ئهنوهر نوری:
ئەم قسەیەی بارزانی لە میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنهوه زۆر باس دەکرێت و لێدەدرێتەوە، بەڵام من پێم وایە بارزانی لە دیدگا و بەدیلی رابەرانی ناسیۆنالزمی کوردەوە زۆر دەقیق و دروست باسی کردوە.
مەسەلەی کورد و کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندا لە بنەڕەتدا دروستکراوی هەردوو بزوتنەوەی ناسیۆنالستی عەرەبی و کوردیە. بەوپێیەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی زۆرینە و خاوەن توانا بوون زۆرترین جەریمە و کوشتاریان بەرامبەر بە خەڵکی کوردزمان کردوە. ناسیۆنالزم فاشستی عەرەبی هۆکاری سەرەکی بووە کە خەڵکی کوردستان ببن بە زەخیرەی بزوتنەوەی کوردایەتی و دوای ئەو بزوتنەوەیە بکەون. دەیان نموونە یەهە کە کۆن نین لە نموونەی جەریمەکانی فاشیزمی عهرەبی بەرامبەر بە خەڵکی بیدیفاعی کوردستان.
کێشەی خەڵکی کوردزمان لەگەڵ حکومەت و دەستەڵاتی ناوەندا کە ناسیۆنال فاشی عەرەبی قیادەی دەکات واقیعەو دەبێت چارە بکرێت.
ناسیۆنالیزی کوردی و بزوتنەوەی کوردایەتی ساڵانێکی زۆرە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی ئەم کێشە واقعیە بوون و بەکاری دێنن بۆ بەرژەوەندی سەرمایەداری کوردی. خەڵکێکی زۆر لە هەژار و زەحمەتکێشان توشی وەهمی کوردایەتی کراون و لەم شەڕەدا دەدرێن بەکوشت. ئەگەر شەڕبوو ئەوا کوری هەژاران دەدرێن بە کوشت، ئەگەریش شەڕنەبوو رابەرانی کوردایەتی وەک فیرعەون دەژین. قیادەی کوردی کێشەی کوردیان لە سێ قۆناغدا راگرتوە؛ شەڕ، چاوەڕوانی و مفاوەزات.. سەرانی کوردایەتی شەڕیان بۆ گونجاندن و فشارە بۆ مفاوەزات، قسەوباسە ئهوهیه کە دەسەڵات سەرانی کورد وەک نوێنەری سەرمایەداری کورد حساب بکات، دوای ئەوە مفاوەزات و چاوەڕوانی تا ئەوکاتەی قیادەی کورد دەزانێت کامیان لە بەرژەوەندی مانەوە و گیرفانی خۆیاندایە.
مەبەستی من ئەوەیە ئەم قسەیەی بارزانی کە مەرجی هەیە ئەگینا سەربەخۆی رادەگەیەنێت. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە کە رابەرانی ناسیۆنالیزمی کورد مەبەستیان رزگار بوون و سەربەخۆی کوردستان نی یە. قەزیەی کورد وەک کێشەیەکی واقعی نابینن ئەگینا سەربەخۆی کوردستان و قەزیەی کورد لەکوێ و نوری مالیکی لەکوێ.
بۆ بارزانی ئەم مەرجەی هەیە. ئەوە چەند دەیەیە بارزانی وەک سەرۆکی ناسیۆنالزمی کورد، هەروەها وەک گەورە سەرمایەداری کوردستان چ بنەماڵەکەی و چ حزبەکەی ناسراون. بە پێی بەرژەوەندیە ئابوری و بازرگانیەکانی بارزانی کەوتە بەرەی ئهمریکا، تورکیا و عهرهبستانی سعودی ئەگەر چی ئیستا نێوان ئەردۆغان و ئەمریکا باش نی یە، بەڵام بەردەوام بارزانی لەوبەرەیە.
نوری مالیکیش وەک سەرۆکی گەورەترین حزبی شیعی و گەورەتری سەرمایەداری عێراق لەم ماوەیەدا ناسراوە، قسە هەیە و دەزگاکان باسیان لەوەکردوە کە مالیکی بەدەیەها ملیار دۆلاری عێراقی بۆ خۆی و خیزانەکەی بردووە و کردویەتی بە مەشروعی شەخسی خۆی، مالیکی سەر بە باڵی ئێران بووە وئیستاش هەر سەربە ئێران روسیایە.
ئەوکاتەی کە مالیکی سەرۆکی وەزیرانی عێراق بوو، کێشە ئابوری و قازانج پەرستیەکانی لەگەڵ بارزنی دا کەوتنە کێشە. ئەوکات داعش هێنرایە سەر عیراق و بەشێکی زۆری لە عێراق داگیر کرد. بارزانی نەک زۆر ئاگاداری هاتنی داعش بوو بەڵکو بەهەلی دەزانی و بە رەسمی شەری داعشی نەدەکر، تا هێرشی داعش بەرەو هەولێر، ئیتر پارتی مەجبور بوو بێتە شەڕەکەوە. کات هات و کات رۆشت، مالیکی دۆڕاندن و لەدەستدانی زوربەی خاکی عێراق بەتایبەت شوێنە سونە نیشینەکان، زۆری لەسەرکەوت و مالیکی لەدەسەلات لابرا واتە دۆرا.
ئێستا تەوازنی شەڕ گۆڕاوە، گرتنەوەی موسڵ زۆر مەسائیل دەگۆڕێت یەکێک لەوانە دادگایی بارزانیه، ئەگەری هاتنەوە سەرکاری حزبەکەی مالیکی وەک سەرۆکی عێراق ئەگەرێکی گەورەیە. ئائەمەیە کە ترسی خستۆتە دڵی بارزانیەوە و لە ئێستاوە دەزانێت لەوانەیە لێی بشێوێت، ئەم دەورەی چاوەڕوانیەی بچێتەوە دەورانی شەر. یان روودانی رێکەوتنی عێراق تورکیا و داش بەداشێک بە حزبە کوردیەکان لە نێوان تورکیا و عێراقدا.
ئەگەر هەر تاکێکی کورد بەبێ ئەوەی ئایدۆلۆژیا کوێری کردبێت تێدەگات، دەیبینێت دەیبیستێت بە واقع کە ئەحزابی قەومی کوردی سەربەخۆی کوردستان و رزگار بوونی کوردستان ئامانجیان نییە، بگرە دەیانەوێت حکومەتی ناوەند شەریکی دەستەڵاتیان بکاتەوە و سەرانی کوردایەتی وەک نوێنەری بۆرژوازی کوردستان قبووڵ بکەن. هەر ئەم بێ پەیوەندیەی نێوان خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشی کوردستان و سەرانی کوردایەتیە کە هەموو سەروەتی خهڵکی کوردستان بۆ خۆیان بفرۆشن و خەڵکیش لە خراپترین باری ژیاندابن.
وتەکەی بارزانی دروست و واقعیە بەلام بۆ بەرژەوەندی سەرمایەدارانی کوردستان کە خۆی یەکەم سەرمایەداری کوردستانە، نەک بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان.
تەنها رێگا بۆ رزگار بوون لەم بەڵا گەورەیەی کە سەرانی ناسیۆنال فاشستی عەرەبی قیادەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە. خۆ رێکخراو بوونی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشان و هەمو توێژە کۆمەڵایەتیەکان لە شوێنی کار وژیانیاندا له کوردستان، بۆ بەرێوە بردنی کوردستانێکی یەکسان. هەر هەمان کات راگەیاندنی جیابونەوەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و یەکسانە لە کوردستاندا.