ڕۆژ عەزیز:
هیچ گومانێک نیە کە لە دەرەنجامی ٨ساڵ شەڕی کۆنەپەرستانەو ملهوڕانەی جمهوری ئیسلامی عێراق و ڕژێمی بەعسەوە بەسەدان هەزار گەنجی ئەو دوو وڵاتە بوونە قوربانی ئەم شەڕە خوێناویە. هەر لەدەرەنجامی ئەم شەڕو ململانێیانەدا جمهوری ئیسلامی ئێران ناوچەی زۆری خاکی عێراقی داگیر کردو هەردوولا بە گەورەترین چەکی کیمیاوی چەکی پێشکەوتو لە سەربازانی یەکتریان دەداو کوشتارگای گەورەیان خوڵقاند.
هەر لەنێو ئەم ململانێیەدا بوو شاری هەڵەبجە بەر هێرشی پەلاماری ڕژێمی بەعس کەوت و زیاتر لە پێنج هەزار ئینسانی بێتاوان گیانیان لەدەستداو سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بە ئیسلامیەکانیشەوە کەوتنە چاوساغی و نۆکەرایەتی بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و رژێمی ئێرانیان پەلکێشی شاری هەڵەبجە کرد، ئەوە بوو دواتر رژێمی هارو دڕندەی بەعس دەستی نەپاراست و فرسەتێکی وای بەدەستەوە بوو کە جمهوری ئیسلامی ئێران شاری هەڵەبجەو خاکەکەی داگیر کردەوە، بۆیە ئەویش بە چەکی کۆمەڵکوژی بەرەنگاری ڕژێمی ئێران بووەوە لەو شارە و کیمیابارانی کرد .
خەڵکی شاری هەڵەبجە شایەتی ئەو ڕاستیەن کە هێزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق و وە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشڕەویی و چاوساغی سوپای پاسداران بوون بۆ هەڵەبجەو چەندین ناوچەی دیکە، وە لەداستانی رزگاریشدا کە لە ساڵی ١٩٨٧دا بوو هەر هەمان ئەو هێزانە بۆ زۆر ناوچەی کوردستان بوونە ڕەسەدی تۆپەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران و چاوساغی ئەوان بوون، وایان دەزانی ئێستا جمهوری ئیسلامی ئێران ڕژێمە سەرکوتگەرەکەی بەعسیان بۆ لەناو دەبات، بەڵام نەک بۆی لەناو نەبردن بەڵکو کارەساتێکی بەسەر خەڵکی هەڵەبجەو چەندین گوندیش هێنا کە لە مێژوودا روداوی لەم جۆرە کەم وێنەیە.
هەموومان دەزانین هێرشی جمهوری بۆ سەر شاری هەڵەبجەو داگیرکردنی دەرەنجامی ململانێ و شەڕەکەیان بوو کە ٨ساڵ بوو خەریکی بوون، بەڵام جمهوری ئیسلامی ئێران هەدەفێکی دیکەی هەبوو کە بۆ لێدانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوو لە سەر سنورەکانی عێراق ئێران، هەر بۆیە بەبۆنەی ئەم هێرشەوە بۆ سەر شاری هەڵەبجەو دەورو بەری زیاتر لە ٧٠ پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نزیک ڕوباری سیروان کەوتنە بەر هێرشی وەحشیانەی جمهوری ئیسلامی ئێران و زۆربەیان قەتڵوعام کران و هەندێکیشیان بەدیل گیران ودواتر ئیعدام کران .
ئەوە بوو لەم شەڕەدا جمهوری ئیسلامی ئێران دەستکەوتی سیاسی و سەربازی بەدەست هێناو زەربەیەکی گەورەش لە کۆمەڵە درا کە پۆلێکی پێشمەرگەی لەو شەڕە نابەرابەریەدا گیانیان لەدەستداو داگیرکردنی شاری هەڵەبجەش بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران دەستکەوتی گەورە بوون کە دوا بەدوای ئەم داگیرکاریە ئیتر شەڕێک ٨ساڵ ئیدامەی بوو ڕاگیراو هەردوو وڵات چوونەوە سەر مێزی گفتوگۆکانیان و ئەوەی زەرەمەندی گەورە بوو ئەوانە بوون کە بوونە قوربانی ئەم جەنگەو بەتایبەتیش خەڵکی هەڵەبجە کە قوربانیەکی گەورەیان دا. هەموو ساڵێک لە ٣/١٦دا برینەکانیان دەکولێتەوەو سەرانی ئەحزانی ناسیونالیستی کوردی وئیسلامیش وەک دەستکەوتی سیاسی گەورە باسی ئەم کارەساتە دەکەن کە گوایە هەڵەبجە بوو کوردی بەدنیا ناساند و هەموو ساڵێکیش دەچنە سەر مۆنۆمێنتی هەڵەبجەو فرمێسکی تیمساحی هەڵدەڕێژن و خۆیان نمایش دەکەن کە گوایە هاوخەمی هەڵەبجەیەکانین، لەکاتێکدا ئێستاش بەسەدان هاوڵاتی ئەو شارە هەیە ٢٩ساڵە بەدەست ئازارو بەرکەوتویی چەکی کیمیاییەوە دەناڵێنێت و دەسەڵاتیش نەک ئاوڕیان لێ ناداتەوە بەڵکو هیچ باکی نیە بە مردنی خەڵکانێک کە حزبەکانی کوردایەتی لەکوردستانی عێراق هۆکاری ئەم کارەساتە بوون .
ئێستا زۆری نەماوە چەند رۆژی دیکە یادی ٢٩ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و حزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان خەریکی ڕێکەوتنن لەسەر ئەوەی کە بە بەشداری هەموان بچنە مۆنۆمێنتەکەو خۆیان نمایش بکەن. من هیوادارم خەڵکی ئەو شارە لەیادی هەڵەبجەدا ڕێگە بەهیچ وحزب و لایەنێکی ریاکار نەدەن بێنە ئەو شارە، وە یەخەی هەرکەسیش بگرن کە دێتە ئەو شارەو ریاکارانە قسە دەکات بۆ خەڵکەکەی، پێیان بڵێن ٢٩ساڵە چیتان بۆ خەڵکی ئەو شارە کردوە ؟ بڵێن ٢٩ساڵە کوا ئاوەدانی بۆ ئەو شارە، کوا چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بڵێن کوا خزمەتگوزاری کوا ئاو کارەبا. پێیان بڵێن چیتر بەناوی ئێمەوە قسە مەکەن و ئێمە مەکەنە دەستکەوتی سیاسی گەورە بۆ خۆتان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانتان لەگەڵ رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی کە ئێستا لە عێراقدا حوکمرانی دەکەن. بزوتنەوەی کوردایەتی لەوەتەی هەیە خەریکی نۆکەرایەتیە بۆ ڕژێمە ناوچەییەکان، کارەساتی هەڵەبجەش دەرەنجامی نۆکەرایەتیەکی دیکەی حزبەکانی کوردستانی عێراق بوون بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و وە ئێستاش کە ٢٦ساڵە لە کوردستانی عێراقدا حوکمرانی دەکەن هەر خەریکی جاشایەتی و نۆکەرایەتین بۆ ڕژێمە ناوچەیی و جیهانیەکان و خیانەتکاری و جاشایەتی ونۆکەرایەتی بۆتە پیشەو عادەتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی بە حزبە ئیسلامیەکانیشەوە. خەڵکی کوردستان وە بەتایبەتی خەڵکی هەڵەبجەو وە ئەنفال کراوەکانیش بوونە قوربانی شەڕێک کە بزوتنەوەی کوردایەتی پێی وابوو بەچەک وخەباتی چەکدارانە دەتوانێت ڕژێمێکی هاری وەک بەعس دەڕوخێنێت، بەڵام نەک نەڕوخا ئەو کاتە بەڵکو فرسەتی گەورەی پێ درا بە وەحشیانەترین شێوە ئەنفال بکات بەچەکی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردزمان لەناو بەرێت .
هەموومان باشمان بیرە چ لەکاتی ئەنفال و چ لەکاتی کارەساتی هەڵەبجەدا پێشمەرگە چۆن رێگری دەکرد لە خەڵکەکەو پێیان دەوتن بۆ کوێ دەڕۆن خۆ ئێوە لە پێشمەرگە ئازیزتر نین بۆ چۆڵی دەکەن. هەموو ئەمانە هەقیقەتێک بوون کە باش خەڵک بیری ماوە، خەڵکی کوردزمان قوربانی شەڕی قەومی بوون بۆ ئەوەش ڕاپەرینیان کرد کە بەئازادی و خۆشبەختی بژین بەڵام ٢٦ساڵ حکومرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی نیشانی دا کوردایەتی بزوتنەوەکەی بێجگە لە قسەی پوچ و فریوکاری هیچی دیکە نیەو ئەمانە ٢٦ساڵە بەڵاو موسیبەت دەهێنن بەسەر خەڵکی کوردستاندا، ئەمانە بێجگە لە تاڵانکاری سەرکوت و هەراچ کردنی کۆمەڵگاو داهاتەکەی هیچی دیکە نیە. دوای ٢٩ساڵ لەکارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەو دوای ٢٦ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی بۆمان دەرکەوت ئەم دەسەڵاتە ئیتر دەسەڵاتی خەڵک نیەو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئیتر دەبێت بێنەمەیدان و خۆیان ڕێکخراو لە شوراکانی خۆیاندا لە شوێنی ژیان وکارکردنیادا رێکخراو بکەن، تا ئایندەیەکی باش و کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشبەخت بەدی بهێنن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە قوربانی سیاسەتی ناسیونالیزمی کورد وحزبەکانی. ئاڵوگۆڕ تەنهاو تەنها بە رێکخراو بوون و هێنانەمەیدانی خەڵک خۆیان دەکرێت، دەبێت چیتر خەڵک لەم هێزانە قبوڵ نەکەن ساڵانە لەسەر مۆنۆمێنتی هەڵەبجە قسەی فریوکارانەیان بۆ بکەن..
مارسی ٢٠١٧