ئەگەر پێتان وایە کێشەیەکی وا هەیە رێگاچارەتان چیە؟
موحسین کەریم:
مەسەلەیەکی گرنگ ئەوەیە کە لە کوردستانی عێراق کێشەیەك هەیە ناوی کێشەی کوردە ! ئەم کێشەیە بێجگەلەوەی لە عێرقدا کێشەیەکی نەبڕاوەیەو کرێکاری کوردو عەرەب کراونەتە دوژمنی یەکتر. هاوکات بوعدیكی ناوچەیی هەیە و تائێستا بێچارەرسەر ماوەتەوە.. ئەم کێشەیە بوەتە سەرچاوەی دەیان کێشە بۆ خەڵکی ناوچەکە… تەنانەت ئەم کێشەیە بوو کە بواری دا بە هێزە ئیمپریالیستیەکانی وەکو ئەمریکا دەخالەتی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا بکەن، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق سوریا .. هەموو دەزانین چ کارەساتێك بەسەر خەڵکی ئەو دوو ووڵاتەدا هاتوە لەلایەن ئەمریکاو هێزە بۆرژواییەکانی دیکەوە.. بیانویەکیان بوونی کێشەی کوردەو بەناوی هاوکاری کوردەوە خۆیان خزاندۆتە ناوچەکە… ئەم کێشەیە دەىێ چارەسەر بکرێ.. ئایا ئەو بەڕێزانە لەگەڵ چارەسەری ئەم پرسەن یان نا؟ ئایا ئەم بارودۆخە؛ واتە فیدراڵیزمی نەتەوەیی بەردەوام بێت یان نا؟ ئەگەر کەسێك دەڵێت کێشەیەك نیە بەناوی کێشەی کوردەوە.. ئەوە من ئیتر قسەیەکم نەماوە لەگەڵی بکەم… ئەگەر پیی وایە هەیە، ئەی رێگاچارەی چیە؟
من وەکو کۆمۆنیستێک ٣ بژاردەم لەبەردەمدایە:
یەکەم: بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری و گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دوای ئەوە وەکو لینین لە دوای شۆرشی کرێکاری ووتی مافی هەموو نەتەوە زوڵم لێکراوەکانی روسیا بۆ جیابونەوە… واتە ئەوکاتەی توانیمان لە عێراقدا شۆرشی کرێکاری بکەین، ئیمە دەڵێین مافی جیابونەوە بۆ کرد بەرەسمی دەناسین… جا ئەوەی جیاببنەوە یان نا؟ بێگومان ئێمە دەڵێین جیا مەبنەوە.. بەڵام بە زۆر نا.. ئەگەر جیابونەوە دەبێ قبوڵی بکەین.. ئەمە نەك میسۆدی لینینە بەڵکو پراتیکی سیاسی لینینە… ئەگەر ئەوە ئیمکان نیە لە ئێستادا کە بەبڕوای من و بەداخەوە ئیمکان نیە و ئاسۆیەکی نزیك نیە… وە خودی بوونی کێشەی کورد فاکتەرێکە بۆ دوورخستنەوەی ئەم شۆرشە!!!.. ئەوا بژاردەی دوەم ئەوەیە کە چ هێزی کۆمۆنیزم و کرێکار و چی ئازادیخوازی و بەرەی ئینسانیەت لەعێراق بتوانن دەسەڵاتێکی غەیرە قەومی لە عێرقدا دابمەزرێنن کە حساب بۆ هەویەی نەتەوەیی مرۆڤەکان نەکات و هەموان هەمان مافی یەکسانی هاوڵاتییان هەبێت.. ئەگەر ئەمەش بەداخەوە مومکین نیە لە ئێستادا و حکومەتی عێراق حکومەتێکی ئیسلامی کۆنەپەرستە بە رەگو ریشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیەوە، دەسەڵاتی عێراقی بەدەستەوەیە… کەواتە بژاردەی سێهەم ئەوەیە لە کوردستان ریفراندۆمێك بکرێ بۆئەوەی چارەنوسی سیاسی کوردستان یەکلان بێتەوە.. ئەمە سەرەتاییترین مافی خەڵکەو لەورێگایەوە دەکرێ کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراتیك چارەسەر بکرێ… ئەگەر کەسانێك لەگەڵ ئەمەدان، دەکرێ قسەیەکی دیکە بکەین.
ئایا ئێوە پێتوان وایە کە دەبێ ریفراندۆم کۆمۆنیستەکان بیکەن یان هەر هێزێك بیکات؟ ئەگەر دەڵێن کۆمۆنیستەکان ریفراندۆم بکەن.. باشە بۆچی ئەگەر ئەوەندە بەهێزن شۆرش ناکەن؟ ئەگەریش بڵێین ریفراندۆم ئامانجێکی هەیە ئەویش وەڵامدانەوەیە کە بەمەسەلەیەك کە ئەویش بریتیە لەوەی ( ئایا کوردستان جیابێتەوەو ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە) باشە ئەگەر هەر هێزێك ئەو بنەمایانەی جێبەجێ کرد، بۆچی دژی بوەستینەوە؟ ئەگەر گرنگ لامان ریفراندۆم و چارەسەری کێشەی کوردە.
ئەگەر دەڵێن ئاخر ئەو هێزەی کە دەیەوێ ریفراندۆم بکات رەچاوی ئەو بنەمایانە ناکات، باشە با هەوڵ بدەین فشار بهێنین چ ئێمەو چ خەڵك بۆئەوەی ئەو ببنەمایانەی بەسەردا بسەپێنین… ئەگەر دەڵێن ناکرێ چونکە ئێمە هێز نین و ئەوان هەموشتێکیان بڕاندۆتەوە، ئەوە ئیتر مانای وایە ئێمە لەماڵەوە دابنیشێن و چاوەڕێ بکەین تا کەی بۆرژوازی لوتف دەنوێنێت و بۆ هەموو مەسەلەکانی دیکە نەك تەنها ریفراندۆم بوارمان دەدات کە پاشقولی لێبگرین!!! بۆرژوازی دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو جەماوەریشی لەنێوان هێزەکانیدا دابەش کردوە و ناتوانرێ خواستە سەرەتاییەکانی وەکو موچەشی بەسەردا بسەپێنرێ.. ئەو ئەو ئەنجامگیریەیە کە لەو جۆرە بۆچونەوە دەکرێ بەدەست بهێنرێت. بەڵام لەراستیدا هەر شتێك کە دەسەڵات ملی پێئەدات ئاکامی فشارو هێزی خەڵکە نەك مەرحەمەتی خۆی… بۆ ریفراندۆم وایە هەروەکو بۆ گەڕاندنەوەی مووچە تاڵانکراوەکانیش هەمان شتە…
کۆمۆنیستەکان دەبێ دەخالەتگەربن و بچنە ناو شەڕەکانەوە لەگەڵ بۆرژوایدا.. مەیدانی کۆمەڵگا ومەسەلەو کێشەکانی ئەو مەیدانە کە ئایا کۆمۆنیستەکان ئامادەن ئەو شەڕەی تێدا بکەن.. هەر بەوەش دەتوانن رابەری شەڕی چینایەتی کرێکارو بۆرژوازی بکەن.. شەڕی چینایەتی هاوکێشەیەکی بیرکاری نیە تا بتوانرێ وەکو هاوکێشەیەکی سادە مامەڵە بکرێ … شەڕی چینایەتی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بە سەدان شیوەو لەهەر هەلومەرجێکی تایبەتدا بەشێوەیەکی ئاڵۆز نەك سادە خۆی نیشان دەدات. بۆیە حکمەتی کۆمۆنیستەکان لەوەدایە کە ئەو پرۆسە ئاڵۆزە بناسن و تێی بگەن و بتوانن دەوری رابەری خۆیان ببینن لە سەرکردایەتی بەرەی جەنگی چینی کرێکاردا.. ترسان لە کۆمەڵگا وکێشەکانی و نەهاتنە ناو جەدەلە سیاسی و کۆمەڵاتیەکان لەگەڵ بۆرژوازیدا و بێ کارەیی لە وەڵامدانەوە بە گرێ و گۆڵەکان و نیشاندانی رێگای دەربازبوون بە چینی کرێکار کاری کۆمۆنیستەکان نیە..
٧/٨/٢٠١٧