هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك ئاگری شەڕی نەتەوەیی خۆش دەکات!

پارێزگاری کەرکوك پێشنیاری کردوە ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە و دامەزاروە حکومیەکانی شاری کەرکوك هەڵکرێت. بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیارە کۆببنەوە. کوتلەی تورکمان و عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك دژی ئەو پێشنیارەن. کوتلەی تورکمان کۆبونەوەکە بایکۆت دەکات و کوتلەی عەرەبیش بڕیارە لەدژی پێشنیارەکە دەنگ بدەن.

 ئەم سیناریۆیەی بەناوی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لە کەرکوك خراوەتە رێ ئامانجەکەی پتەوکردن و فراوانکردنی دەورو نفوزی سیاسی یەکێتی نیشتمانیە لە کەرکوکداو هەوڵدانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هێزەکەی بۆ دوای نەمانی داعش لە موسڵدا، لەهەمان کاتدا بۆ داپۆشینی گەندەڵی و تاڵان و بڕۆو بازرگانیەکە کە بەنەوتی ئەو شارەوە دەکرێت و راستەوخۆش دەبێتە مایە زیادکردنی کێشەیەکی دیکەیە بۆ خەڵکی ئەو شارەو کردنەوەی دەرگایەکی دیکەی کێشمەکێش و دابەشکردنی هاوڵاتیانی ئەو شارەیە بەسەر هێزو حزبە ناسیۆنالیستە کوردی و تورکمانی و عەرەبیەکاندا تا دوای کۆتایی هاتنی داعش، ئاگری ناکۆکی و شەڕێکی دیکە لەو ناوچانە خۆش بکەن. 

هاوڵاتیانی کوردستان لەژێر ئاڵای کوردستان و دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی دا مووچەکانیان بڕاو برسی کراون.  باج و رسوماتیان لەسەر زیادکراو گیرفانی بەتاڵیان داتەکێنرا. ٢٥ ساڵە گرفتی کارەباو ئاوی خواردنەوەیان هەیە. خەستەخانەکان کراونەتە پارەو هاوڵاتیان بەدەست نەخۆشی و کرێی پشکنین و چارەسەرکردن و نرخی داوو دەرمان دەناڵێنن. دەیان هەزار کرێکاری کەرتی ئەهلی بێکارو بێدەرامەت ژیان بە کولەمەرگی بەڕێ دەکەن! هەژاری بە سیمای زۆربەی خەڵکی کوردستانەوە دیارە. کەچی دەسەلاتدارانی ناسیۆنالیستی کورد دەیانەوێ ئاگری شەڕێکی قەومی بۆ خەڵکی کەرکوك هەڵگیرسێنن تا وەکو هاوڵاتیانی هەرێم  لە نەهامەتی و نەداری و هەژاری زیاتردا بژین!

ئەم کارەی پارێزگاری کەرکوك و لایەنگرانی لەناو کوتلەی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، لەکاتێکدا کە کوتلەکانی نەیاریشیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تائفی و دینی خۆیان پێناسە دەکەن، ئاکامێکی زیانباری بۆ خەڵکی ئەو شارە دەبێت و رووبەڕووی کارەساتی مەترسیدارتر دەکاتەوە. خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچ خێرێکیان لەو ئاڵایەو دەسەڵاتی خۆماڵی نەبینیوە تا خەڵکی کوردزمانی کەرکوك فریوبدرێن و خۆیانی لە پێناو بەکوشت بدەن و ماڵو حاڵیان تێک بدەن و بکەونە سەنگەرگرتن لە دراوسێ و هاوشاریەکانیان لە عەرەب زمان و تورکمان. دەبێت کەرکوك ناسنامەی نەتەوەیی بەسەردا نەسەپێنرێ. کەرکوك دەبێت ناسنامەی ئینسانی هەبێت و بۆ هەموو دانیشتوانەکەی بێت. هەرجۆرە بڕیارێك لەسەر پرسە گرنگ و هەستیارەکانی کەرکوك دەبێت لە ریفراندۆمێکی ئازادنەدا لەلایەن دانیشتونەکەیەوە بڕیاری لەسەر بدرێ بەبێ هیچ فشارو ترس و زۆرلێکردنێك لەلایەن هیچ هێزو لایەنێکی سیاسیەوە، خەڵکی کەرکوک دەبێت خۆیان گیرۆدەی ئەو شەڕو گێژاوەی نێوان حزبە نەتەوەپەرستەکان نەکەن و لەبەرامبەریاندا بوەستنەوەو ناڕەزایەتی دەربڕن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٧/٣/٢٠١٧

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *