سەبارەت بەچەواشەکاریەکانی شاسوار عەبدولواحید لەپەیوەند بەپرسی ڕیفراندۆمەوە

عرفان کریم:

لە رێکەوتی ٥ی ئابی ٢٠١٧ لە تەلاری هونەر . شاسوار عبدولواحید خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا، لەپەیوەند بە پرسی ریفراندۆمەوە ، وتارێکی پێشکەش کرد، سەرەتای وتارەکەی بەباسکردن لەمەنتیقی سیاسی وکارکردن بەومەنتیقە دەستپێکرد، لەوێدا ئاماژەی بە مەرجی رازیبونی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش و ٥ ئەندامە هەمیشیەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد کەمافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە لەبەرامبەر هەر بڕیارێک کە لەنەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەربچێت، وەک ئاماژەیەک بۆ چۆنیەتی رەزامەندی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر بریاری پێکهێانی دەوڵەت لەکوردستاندا، دواتر چوە سەرباسی مەترسیەکانی ئەم ریفراندۆمەو لەئەگەری ئەنجامدانیدا، چ کارەسات و بەڵایەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت، بەتایبەت کە وەک خۆی رایگەیاند، کە ئێران و تورکیا و ئەمریکا رازەمەندیان نیشان نەداوە بەرامبەر بەم ریفراندۆمە لە کوردستان. لەم بەشەدا شاسوار عبدولواحید زۆر بە حاڵەتێکی حەماسی و بەدەنگێکی زۆر بەرزەوە باسی لە مەترسیەکانی ئێران و تورکیا دەکرد، بەجۆرێک کە دەیویست ترس و تۆقاندن و گومان بەنێو بەشداربوانی كۆڕەکەدا، بڵاوبکاتەوە دەیوت ئێران لەرێگای حەشدی شەعبیەوە رەنگە پەلامارەی کوردستان بدات، ئەوانەی دەنگ دەدەن بە بەڵێ دەبێ چاوەڕوانی جەنگ و برسیەتی وقات و قڕی بن، چاوەڕوانی نەهامەتی بن، ئەو بۆ چەندین جار دەیدایەوە بەگوێ ی بەشداربواندا و دەیوت، دەنگدان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم دەنگدانە بە دەسەڵاتی گەندەڵی و تاڵانی لەکوردستان، ئەم ریفراندۆمە بۆ دروستکردنی دەوڵەت نیە لەکوردستان، ئەم ریفراندۆمە بۆ داپۆشینی کێشەی سیاسیە، دەنگ دان بەبەڵی یانی قبوڵکردن و هێشتنەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ وتاڵانچیە بۆ دەیان ساڵی دیکە،،، ئەمەو دووبارە کردنەوەو وتنەوەی چەندین ڕستەی دیکە لەسەر هەمان ئاوازی ترساندن و تۆقاندنە لەبەرامبەر بەشداریکردن و وتنی بەڵێ بە ریفراندۆم و جیابونەوەو ودامەزراندنی دەوڵەت لەکوردستاندا، لەراستیدا شاسوار لەدژایەتی ریفراندۆمدا بەجۆرێک دەدوا، وەک بڵێی هێشتنەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستا کارێکی پیرۆز و قارەمانەنایە و دەبێ هەمووان لەخەمی یەکپارچەیی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا بن، لەلایەکی دیکەوە هەرکەس بەووردی تێبینی بکردایە ،، هیچ کات فاشیستی ترین و کۆنەپەرسترین ناسیونالیستی عەرەب و تورکی و ئێرانی بەم جۆرە دژ بەپرسی ریفراندۆم پڕوپاگەندەیان نەدەکردوە.

ئەم قسانەی شاسوار لەکاتێكدایە، کە تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەو ووڵاتانە زمانی هەڕەشە و تۆقاندیان بەکارنەهێناوە لەبەرامبەر پرۆسەی ریفراندۆمدا هەروەها ئەم قسانەی شاسوار عبدالواحید، لەکاتێکدایە کە دەسەڵات لەعێراقدا ، چ لەباری سیاسی و چ لەباری ئابوریە بێت لە نێو قەیرانێکی قوڵدا دەژی. ئاخر زۆر بەسادەیی دەپرسین ئایا هێشتنەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستا و راگرتنی خەڵک و سپاردنی چارەنوسی کۆمەڵگای کوردستان لەنێو حسابات و ململانێی نێوان حکومەتی پارتی و یەکێتی و عەبادی ومالکی بۆ دەیان ساڵی دیکەی چی دەسکەوتێکی تیایە بۆ خەڵکی کوردستان ..؟ شاسوار لەکاتێکدا باس لە مەترسی حەشدی شەعبی و ئێران دەکات، ئایا ئەم هێزە تایەفی و دینیە، ئەگەر باس لە ریفراندۆم نەکرێت، باوەش بەخەڵکی کورستاندا دەکات و لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، باس لە برایەتی و پێکەوە ژیان دەکات،؟ ئەمە چ چەواشەکاریەکە، ئەم هێزە کۆنەپەرست و تاوانبارە هێشتا لەجەنگی داعش نەبوەتەوە باس لە پێویستی دەرکردنی هێزی چەکداری حزبە ناسیونالیستەکانی کورد دەکات لەو ناوچانە و هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە دەکات..! ئەمەش بازاڕێکی دیکەی بازرگانی سیاسی بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم پەیدا دەکات و دەیان وسەدان خەڵکی دیکە دەکەنەوە قوربانی جەنگێکی تری قەومی. ئایا بۆ دەکرێت ئاوها پروپاگەندەی نادروست و ناواقعی لەبەرامبەر سادەترین مافی خەڵکی کوردستان بکرێت کەئەویش بەشداریکردنە لە مافی بریاردانی چارەنوسی سیاسی خۆیان و کۆتایهێنان بە کێشەی قەومی..؟ شاسوار قسەکانی دەیان ناکۆکی و نامەنتیقی تێدابوو، ئەو لەلایەک دەیوت دەنگدان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم یانی دەنگدان بە دەسەڵاتی گەندەڵی و لەولایشەوە دەیوت ئەم تەجروبەیە دەسکەوتێکە بۆ خەڵکی کوردستان و نابێ لەدەستی بدەین!!؟ ئەمە چی سیاسەتێکە..؟ هاوکات، ئێمە دەپرسین، ئاخر ریفراندۆم کەی پەیوەندی بە مانەوەو هێشتنەوەی دەسەڵاتی سیاسیەوە هەیە، ریفراندۆم پرۆسەیەکە بۆ مەسەلەیەکی دیاریکراو ئەویش مەسەلەی مانەوە یاخود جیابونەوە لەعێراق، ئایا ئەگەر ریفراندۆم نەکرێت دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی دەروخێت؟؟ بەپێچەوانەوە، ئەوان دەتوانن لەژێر سایەی دەسەڵاتی فیفتی بە فیفتی میلیشیاییەوە بۆ دەیان ساڵی دیکە، درێژە بەتەمەنی خۆیان بدەن. ریفراندۆم هەنگاوێکە بۆ گۆڕانکاریەک لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و چوونە بەرەو نێو دەورانێکی نوێ ی دیکە لە خەباتی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی گەندەڵی سەرمایەداران و وتاڵانیچیان، ئەگەر پارتی و یەکێتی سودو بەرژەوەندیان هەبێت لەم ریفراندۆمەدا، ئەوە ئەرکی ئازادیخوازانە، ڕەوتی ئەم ریفراندۆمە و ئەنجامەکەی بەقازانجی پێکهێنانی دەوڵەت لەکوردستاندا بگۆڕن، نەک ئەوەی بەربەست و بیانۆی ناواقعی بهێنرێتە مەیدان، لەبەرامبەر پێکهێنانی دوڵەت و کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و ناوچەگەری سەوز و زەرددا. لێرەشدا جێی خۆیەتی باسێک لە مەسەلەی ئیدیعاکانی شاسوار عبدالواحید، سەبارەت بە خەمخۆری بۆ ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، لەراستیدا ئەمە پووچترین ئیدعایە کە سەرمایەدارێک لە ژێر سایەی دەسەڵاتی گەندەڵی یەکێتی و پارتیدا گەشەی کردبێت، بیەوێت بەڕاستی نوێنەرایەتی عەدالەت و یەکسانیخوازی بکات، هاوکات خۆیان بەشێک بن، لە پرۆسەی دزینی ڕەنجی کرێکاران و خەڵكی زەحمەتکێش لە کوردستان، هەربۆیە ئەوە بەرژەوەندی سەرمایە و قازانج پەرستیە، کەوا لە بەشێک لە سەرمایەدار و بیزنس مانەکان دەکات، چاوبپۆشن لەئاست ماف و ئازادیەکانی خەڵک و لە ڕێگای سیاسەتی چەواشەکارانەوە و لە بارودۆخێکی سیاسی قەیراناویدا خۆیان وەک فریادرەسی کۆمەڵگا نیشان دەدەن و لەم ڕێگایەشەوە بەشێک لەدەسەڵاتی سیاسی بۆ خۆیان قۆرخ دەکەن. ڕاستی ئەوەیە، هەروەکو چۆن وەستانەوە لەبەرامبەر زوڵم و ناعەدالەتی دەسەڵاتی بۆرجوازی یەکێتی و پارتی خەبات و تێکۆشانی دەوێت، بەهەمان شێوەش سازدان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ خەڵکی کوردستان لە پرۆسەیەکی ئازادانەدا، خەبات و تێکۆشانی دەوێت.

٥-٨-٢٠١٧

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *