ئایا‌ به‌شداریکردن له‌ پرسی ریفراندۆم پاشکۆیه‌تیه‌ بۆ پارتی

ده‌شتی جه‌مال: :

له‌م ووتاره‌دا ده‌مه‌وێت وه‌ڵام به‌ هه‌ندێک پرسیارو ئه‌و بۆچونا‌نه‌ بده‌مه‌وه‌ که‌ئه‌م ماوه‌یه‌ لێره‌و له‌وێ له‌ نێو وتارو کۆمێنتی نه‌یارانی ریفراندۆمدا هاتووه‌، وه‌یا به‌ده‌لیلی ئه‌وه‌ی که‌ پارتی پرسی ریفراندۆمی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، حوکمی ئه‌وه‌ ده‌رده‌کرێ که‌‌ به‌شداریکردن له‌م پرۆسه‌یه‌دا خزمه‌ته‌ به‌ ئیماراته‌که‌ی بارزانی ومانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌که‌یدا دەکات.. هه‌ندێکیتر ڕیفراندۆم ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ چونکه‌ حکومه‌تی عێراقی قبوڵی ناکات، جمهوری ئیسلامی ئێران ڕێگانادات، ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌مریکا و ئەو‌روپا ڕازی نین.. وه‌یان ده‌ڵێن جارێ با ماڵی کورد به‌ ئاشتی یه‌ک بخرێت وه ‌ده‌رگای په‌رله‌مان بکرێته‌وه‌و له‌ڕێگا په‌رله‌مانه‌وه‌ ریفراندۆم به‌رپا بکرێت.. بۆچونێکیتر ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌کات که‌ خه‌ڵکی کوردستان هه‌ژارو برسیه‌، موچه، ئاو، کاره‌با ‌ نیه،‌ با ئه‌وان ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن ئه‌و جا باس له‌ڕیفراندۆم وسه‌ربە‌خۆیی بکه‌ن … ئه‌مانه‌و زۆر پرسیارو ڕه‌خنه‌و بۆچونی تر له‌نێو دوو تۆی لێکدانه‌وه‌کاندا به‌دیده‌کرێت. که‌ ئه‌مانه‌ به‌شێکیان پرسیارو ناڕۆشنین و به‌شێکیان پاساو ڕێگا چاره‌ی سیاسین له‌سه‌ر بنه‌ماو له‌ چوارچێوه‌ی قازانجو به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد که‌ له‌ ئێستادا له‌پرسی ریفراندۆمدا هاتۆته‌ ئاراوه‌.
سه‌ره‌تا با لێره‌وه‌ ده‌ستپێبکه‌ین ئایا به‌شداریکردن له‌پرسی به‌رپاکردنی ریفراندۆم له‌ ٢٥ سێپتەمبه‌ردا که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌رێوه‌ده‌چێت خزمه‌تکردنو پاشکۆیه‌تیه‌ بۆ پارتی؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌م پرسیاره‌ سه‌ره‌تا خاڵێکی لاواز به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه، ئه‌ویش‌ به‌وه‌ی که‌ هێنانی پرسی ریفراندۆم له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه‌یه‌ که‌ توڕەیی و ڕقێکی زۆرو به‌رهه‌قی خه‌ڵکی کوردستان ڕووبه‌ڕویه‌تی وبه‌ئاستێکی نه‌فره‌ت لێکراو گه‌یشتوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ته‌جروبه‌یه‌که‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ماوه‌ی ٢٦ساڵی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتیدا پێگه‌یشتون، به‌م پێوانه‌یه‌ش‌ خه‌ڵک‌ “پرسی ریفراندۆم” ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه.‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕابردودا که‌هه‌ر ته‌رح و بابه‌تێک ئه‌و دوو حزبه‌ هێنابێتیان هه‌میشه‌ له‌خزمه‌ت وقازانجی خۆیاندابووه‌ هیچ کۆمه‌کێکی به‌ باری ژیانو گوزه‌رانی ئه‌وان نه‌کردووه‌. ئه‌م حزبانه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ بۆ یه‌ک جاریش پرسیاریان له‌خه‌ڵکی کوردستانکرد بێت، له‌گرتنه‌بەری سیاسه‌ته‌کانیاندا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد، جارێک باسی ئۆتۆنۆمیان کردوه‌و جاریکیتر فیدراڵیزم و ئه‌وه‌شیان به‌ “داوای خه‌ڵکی کوردستان‌” له‌قه‌ڵه‌م داوه‌. باشترین نمونه‌ش هه‌ر له‌مباره‌وه‌ له‌ ٢٠٠٥دا ده‌نگی %98 خه‌ڵکی کوردستانیان کۆکردوه‌ بۆ‌سه‌ربه‌خۆیو جیابوونه‌وه‌ی کوردستان به‌ڵام بارزانی و تاڵه‌بانی بردیانه‌ به‌غدا ئیمتیازی پۆستو ده‌سه‌ڵات وپله‌وپایه‌یان پێ وه‌رگرت. که‌وایه‌ له‌به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمه‌کەی ئێستاشدا خه‌ڵکی کوردستان مافی خۆیانه‌ به‌گومان بن له‌ پارتی و یه‌کیتی، به‌تا‌یبەتی که‌ ‌به‌دڵنیایه‌وه ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ پای ڕیفراندۆم ودیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌گۆڕدایه‌ که‌سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌کردن به ‌پرسی ڕیفراندۆمه‌وه‌ بگرنه‌به‌ر و وه‌ک کارتی فشار له‌به‌رامبه‌ر ڕیکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زیو ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ وئه‌مریکاو ئه‌وروپادا به‌کاری به‌رن، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته ئه‌و فرسه‌ته‌شی بۆ خه‌ڵک هێناوه‌ته‌کایه‌وه‌ که‌ کۆتایی به‌م کێشه‌یه‌ بهێنی و بۆ هه‌تا هەتایه‌ ده‌ستی یاریکردنی حزبه‌ ناسیونالیسته‌کان به‌چاره‌نوسی خه‌ڵکه‌وه‌ ببه‌ستێ. بۆیه‌ ناکرێ به‌وهۆیه‌وه‌ که‌ریفراندۆم له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ مه‌ترح کراوه‌ مه‌یدانه‌که‌ چۆڵ ببێ، به‌ڵکو پێویستە به‌ره‌ی ئازادیخواز وجه‌ماوه‌ری وه‌ک خاوەنی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌لەی کوردو پرسی ڕیفراندۆم بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌و ئه‌م خەباته‌ بکه‌نه‌ بنه‌مای خه‌باتێکی شۆڕشگێرانه‌ به‌ره‌و کۆتایی پێهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی پارتیو حزبه‌ ناسیونالیسته‌کان. ئه‌وانه‌ی پارتی له‌په‌یوه‌ند به‌پرسی ڕیفراندۆمه‌وه‌ کردۆته‌ به‌هانه‌ پێویستە وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌بده‌نه‌وه‌ که‌ به‌چ ڕێگایه‌ک “مه‌سه‌له‌ی کورد”له‌ عێراقدا چارەسەر ده‌که‌ن؟ چۆن چاره‌سه‌رو کۆتایی به‌م هه‌ڵومه‌رج و سه‌رگه‌ردانیه‌ی کوردستان ده‌هێنن ؟ ئایا‌ دژایه‌تیکردنی ریفراندۆمیش ناکه‌وێته‌خانه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ به‌غداو تارانو ئه‌نقره‌ دژایه‌تی ئه‌ومافه‌ ڕه‌وایه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن؟ ئایه‌ ئیتر کاتی ئه‌وه‌نیه‌ نه‌هێڵێن ئه‌و مافه‌ له‌خه‌ڵکی کوردستان زه‌وتبکرێت بڕیاری خۆیان بده‌ن له‌ ڕاپرسیه‌کدا ده‌یانه‌وێت جیا ببنه‌وه‌ یان بمێنه‌وه‌ له‌چواچێوه‌ی عێراق ؟ ئایه‌ ئیتر سیناریوی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر چه‌پۆکی ناسنامه‌ی رژێمێکی ئیسلامی وناسیونالیستی عه‌ره‌ب که‌ له‌ رابردودا ده‌یان ڕه‌فتاری شۆڤێنیانه‌و کێشه‌و گرفتی زیان لێکه‌وتویان به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان نواندوه‌ به‌س نیه‌؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ مانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا ئه‌وه‌ندی له‌خزمه‌تی مانه‌وه‌ی حزبه‌کان خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و دروستکردنی کۆشکو ته‌لاری باڵا له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵکی کوردستان که‌ڵه‌که‌کردنی موڵکو پاره‌ی خه‌یاڵی له‌ئەو‌روپا بۆ خۆیان نه‌وه‌کانیان به‌قه‌ده‌ر سه‌ره‌ ده‌رزیه‌ک له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستانی تیا نه‌بوو، حزبه‌کان له‌بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ هه‌ڵسوکه‌تیانکردوه‌ و هه‌موو خه‌میان ئه‌وه‌ بووه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانو تورکیا تێک نه‌چێت وله‌ژیر چه‌تری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستادا هه‌رکاتێک خه‌ڵکی کوردستان وڕێکخراو هه‌ڵسوڕاوانی جه‌ماوه‌ریو سیاسی ناڕه‌زایه‌تیان کردبێت بۆ موچه‌و پێداویستیه‌کانی ڕۆژانه‌یان ئه‌وا حکومه‌تی مه‌رکه‌زی باشترین به‌هانه‌ بوه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ که‌خۆیان له‌داخوازیه‌کانی خه‌ڵک بدزنه‌وه‌ وه‌ یه‌کیتیو پارتی وحزبه‌کانی تریش بیخه‌نه‌پاڵ خه‌تای یه‌کتر. بۆ ناکرێت ‌ له‌پاڵ خواستی به‌رپاکردنی ریفراندۆم بۆ خه‌ڵکی کوردستان ڕاوه‌ستین به‌ڕه‌ی ژێر پێی ئه‌م حزبانه‌ خاڵی که‌ینه‌وه‌ ڕێگا نه‌ده‌ین ریفرادۆم و ئاکامه‌کانی ده‌نگی خه‌ڵک به‌رن بۆ مه‌رامه‌ سیاسیه‌کانی خۆیان وریفراندۆم بۆسه‌ربه‌خۆی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی غه‌یره‌ قه‌ومی غه‌یره‌ دینی به‌رین.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی با جارێک ماڵی کورد ڕێک بخرێت و په‌رله‌مان کارا بکرێته‌وه‌ پاشان له‌وڕێگایه‌وه‌ ریفراندۆم شه‌رعێت وه‌ربگرێت.. بۆ ده‌بێت به‌رپاکردنی ریفراندۆم ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان وڕێکەو‌تنه ‌نهێنی وپشت په‌رده‌کانی ئه‌وحزبانه‌ی بازنه‌ی حکومه‌تی بنکه‌ فراوانی شکست خواردو، بۆ ده‌بێت له‌ ڕوانگه‌ی به‌رته‌سکی بچوکی حزبایه‌تیەوە‌ مامه‌ڵه‌ به‌کێشه‌ی و چاره‌نوسی ٥ ملیۆن له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکرێت ئەوە بکرێتە شەرت بۆ یەک لاکردنەوەی ئایندەو چارەنوسی کوردستان، بۆ ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان سه‌بر بگرێت بزانیت ئه‌م حزبانه‌ که‌ی ده‌سازین، ئایا به‌ڕاستی سازان ورێکه‌وتنی ئه‌وان بۆ دابه‌شکردنی پۆستو پله‌و کورسی ده‌سه‌ڵات چ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌گیرفانی خاڵی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مە چ لۆجیکێکی بیرکردنه‌وه‌یه‌ لایه‌نگرانی ئه‌م بۆچونه‌ که‌به‌رژه‌وه‌ندیان له‌مانه‌وه‌ی وه‌زعی موجوده‌ چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان به‌دیار ڕیکه‌تن و ڕێک نه‌که و‌تنی خۆیانه‌وه‌ گرێ ده‌ده‌ن ڕێگای ده‌ربازبون له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی ئێستایان پیێ نیه‌ . لە کاتێکدا دەبوو بە پێچەوانەوە گەر مەسەلەکە بەرژەوەندی خەلکی کوردستانە دەبوو کارکردن بە دەنگەکانی خەڵکی کوردستان وڕێگەنەدان بەیاریکردن بەدەنگەکانی خەڵکی کوردستان بکرایەتە مەرجی ئەم ڕیفراندۆمە.
ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراقی له‌گه‌ڵی نیه‌، ئێرانو تورکیا ناهێڵن وئه‌مریکاو نه‌ته‌وه‌ی یه‌گرتوه‌کان ڕازی نین دیاره‌ لایه‌نگرانو ئه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌راو هوریایانه‌ رۆژانه‌ له‌ده‌زگاکانی راگه‌یاندنیانه‌وه‌ باس ده‌که‌ن‌ له‌ ئێستا‌وه ‌ده‌یانه‌وێت خه‌ڵکی کوردستان بترسێنن وئیراده‌یان بکوژن وئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌ندە گەو‌ره‌‌ بکه‌ن له‌پێشچاوی خه‌ڵک که‌ قابیلی جێبه‌جێکردن نه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی کردنی ئه‌و ڕێگا چاره‌یه ‌بکه‌ن بۆیان بچێته‌ سه‌ر هه‌روه‌ک چۆن هه‌میشه‌ له‌ ڕابردودا حزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی خه‌ڵکیان به‌ده‌خاڵه‌ت ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ و گێڕانه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس ده‌ترساند بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بێ ئیراده‌ بکه‌ن …له‌ کاتێکدا هه‌رخۆیانن له‌فه‌له‌کی قازانجو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ ده‌سۆڕێنه‌وه‌ هه‌رخۆیان ده‌ستی ئه‌و حکومه‌تانه‌ درێژ ده‌که‌ن بۆسه‌ر ژیانی خه‌ڵک هه‌رخۆیان بێده‌نگن له‌ئاست ده‌خاڵه‌تکردنی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و تۆپبارانکردنی ناوچه‌ سنوریه‌کان، هه‌رخۆیانن ده‌ستی ئه‌و رژێمه‌ دڕندانه‌یه‌ دهێننه‌ سه‌ر هێزی ‌ئۆپۆزسیۆنی کوردانی تورکیاو ئێران بۆ دژایه‌تیکردنی کوردانی ناوچه‌کانی دیکه‌..به‌ڵێ به‌رپاکردنی ریفراندۆم جێبه‌جیکردنی ئاکامه‌که‌ی کارێکی ئاسان و بێ ده‌رده‌ سه‌رو گرفت نیه‌ و “هه‌ق ده‌سه‌نرێ و نادرێ” وئه‌وە هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌ڵکی کوردستان خۆیانه‌ به‌زه‌ختو فشاری نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانن به‌رگری له‌ موماره‌سه‌ی ئه‌و مافه ‌ڕه‌وا و ئینسانیانه‌ی خۆیان بکه‌ن به‌تایبه‌تی نه‌خشه‌ی زۆر یه‌ک له‌ ولاتانی ناوچه‌که‌ له‌نێو ئه‌م پێشهاتانه‌ ئێستادا قابیلی ئاڵۆگۆڕن وچاوی زومی کامیراکانی جیهان لێره‌و له‌وێ له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد هاتۆته‌ پێش چ له‌ تورکیاو چ له‌سوریا به‌تایبه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌کانی ته‌رحی به‌رپاکردنی ریفراندۆم ئێمه‌ کۆمۆنیسته‌کان کۆمه‌ڵێک پرەنسیپ و پێشمه‌رجمان دیاریکردوه‌ گه‌ر ئه‌وانه‌ له‌ئێستەوە‌ کار بۆ جێبه‌جێکردنی بکه‌ین وفشار بۆ رێکخراوه‌یه‌کی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتوه‌کان بهێنین که‌یه‌کێک له‌ به‌نده‌کانیان مافی گه‌لانه‌ له‌دیارکردنی چاره‌نوسی خۆیان بۆ چاودێریکردنی پرۆسه‌کانی ئه‌م ریفراندۆمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و که‌رکوک وناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ته‌یموری رۆژهه‌لاتو کیبیک کراوه‌ له ‌وادارکردنی ته‌واوی لایه‌نه‌کان به‌حکومه‌تی عێراقی وتورکیاو ئێرانه‌وه‌ بۆ به‌ره‌سمێت ناسینی ئاکامه‌کانی وه‌ ڕێگا نه‌دات به‌هێزی چه‌کداری میلیشیای له‌شاره‌کاندا و ڕێنوێنیەکانی خۆیان ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌کان بکه‌ن بۆ پابه‌ند بوون به‌ بڕیاری چونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ ده‌وری شاره‌کان وڕێگای ئازادانه‌ به‌یه‌کسان بۆ لایه‌نه‌سیاسیه‌کان دیاری بکرێت ته‌بلیغاتی خۆیان بکه‌ن به‌ مخاله‌فەت یان موافقه‌تکردن له‌ پرسه‌که‌ ئه‌مه‌ ده‌توانێت پاڵپشتێکی واقعی بێت له‌پاڵ ئیراده‌و ڕاوه‌ستاوی خه‌ڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوس و داهاتوی خۆیان.
ئه‌وه‌ی ئایه‌ به‌رپاکردنی ریفراندۆم له‌ ئێستادا که‌ خه‌ڵکی کوردستان برسی و هه‌ژارن، بێ موچه‌و ئاو کاره‌بان، ده‌کرێت بکرێته‌ پێشمه‌رجی سازدانی ئه‌م ریفراندۆمه له‌وه‌ڵامدا نه‌خێر، ریفراندۆم بڕیار نیه‌ هیچ یه‌کێک له‌وکێشانه‌ چاره‌سه‌ربکات و وه‌ڵام وه‌ربگرێته‌وه‌ به‌ڵام ده‌کرێت هه‌رئێستا خواستی باشکردنی ژیانو گوزه‌رانی خه‌ڵک و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری پاشکه‌وتی موچه‌و به‌خۆڕایکردنی ئاو و کاره‌باو سوته‌مه‌نی و پێداویستیه ‌ته‌ندروستیو په‌روه‌رده‌ بکرێته‌ به‌رده‌بازی خه‌باتو هاتنه‌ مه‌یدانی ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ به‌م داواکاریانەی‌خه‌ڵکی کوردستان .
سه‌رئه‌نجام خه‌ڵکی کوردستان وئێمه‌ پێویسته‌ هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕە بین که‌ ڕێگای به‌رەوپیش چون بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد وه ‌به‌خێرای ده‌رکێشانی کوردستان له‌م دۆخه‌ ناجێگرو هه‌ڵواسراو نائارامه‌یه‌ له‌ ڕێگای پرسی ریفراندۆمه‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وەو ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌ به‌ رووی شکڵگرتنی خه‌باتی چینایه‌تی له‌پێناو وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ری سه‌رمایه‌ له‌ کوردستانداو وە ‌هاوکاتیش ده‌رگا ‌ به ‌رووی ئاڵۆگۆری جدی ده‌کاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ ناوچه‌که‌دا .‌

١٩/٧/٢٠١٧

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *