕێوە ناچیت، کە دەوڵەتداری و یاساو ماف و تەعەهوداتی نێودەوڵەتی هەیە. بانگەوازی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی سکوتلاند لە بەریتانیا… یان کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا زۆر جیایە لەوەی لە کوردستاندا دەکرێت. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا ریفراندۆم بۆ بەڵی و نەخێرە بۆ چارەسەری پرسێک، بەڵام هاوکات پرۆسەی بانگەوازو جێبەجێکرنەکەی تەواو جیاوازە. لە شوێنی وەکو فەلەستین و کوردستاندا پرسی ریفراندۆم بێ ئەوەی هێزی دەسەڵاتداری سەرەکی و بەهێز لەگەڵی بێت، ناکرێت. وەیان رێگەنادەن بکرێت. ئەمە ئەگەر حاڵەتێکی ناوازە و تاڵە، بەڵام راستیەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئیستا پارتی وەکو هێزیكی باڵادەستی بڕیار بەدەستی میلیشیایی لەکوردستاندا، بە پشتیوانی هێزە میلیشیا هاوتاکەی بانگەوازی ریفراندۆمی کردووە، کە بێگومان لەو رێگایەوە بەدوای دەیان ئامانجی دیاریکراوی حزبی و بنەماڵەیی خۆشیەتی، بەڵام لەگەڵ هەموو تەماحەکانی خۆیدا، دەستبردنی بۆ ریفراندۆم، کە گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی خەڵک و وەرگرتنی رای هاوڵاتیان، سەرباری هەر رەخنەو توڕەیی و نەفرەتێک لە دەسەڵاتی تاڵانچی پارتی و ناسیونالیزمی کورد، رەتکردنەوەی ناتوانێت بچێتە خزمەت بە چارەسەری پرسی کیشەی کورد لە عێراقدا و دۆخەکە وەکو ٢٦ ساڵی رابردوو دەهێڵێتەوە. پێشبینی دەکرێت چارەسەرنەکردنی پرسی کورد، لەگەڵ پێگرتنەوەی زیاتری ناسیونال، ئیسلامی شیعی و یان ناسیونالیزمی عەرەبی بە گشتی… بچێتە ئاستێکی ترسناکتر لە ٢٦ ساڵی رابردوو. بەتایبەت لە ئێستای دوای داعشدا، ململانێی هەولێر و بەغدا، پێشبینی دەکرێت بچێتە ئاستێکی مەترسیدار و خوێناویەوە. بۆیە دەستبردن بۆ ریفراندۆم و بۆ سەربەخۆیی وەڵامێکی کارسازو کردەنییە بۆ بەرگرتن بە سیناریۆ ترسناکەکانی داهاتوو، وە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەیەک کە ناسیونالیزمی کورد، چەندین دەهەیە لەسەر ئەو پرسە درێژە بە تەمەنی خۆی و دووبارە بەرهەم هێنانەوەی خۆی دەدات. ناکرێت بەرەی ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیستی کۆمەڵگە… پشتیوانی لەو جیابوونەوانە بکەن کە لەشوێنەکانی تری دنیا دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی ناچاری بەپرسە گەورەوە چارەسەرنەکراوەکان، بەڵام لە کوردستان بە پاساوی ئەوەی پارتی دەیکات، دژایەتی بکەن. نە لە فەلەستین، دۆسیەی سەربەخۆییی و ریفراندۆم و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەدەست هێزە پێشکەوتنخواز و چەپ و کۆمۆنیستەکانەوەیە، نە ئەوانەی بوونە رەمزی کۆتاییهێنان بە ئاپارتیدی رەگەزی، لە جنوبی ئەفریقیا چەپ و کۆمۆنیست بوون، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەکەدا، بزوتنەوە و رەوتە سیاسیە پێشکەوتنخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکانیان، پشتیوانیان کردوون.
پاساوەکان لاوازن لەبەرامبەر پرسێکی گەورەدا. سەیر ئەوەیە بەشێکی زۆر لە هاوڕێیانی کۆمۆنیست، کە خۆیان پێشتر لەبەرامبەر پاساوی ناسیونالیستەکاندا بۆ بەرەنگاری ریفراندۆم دەوەستانەوە، ئیستا خۆیان هەمان ئەو پاساوانە بەدەستەوە دەگرن کە پیش ٢٢ ساڵ بەر لەئێستا لەدژی وەستاونەتەوە. لەوانە رێگری وڵاتانی ناوچەکە، نائامادەیی، گونجاو و نەبوونی هەلومەرجەکە، ناڕازی بوونی ئەمریکاو غەرب…
هەروەها باسی “ناوماڵی کورد”” نەبوونی رێکاری یاسایی”” لەکارخرانی پەرلەمان”” سەروەرنەبوونی یاسا” کە بەشێکی تر ناڕازیانی پارتی بەرامبەر بە ریفراندۆم بەدەستیانەوە گرتووە، هیندەی هەوڵێکی نەخشەمەندانەو بەیانی ناڕەزایەتی باڵێکی بزوتنەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردە لە بەشداری سیاسییان، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە. چاوەڕوانی لەوەی حکومەت و پەرلەمان ببنە دامەزراوەیەکی یاسایی و فەرمی و دانپیانراوی نێودەوڵەتی و پابەند بە تەعەهوداتی دەوڵەتی و لەژیر دەسەڵاتی میلیشیاییدا، لەوەهم زیاتر نییە. حكومەت و پەرلەمان و سوپای نیزامی” نیشتیمانی” تا دەگات بە یاسا. بێ دەوڵەت و بێ مافی حكومەتداری بەدی نایەت. ئەوانە هییچیان پێشمەرجی ریفراندۆم و دەوڵەت سازی نیین، بەڵکو بوونیان لە گرەوی بوونی دەوڵەتدایە.
پاساوی ئامادەکاری دەرەکی پاساوێکی ترە کە بەمەحاڵکردنی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆییە… لەهیچ جێگایەکی دنیادا، دەوڵەتەکان و زلهێزەکان نین، دۆسیەی سەربەخۆیی و دەوڵەت راگەیاندن، بەدەستەوە بگرن. ئەوانە هەمیشە ناچار کراون و مل بە ئیرادە و بڕیاری خەڵک بدەن. چاوەڕوانی لەوەی بە دانیشتن و گفتوگۆ عێراق و تورکیاو ئیران و سوریا… بەخۆشی خۆیان رازی بن بە ریفراندۆم و پیکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ… چاوەڕوانیەکی بێ هودەو بەخەیاڵ کردنی ئومێدی سەربەخۆییە. بۆئەوەی وڵاتانی ناوچەکە تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مل بە سەربەخۆیی بدەن، دەبێ ئیرادەو بزوتنەوەی بەکردەوەی خەڵکی کوردستان لە رێکارێکی دانپیانراوی نێودەوڵەتیدا ببینن، کە ریفراندۆم میکانیزمێکی خستنەگەری ئەو ئیرادەو بزوتنەوە جەماوەری و کۆمەڵایەتیەیە. ئەوەی کە گرنگە و دەکەوێتە سەر شانی بەرەی پێشکەوتنخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان. بەڵێ و نەخێر نییە. بەڵێ و نەخێر، بژاردەیەکە بۆ هاوڵاتیان بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. پرسی گرنگ ئەوەیە چی بکرێت بۆ ئەوەی ریفراندۆمێکی ئازاد و دوور لەهەڕەشەو چاوسوکردنەوە بەرێوەببریت؟ چ بکرێت بۆئەوەی هاوڵاتیان بێ گویدانە ناسنامەی نەتەوەیی و دینی ومەزهەبی و حزبی و بیروباوەڕیان، لە کوردستاندا لەکەشێکی بەرابەرو ئارامدا، بەشداری ریفراندۆم بکەن؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی ئاکامی ریفراندۆم بە رەسمی بناسرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەفەرمی بناسن؟ چی بکرێت بۆئەوەی هەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکە ناکام بکرێتەوە؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی حزبە سیاسیە میلیشا بەدەستەکانی کوردستان، سات و سەودا بە ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆمەکەوە نەکەن؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی بەرەی پێشکەوتنخوازو ئینساندۆستی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا، لە پشت ویستی خەڵکی کوردستان و ئاکامی ریفراندۆم بوەستن؟ چۆن ئامادەکاری بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی پشت بەستو بە ئیرادەی ئازادانەی جەماوەری کە مافە فەردی و مەدەنیەکان و مافی هاوڵاتیبوون بێ گوێدانە هیچ ناسنامەیەکی قەومی و دینی و مەزهەبی تیایدا زامن بێت، شکۆ ئینسانی تاکەکانی پارێزراو بێت و… چی .. ئەمانە ئەو ئەرکانەن کە دەکەوێتە سەرشانی بەرەی ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان. بەرگری و تێکۆشان بۆ هەرکام لەوانە، هیچ هێزو کەس و لایەنێک ناکات بە پارتی و رێبازی بارزانی، کەس ناکات بە بەرگریکەر لە دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی و موچەبڕ و ئازادی کوژ، کەس ناخاتە ناو خانەی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. ئەوەی دەتوانێت دەسەڵاتی میلیشیایی درێژ بکاتەوە، پارتی و یەکێتی بۆ دەیان ساڵی تر بکەرو ببڕی زاڵ و سەرەکی ناو کۆمەڵگای کوردستان بن. مانەوەی کوردستانە لەگەڵ عێراق و وەڵام وەرنەگرتنەوەی کێشەی کوردە. ئایندەی ترسناکتر لە ویستی جیابوونەوەی کوردستان و پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ، مانەوەی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقێکدا، کە دەسەڵاتێکی قەومی و ئیسلامی و تایفی و عەرەبییە. پاساوی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان بە ریفراندۆم کردن برسی تر دەبێت، خەڵکی توشی شەڕو کێشەو و قوربانیدان دەبێت، زێدەڕەویی و ترساندنی خەڵکە و بێ بنەمایە. بێگومان هەڕەشە دەبێت و گوشار دەبێت، رێگری دەبێت، بەڵام جەماوەرێک ئیرادە بکات، و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بە مافی خۆی بزانیت، ئیرادەی ئەوەشی دەبێت، وەڵامی ئەو هەڕەشەو رێگریانە بداتەوە. هێزی ئەحزاب و رێکخراوە سیاسییەکان، دەشکێن، بەڵام شکاندنی ئیرادەی وەگەرکەوتویی جەماوەری شکانی ئاسان و سانا نییە. بلۆکی ئازادی و چەپ و کۆمۆنیست، دەبێ داینەمۆی خستنەگەڕی ئەو ئیرادە جەماوەرییە بێت، نەک پاساو هێنانەوەو گێڕانی رۆڵی چاودێری سیاسی و شەن و کەوکرنی ئەگەرەکانی.
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردستان تەنها سێ ئەگەری لەپێشە… یەکەم، لکاندنەوەی کوردستان بە عێراقی عروبی قەومی و ئیسلامی شیعی. دووەم مانەوەی کوردستان بەم جۆرەی ٢٦ ساڵە هەیە، کە بەکردەوە لەعێراق جیابۆتەوە و بەفەرمیش هیچ مافێکی حکومداری و لەئاستی کۆمەڵگەی نێودەولەتی لەباری حقوقیەوە نییە. سێیەم بەفەرمی جیابوونەوەی کوردستانە لە عێراق، لە رێگای ریفراندۆمێکی ئازادانە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆییە… لەنیوان ئەم سێ ئەگەرەدا، کام هەڵبژاردە لە بەرژەوەندی سەراسەی چینی کرێکارە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا. کام لەو ئەگەرانە لە بەرژوەندی خەڵکی ستەم دیدەی کوردستانە… ئەگەر لەدنیای واقعی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتیش بزوتنەوەی سۆسیالیستی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار تەماشا بکەین، جیابوونەوەی کورستان لە عێراق و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ دەتوانێ وەڵامی کارساز بیت، بەتایبەتیش کە هەردوو ئەگەرەکەی تر فەشەلی خۆیان لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان و ناوچەکە نیشانداوە.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٠ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net