کردەوە تیرۆریستیه‌که‌ی شاری مانچستەر بە توندی مەحکوم دەکەین!

شەوی ٢٢ ی ئایاری ٢٠١٧، لە شاری مەنچستەری بەریتانیا، لە کردەوەیەکی خۆکوژی تیرۆریستێکدا، ٢٢کەس کوژران و ٥٩ کەس برینداربوون کە زۆربەیان  گەنجن و منداڵیشیان تێدایە. ڕیکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری کوردستان ئەم کردەوە تیرۆریستیە مەحکوم دەکا وهاوکات خۆی به‌هاوبه‌ش وبەشداری خەمی خێزان و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتە ده‌زانێ.

بێگومان ئه‌م کرده‌وه‌ تیرۆریستی‌یه‌، که‌هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ هەڵبژاردنەکانی بەریتانیادا، ئامانج لێی هەڵخراندنی جەوی ڕاسیستی و ده‌ستگرتنی ڕاستڕەوەکانە تاکو زەمینە بۆ دابەش بونی زیاتری خەڵکی ئەم ووڵاتە خۆشبکه‌ن و بەم پێیەش تیرۆریزمی ئیسلامی بتوانێ لە نێو کۆمینیتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خه‌ڵکانی عەرەب زماندا، هێزی زیاتر بۆ خۆی بگرێ.

به‌ڵام به‌رگرتن به‌م تیرۆریزمە وشکست پێهێنانی، به‌ر له‌هه‌رشتێک ئه‌وه‌ ده‌خوازێ که‌ده‌وڵاتانی ئه‌مریکاو ڕۆژئاوا ناچاربکرێن بەده‌ستهه‌ڵگرتن له‌سیاسه‌تی کۆمه‌ک وهاوکاری کردنی ئیسلامی سیاسی و گروپه‌ تیرۆیستیه‌کانی ئه‌م جولانه‌وه‌یه‌و هه‌لگرتنی فه‌زای جه‌نگو میلیستارستی و ده‌خاله‌تی سه‌ربازی له‌ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا. ئه‌وه‌تا لەکاتێکدا، که‌دونیا شاهیدی کرده‌وه‌ ئینسان کوژیه‌که‌ی شاری مانچسته‌ره‌، ‌دۆناڵد ترامپ له جه‌رگه‌ی ‌درێژه‌کێشانی جه‌نگ له‌سوریا ویه‌مه‌ن ولیبیاو عیراقدا‌، په‌یمانی پڕ چەکردنی دەوڵەتێکی وەک سعودیە ده‌به‌ستێ، کە سەرچاوەی توندڕەوی وەهابی و تیرۆریزمی ئیسلامیە لە جیهاندا.

له‌لایه‌کیتره‌وه‌، ئه‌م تیرۆریزم وئینسانکوژیه‌، خۆی به‌رهه‌می سیاسه‌تی ئایزۆله‌کردن وکه‌مپسازی خه‌لکی په‌نابه‌ر وله‌خواره‌وه‌ راگرتنی ‌ژیانی گەنجانی کۆمینیتیەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست و خه‌ڵکی عەرەب زمانی دانیشتوی ولاتانی ئه‌وروپایه‌،که‌له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی نائومیدی و بێکاری و هەژاری به‌ره‌وروکراونه‌ته‌وه‌. بێگومان دۆخێکی ئاواش له‌که‌نار بانگه‌شه‌ی حزبە ڕاستڕەو و”پۆپۆلیستەکان”ی سه‌ربه‌چینی بورژوازی له‌هەڵبژاردنەکاندا، که‌دروشمی کردنە دەرەوەی “بێگانە” وسنور داخستن لەپەنابەرانی هه‌لهاتوی ده‌ستی جه‌نگ وکاولکاریان هه‌ڵبڕیوه‌، زه‌مینه‌یه‌‌کی له‌باری دروستکردووه‌ تا داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی لەم دۆخەدا هه‌م خۆیان وەک پاڵپشتی ئەم خەڵکە “بێگانە” یه‌ هه‌ڵخه‌ن وهه‌م بتوانن مه‌کیه‌نه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماتریاڵه‌کانی کاری خۆکوژی وتیرۆریستی، بخه‌نه‌گه‌ڕ.

ڕیکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری کوردستان لەپاڵ خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز و حزب و ڕێکخراوە و ناوەندە چەپ و ئازادیخوازەکانی بەریتانیا ڕادەوەستێ دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی و بەشداری ئەو سیاسەت و هەوڵانە دەکا کە دەتوانێ لە بناغەوە ئەم تیرۆریزمە ئیسلامیە بنەبڕبکا. ئێمە لەسەر پیویستی کۆتایی هێنان بەو سیاسەت و کارنامه‌یه‌ی کە تیرۆریزمی ئیسلامی سه‌رچاوه‌ی لیوە گرتووه‌ وله‌لایه‌ن ئه‌مریکاو ده‌وله‌تانی رۆژئاواوه‌‌ به‌ڕیوه‌ده‌برێ، هاوکات له‌کۆمه‌ڵگای به‌ریتانیا وباقی دوله‌تانی تر، به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ له‌دژی راسیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی تێده‌کۆشین. بێگومان هه‌وڵدان بۆ یەکگرتووکردنی ڕیزی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی بەریتانیا وده‌رکه‌وتیان وەک ڕیزێک له‌هاوڵاتیانی یەکسان له‌سه‌رو جیاوازیه‌کانی زمان و پەنابەر بوونیانه‌وه‌، ئه‌توانی ته‌نها وه‌ڵامی کارسازبێت به‌راسیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی کە ئامانجیان تێکدانی باری ئاسایش و نانەوەی دوبەرەکی و دروستکردنی قه‌ڵشته‌ له‌نێوان سەرجەم دانیشتوانی ئەم ووڵاتەدا.

ڕیکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری کوردستان

23ئایاری 2017

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *