دووجار بیربکەرەوە، تەوەرەی بەرنامەی ٧/٨/٢٠١٧
ئایا حکومەتی هەرێم لە ئیستادا چارەسەری پێیە بۆ کۆچکردنی هاوڵاتیان؟
بەراستی پرسیاریكی بێ جێگاو نالۆژیکی و نا رۆژنامەگەرییە. حکومەتی هەرێم!! نە لە رابردوو نە لە ئێستاو نە لەداهاتوودا، ناتوانێت و نەیتوانییوە دەست بەرداری ئەو هێرشە بێت، کە هۆکارە بۆ راکردنی خەڵکی و ئەو سامانە ئینسانییە زۆرو زەوەندەی کۆمەڵگەی کوردستان. بەرێوەبەران و ئەندازیارانی سازدانی ئەو بەرنامەیە خۆیان باش دەزانن، کە خەڵکی کوردستان بەتایبەتیش لاوان، لەدەستی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و میلیشیایی و موچەبر و ئازادی کوژ و خەون کوژە، رادەکەن، کەچی پرسی چارەسەری ئەو دۆخە لەلایەن حکومەتەوە دەکەنە تەوەرەی بەرنامەکەیان.
راکردنی خەڵک هەڵبژاردنێکی دڵخوازانە نییە، گرتنەبەری رێگایەکی ناچارییە، لەبەرامبەر بە هێرشی بەردەوامی دەسەڵاتی میلیشییایی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتیدا.
خەڵکی کوردستان بۆیە ناچارن کوردستان جێ بهێڵن، چونکە ژیان و گوزەرانی ئیستایان، ئایندەی خۆیان و مناڵەکانیان، خەونی لاوان و تازە لاوان، کوشتار کراوەو دەکرێت. لە وڵاتێکدا، نان نەبێت، نان یانی کار، موچە، دامەزراندن، خزمەتگوزاریی، ئایندەی خوێندن، بیمەی بیکاری و تەندروستی… و دەیان ویستی سەرەتایی تر نەبن، واتە ژیان نییە. ئەوەی لە کوردستان هەیە دۆزەخێکی مەرگچین و جینۆسایدیكی پلەپلەی ئاشکرایە. کۆمەڵێک مافیای خاوەن هێزی چەکداری و لوشدەری هەموو داهات و سامانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەوەی رێزی بۆ دانەنێن ئینسانە. ئەوەی بیری لێنەکەنەوە مافە، ئەوەی بەخەیاڵیاندا نایەت دارمانی شکۆی تاکەکانیەتی. ئەوەی لەدەستیان بێت، بۆ کوشتنی خولیاو خەونی هاوڵاتیان دەستی لێناپارێزن. لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئاوادا، ئاسایترین دیاردە ئەوەیە خەڵک بۆ دەست راگەیشتن بە ژیان، شوێنی نیشتەجێ بون و بێ ژیانیان جێ بهێڵن.
خەڵکی کوردستان لەسەر دەریای نەوتن و فرۆشتنی نەوت رۆژنە ملیۆنیک بەرمیلە، کەچی خەڵکەکەی دەبێ تا دەیان ساڵی تر بچنە ژێر قەرزی فرۆشتنی نەوتی!! دەسەڵاتی تاڵانچیەوەو خۆشیان موحتاجی دەبەیەک نەوت و بەنزین و گاز و غاز بن. خەڵکی کوردستان سۆماڵ و سودان نییە وشکە ساڵی بیهارێت، کەچی کەرتی کشتوکاڵی داروخاوە، ئاوی خواردنەوە دەستکەوتنی قورسە. ٢٦ ساڵە دەسەڵات لە کوردستان بایی کارەبای هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست بودجەی بۆ کارەبا تەرخانکردووە، کەچی تا ئێستا کارەبا بۆتە خەونێکی وەدی نەهاتوو لە ناو چراغانی ڤیلاو باغی بەرپرسە دزەکانی کارەباو نانی هاوڵاتیاندا. مەرگی روداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی خراپی رێگاو بانەکانەکان، ئامارێکی ناوازەیە لە گیانکیشانی ئینسان. خوێندن و پەروەردە بەتەواوی دارماوە و ئایندەی دەرچووە یەکەمەکانی هەرێم بەو حاڵەشەوە نادیارە، جا بگات بە دەرچوانی ئاسایی. دۆخی تەندروستی مەرگ هەژێنە، هێشتا بەهۆی نەبوونی دەرمانی زۆر سەرەتاییەوە، ژەهری دوپشک گیانی ئینسان دەکێشیت، لەرێگای هەڵەی چەند بارەی بێ لێپرسینەوەوە دکتۆرە چاو برسیەکان، چەندین کەس چاو و بینایان لەدەست دەدەن. بازاری کوردستان کراوەتە شوینیك بۆ ساغکردنەوەی، خراپترین کاڵاکانی دنیا. لە هاویندا گەرما و لە زستاندا سەرما، هاوڵاتیانی هەژار و نەدار هەراسان دەکات. باسی مافە فەردی و مەدەنیەکان، بۆ هەموو ئینسانێکی هوشیار تەکاندەرە. فەرد لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە بە ئاسانی دەتوانێت دارکاری ژن و مناڵ بکات، ژن کوژی بکات، کەچی ماچ و خۆشەویستی نهێنیەو کوشتاری بەدواوەیە. ئازادی جل پۆشینی دڵخواز و ستایلی سەردەمی گێچەڵی لەگەڵە، چەند ژنە دەمەزەرد کراوەتەوە، دەستی دین ئاوەڵاکراوە خۆ بخزێنێتەوە وردو درشتی ژیانی سیاسی و یاسایی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەوە. یاسا میلیشیا بۆ هاوڵاتیانی سادە، بەزیادەوە پەیرەو دەکرێت، کەچی هیچ دزو تاڵانچی و گەندەڵچیەکی حزب و بەرپرس سزا دەستی پێی ناگات. ئازادی سیاسی و بیروباوەر لە نێو تەلبەندی پیرۆزییە نیشتیمانی و قەومی و دینی و رەمزو ئەخلاق و کەلتوردا، زیندانییە. ئەمانە ئەو هەلومەرجەن کە وای لە خەڵکی کردووە بەتایبەت لاوان بەناچاری رێگای دەربازبوون لە دۆزەخ و بەناو دۆزەخی دەیان مەترسییدا وەکو پۆلیسە پەروەردەکراوە مێشک شۆراوەکانی سنور و بەناو تەلی درکاوی و کیڵگەی ئەلغام و دارستانی هەوا بڕ و شەپۆلی بی رەحم و نەزانی دەریا و و ترێلە سەر قەپاتکراوەکاندا، رێگای هات و نەهات بگرنە بەر… بۆئەوەی بێ ژیانی جێ بهێڵن و دەستیان بە ژیان بگات.
ئەگەر لە وڵاتانی کەمێک کراوە و خاوەن ماف و ئازادیدا، خەڵک و لاوان، بەمەبەستی سەیران و گەشت، دەستکەوتنی زانیاری و بۆ خوێندن و زیاترکردنی پسپۆری یان بۆ پشودان، یان لە پێناو ژیانی باشتردا سەفەر و شوێنی ژیانیان بگۆڕن، ئەوا خەڵکی کوردستان لەدەست بێ ژیانی بەدوای ژیاندا وێڵن و ناچارن رابکەن. وە دەسەڵات و ئەوەی ئین ئارتی پێ دەڵیت حکومەتی هەرێم، هۆکاری ئەو راکردنەی خەڵکن و تەنها بەدوای رێگاچارەسەرەوە نین، ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت، رۆشتنی خەڵک و جێ هێشتینی کوردستانە…
ئەم چارەنووسە، بڕاوە نییە، رەها نییە، بێ رێگاچارەش نییە…دەکرێت پێچەوانە بکرێتەوە… ئین ئارتی ئەگەر تۆزقاڵیک ویژدانی زیندووی بوایە، دەبوو بڵی کام رێگاچارەسەر بۆ رێگەگرتن لە جێهێشتنی لاوان و خەڵکی کوردستان. رێگاچارە ئەوەیە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لاوانی نارازی و دڵ پر لەهیواو خاوەن خەون… رێگای تیکۆشان و خەبات هەڵبژێرن، بۆ گۆرینی ئەو جەهەنەمەی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی خوڵقاندویەتی. جێهیشتنی کوردستان رێگاچارە نییە بۆ گۆرینی دۆخی نەخوازراوی هەرێم و بێمافیەکان. لاوان سەرمایەکی گەورەی داهاتوو و وە هیزی نەخشاندنی داهاتووی کۆمەڵگەن. پێویستە لاوان بیر لە گۆرانکاری لێرە لە کورستان بکەنەوە، بە خەباتی بەردەوام و نەخشەمەندانەی خۆیان پاشەکشە بە دەسەڵاتی میلیشیایی بکەن و خواستە سادە ئیسانیەکانی خۆیان بەسەر ئەو دەسەڵاتەدا بسەپێنن و لەو درێژەی ئەو خەباتەشدا، هەڵپێچانی ئەو دەسەڵاتە بکەنە خولیایەک، بۆ لەدایک بوونی خەونی نوێتر و داهاتووی باشتر. ئەو هەموو قوربانیەی لەرێگای دەست راگەیشتن بە ئەوروپا و ئەمریکاو ئوسترالیادا، لە رێگا و دەریا و سنورەکاندا دراوە، دەیتوانی لە خەباتدا لەگەڵ هاوچارەنووسەکانیان لە کوردستاندا بۆ هەڵپێچانی ئەو دەسەڵاتە، ئەو دەسەڵاتەی ئیستای رەوانەی گۆڕستان کردبا.
بۆ ئەوەی ژیان و ژیانێکی شایستەی ئینسانی لە کوردستاندا، فەراهەم بێت، دەبێ ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و میلیشایی و سەرکوتگەر و ماف کوژە، بڕوات. ئەمە بەبێ خەباتێکی لێبراوانەو رۆشن و نەخشەمەندانەو رێکخراو کە لاوان رۆڵی بەرجەستەیان دەکەوێتە سەرشان، قابیلی بەدیهاتن نییە. با بە توردانی ئەم دەسەڵاتە، هیزەکانمان کۆبکەینەوەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەسەل و ئینسانی بنیات بنێین… ئەو کاتە گەشت و سەفەر و دنیا بینین مانایەکی تر پەیا دەکات و لە ناچارییەوە دەبێتە پیویستیەک بۆ ژیان.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٠ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net