جەنگێکی کۆنەپەرستانەی دژی ئینسانی و خوێناوی کە تا ئێستا لەسوریا درێژەی هەیە و زیاد لە ٢٥٠هەزار کوژراوە چەندین ملیۆن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە، دەوڵەتی دژی بەشەری سوریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و کۆنەپەرستی ئەو رژێمەو ئەمریکاو روسیاو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بەرپرسیارێتیەکەی دەگرنە ئەستۆ! هەریەك لەو هێزو دەوڵەتە بۆرژوایی و کۆنەپەرستانە لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆیان ئاگری شەڕێکی نەبڕاوەیان هەڵگیرساندوەو بێباکن لەوەی بەردەوام سەدان هەزار خەڵکی مەدەنی و بێتاوانی تێدا ئەسوتێ و ماڵوێران و ئاوارەو دەربەدەر دەبن. بەجیا لەوەی کە لەماوەی چوار ساڵی بەردەوامبوونی ئەم شەرەدا چەند جارێک چەکی کیمیاوی بەکار هاتووە، رۆژی سێ شەمە ٤/٤/٢٠١٧ لە شارۆچکەی “خان شیخون” سەر بە پارێزگای “ئەدلب” لە باکوری رۆژئاوای سوریا دووبارە بەهۆی چەکی کیمیاویەوە زیاتر لە (١٠٠) کەس کوژراون کە زۆربەیان مناڵ و کەسانی بەتەمەن و هاوڵاتی مەدەنین، سەرباری دەیان بریندار.
ئەم کارەساتە کە لایەنەکانی بەشدار لەو شەڕە خۆیانی لێ بێبەری دەکەن و هەریەکەیان تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوی دیکەیان و مەحکومی دەکەن، تۆزقاڵێك لە بەرپرسیاربوونیان بەرامبەر بە تاوانەکانی جەنگی سوریاو ئەم کارەساتە مرۆییەی شارۆچکەی “خان شیخون” کەم ناکاتەوەو هەمویان لە بەرامبەریدا تاوانبارن. لەماوەی چوار ساڵی ئەم جەنگە دژی ئینسانیەی ناوخۆی سوریادا هیچ لایەنێکیان دەستیان نەپاراستووە لە بۆردمان و وێرانکردنی شارەکان و کوشتاری بەکۆمەڵ و ئاوارەکردنی خەڵکی مەدەنی. ئەم شەڕە شەڕی هێزو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپریالیستیە کە قوربانیەکەی دانیشتوانی سوریا داویەتی و دەیدات.
حکومەتی سوریا و دەوڵەتی روسیا وارادەگەیەنن کە ئەوان چەکی کیمیاویان بەکار نەهێناوە، بەڵکو ئەو ناوچەیەی بۆردمانیان کردووە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی سوریاوە وەکو کارخانەی دروستکردنی چەکی کیمیاویی ئەمبارکردنی بەکارهێنراوە. بەڵام ئەم پاساوە نەک هیچ لە دڕندەیی و تاوانکاریی رژێمی سوریاو دەوڵەتی روسیا کەم ناکاتەوە، بەڵکو لەسەر ئەوەی کە ئاگاداربوون ئەو جێگایە چەکی کیمیاوی تێدا هەڵگیراوەو بۆردومانیشیان کردوە، دەبێت بدرێن بە دادگای نێونەتەوەیی دادگایی بکرێن. بەهەمان شێوە ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی سوریا و دەوڵەتی ئەمریکا و دۆستەکانی بەوەی رێگەیان داوە چەکی کیمیاویی دروست بکرێت و لەوەش مەترسیدارتر لە ناو شارو ژیانی خەڵکدا هەڵگیرابێت، دەبێت ئەوانیش لە دادگای نێونەتەوەییدا دادگایی بکرێن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتوندی ئەم تاوانە دڕندانەیە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا ئیدانەو مەحکوم دەکات داوا دەکات دەستبەجێ دەبێت بۆردومانی خەڵکی مەدەنی و کاولکردنی شاروشارۆچکەکانی سوریا کۆتایی بێت. پێویستە تەواوی خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆست و یەکسانیخواز لەسەراسەری جیهاندا ناڕەزایەتی بەرفروان دژی ئەم بەربەریەتە بەرێ بخەن و داوای دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و بکوژانی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا بکەن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٦/٤/٢٠١٧