دەسەڵاتدارانی سلێمانی لەژێرناوی پاراستنی سیمای شاردا هێرشێکی بەربڵاویان دەست پێکردوە بۆسەر دەستفرۆشان و لەناو شەقام و جادە سەرەکیەکان و لەرێگای بەکارهێنانی هێزەوە لەو شوێنانە دەریان دەکەن. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە قائیمقامی سلێمانی کە سەر بە یەکێتی نیشتمانیە، لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانی سەر بە یەکێتی باسی لە نەهێشتنی زیادەڕەوی لەناو شەقام و سەر شۆستەکان کرد.
هەموو لایەك دەزانن کە زیادبوونی دیاردەی دەستفرۆشی ئاکامی خراپبوونی باری ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کەمدەرامەتە کە هیچ رێگایەکی دیکەیان بۆنەماوەتەوە بۆ بەڕێچوونی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان. ئەو دەستفرۆشانەی کە بەزۆری هێزی پۆلیس و ئاسایش دەردەکرێن و سەرچاوەی ژیانیان لێ ووشك دەکرێت، ئەو دەیان هەزار کرێکارەن کە بەهۆی قەیرانی ئابوری و سیاسەتە دژی کرێکاریەکانی حکومەتی هەرێمەوە بێکارکراون و هیچ بیمەیەکی بێکاریش نایان گرێتەوە تا بژێوی خۆیان و هاوسەرو مناڵەکانیانی پێ بەرێ بکەن. یان ئەو دەیان هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و کرێکارانەی کەرتی حکومین کە مووچەکانیان بەر مقەستی چاکسازی حکومەتی هەرێم کەوتوەو ئاستی ژیانیان هێنراوەتە خوارەوەو ناچارن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیان کاری دەستفرۆشی بکەن. یاخود ئەو هەزاران خانەنشین و بەتەمەنان کە یان بە دوو مانگ جارێك بیمەی خانەنشینیەکەیان دەدەنێ یان هیچ بیمەیەکیان نیەو دەبێ لەو تەمەنەدا بە دەستفرۆشی پاروویەك بخەنە سەر سفرەی بێرەونەوقی خێزانەکانیان. دەنا لەوکاتەدا کە تارادەیەك بوژانەوەیەکی ئابوری لە هەرێمدا هەبوو، دیاردەی دەستفرۆشی بەرادەیەکی سەرسوڕهێنەر کەم بووبوەوە.
گومان لەوەدا نیە هەموو کەسێك لەگەڵ ئەوەدایە سیمای شارەکان جوان بێت و هاتوچۆکردن بە سەر شۆستەو شەقامەکاندا ئاسان و بێ کێشەبێت، بەڵام جوانی سیمای شار و ئاسانکاری هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیانە وکاتێك هاوڵاتی کەمدەرامەتی کوردستان گرفتی بەرێچوونی ژیانی هەبێت و بەزەحمەت پارەی نانی سەر سفرەکەی و شیری مناڵەکەی و داوو دەرمان و ئاوو کارەباکەی دابین بکات، ئیتر جوانی شار و پاك و خاوێنی شەقامەکان هیچ مانایەکی نامێنێ. حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی ئەرکیانە بیر لە دابینکردنی ژیان و بژێوی ئەو سەدان هەزار مرۆڤە زەحمەتکێش و کەمدەرامەت و بێ مووچەو بێداهات و بێ سەرچاوەی ژیانە بکەنەوە، بیرلەوە بکەنەوە کە تائەوکاتەی بیمەی بێکاری بۆ بێکاران دابین دەکەن و مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان و ….بەرزدەکەنەوە بەرادەیەك کە بەشی ژیان و گوزەرانیان بکات، جێگای گونجاو بۆدەستفرۆشان دابین بکەن. حکومەت خۆی بەرپرسە لە دروستکردنی ئەو هەلومەرجە سەختە ئابوریەی لە هەرێمدا هاتۆتە ئاراوەو خۆی بەرپرسیارە لە هەژارکردن و برسیکردنی خەڵك، بۆیە هەرجۆرە هێرش و پەلامارێکی بۆسەر زەحمەتکێشان و دەستفرۆشان و رێگاگرتن لە کارو کەسابەتیان راستەوخۆ بڕینی قوتی دەمی ئەو خەڵکەیەو نابێ لەلایەن هیچ مرۆڤێکی یەکسانیخوازو خاوەن ویژدانی ئینسانیەوە قبوڵ بکرێ.
ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، دژی ئەو سیاستە نابەرپرسانەیەی دەسەلاتدارانی سلێمانی دەوەستینەوەو بانگەوازی دەستفرۆشانیش دەکەین بەرگری لە قوتی خۆیان و خێزانەکانیان بکەن و کۆبونەوەی گشتی خۆیان سازبکەن و نوێنەرانی جەسور و دڵسۆزی خۆیان هەڵبژێرن و پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە دەبێت حکومەت:
١- بە راوێژکردن و رەزامەندی نوێنەرانی خۆیان، لە چەند جێگای شار شوێنی گونجاو دیاری بکەن بۆیان.
٢٢- یان بیمەی بێکاری بۆ ئەوانەیان کە کاریان دەست ناکەوێ ببڕێتەوەو مووچەی کارمەندان و فەرمانبەرانیش بەرزبکاتەوە و پاشەکەوتی مووچە کۆتایی پێبهێنێت.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٦/٣/٢٠١٧
Check Also
پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!
عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …