مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

 

بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان لەکوردستان

پێشەکیەکی پێویست:

ئەم بەڵگەنامەیەی بەردەستان کە لەکۆنگرەی چواری حزبدا بڕیاری لەسەر دراوە، لەپلینۆمی دوای کۆنگرە، کۆمیتەی ناوەندی وەکو بەڵگەنامەیەكی نێوخۆیی حزب پەسەندی کرد و مافی بڵاوکردنەوەی بۆ دەرەوەی حزب سپارد بەمەکتەبی سیاسی. ئێستا بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی کە لەم ماوەیەدا پێش هاتووە، مەکتەبی سیاسی بەپێویستی زانی کە ئەم بەڵگەنامەیە بۆ دەرەوەی ریزەکانی حزب بڵاوبکاتەوە و بیخاتە بەردەم هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و کرێکاری و یەکسانیخوازانی کۆمەڵگای کوردستان. بەو ئومێدەی ئەم بەڵگەنامەیە ببێتە کەرەستەیەکی سیاسی بۆ خستنەڕووی هێڵی ستراتیژی شۆرشگێڕانە بۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەخەباتی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەدا دژی سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی لەکوردستان. 

مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسان لەکوردستان 

ئامانجی حزب لەکوردستان

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وەکو حزبی چینی کرێکار، خەبات دەکات بۆ رێکخستن وڕابەریکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی لەپێناو هەڵپێچانی سیستەمی سەرمایەداری وکاری بەکرێ و دامەزاندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی خاڵی لە ستەم و چەسانەوەو  نایەکسانی.

شۆڕشی سۆسیالیستی تەنها لەڕێگای هاتنەمیدانی چینی کرێکار وجەماوەری ستەمکێش، لەڕیزێکی رێکخراو لەدەوری ئاسۆی سۆسیالیستی وبەڕابەری حزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکار مەیسەردەبێت. بەم پێیەش پێشڕەوی وسەرکەوتنی ئەم شۆرشە لەهەر هانگاوێکدا ڕاستەوخۆ گرێی خواردوە لەگەڵ پەرەسەندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکارو تەحەزوبی کۆمۆنیستی ئەم چینەدا. لەکوردستاندا دابڕان وسنوربەندی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش لە ئاسۆو ئامانج و سیاسەتی بزوتنەوەو ئەحزابی بورژوازی، بەتایبەتی بەهێزبونی کۆمۆنیزم لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمی کورد لەئاستی کۆمەڵایەتی بەرفراواندا، مەرجێکی سەرەکی پێشڕەوی وسەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە. 

تەنها خەباتێکی هەمەلایەنەی  سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی هەمەجۆر دەتوانێ دەسەڵاتی ئێستا بخاتە ژێر گوشارێکی گەورەوەو زەمینەکانی هاتنەمەیدانێکی جەماوەی وهێرشبەرانە بۆ وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی فەراهەم بکات. ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریە ئەم خەباتە هەمەلایەنەیە بەپێی سیاسەتێکی شۆڕشگێرانە لێکهەلپێکێت وبیکاتە بنەمای کارو هەڵسوڕانی خۆی.

هەلومەرجی گشتی کوردستان و پێویستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە:

بارودۆخی گشتی کوردستان وئەو گێژاوە سیاسیەی ئەم کۆمەڵگایەی تیا ڕاگیراوە، گەلێک کۆسپ وڕێگری گەورەی لەبەردەم شۆڕشی سۆسیالیستی وتەنانەت پێکهێنانی هەر ئاڵوگۆڕو باشبونێکی بەرچاو لەژیانی مادی ومەعنەوی خەڵکدا پێکهێناوەو بۆتە مایەی نەهامەتی ومەینەتباری سیاسی وئابوری وکۆمەلایەتی بۆ زۆربەی زۆری دانیشتوان. ئەم بارودۆخە لەلایەکەوە ئاکامی گرێدانەوەی کۆمەڵگای کوردستانە بەدەوڵەتی قەومی ئیسلامی ئێستای عێراقەوە لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی قەومیدا، لەلایەکی ترەوە ئاکامی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان ودابڕدابڕ کردنی ئەم کۆمەڵگایەیە بۆ ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان وبەگرەوگرتنی ژیان وگوزەران وکەرامەتی خەڵکەکەی.

فیدراڵیزمی قەومی، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هۆکاری ڕاستەوخۆی گرفتاربونی کوردستانە بەجۆرەها کێشەو پێکهاتنی لەمپەری گەورە له‌به‌رده‌م ڕه‌وتی‌ بەرەوپپێشچونی کۆمەڵگا وگیرۆدەکردنی بەجۆرەها گرفتی سیاسی وئابوری وکۆمه‌ڵایه‌تی وئەمنی وڕاگرتنی لەبەردەم مەترسی ته‌قینه‌وه‌و دووبه‌ره‌کی قه‌ومیدا، لەهەمانکاتدا کۆڵەکەیەکی راگرتن وبەردەوامیدانە بەدەسەڵاتی میلیشایی وناوچەیی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد. ئاکامە کارەساتبارەکانی ئەمانەش بەسەر جەماوەری کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا شکاوەتەوە.

چ بۆ فەراهەمبوونی رەوتی بەرەوپێشچونی شۆڕشی سۆسیالیتی و چ بۆ دەرگا کرانەوە بەڕووی هەر ئاڵوگۆڕ و باشبونێکی بەرچاو لە ژیانی خەڵکدا،  پێویستە هەرچی زوتر ئەم بارودۆخەی کوردستان کۆتایی پێبێت. ئەمەش لە گرەوی‌ کۆتایهێنانە بە گێژاوی  فیدراڵیزم و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا – میلیشیایی ناسیۆنالیستی كورد و بەرپاکردنی  دەوڵەتێکی سكولاری‌ غه‌یره‌ ئه‌تنیكی پشتبه‌ستوو به‌ئیراده‌ی راستەوخۆی خه‌ڵك. دەوڵەتی سۆسیالیستی بەدیلی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، باڵاترین نمونەی دەوڵەتی سکولارو غەیرە ئەتنیکی و پشتبەستوە بەئیرادەی راستەوخۆی جەماوەر.

کۆتایهینان بەم بارودۆخ و گیژاوە ئەرکی دەمودەستی شۆڕشی کرێکاریە، کە نەک هەر کۆمەڵگا لەو گێژاوە دەردەهێنێ و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ژیانی خەڵکدا پێکدەهێنێت‌، بەڵکو مژدەدەری بەرپاکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانە. حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ بۆ وەلانانی ‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی بۆرژوا-ناسیونالیستی كوردو دامه‌زراندنی‌ ده‌ستبه‌جێ‌ی‌ دەوڵەتێکی سەربەخۆی سۆسیالیستی له‌كوردستاندا خەبات دەکات. ئەمە شاڕێی کردنەوەی گرێکوێرە و وەڵامدانەوە بەگرفتی ئێستای ئەم کۆمەڵگایەیەو لەهەمانکاتدا دەرگا ئاوەڵاکردنە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان و رەوتی بەسەرئەنجام گەیاندنی شۆڕشی سۆسیالیستی.

 

بنەماکانی پێویستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە:

 کۆمەڵگای مۆدێرنی کوردستان وەکو کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری تیایدا قڵشتی چینایەتی نێوان چینی سەرمایەدارو چینی کرێکارو جەماوەری ستەمدیدە، بەتایەبت لەم چەند دەیەی دوایدا بەوپەڕی خۆی گەیشتوەو هەربەم پێیەش ناکۆکی نێوان ئەم دوو چینە، دەمێکە بوەتە ناکۆکی سەرەکی کۆمەڵگاو سەرجەرم کێشەو ناکۆکیەکانی تریش لەدەوری ئەمە تەوەرەیان بەستوە. لەماوەی ٢٣ ساڵی رابردودا دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا-ناسیونالیستەکان، وەکو نوێنه‌رو دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی کوردستان ڕۆڵی خۆیان گێڕاوەو لەسایەیدا کەمایەتیەکی کەم لەسەر حیسابی چەوساندنەوەی چینی کرێکارو سەپاندنی هەژاری و نەداری و کوێرەوەری بەسەر زۆربەی هەرە زۆری دانیشتواندا، بوون بە ملوێنێر و میلیاردێر ولەناو سەروەت و ساماندا نوقم بون وژیانێکی شاهانەیان بۆ مسۆگەربووە. لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگای کوردستانی ئەمڕۆ لەڕووی پەرەسەندنی ئابوری وبەهرەمەندبونی لەسەروەت وسامانێکی زۆر، زەمینە بابەتیەکانی بەرپاکردنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی تیادا فەراهەم بووە کەلەسایەیدا هەموان خۆشگوزەران بژین. ئەمانە شۆڕشی کرێکاریان لەکوردستاندا کردوە بەکارێکی پێویست و دەستبەجێ و لە ڕووی بابەتیەوە مومکن.

 کارنامەی ٢٣ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتی حزبە ناسیونالیستەکان، بەهەموو جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە و ئازادیخوازی نیشانداوە کە ئەو دەسەڵاتەی ئەم حزبانە بەناوی دەسەڵاتی خەڵک و سەرچاوەگرتوو لەئیرادەی ئەوانەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، نەک هەر دەسەڵاتی خەڵک نیە، بەڵکو لەسەر بناغەی پیشێلکردنی ئیرادە ومافەکانی ئەوان دامەزراوە. ئەم کارنامە ٢٣ ساڵیە شتیکی نەبوە جگە لەبردنی کۆمەڵگا بۆ ناو شەڕوکوشتاری کۆنەپەرستانەی ناوخۆیان لەسەر دەسەڵات، بوونیان بەپاشکۆی ئەمریکاو دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و راپێچکردنی کردنی کوردستان بۆ ناو سیناریۆ تەلخەکانییان، گەندەڵی و تاڵان وبڕۆی بێسنوری داهاتی کۆمەڵگا، سەرکوتی ئازادی و ناڕەزایەتیە جەماوریەکان و نەیارانی سیاسی دەسەڵات وتیرۆری ڕەخنەگران وهەڵسوڕاوانی سیاسی وڕۆژنامەنوسان، تیرۆرو ڕەشەکوژی بەربڵاوی ژنان بە بەهانەی ناموسپەرستی، … ئەمانە بوونە زەمینە وبنەماکانی جۆرەها ناڕەزایەتی جەماوەری. لەوانە بزوتنەوە جەماوەریەکەی١٧ی شوبات بەدەنگی بەرز “نا” ووتن بوو بەم دەسەڵاتە. هەرچەندە ئەو بزوتنەوەیە سەرکوت کرا، بەڵام خواست و ئامانجەکانی بەهێزی خۆیانەوە ماونەتەوەو بەردەوامیش بەرەو قوڵبونەوەو رادیکالبونەوەی زیاتر دەڕۆن و پێویستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ئەم هەلومەرجە نەک هەر بۆ چینی کرێکار، بەڵکو بۆ هەموو جەماوەری ستەمدیدە بەرجەستەتر دەکەنەوە. هاوکات ئەمە بنەمایەکی بەهێزە بۆ ئەوەی جەماوەری ستەمدیدە هاوپەیمان و هاوسەنگەری چینی کرێکاربن بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشێگڕانەی ئەم هەلومەرجە.

 تاقیکردنەوەکان لەماوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەم حزبە بۆرژوازیانەدا، بەتایبەتی لەماوەی ئەو ٤ ساڵەدا کە “بزوتنەوەی گۆڕان وتاقمە ئیسلامیەکان” وەکو جەمسەرێکی ئۆپۆزیسیونی بۆرژوازی بەئاڵای چاکسازیەوە هاتنەمەیدانەوە، ئەو ڕاستیەی بەکردەوە سەلماند کەئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت وئەم بارودۆخە دژوارە  بەچاکسازی دەرمان ناکرێت. لەو ڕابردوەدا ئەم جەمسەرە بۆرژوازیە جەماوەرێکی زۆری دوچاری خۆشباوەڕی کرد بەوەی کەدەکرێت لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدان وخەباتی پەرلەمانی وچاکسازیەوە، کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە چارەسەربکرێت. بەڵام ڕەوتی بابەتی ڕوداوەکان ونۆبەگرتنی لایەنەکانی نێو ئەم جەمسەرە بۆرژوازیە لەبەردەرگای هەمان دەسەڵاتی میلیشیایی وبنەماڵەیی بۆ بەشداری و وەرگتنی بەشی خۆیان لەدەسەڵات ولەسامانی بەتاڵانبراو، هەروەها گۆڕینی پەیامی “ئەیگۆڕین! ئەیگۆڕین!” بۆ پەیامی “ئارام ڕاگرتنی شەقام وهۆڵی پەرلەمان!”، ئەو راستیەیان سەلماند کەبانگێشەی چاکسازیان پرۆژەو سیاسەتیک بوو بۆ داشکاندنی ئامانجەکانی جەماوەری ناڕازی وکردنی بەدەستمایەی سەودا لەگەڵ دەسەڵات وشەریکبونەوەی خۆیان، نەك بۆ پێکهیانی ئاڵوگۆڕ لەژیانی هاوڵاتیاندا.

  کوردستان وەکو حەوزەیەکی کاری هەرزان، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەبارودۆخێکی ئیمپریالیستانەی (مۆنۆپۆڵی) پەیوەندی نیوان کارو سەرمایەدا بەڕێوەدەچێت. لەم چوارچێوەیەشدا کوردستان مەیدانێکە بۆ ڕوتێکردنی سەرمایەی دەرەکی وبەرهەمهێنانی زێدە قازانجی ئیمپریالیستی لەسەر بناغەی چەوسانەوەی لەڕادەبەدەری چینی کرێکارو بێبەشکردنیان لەهەر جۆرە ئیمتیازاتێکی ڕیفاهی وکۆمەڵایەتی وپیشەیی وئازادیە سیاسیەکان ومافە سەرەتاییەکانیان. سەرخانی سیاسی لەباریش بۆ ئەم بارودۆخە بەپێویست سەرکوت وداپڵۆسینی سیاسییە، بەمەبەستی خامۆش ڕاگرتنی چینی کرێکارو لەخوارەوە ڕاگرتنی نرخی هێزی کارە لەهەرزانترین ئاستیدا. بێگومان دۆخێکی ئاواش قازانجی هەموو بەشەکانی بۆرژوازی لەخۆیدا هەڵدەپێکێ و ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی و سیستەمی دیموکراتی بۆرژوازی لەکوردستاندا دەکاتە یۆتۆپیایەکی بێبناغە و جەخت لەسەر پێویستی شۆڕشی کرێکاری دەکاتەوە، وەکو تەنها کەناڵی بەدیهێنانی ئازادی و هەر ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لەژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

کۆڵەکەو هۆکارەکانی سەرخستنی ئەم ستراتیژە:

 لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا شۆڕشی کرێکاری تەنها وەڵامی بەڕاستی شۆڕشگێڕانەیە بۆ سەرجەم کێشەکان وکۆتایهینان بەنایەکسانی وستەم وچەسانەوە. چینی کرێکار وەکو هێزی بزوێنەری ئەم شۆڕشە لەمڕۆی کوردستاندا گەشە وپەرەسەندنێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، هەم لەڕووی زیادبونی ئەو بەشە لەدانیشتوان کە ناچارن هێزی کاریان بفرۆشن بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان وخێزانەکانیان دابین بکەن، هەم لەڕووی چاوکرانەوەو درککردن بە بەرژەوەندی چیانیەتی جیاواز وئاشنابوون بەزانست وتەکنەلۆژیا وهوشیاری سیاسی و ڕێکخراوبون وشێوەکانی خەباتەوە. ئەمە هێزی لەبن نەهاتوی شۆڕشی کرێکاریە، کەئەو شۆڕشە دەکاتە کارێکی کردەنی. بەڵام سەرکەوتنی ئەم  شۆڕشە لەگرەوی ئەوەدایە کە ئەم چینە لەڕیزی سەربەخۆی خۆیدا، هەم لەحزبی کۆمۆنیستی وهەم لە شوراو سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکاندا ڕێکخراوو یەکگرتوو بێت، چ بۆ بەرگری لەژیان وگوزەران وداخوزیە ڕۆژانەکانی وچ بۆ بەدەستەوە گرتنی ئاسۆو سیاسەتی سۆسیالیستی و گێڕانی ڕۆڵی پێشەنگی گشت جەماوەری ستەمکێش لە شۆڕشدا.

 ئامرازێکی سەرەکی شۆڕشی کرێکاری بیناکردنی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکاریی کۆمەڵایەتی بەهێزو ڕیشەدارە. حزبێک کەسەرجەم ئۆرگانە ڕابەریەکانی لەئاستی سەراسەری ومحلیدا، ڕاستەوخۆ بەشێکبن لەڕابەری بزوتنەوەی کرێکاری وبەشی پێشڕەوی چینی کرێکار لەدەوری ڕێکخراوبن وبەکردەوە ئامرازی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بێت دژی نیزامی سەرمایەداری. حزبێک کەڕابەریەکی سیاسی مارکسیست وئەنتەرناسیۆنالیست لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لەبەرامبەر ڕابەرانی بزوتنەوەکانی تردا بۆ کۆمەڵگا مسۆگەربکات، بە بەدیل و ڕێگاچارەی خۆیەوە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا لەسەنتەری کێشمەکێشی سیاسی لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگا پێبچەقێنێت، ئامڕاز وهۆکارێک بێت بۆ رێکخراوبونی جۆراوجۆری جەماوەری کرێکاران، بەدیلی سۆسیالیستی بکاتە خاوەن سەنگێکی بەهێز لەدەرونی چینی کرێکاو لە ئاستی کۆمەڵگا ولەناو بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکانی کۆمەڵگادا.

 بەردەوامبونی بارودۆخی ئێستا ئاکامی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم و باڵادەستی نەرێتی ناسیۆنالیستی وئیسلامیە لەکۆمەڵگای کوردستاندا. ناسیونالیزم لەکوردستاندا تەنها ڕۆڵی ئایدۆلۆژیەکی بەگشتی بۆرژوازی ناگێڕێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ بریتیە لەئایدۆلۆژی دەسەڵات. بۆیە پێشڕەویی هەر بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لەم کۆمەڵگایەدا ڕاستەوخۆ بەندە بەلێدان لەنفوزی فکری وسیاسی ناسیۆنالیزم و وەلانانی نەریتەکانی،  وەکو یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی هەلومەرجی ئێستا ودەسەڵاتی بۆرژوازی کورد. هەروەها بەندە بەدابڕانی جەماوەری کرێکاران وخەڵکی ئازادیخواز لەئاسۆو ئامانج وسیاسەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی وحزبەکانی و بەهێزبونی کۆمۆنیزم لەئاستی کۆمەڵایەتیدا. باڵادەستی سۆسیالیزم بەسەر ئاسۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەئاستێکی بەرینی مەیدانە سەرەکیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی وسیاسی وڕێکخراوەیدا، مەرجێکی سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەیەک لەپێناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەکۆمەڵگای کوردستاندا. بەمپێیە هەوڵو تێکۆشانی چالاکانە بۆ پەرەدان بەهوشیاری وباوەڕو نەرێتی کۆمۆنیستی وڕوبەڕوبونەوەی ناسیۆنالیزم وئیسلام لە هەموو مەیدانێکی فکری وسیاسی وتەنانەت هونەرو دابونەرێتدا، ئەرک و ڕێرەوێکی گرنگە بۆ جیاکردنەوەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش وئازادیخواز لەو ئاسۆو بەدیلە سیاسیە بۆرژوازیانە وکۆکردنەوەی بەرینترین جەماوەر لەدەوری ئاسۆو ئامانجە کۆمۆنیستیەکانی کرێکاران.

 حزب لەهەر دەرفەتێکی شۆڕشگێڕانەو سیناریۆ جیاوازەکان کەڵک وەردەگرێت بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی وپیادەکردنی بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار. بەڵام گونجاوترین وعەمەلیترین  سیناریۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژەو سەرخستنی، تێکەڵاوێکە لەشێوە جیاجیاکانی خەباتی ئابوری و سیاسی وجەماوەری بەهێزو پەرەسەندوی ئەوتۆ کەهەم بتوانێ دەسەڵاتی ئێستا بخاتەژێر گوشارێکی توندەو بەردەوامەوە بۆ سەپاندنی داخوازیەکانی چینی کرێکارو جەماوەر، هەم هەلومەرج و پێداویستی و تواناییەکانی هەستانێکی جەماوەری بەهێزو سەرتاسەری وشۆڕشگێڕانە فەراهەم بکات کەتوانای هەڵگێڕانەوەی هەلومەرجی ئێستای هەبێت. هەستانێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کەچینی کرێکار بڕبڕە پشت وحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ڕابەرو ڕێکخەری بێت وسۆسیالیزم ئاسۆکەی بێت. لەگەڵ وەلانانی دەسەڵاتی میلیشیایی، دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی پشبەستو بەئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری شۆڕشگێڕ وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆی سکولار وغەیرە ئەتنیکی ڕادەگەیەنرێت وخواستەکانی جەماوەرو بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار جێبەجی دەکرێت. بنەما سەرەکیەکانی ئەم دەوڵەتە بریتین لە مانە:

—  دامەزاندنی سیستەمی حوکمڕانی شورایی.

— هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیاو دام ودەزگا چەکدارو جاسوسیەکان، جێگاگرتنەوەیان بەجەماورەی چەکدارو رێکخراو لەدەوری شوراکان.

— دەست بەسەرداگرتنی هەموو داهاتی بەتاڵانبراوی کۆمەڵگا لەلایەن حزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکان و گێڕانەوەی بۆ خەزینەی دەوڵەت. 

— جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت و پەروەردەو فێرکردن، ئازادی دینداری و بێدینی.

— ئازادی بێ قەیدو بەندی سیاسی.

— یەکسانی هەموو دانیشتوان وقەدەغە بوونی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک  لەسەر بناغەی جنسی، دینی، ئەتنیکی…هتد

— دابینکردنی بیمەی بێکاری تەسەل بۆ هەموو ژنان و پیاوانی ئامادەبەکاری بێکار.

— قەدەغە بونی سزای لە سێدارەدان

— ………

                       *        *        *

لەم ڕێگایەدا تەنها خەباتێکی هەمەلایەنە ونەخشەدار دەتوانێ هەم سەرکەوتن وهەم پاراستنی سەرکەوتن مسۆگەر بکات. بۆیە لێکهەڵپێکانی گشت سیاسەت و تاکتیکەکانی حزب، هەروەها شێوە جیاوازەکانی خەباتی نهێنی و خەباتی ئاشکراو قانونی کارساز بۆ هەلومەرجە جیاوازەکان، لەڕەوت و پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، لەمەرجە گرنگەکانی سەرخستنی ئەم ستراتیژە و رێکخستنی خەباتێکی نەخشەمەند و هاوئاهەنگە کەتوانای بەرەوپێشچونی بەردەوام و سەرکەوتنی هەبێت. هەروەها ئەم سەرکەوتنە لەگرەوی ئەوەدایە کەهەلومەرج و قۆناغ و هێزهاوسەنگیە جیاوازەکان بناسرێنەوەو پلان و نەخشەی گونجاو کارسازیان بۆ داڕێژرێت.

بەدەستەوە گرتنی هەر تاکتیک ودەستنیشانکردنی ئامانجەکانی هەر قۆناغێک ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەهاوسەنگی هێزو توانای سیاسی کۆمەڵایەتی حزب وڕادەی ڕێکخراوبونی جەماوەری کرێکاران لەدەوری سەنگی ئاسۆی کۆمۆنیستی لەبزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا. پێویستە لەهەر قۆناغێکی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا توانای بزوتنەوەکە وخودی حزب بەباشی بناسرێت وئامانج وتاکتیکە گونجاوەکانی هەر قۆناغێک بەدروستی دیاریبکرێت. بۆیە دەستنیشانکردنی هەلومەرج وقۆناغە جیاوازەکان وئەرکە جیاوازەکانی هەر قۆناغێک، مەرجێکی گرنگە بۆ پێشڕەوی و سەرکەوتن. دەورانێک کەهێشتا حزب وکۆمۆنیزم وئاسۆی سۆسیالیستی خاوەن سەنگێکی سیاسی بەهێزنین لەکۆمەڵگادا وبزوتنەوەی کرێکاری وجەماوەری هێشتا بەرتەسک وناڕێکخراوو خاوەن ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەو سەرتاسەری نیە، هەروەها دەورانێک کەحزب وەکو بەدیلێکی سیاسی و ڕێکخەرو ڕابەری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری وجەماوەری وخاوەن جێگاو ڕێگایەکی کۆمەڵایەتی بەهێز لەمەیدان ڕاوەستاوەو بزوتنەوەو ئەحزاب و دەسەڵاتی بورژوازی لەژێر گوشاری تونددا راگرتوە، لەگەڵ دەروانێک کەبزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاری وجەماوەری بەڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وئاسۆی سۆسیالیستیەوە بەرەو هەستانی جەماوەری هەنگاو هەڵدەگرێت… دەکرێت لەئاستێکی گشتیدا وەکو قۆناغە جیاجیاکانی ڕەوتی چونەپێش وسەرکەوتنی ئەم ستراتیژە لە بەرچاو بگیرێن.

هەلومەرجی ئێستای کوردستان و ئەرکەکانی ئەم قۆناغەمان:

گرنگتیرن ئەو فاکتۆرانەی کەدەبێ لەدەورەی ئێستادا لەبەرچاوبگیرێن بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە؛-

 هەلومەرجی ئێستای کوردستان بەشێکە لەهەلومەرجی گشتی عێراق و ناوچەکە و ئەو دۆخە ئالۆزکاو سیناریۆ تەلخەی کە لەبنەڕەتدا بەهۆی کێشمەکێش ودەخالەتی دوو بلۆک و میحوەری جیهانی؛ ئەمریکاو ناتۆو بریکارە ناوچەییەکانیان بەتایبەتی تورکیاو سعودیە لەلایەک و جمهوری ئیسلامی بەپشتیوانی روسیا وچین لەلایەکی ترەوە، لەناوچەکەدا بەرپاکراوە. سەرهەڵدانی داعش و جەنگیک کە ئێستا بەناوی جەنگی دژی تیرۆریزم لەئارادایە و ئەو سیناریۆ تەڵخ و پرکارەساتەی ئێستا بەرپابووە، ئاکامی کێشمەکێش و ململانێی ئەم دوو بلۆکە جیهانیە و هێز و دوڵەتانی بۆرژوازی پاشکۆیانە لەناوچەکەو ناوخۆی کوردستاندا. ئەمە فاکتۆری سەرەکیە لەخوڵقاندنی ئەو هەلومەرجە  سەخت و دژوارەی ئێستا باڵی بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا کێشاوە.

 باڵادەستبونی ئەحزابی ناسیۆنالیستی چەکدارو دەسەڵاتی ملیلشیاییان بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا. سەرباری توڕەیی وناڕەزایەتی توندی جەماوەری لەدژی ئەم حزبانەو دەسەڵاتەکەیان، بەڵام ئاسۆو نەرێت وخورافاتی ناسیۆنالیستی ونەتەوە پەرستی وئیسلامی، سەنگ وقورساییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگا هەیە.

 لەگەڵ ئەوەدا کەچینی کرێکاری کوردستان گەشەو پەرەسەندنێکی چەندایەتی و چۆنایەتی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە وقڵشت وناکۆکی چینایه‌تی لەکۆمەڵگادا زۆر قوڵ بۆتەوە، بەڵام تائێستا چینی کرێکارو بزوتنەوەکەی لاوازو نارێکخراوە. جێگاو رێگای  ڕەوتی سۆسیالیستی لەناو چینی کرێکارو بزوتنەوەکەیدا لاوزە.

 بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری دوای ئەو پاشەکشە گەورەیەی کە بەسەرکوتی خوێناوی بەسەر بزوتنەوەی ١٧ی شوباتدا سەپێنرا، هەرچەند بەردەوام لەهەوڵی دووبارە هەستانەوەدایە، بەڵام تائێستا بزوتنەوەیەکی ناڕێکخراو وپەرتو بڵاوەو گرفتاری نەبونی ڕابەریی و نەرێت و ئاسۆی رادیکال و سۆسیالیستی و خۆشباوەڕیە بە ئاسۆو ئەلتەرناتیڤی ناسیۆنالستی و ئیسلامی.

 حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هێشتا بەوێنەی حزبێکی سیاسی ویەکێک لەیاریکەرانی مەیدانی سیاسی کوردستان کە نەتوانرێت ڕۆڵ و سەنگی فەرامۆش بکرێت، دەرنەکەوتوە. ڕیشەی حزب لەناو چینی کرێکارو کۆمەڵگادا لاوازە، سەرباری هەر بەشداری وڕۆڵێکی لەبزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا، نەیتوانیوە وەکو ڕابەرو ڕێکخەر دەربکەوێت.  

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فاکتۆرانەی سەرەوە، پێویستە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم دەورەیەدا، تواناکانی خۆی لەسەر ڕاپەراندنی ئەم ئەرکانە بخاتەکارو بەپێی نەخشەکارێکی ڕۆشن، لەماوەیەکی تەخمین کراودا بەسەرئەنجامی بگەیەنێ. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەرنامەکار وهەنگاوە دەمودەستەکانی ئێستا، لەسەر بناغەی ئەم سەرخەتە گشتیانە دیاریبکرێت:

 دەرکەوتنی حزب وەکو حزبێکی سیاسی خاوەن ڕۆڵێکی لەفەرامۆش نەهاتوو، ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی ناسیۆنالیست. دابینکردنی ڕابەریەکی کۆمۆنیستی بۆ رێکخستن و ڕابەریکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا قەراردانیان بەرامبەر بەڕابەرانی ناسیۆنالیست. بونی حزب بەحزبی ناڕەزایەتی کرێکاری وجەماوەری. لێکهەڵپێکانی خەباتی ئاشکراو قانونی لەگەڵ خەباتی نهێنی بەپێی بەرنامەیەکی رۆشن بەجۆرێک کەبەردەوامی کارو هەڵسوڕانی حزب لەهەموو هەلومەرجە جیاوازەکان لەبەرچاوبگرێت.

 پەرەپێدان ومونسەجیم کردن وبەتواناکردنی مەیلی کۆمۆنیستی لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و شکڵدان بەشێوە جۆراوجۆرەکانی رێکخراوبون وتەحەزوبی کۆمۆنیستی ئەم مەیلە. کردنی حزب بەحزبی کرێکارانی کۆمۆنیست وپێشڕەو وڕابەرانی بەکردەوەی بزوتنەوەی کرێکاری، نەخشەمەندکردنی خەباتی ئابوری چینی کرێکار، وەکو مەیدانێکی گرنگی خەباتی چینایەتی. بەرجەستەکردنی پێویستی شۆڕشی کرێکاری وەکو تەنها ڕێگای کۆتایهینان بەکۆیلایەتی بەکرێ وستەمی سەرمایە وسەرجەم نەهامەتیەکانی دنیای ئێستا. بەهێزکردنی پایەی کۆمۆنیزم ونەرێتی سۆسیالیستی لەناو چینی کرێکار. هێنانەمەیدانی چینی کرێکار لەڕیزێکی رێکخراو و سەربەخۆدا لە مەیدانە جیاجیاکانی خەباتدا.

 پەرەپێدان و ڕێکخراوکردن وسەرتاسەری کردنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستا لەبوارە جیاجیاکانی خەباتی ئابوری وسیاسیدا، ئاسۆدارکردنیان بەسیاسەت وتاکتیکی گونجاو وڕادیکال وکارساز ودەرکێشانی لەژێر قورسایی نەرێت وئاسۆی ناسیۆنالیستی وئیسلامیەکاندا. توندکردنەوەی گوشاری هەمەلایەنە لەسەر حزبە دەسەڵاتدارەکان و پاشەکشە پێکردنیان وسەپاندنی خواست وداواکاریەکانی جەماوەر بەسەر دەسەڵاتدا.

 رەخنەگرتن وپەردەهەڵماڵین لەسەر سیاسەت وکارکردو نەرێت و بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی ونەتەوەپەرستی و ئیسلامی. لیدان لەنفوزی سیاسی وکۆمەڵایەتی حزبەکانی ئەم بزوتنەوانە وبەهێزکردنی ئاسۆو نەرێتی سۆسیالیستی وئەنتەرناسیۆنالیستی ومۆدێرن وشۆڕشگێڕانە لەبەرامبەریاندا. پەردەهەڵماڵین لەسەر ناوەرۆک و ئاکامە کارەساتبارەکانی سیاسەتی ناسیۆنالیستی و فیدراڵیزمی قەومی وڕۆڵی لەخوڵقاندنی گیژاوی ئێستا و بەردەوامیدان بەدەسەڵاتی میلیشیایی، بەرجەستەکردنی بەدیلی حزب لەبەرامبەریدا. پەردەهەڵماڵین لەسەر پڕۆژەی بەناو ڕیفۆرمخوازی ناسیۆنالستی وئیسلامی وەکو پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانە بۆ لەباربردنی مەیل و ڕەوتی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە ودەستەمۆکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی لەپێناو گەیشتن بەئامانجە بورژوازی و کۆنەپەرستانەکانی خۆی.

 وەستانەوە دژی سیاسەت و دەخالەتی ئەمریکا و ناتۆ و دەخالەتی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دژی دەورگێڕانی ناسیۆنالیزمی کورد و حزب و دەسەڵاتەکەی وەکو دەسکەلای میحوەرە ناوچەیی و جیهانیەکان بۆ بردنەپێشی سیاسەت و پلانەکانیان. پەردەهەڵماڵین لەسەر ئاکامە کارەساتبارەکانی دەخالەتە سیاسی و سەربازیەکانی ئەو میحوەرانەو کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەیان، لەوانە پشتیوانی کردنی تیرۆریزمی ئیسلامی و قوتکردنەوەی داعش. ئەمە مەیدانێکی هەرە گرنگی خەباتی کۆمۆنیستیە لەئیستادا بۆ هەموارکردنی رەوتی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و هەڵتەکاندنی لەمپەرەکانی بەردەمی. هەر لەم چوارچێوەیەدا سازدانی بزوتنەوەی چەکداری جەماوەری و خەباتیکی هەمەلایەنەی سیاسی و کۆمەلایەتی بۆ تێکشکاندنی داعش و وەستانەوە دژی نەریتە ئیسلامیەکان و قورسایەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و گێڕانەوەی ئیرادە بۆ جەماوەری ئازادیخواز.

 قورسایی وباڵادەستی یاساو نەرێتە دواکەوتووه‌ ئیسلامی وناسیۆنالیستەکان بەسەر کۆمەڵگادا، هاندەرێکی بەهێزی ژنان ولاوان وجەماوەرێکی فراوانی زەحمەتکێش وتینوی ئازادی وپێشکەوتنخوازیە بۆ ئەوەی ببنە هاوپەیمان لەگەڵ چینی کرێکارو بزوتنەوە یەکسانیخواز وپێشڕەوانەکەی، بەتایبەت لەهەلومەرجی ئێستادا. ڕۆلی لەپێشینەی کۆمۆنیزم لەنێو ناڕەزایەتیەکانی ئەم بەشانەی کۆمەڵگادا، بەتایبەت لەڕابەریکردنی بزوتنەوەی ژناندا، پاڵنەرێکە بۆ هەڵخڕانی ئەم بەشانە لەدەوری ئاسۆی کۆمۆنیستی. ئەرکی حزبە کەخەبات و ناڕەزایەتی ئەو بەشانە لەدەوری سیاسەتێکی کۆمۆنیستی ڕێکخراو وڕابەری بکات و وەکو فاکتەرێکی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەمەیدان ولەهاوشانی چینی کرێکار ڕایانگرێت. لەم نێوەدا پێویستە بایەخی تایبەتی بدرێت بەمەسەلەی ژنان وپەرەپێدان وئاسۆدارکردن وڕێکخراوکردنی بزوتنەوەی ژنان لەدژی ستەم و هەڵاواردن وکوشتاری ناموسپەرستانە وئامادەکردنی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی ئەم بزوتنەوەیە بۆ بەدەستەوە گرتنی ڕابەرایەتەکەی، بەگژاچونەوەی یاساو نەرێتە ئیسلامی وناسیۆنالیستیە پیاوسالارەکان وگوشاردانانی توند لەسەر دەسەڵات، بۆ ملدانەواندن لەئاست داخوازیەکانی بزوتنەوەی ژنان ولەکارخستنی نەرێتە پیاوسالاریەکان. ئەمە مەیدانێکی گرنگی خەباتی کۆمۆنیزم وحزبەکەیەتی.

 بەرگری شێلگیرانە لەئازادی سیاسی بێقەیدو بەند، یەکێکە لەئەرکە گرنگەکانی حزب وکۆمۆنیزم. بەتایبەتی لەم دەورەیەدا کەحزبە دەسەڵاتدارەکان نەخشەمەندانە پەیتا پەیتا پلان بۆ خنکاندنی ئازادی دادەڕێژن، یاسا و بڕیار بۆ دەمکوتکردنی دەنگە ناڕازیەکان دەردەکەن، بەچەک وکوشتار وەڵامی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان دەدەنەوە. بەتیرۆرو پەلاماری سەرکوتگەرانە روبەڕوی رۆژنامەنوسان وڕەخنەگرانی گەندەڵی ودەسەڵاتی سەتەمکاری بنەماڵەیی دەبنەوە. خەبات بۆ بەرگری لەئازادی بوە بەمەسەلەیەکی گرنگی ئەم کۆمەڵگایەو بەرپرسیارێتیەکی گەورەی حزب وکۆمۆنیزم. هاوکات بەرینکردنەوەی فەزای سیاسی وسەپاندنی ئازادی سیاسی وڕادەربڕین، ئازادی چاپەمەنی وناڕەزایەتی وخۆپیشاندان ومانگرتن وپێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری وحزبی، مەرجێکی گرنگی کرانەوەو قوڵبونەوەی هەلومەرج و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە وچونە سەری ئامادەییەکانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە.

 دەرەوەی ووڵات بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەبنەڕەتدا مەیدانێکی خەباتە بۆ بردنەپێشی ڕەوتی شۆڕشی کرێکاری لەکوردستان، هاوکات مەیدانێکە بۆ پتەوکردنی هاوخەباتی ئەنتەرناسیۆنالیستی چینی کرێکارو بەهێزکردن وپەرەپێدانی مارکسیزم وکۆمۆنیزم. پێویستە بەرنامەکاری حزب لەدەرەوەی وڵات وبەدیاریکراوی هەڵسوڕانی رێکخراوی دەرەوە، بەتەواوی ته‌رکیز بکاتە سەر بەهێزکردن وهەموارکردنی رەوتی شۆڕشی کرێکاری لەکوردستان، بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری وئازادیخوازانە، توندکردنەوەی گوشار لەسەر دەسەڵات وبزوتنەوە بۆرژوازیەکان، بەهێزکردنی هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخوازانەکانی جیهان، پەرەپێدانی مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری.

                     *     *      *

پێویستە رابەری حزب لەسەر بناغەی بنەما سەرەکیەکانی ئەم ستراتیژە، هەستێت بەداڕشتنی ئەرکە دەم و دەستەکانی ئێستا، هەروەها ئەرکەکانی حزب لەقۆناغەکانی دیکەی ئەم ستراتیژەدا، پێ بەپێ چونەپێش و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەو پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لەهاوسەنگی هێزدا.

کۆنگرەی چوارەمی حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان

٢١/١٢/٢٠١٤ 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *