بۆ نەزیر عومەر(ئارام) کە بە دەستی ڕەفتار چەتەکانی کوردایەتی تیرۆر کرا
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کە زانیان ڕەهێڵە دەچێتە ژێر باڵت و چاو لێک ئەنێ
کە زانیان دڵی خۆرەتاوت بردووە و بوونەتە دوو ئاشقی سەوداسەری یەک
کە زانیان لەزمانی ئاگر ئەگەی
ئیتر هەرەسی هەراسان تەنگی پێهەڵچنین و کردنی بە نووکی تیژی چەقۆی غەدری ڕۆژگار
هەتا چاوی کوڕەکانی جوانی ژیان دەربهێنن
کردنی بە جامێ تیزاب ڕژانە سەر قاچی ڕووتی کچانی ئەم مەملەکەتە
کردنی بە مێردەزمەی جەنگ و وێرانی
مێردەزمەی دزینی لوقمەنانی سەر سفرەی هەژاران
مێردەزمەی مەرگ
مێردەزمەی دڵ دەرهێنان و
هەتککردنی ئەوینە بێگەردەکانی خۆشەویستیی
نەوەستان و هاتن هەموو زمانیان کوشت
عەشقیان کوشت
وشەیان کوشت
تۆ و ئەوانەی وەکو تۆیان کوشت
بوون بە ئەژدیها و نەوەستان هاتن یەک یەک
مێشکئ هیوا و
دڵی خۆزگە و
جەرگی ئاوات و
گلێنەی ئومێدیان خستە ژێر پێڵاوی چەوسانەوە
بنوو هاوڕێ ..بنوو ئارام..کە ئاگریان لەجەستەی زامدارت بەردا
نەیان زانی دەیان ئارام لەسەر ڕێگەکەت ئەڕوێن و
نەیان زانی سەدان نەزیر دەبنە ئێشکگری ئازادی ژیان و
بەهەزاران خانەوادە دەچنە لێوارەکانی دەریای تێکۆشان
خۆیان دەدەنە بەر خۆری ڕزگاری لە کۆیلەتی و زۆر
لەنێو دەریاچەی یەکسانی مەلە دەکەن
بەسەر شاخی باوەڕێکدا سەردەکەون کە هەر هەمان باوەڕی بەرزی خۆتانە
هاوڕێم بنوو.. ئارام بنوو.. من بێدارم
هەموو ڕۆژێ بەر لە هەڵهاتنی هەتاوی ڕۆژێکی نوێ
کاروانێکی سوور دەبینم بەرەو لووتکەی سەرفرازیی
سروودێکی نوێ دەبیستم بەزاری تۆ
بزەیەکی تر دەبینم بە لێوی تۆ
ئەو جەسارەتە دەبینم کە تۆی کرد بە تۆپەڵێ ژیلەمۆ و پشکۆ
ئەو شانازییەی تۆ دەبینم کەوا تک تک لێی دەچۆڕێ
ڕاستگۆیی و دلێریی و شکۆ.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net