ڕژێمى ئیسلامى ئێران بەردەوامە لەسێدارەدانى مێرمنداڵان

عبدالرحمن رسول
مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە، پێویستە هەمیشە مافەئینسانییەکانى مرۆڤ بپارێزرێت وبەرگرى لەتەواوى ئازادى ومافەکانى مرۆڤ بکرێت، بەڵام لەژێرسایەى سیستەمى ئایینى ئیسلامیدا لەئێران ولەژێردەسەڵاتى مەلاکانى ئێراندا ڕۆژانە مرۆڤەکان بەتایبەت گەنجان ولاوان دەخرێنە زیندانەکانەوەو سوکایەتى وئەشکەنجە دەدرێن ومافەکانیان پێشێل دەکرێت لەبەرچاوى خەڵک لەسێدارە دەدرێن.
لەسەرەتایی مانگى گەلاوێژى ١٣٩٦ ڕێکخراوى بەناو مافى مرۆڤى ئێران کەناوەندێکى دەوڵەتییە، دانى بەوەدانا کەلەماوەى دوومانگى ڕابردوودا ١٠٠حاڵەتى لەسێدارەدان لەزیندانەکانى ڕژێمدا بەڕێوەچووە. ئەبێ ئەوەبزاندرێت کەئامارو داتاکانى ڕژێم لەم بارەیەوە هیچ چەشنە ئیعتیبارێکى نییە و ئامارەکان وڕێژەى لەسێدارەکان زۆر لەوەزیاترن کە ڕێکخراوەکانى سەربەڕژێم دەیانخەنەڕوو بۆ خەڵک.
کۆمارى کۆنەپەرستى سێدارەى ئیسلامى ئێران بەگرتنى شارومەندانى کورد، مافەسیاسى، کۆمەڵایەتى، مەدەنیەکانى کورد پێشێل دەکات. ئازادى ڕادەربڕین، مافى ژیانێکى ئازادو سەربەخۆ، ئەمنێتى تاکەکەس، هەڵاواردن، بێحورمەتى بەخەڵک، کۆمارى ئیسلامى ئێران رۆژانە پێشێل دەکات، هەروەها ئەشکەنجەى گیراوانى سیاسى ولەبەرچاونەگرتنى مافەکانیان بەئاشکرا دەبیندرێت.
کۆمیتەى پشتیوانى لەمافى مەدەنى، سیاسی و یاسایى (ڕامین حسێن پەناهى) لەڕاگەیاندنێکەوە کەڕایگەیاند کەوەزارەتى ئیتڵاعات بەنیازى ئەوەیەکە(ڕامین حسێن پەناهى) بەشاراوەیى بکوژێ یاخود ئێعدامى بکات. بەپێى سەرچاوەى ڕاگەیاندنەکان (ڕامین حسێن پەناهى) لە٢ى پووشپەردا درایە بەدەسترێژى گوللە لەلایەن هێزەکانى سوپایى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران دەست بەسەرو بۆزیندانى نادیار گوازراوەتەوە. سەرەڕاى بەدواداچونى بەردەوامى بنەماڵەکەى وخانەوادەکەى سەردانیان بۆفەرمانگەوناوەندە ئەمنییەتییەکان بەڵام تائێستا چارەنووسى ناوبراو هیچ هەواڵێک نییە.
بەپێى هەواڵى ڕاگەیاندنەکان(عەلى ڕەزا تاجیک) تەمەنى پازدە ساڵى یەوە سزاى ئیعدامى بەسەردا سەپابوو، سەرەڕاى هەوڵى بەردەوامى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ وناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەى سزاکەى، سەرلەبەیانى پێنج شەممە,١٩گەلاوێژى ساڵى ١٣٩٦,لەزیندانى عادڵ ئابادى شیراز ئیعدام کرا. ناوبراو بەتۆمەتى دەستدرێژى وپاشان کوشتن دەست بەسەروسزاى ئیعدامى بەسەردا سەپا.
بەپێى هەواڵەکان بەرەبەیانى شەممە١٤ى گەلاوێژ ساڵى ١٣٩٦ دوو بەندکراوى کورد بەناوەکانى (سەعید پورهورموزى جەعفەر، خەڵکى شارى نەغەدە، حسین شاهینى، خەڵکى گوندى کوسى ورمێ) بەتۆمەتى بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان لەزیندانى ناوەندى شارى ورمێ لەسێدارەدران.
رۆژى چوارشەممە٤ى گەلاوێژ دوو بەندکراوى بەتۆمەتى بازرگانى بەماد ەهۆشبەرەکان بەناوەکانى (فەرهاد موسازادە،داود ماڵدار) هەروەها زیندانێکى تر تۆمەتبار بەکوشتن بەناوى (فەتاح ئەمینى) لەزیندانى ناوەندى ورمێ ئیعدام کران.
رۆژی پێنجشەممە ١٠ی مانگی پوشپەڕ ناوەندی ئاماری “سازمانی مافەکانی مرۆڤی ئێران” ڕایگەیاند کە توانیویەتی ٢٣٩ ئێعدام لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا تۆمار بکات، کە ١٢ کەسیان بە بەرچاوی خەڵکەوە بووە. پێویست بە وتنە کە لەم نیوەی ساڵدا، ئێعدامی ٣ منداڵ کە لەژێر تەمەنی١٨ساڵیدا تاوانیان ئەنجام دابوو تۆمارکراوە.
بەپێى ڕاپۆرتى هەواڵى کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان کەبڵاوکراوەتەوەشەممە،١٧ى پووشپەرى ١٣٩٦ى هەتاوى لەگرتووخانەى ناوەندى شارى ورمێ لەرۆژهەڵاتى کوردستان، ٤هاوڵاتى کوردوتورک لەسێدارەدران.
١٩ى پووشپەرى ١٣٩٦ لەزیندانى مهاباد هاوڵاتێک بەناوى|(شێخ موراد ئیبراهیمى)خەڵکى پارێزگاى لوڕستان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسێدارەدرا.
چوارشەممە ٢١پووشپەرى ١٣٩٦ زیندانیەکى کورد بەناوى (برزووشێخى لوتف على کەخاوەنى بڕواننامەى ماستەر(کارناسى باڵا) ى ئاماروماتماتیک لەبەندیخانەى ناوەندى ورمێ ئێعدام کرا.
شەممە ٢٤ى پووشپەرى ١٣٩٦ دوو هاوڵاتى بەناوەکانى (ماشەڵڵا سەیدنەوین) خەڵکى ورمێ(موحەمەد ڕەزاسامێ) خەڵکى ئاوایی کانى ڕەشى ورمێ بۆماوەى سێ ساڵە لەبەندى ١٥ى گرتووخانەى ناوەندى ورمێ ڕاگیرابوو، لەسێدارەدران. لە٣١ى پووشپەرى ١٣٩٦ دووزیندانى بەناوەکانى (ئیرەج قوبادى) خەڵکى کوهدەشت و(کاووس مەلێکى) خەڵکى ئەلیگودەرز لە گرتووخانەى پارسیلۆنى خوڕەماوا لەڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسێدارەدران.
ئێعدامی زیندانیانی ئاسایی و سیاسی لە زیندانەکاندا، ئێعدامی تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵ، ئیجرای مەراسمی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، شه‌لاق لێدان لەبەرچاوی خەڵک، توندکردنەوەی گوشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە جەماوەری و کۆمەڵایەتیەکان، دەرکردنی حوکمی زیندانی درێژماوە بۆ کەسانێک کە لە چوارچێوەی چالاکیە عەلەنی و تەنانەت یاساییەکاندا کاریان دەکرد، لەوانە هەڵسوڕاوانی کرێکاری، وێبلاگ نووسان و هەڵسوڕاوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەمانە بە گشتی ئاڵقەکانی زنجیرێکی تێک هەڵپێکراون کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگای لەحاڵی کوڵان و هەڵچوون دایە بە زەبری زۆر و سەرکوت.
سزاى لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆترساندنى خەڵکە، لەسەرەتایى بەدەسەڵات گەیشتنى ئیسلامییەکان لەئێران هەتا ئێستاش لەلایەن ئەم ڕژێمە وەحشیگەرییە ئیسلامییەوە لەسێدارەدان بەکاربراوە، ئەم ڕژێمە جەنایەتکارە بەندکراوانى سیاسى، وەک گرەوگان لەسیاچاڵەکانیدا ڕادەگرێت وهەرکاتێک بەپێویستى زانى لەسێدارەدانیان بۆئامانجى سیاسیى وپێکهێنانى فەزاى ترس ووەحشیەت لەکۆمەڵگادا کەڵک وەردەگرێت. بۆسیستەمى ئیسلامى ئێران گرینگ نییە زیندانى تاوانى ئەنجامداوە یان نا، دادگایکراوە یان نا، چەند ساڵ بەحاڵى بوون لەتاوانەکەى ویان بەبێ ئەو بەڵگەو پەرەوەندە یان بەبێ سەنەد لەزیندان ماوەتەوەو یان تەنانەت مەحکوم زیندان کراوەو ماوەیەکى لەمەحکومیەتەکەشى بەسەربردوو. ڕژێم هەرکاتێک بەپێویستى زانى بەشێوەى تاکەکەسى یان بەکۆمەڵ لەسێدارە دەدات. هەربۆیە لەڕۆژى یەکەمى هاتنە سەر دەسەڵاتى ئیسلامى یەکان لەئێران هەتا ئێستا بەهەزاران کەسى لەسێدارە داوە. بەشێکى زۆر بەکۆمەڵ لەناو شەقامەکانى شارەکاندا لەسێدارەداوە بۆ چاوترسێن کردنى خەڵک وزاڵکردنى فەزاى ترس وتۆقاندن بەسەرکۆمەڵگەدا. بەڵام ڕۆژبەڕۆژ جەماوەرى خەڵکى ستەم دیتوى ئێران رق وقینەى ڕووخانى ڕژێمى ئیسلامییان لەئێران بەهێزتردەبێت. هەنگاو بەهەنگاو پێویستە خەڵکى ناڕازى لەسیستەمى ئیسلامى خۆیان ڕێکخراو بکەن ویەکێتى و هاوخەباتى ونارەزایەتییەکانیان بەهێزبکەن، بۆئەوەى لەسەراسەرى ئێراندا شۆرش و ڕاپەرین گەشە بکات.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٠ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *