ته‌وه‌ری سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی موسڵ

خوێنه‌رانی ئازیز

ئه‌مه‌ی به‌رده‌ستان گفتوگۆیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ هاوڕێیان محسن كه‌ریم، عوسمان حاجی مارف و خه‌سره‌و سایه‌دا سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی موسڵ. دیاره‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها قه‌تیس نه‌بۆته‌وه‌ و نابێته‌وه‌ به‌ شه‌ڕ له‌ موسڵ، بگره‌ هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌له‌ سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و ئابوریانه‌ی زلهێزه‌ جیهانی و ناوچه‌یی و هێزه‌ ناوخۆییه‌كان به‌ شوێنیه‌وه‌ن له‌ خۆئه‌گرێت. ئه‌م گفتوگۆیه‌ هه‌وڵی داوه‌ لایه‌نی جۆراوجۆر و مه‌سه‌له‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان داپۆشێ، به‌ڵام بێگومان هێشتاش كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ ئه‌مێننه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ ڕوانگه‌ی كۆمۆنیستیه‌وه‌ بدرێنه‌ به‌ر شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌. شایه‌نی وتنه‌ كه‌ گفتوگۆكه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی دیسێمبه‌ری ئه‌مساڵدا سازدراوه‌. دیدگای سۆشیالیستی

دیدگای سۆشیالیستی:

با یه‌كه‌م پرسیار له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین كه‌ بۆچی له‌ ئێستادا، یان چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م پێش لێدانی موسڵ، تازه‌ باس هاته‌ سه‌ر موسڵ؟ بۆچی پێشتر فه‌لوجه‌، تكریت وكوێ و كوێ هه‌بوو، به‌مجۆره‌ له‌ ورده‌كاری و باسی سیاسی نه‌هاته‌ پێشه‌وه‌؟ بۆچی موسڵ وه‌ك سه‌نته‌رێكی مه‌سه‌له‌كان خۆی ئه‌نوێنێ ته‌نانه‌ت له‌ سیاسه‌تی كۆمۆنیسته‌كانیشدا؟

موحسین: بەبڕوای من مەسەلەی شەڕی موسڵ لە چەند ڕووەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک لە هێرش بۆسەر ئەنبارو تکریت و سەلاحەدین و ئەو ناوچانەی دیکە. یەکەم: موسڵ وەکو پێگەی جوگرافیەکەی و دانیشتوانی چ بۆ داعش و چ بۆ حکومەتی عێراق بایەخی تایبەتی هەیە. موسڵ دووەم شاری گەورەی عێراقە دوای بەغدای پایتەخت و ناوەندی دەسەڵات و پایتەختی خەلافەتی داعشە. شکستهێنانی داعش لە ناوەندی دەسەڵاتیدا سەرکەوتنێکی سیاسی و سەربازی گەورە دەبێت بۆ حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی خۆی بەسەر سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا زاڵ دەکاتەوە، بۆیە جەنگی موسڵ بۆ داعش جەنگێکی چارەنوسسازە. دووەم: موسڵ و جەنگیموسڵ تەنها بۆ حکومەتی عێراق و داعش بایەخی نییە، بەڵکو بۆ ناسیۆنالیزمی کوردو حکومەتی هەرێم و هەریەکە لە تورکیاو ئێران و ئەمریکاش بایەخی گرنگی هەیە. موسڵ لەباری سیاسیەوە پێگەیەکی تایبەتی بۆهەریەکە لەو لایەنانە هەیە، کە ئەنبارو تکریت ئەو بایەخەیان نەبووە. ناسیۆنالیزمی کورد سەبارەت بە موسڵ و دەسەڵات و بەڕێوەبردنی داهاتووی موسڵ ئیدیعای هەیە، تورکیا و ئێران وەکو دوو هێزی ناوچەیی بەوجۆرە لەشەڕی موسڵ دەڕوانن کە هەرکام لە هێزە عێراقیە هاوپەیمانەکانیان دەستی باڵای هەبێت لە وەدەرنانی داعش، دەستی ئەو لە دیاریکردنی هاوکێشە سیاسیەکانی عێراقدا باڵاتر دەبێت. ئەمریکا وەکو سەرکردەی واقعی جەنگی موسڵ، دەرکردنی داعش لە موسڵ بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت لە دەخالەتی زیاتری لە بارودۆخی سیاسی عێراق و کەم کردنەوەی هەژمونی سیاسی ئێران لە عێراق و هەروەها پێگەیەکی باشتر بۆخۆی بەرامبەر روسیا دەستەبەر بکات لە جەنگی دژی داعش لەناوچەکە. تەنانەت هێزێکی وەکو پەکەکە هەوڵی ئەوە دەدات لەجەنگی موسڵدا جێگایەکی پێ ببڕدرێت تا بتوانێ وەکو هێزێکی بەشداری جەنگەکە لەدەستکەوتە سیاسیەکانی سودمەندبێت.

بەمجۆرە دەبینیت کە هێزو بەرژەوەندی جۆرواجۆرو بگرە دژ بەیەك لە جەنگی موسڵدا قاچیان دێتە ناو مەیدانەوە، کە دەرکردنی داعش دەتوانێ دەرگای کێشمەکێشێکی سیاسی و بگرە سەربازی خوێناوی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا بکاتەوە. بێجگە لەو کارەساتە مرۆییەی کە هەر ئێستا لە جەنگی نێوان ئەم هێزانەو داعشدا  بەسەر خەڵکی مەدەنی ئەم شارەدا هێنراوەو ژیان و مانەوەی فیزیکی خەڵکی ئەو شارەی لەبەردەم گوولەی تۆپ و مووشەکی فڕۆکەو تۆڵەسەندنەوەی میلیشیا نەتەوەپەرست و تائیفیەکان ڕاگرتوە، ئایندەیەکی تاریك ڕووبەڕووی خەڵكی موسڵ دەبێتەوە، کە ڕەنگە کاریگەریەکەی لە دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش کارەساتبارتر بێت! کەواتە ئەو جێگاوڕێگایەی کە جەنگی موسڵ هەیەتی و ئەو مەترسیە سیاسی و کارەساتە مرۆییانەی کە لەهەناویدا هەڵیگرتووە بۆ کۆمۆنیستەکانیش مەسەلەیەکی هەستیارو جێگای بایەخی زۆرە.

دیدگای سۆشیالیستی:

به‌ڵام هاوڕێ محسن به‌ پێویست ئه‌بێ بێینه‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ بۆچی بۆ كۆمۆنیسته‌كان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ جێگای بایه‌خه‌؟ یانی هه‌ستیاریه‌ك كه‌ تۆ باسی ئه‌كه‌ی بۆ كۆمۆنیزم، وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌بێ بكاته‌ ئه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری و به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری زیاتر بدرێ و هاوكاتیش سه‌رخه‌تی چیكردن بخرێته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا. ئێوه‌ چ قسه‌یه‌كتان هه‌یه‌ له‌م ڕووه‌وه‌؟

موحسین کەریم: وەکو ووتم بایەخ و هەستیاری پرسی شەڕی موسڵ بۆ کۆمۆنیستەکانیش لەوێوەیە کە بۆ بۆرژوازی و هێزە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی جێگایەکی هەستیاری هەیە. هەر لەبەرئەو جێگایەشی کە بۆئەوان هەیەتی، بەدەست و ددان بە کەیسی موسڵەوە گیردەبن و لێی نابنەوە. ئەوەش وادەکات کە پرسی موسڵ تەنیا لە چوارچێوەی شەڕێکی سەربازی چەند مانگە لەگەڵ داعشدا چاوی لێنەکرێت و خوێندنەوەی بۆنەکرێت. بێجگە لە خودی ئەو کارەسات و ماڵوێرانی و قوربانیانەی کە هاوکات بەشێکە لە پرۆسە سەربازیەکەی “دەرکردنی داعش” لە موسڵ، ئایندەی شارەکەو دانشتوانەکەی ڕووبەرووی تاریکی و نارۆشنی دەبێتەوە، بەهۆی ئەگەری ململانێ و شەڕی نێوان “هێزە سەرکەوتوەکان” بەسەر داعشدا. بێگومان کاریگەری ئەو بارودۆخەی کە دوای دەرکردنی داعش لەموسڵ دێتەپێشەوە، نەك تەنها خەڵکی موسڵ بەڵکو ئەگەری ئەوەی هەیە خەڵکی عێراق بە گشتی لەناو ئاگری خۆیدا بسوتێنێ و بۆ ساڵانێکی زۆر کۆمەڵگای عێراق و کوردستانیش بۆناو سیناریۆیەکی رەش و تاریك کێش بکات. 

کەواتە بۆ کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەڵگای کوردستان و عێراقیش، مەسەلەی موسڵ، مەسەلەیەکی هەستیارە و بەو ڕادەیەی لە ڕووی سیاسی و سەربازیەوە بتوانێ نەخشی تێدا هەبێت، بەو ڕادەیە دەتوانێ لە ئایندەی سیاسی عێراقدا دەورو کاریگەری بەرچاوی هەبێت. ئەگەرچی بەداخەوە لە ڕووی سەربازیەوە تازە ئەم دەرفەتە بۆئەم بزوتنەوەیە نەماوەتەوە، بەڵام هێشتا لە ڕووی سیاسیەوە فرسەتی ئەوە هەیە کە دەوری خۆی ببینێت. ئەویش بەوجۆرە دەکرێت کە سیاسەت و پیلانی هێزەکانی بەشدار لە جەنگی موسڵ و ئاکامە زیانبارەکانی جەنگی ئەم هێزە کۆنەپەرستانە کەبەناوی جەنگی دژی داعشەوە بەرێیان خستوە، بۆ جەماوەری عێراق وکوردستان ڕوون بکاتەوە و جەماوەری لێ هوشیاربکاتەوە. تاوانەکانیان دژی خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی ماڵ و خەستەخانەو خوێندنگاو سەرچاوەی ژیانیان لەئاستی ناوخۆو دەرەوەی عێراق و کوردستاندا لەقاوبدات و ڕیسوای بکات. هاندان و خۆشکردنی ئاگری ڕق و کینە و دوبەرەکی نەتەوەیی و مەزهەبی و گیانی تۆڵەسەندنەوە کەلەلایەن ئەو هێزانەوە وەکو بەشێك لە سیاسەتی “جەنگی دژی داعش” و هەروەها  بۆ دابینکردنی جێ پێی خۆیان لەناو هاوکێشەی سیاسی- سەربازی دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ بەڕێوەی دەبەن، ڕیسوا بکرێت. هەوڵ بدرێ چ لەئاستی ناوخۆو چ لەئاستی نێونەتەوەییدا پشتیوانی بۆ خەڵکی موسڵ پەیدابکرێ تا لەدوای دەرکردنی داعش، ئەم هێزانە دانیشتوانی ئەم شارە گیرۆدەی شەڕی تایئفی و نەتەوەیی و مەزهەبی نەکەنەوەو دووبارە دەسەڵاتێکی ڕەشی ئیسلامی – نەتەوەپەرست بەسەر خەڵدا نەسەپێننەوە، بەڵکو دوای کردنە دەرەوەی داعش، خەڵكی موسڵ دەرفەتێكی بۆ برەخسێت کە وەکو هاوڵاتی ئازاد بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان بدەن بەدوور لە داعش و ئەفکاری داعش و سەرجەم ئەو هێزانەی کە دەیانەوێ جۆرێك لە دەسەڵاتی داعش ئاسای دیکە بەسەر خەڵکی موسڵدا داسەپێننەوە. چی لەباری ژیانی خەڵکی موسڵ دەگۆڕێت ئەگەر لەداعش ڕزگاریان ببێت، بەڵام بکەونە ژێر چەپۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و چەکدارەکانی بنەماڵەی نوجەیفیەکان و عەشیرەتەکان و بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو رژێمی دژی ئینسانی ئێران و جەنەراڵەکانی ئەمریکاو چەک بەدەستەکانی بارزانی و … تاد؟!

دیدگای سۆشیالیستی:

هه‌ر له‌ كاتی گرتنی موسڵ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ ١٠ ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ ه‌وه‌ و دامه‌زراندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری بانگه‌وازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشی له‌ ئاستی سیاسی و سه‌ربازیدا كرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌سته‌ی به‌رگری جه‌ماوه‌ری پێكهێنا. به‌ڵام حزب نه‌یتوانی چالاكانه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌رێته‌ پێشه‌وه‌. لێره‌دا له‌ دوو ئاستدا پرسیاره‌كان ئه‌خه‌ینه‌ ڕوو. ئایا ڕه‌خنه‌یه‌ك كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بگیرێت چییه‌ و لاوازی حزب چی بوو له‌م باره‌یه‌وه‌؟  ئایا سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، و به‌مجۆره‌ش تیرۆریزمی ئیسلامی، به‌ هێزی چه‌كداری جه‌ماوه‌ری چ له‌ موسڵ و له‌ عێراق و چ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی كارێك نییه‌ كه‌ كۆمۆنیسته‌كان له‌ ئاستێكی ستراتیژیكدا بۆ خۆیانی دابنێن؟ گه‌روایه‌ ئه‌م كاره‌ چۆن بكرێت؟

موحسین: سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان، هۆکاری سەرنەکەوتنی حزب لەو کارەدا دەکرێ بە چەند هۆکارێك ڕوون بکرێتەوە، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ خودی حزب و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی حزب. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر حزب ئەوەیە، کە بەداخەوە مەسەلەی چەکداری و ئەزموونی کاری چەکداری لەناو حزبی ئێمەدا زۆر لاوازەو ئەمەش لەگەڵ مێژووی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە لەسەرەتای پێکهاتنیەوە کێشەو گرفتێکی جددی حزب بووە. ڕاستە بۆ دەورەیەك حزب جۆرێك لە ڕێکخستنی چەکداری هەبووە، بەڵام تەنها لەو ئاستەدا بووە کە لانی کەمی پارێزگاری لە سەرکردایەتی و بنکەو بارەگاكانی بکات. ئەم گرفتە لەگەڵ حزبدا هاتووەو تا ئێستاش ماوەتەوە. ڕێکخستنی هێزی چەکداری جەماوەری پێویستی بە ئەزموونی چەکداری و شارەزایی لە ڕێکخستن و بوونی فەرماندەی ناسراو هەیە، کە خەڵك لەدەوری کۆبێتەوە. سەرباری ئەوەش دروستکردنی هێزی چەکداری – تەنانەت جەماوەری – پێویستی بە ئیمکاناتی ماللی و خەرجی زۆر هەیە، کە بەداخەوە لەوبارەوە حزب تواناییەکانی زۆر مەحدود بوو، و دەرەقەتی ئەو کارە نەهات. بۆیە دەبینیت سەرباری هەوڵەکانی ئێمە، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی کە ئەو سیاسەتەی حزب بەسەرەنجام بگەیەنین. 

فاکتەری دووەم، دەرەوەی حزب، یان هەلومەرجی بەدەر لە ئیرادەی حزب بوو.ئەوەبوو سەرەتای هێرشی داعش بۆسەر موسڵ، خەڵکی کوردستان زۆر هەستی بە مەترسی داعش نەدەکرد، تا ئەوکاتەی کە هێزەکانی داعش بەرەو ناوچەکانی دیکەی نزیك کەرکوك کشان و هەروەها هێرشیان کردە سەر شەنگاڵ و مەترسییان لەسەر هەولێر دروست کرد. لەو ماوەیەدا خەڵك تووشی جۆریك لە شۆك و بێبڕوایی هاتبوو و هیچ گیانێکی بەرەنگاری هەستی پێنەدەکرا، چونکە دەیبینی پێشمەرگە بەو هەموو کەرەستە جەنگی و ئەزموونی شەڕەی کە هەیبوو لەبەردەم هێرشەکانی داعشدا وەکو پوولی دۆمینە دەڕوخان و هەڵدەهاتن. پڕوپاگەندەی خودی بەرپرسە پلەباڵاکانی حکومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە بەرامبەر بە توانا سەربازی و چەکداریەکانی داعش و گەورەکردنی، کاریگەری خراپی لەسەر رۆحیەتی خەڵک و توانای بەرەنگاربوونەوەیان دانا. بەڵام دوای ئەوەی لە شەنگاڵ جۆرێك لە بەرەنگاری دروست بوو، و لە کوردستانی سوریاش داعش لوتی دای لە بەردی بەرەنگاری خەڵك و هێزە سیاسیەکانی ئەوێ، فکرەی بەرەنگاری دژی داعش تا ڕادەیەك بوژایەوە. بەڵام هێشتا بەو ڕادەیە نەبوو، کە بتوانێ وەکو هێزێکی سەربەخۆ دەربکەوێت. لە هەندێ شوێن جۆرێك لە گروپ و دەستەی چەکداری جەماوەری دروست بوون، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە راستەوخۆ مەترسی هێرش و پەلاماری داعشیان لەسەر بوووەکو شارۆچکەی خانەقین، کە ئەوگروپانە هەڵدەستان بە پاراستنی شارەکەو دەستەو مەفرەزەی چەکدارییان پێکهێنابوو بۆئەو مەبەستە.هەروەهابەشێك لە خەڵكیش وەکو خۆبەخش لەناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە لەگەڵ پێشمەرگە بەشداری شەڕیان دەکرد. بەشێوەیەکی گشتی خەڵك کاری بەرپەرچدانەوەی سەربازیی داعشی دابوە دەست هێزەکانی پێشمەرگەو حزبە دەسەڵاتدارەکانیش خۆیان هەموو هەوڵێکیان بۆئەوە بوو، کە ئەو کارە هەر بە وەزیفەی خۆیانی بزانن نەك جەماوەر، و تەنها دەوری جەماوەریان لەوەدا دەبینیەوە کە یارمەتی لۆجستی بدات بەهێزەکانی ئەوان.

بێگومان ئێمە بەشێك بووین لەو هەوڵە سەربەخۆیانەی کە ویستمان هێزێکی بەرەنگاری چەکداری جەماوەری دروست بکەین. بەڵام بەهۆی ئەو کەموکوڕیانەی لەخاڵی یەکەمدا باسم کرد و هەروەها بەهۆی ئەوەی کە هێزی ڕێکخستنی ئێمە بەپێی پێویست لەوناوچانە نەبوو، کە لە داعشەوەنزیك بوون و زیاتر لە ناوچەی سلێمانی بوو، کە ئەویش ڕاستەوخۆ مەترسی داعشی لەسەر نەبوو و میزاجی گشتی بەوجۆرە نەبوو هێزی چەکداری دروست بێت. وەکو وتیشم ئەوکەسانەی ئامادەیی شەڕی داعشیان هەبوو لەگەڵ پێشمەرگە دەڕۆیشتن.بۆیە مەسەلەی بەرەنگاری چەکداری جەماوەری دژی داعش بەداخەوە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناو بگرە لە شارۆچکەی خانەقین کە سەربەخۆ لە هەوڵەکانی ئێمەش خۆیان دەستیان بۆ دروستکردنی هێزی چەکداری جەماوەری بردبوو، ئەو هێزە بەرەو پوکانەوە رۆیشت‌و نەما.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەتان دەبێ بڵێم کە سیاسه‌تی حزب لەپەیوەند بە داعش و  تیرۆریزمی ئیسلامیەوە، بێجگە لە بەڕێخستنی شەڕێکی فکری- سیاسی- کەلتوری هەمەلایەنە دژی ئەم بزووتنەوە سەرتاپا کۆنەپەرست و دژی بەشەریە و هەروەها دژی بنەماکۆمەڵایەتی و فکریەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی و داعشیزم، بڕوای بەوە هەیە کە تیرۆریزمی ئیسلامی و داعش دەبێ بەهێزی چەك لەسەر سنگی خەڵك و کۆمەڵگا دووربخرێنەوە و پاك بکرێنەوە. داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرن و ئینساندۆستی و پێشکەوتنخوازی و بەها یەکسانیخوازو شارستانیەکان ناتەبان و ناتوانن لەگەڵیدا هەڵبکەن، بەشێوازی تیرۆر و کوشتن و دڕندەیی دەیانەوێ ڕووبەڕوویان بوەستنەوەو بەریان پێبگرن. بۆیە کۆمەڵگا بۆ پاراستنی خۆی ناتوانێ بەشێوازی خەباتی سیاسی و فکری بەتەنها دژیان بوەستێتەوەو دەبێت بۆ دوورخستنەوەی مەترسیان لەسەر خۆی لەکاتی پێویستدا دەست بۆ چەكیش بەرێت. لەو مەبدەئەوە ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێ لە ڕووی چەکداریشەوە شەڕی داعش بەتایبەتی و تیرۆریزمی ئیسلامی بە گشتی بکرێت.

بەڵام دەربارەی ئەوەی کە چۆن ئەم شەڕە سەربازیە لەگەڵ داعش یان تیرۆریزمی ئیسلامیدا بکرێت، من بڕوام وایە کە وەکو چۆن شەڕی فکری و سیاسی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و لەگەڵ بنەمای فکری و کۆمەڵایەتی دروستبوون ومانەوەی دەبێت خەباتێکی هوشیارانەی جەماوەری بێت و تەنگەبەر نەکرێتەوە بە شەڕی نێوان دوو گروپی سیاسیەوە، بەهەمان شێوەش شەڕی سەربازی لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامی دەبێ خەسڵەت و بوعدێکی جەماوەری بەخۆوە بگرێت. دیارە من ئەو مەسەلەیە ڕەت ناکەمەوە، کە هێزێکی سیاسی چەکداری شەڕی هێزێکی تیرۆریستی ئیسلامی بکات، بەڵام بەبڕوای من بەشداری جەماوەر و بەرەنگاری چەکدارانەی جەماوەر لەدژی تیرۆریزمی ئیسلامی و داعشیزم پێویستیەکی کۆمەڵایەتی و پڕبایەخە بۆئەوەی کە ببێتیە تەواوکەری ئەو جەنگە فکری و سیاسیەی لەدژیان بەڕێ دەخرێت. پێویستە جەماوەر وەکو هێزێکی کاریگەر لە ڕووی سیاسی و فکری و سەربازیەوە بەشدار و نەخشی کارایان هەبێت لە کۆتایی هێنان بە دەرودوکانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامیدا. تەنها لەو ڕێگایەوە دەتوانرێ کۆتایی بە تەمەنی ئیسلامی سیاسی بهێنرێ‌و ڕەگ و ڕیشەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوە تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و دژە ئینسانییە هەڵتەکێنرێت.

پرسیار: كه‌وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ عه‌مه‌لیانه‌ی كه‌ له‌م مه‌یدانه‌دا پێویسته‌ بگیرێنه‌ به‌ر چین؟ واته‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازی له‌ دژی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی؟

موحسین کەریم: هەڵبەتە دەبێ لە دوو ئاستدا مەسەلەکە رۆشن بکەمەوە. یەکێکیان شەڕی سیاسیە لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا و ئەوی دیکە شەڕی سەربازی لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامیدا. مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە هەموو کاتێك بانگەوازی شەڕی سەربازی دژی ئیسلامی سیاسی  ناکەین، مەگەر ئەو کاتەی دەستی بۆ تیرۆرو بەرپاکردنی جەنگی تیرۆریستی و نائارامکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بردبێت. بەڵام شەڕی سیاسی و فکری لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە مەترسی تیرۆریزمی ئیسلامی، بۆ پاراستنی بەها مرۆیی و پێشکەوتوەکانی کۆمەڵگا، بۆ پاکردنەوەی کۆسپە فکری و نەریتی و باوەکان لەبەردەم گەشەی کۆمەڵایەتیدا، لەبەردەم جێبەجێبوونی مافە سەرەتایی و هاوچەرخەکانی مرۆڤدا، پێویستە. شەڕی سیاسی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا وەکو هێزێکی بۆرژوایی کۆنەپارێزو کۆنەپەرست و راستڕەوی پەڕگیر، کە رێگری لە هوشیاربوونەوەی چینایەتی جەماوەری بێبەش دەکات، پێویستە. هێزێکی بۆرژوازی کە سەرچاوەی ڕۆژڕەشیەکانی خەڵکی هەژارو بێدەرامەت دەگەڕێنێتەوە نەك بۆنایەکسانی چینایەتی، بەڵکو بۆ بەشی خودا کە دەبێ پێی ڕازی و شوکور بن، دەنا بەر غەزەبی خودا دەکەون. شەڕی سیاسی ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرستەی بۆرژوازی پێویستە، چونکە دوژمنی سەرسەختی ئامانج و بیروباوەڕە یەکسانیخوازو کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکانی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێشەو گەورەترین خزمەت بە مانەوەی ئەم سیستەمە چەوسێنەرایەی بۆرژوازی دەکات. کرێکار و خەڵکی چەوساوەو زوڵملێکراو ئەسیری بیروباوەڕی بۆرژوازی و دەسەڵات و نیزامەکەی دەکات. دەبێ  بەرنامەی سیاسی و ئەجندای ئەم بزوتنەوەو هێزو گروپانەی ئیسلامی سیاسی، وەکو پارێزەری دەسەڵات و نیزامی سیاسی- کۆمەڵایەتی مەوجودی بۆرژوازی بە جەماوەر بناسێنین و جەماوەری پێ قانع بکەین. دەبێ لە ئاکامی کاری هوشیارکردنەوەی ئێمەوە جەماوەر بەو بڕوایە بگات کە شەڕی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتدا لەسەر بەشی خۆیانە لە دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگا. لە کوردستانیش شەڕی گروپ و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ حکومەتی بۆرژوازی کورد لەسەر دەسەڵات و بەشی خۆیانە لە فەرمانڕەوایی کوردستان، نەك شەڕبێت لەسەر ژیان و قووتی خەڵک و لەسەر ئازادی و مافە سەرەتاییەکانیان. دەبێ ناوەڕۆكی سیاسەتی ڕیاکارانەی ئەوان بۆ خەڵك ڕوون بکەینەوە. دەبێ نمونەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە ئێرانەوە تا تورکیاولە ئەفغانستانەوە تا سعودیەو میسری سەردەمی محمد مورسی و تونسی ژێر دەسەڵاتی بەرەی “النهضة” و غەنوشی و تا دەسەڵاتی ڕەشی داعش بۆ خەڵك ڕوون بکرێنەوە. دەبێ کارکردی ڕەوت و گروپە ئیسلامیەکان لە مەغریبەوە تا جەزائیرو فەلەستین ولوبنان و لیبیاو عێراق وکوردستان و کردەوە تیرۆریستانەکانیان بخرێنە بەردەستی خەڵک. تاوانەکانیان لە تەقاندنەوەو تیرۆری خەڵکی مەدەنی لەناو شارەکانی عێراق و سوریا و لیبیا و میسرو تونس و وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام وەبیری خەڵکی بهێنرێنەوە. دەبێ هەوڵ بدەین جەماوەر بەو لێکدانەوانە لەسەر ئیسلامی سیاسی قانع بکەین. خەڵك بەو قەناعەتە بگەن کە ئەگەرچی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بەناوی  بەرگری لە خواستی خەڵک و چارەسەری هەژاری و برسێتی و وەستانەوە بە ڕووی زوڵم و زۆری حکومەت دەرهەق بە خەڵکی بێبەش و چەوساوە، خۆ نمایش دەکەن و ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەت دەگرن، بەڵام ئەو هەموو مەزڵومیەتەی خەڵكیان بۆئەوە دەوێ، کە بەناوی ئەوانەوە ژمارەیەك کورسی پەرلەمان و چەند وەزیرێکیان لە حکومەتە نایەکسان و چەوسێنەرو زاڵمەکەی هەرێمدا دەست بکەوێ.

شەڕی سیاسی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا، بێجگە لەوەی کە شەڕە لەگەڵ بزوتنەوەیەکی لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرستی بۆرژواییدا و پێدوایستی خەباتی چینایەتی و هوشیارانەی چینی کرێکارەو ئەرکێکی یەجگار گرنگی سەرشانی کۆمۆنیستەکان و یەکسانیخوازانە، هاوکات دروستکردنی قەڵغانێکی سیاسی و فکریە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە تیرۆریزمی ئیسلامی. گەشەی ئیسلامی سیاسی، بەناچاری بەمانای بردنی کۆمەڵگایە بۆ ناو کەشوهەوای تیرۆرو تۆقاندن و داسەپاندنی حوکم و یاسای داعشی، کە پشتی بەدەقەکانی شەرع  بەستووە. بەمانای سەپاندنی حوکمی دەستبڕین و شەلاق لێدان و جەڵدەو مل پەڕاندن و لەخاچ دان و زیندەبەچاڵ کردنە. کەواتە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا و بۆ فەراهەمکردنی زەمینەی گەشەو هەڵدانی ئازادنەی مرۆڤەکان و بەرەوپشچوونی کۆمەڵگا و بەرقەراربوونی بەهاو پێوانە ئینسانی و مۆدێرن و هاوچەرخەکان دەبێ شەڕێکی هەمەلایەنی فکری و سیاسی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا بکرێ و جەماوەر ڕابکێشرێتە ناو ئەو جەنگەوەو خۆی تێیدا بەشدار بێت. واتە خەڵك وەکو پاراستنی ئەو بەهاو پێداویستیە کۆمەڵایەتی و ئینسانیانە بێتە شەڕی ئیسلامی سیاسیەوە. ئەم شەڕە هەموو کاتێك، تا ئیسلامی سیاسی دەوروکارکردی لە کۆمەڵگادا هەبێت، کاتیەتی و دەبێ بکرێت. بەڵام شەڕی چەکداری لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسیدا لەوکاتانەدا زەرورەت پەیدا دەکات کە هۆکارە سیاسیەکان بە تەنها وەڵامدەرەوە نەبن و پێویست بکات بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی کۆمەڵگا لە مەترسی تیرۆر و تاوانەکانی ئیسلامی سیاسی پەنا ببرێتە بەر چەك و شەڕی سەربازیش. 

وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد بە داخەوە فرسەتی ئەوەی جەماوەر دەوری هەبێت لە شەڕی چەکداری دژی داعشدا تا ڕادەیەکی زۆر تەواوبووە، ئەگەرچی چەند نمونەیەکی شایستەمان لەبەردەستدایە لەوبارەوە، وەکو بەرەنگاری خەڵکی کوبانی لە کوردستانی سوریا، بەرەنگاری خەڵکی شەنگاڵ دوای کارەساتی شەنگاڵ، شەڕی بەرگری جەماوەری لە شاری کەرکوك لەکاتی دزەکردنی داعش بۆناو شارەکە. بەڵام مەبەستی من لە شەڕی چەکداری جەماوەری لەدژی تیرۆریزمی ئیسلامی ئەوەیە، کە ئەو نمونانەی سەرەوە ببنە جۆرێك لە جەنگی سەراپاگیرو بەردەوام کە جەماوەر بە فراوانی و تا کۆتاییهێنان بە مەترسی تیرۆریزمی ئیسلامی درێژەی پێ بدات. واتە جەماوەر وەکو هێزێکی ڕێکخراوی چەکداری لە مەیدان ئامادەبێت. ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە خەڵك خۆیان لە میلیشیای جەماوەریدا ڕێك بخەن. دەیان گروپی چەکداری جەماوەری لەناو شارەکاندا پێك بێن، کە لە ڕووی سەربازیەوە دەورەیان بینیبێت، شارەزای بەکارهێنانی چەك و شێوازی شەڕی ناوشارەکان بن، بەرپرس و فەرماندەکانیان لەلایەن خۆیانەوە لە کەسانی شارەزاو دڵسۆز دیاری کردبێت، لە ڕووی ڕێکخستنی سەربازیەوە، شێوازی گونجاو و خاوەن زەبت و ڕەبتی باڵایان دروست کردبێت و پەیوەندی مۆدێرن و ئینسانیان لەنیوان خۆیاندا دامەزراندبێت. هەروەها مانیفێستی هێزی جەماوەری لە ڕووی ئامانجەکان، بنەماکان و پێودانگە ئینسانیەکانی هێزەکەو چۆنیەتی جێبەجێکردنیان لە کاتی جەنگدا بە ڕوونی خرابێتە ڕوو. 

 هەڵبەت بەشداریکردنی جەماوەر لە جەنگی سەربازی دژی تیرۆریزمی ئیسلامی، سەرەتا ئامادەیی سیاسی و فکری پێویستە، دواتر ئامادەسازی پراتیکی و سەربازی. ئەگەر خەڵك لە ڕووی فکری و سیاسیەوە قەناعەتیان بەوە نەکردبێت، کە دەبێ شەڕی سەربازی تیرۆریزمی ئیسلامی بکەن، ئەوکاتە ئامادە نابن چالاکانە بەشداری ئەو شەڕە بکەن.سەرەنجام دروستبوونی هوشیاریەکی سیاسی و ئامادەیی فکری و سیاسی پێشمەرجی ئامادەیی جەماوەرە بۆ بەشداری چالاکانەو کاریگەر لە جەنگێکی چەکداری دژی تیرۆریزمی ئیسلامی. ئێمە دەبێ لە ڕووی سیاسی و فکریەوە جەماوەر بۆ ئەو روبەرووبونەوەیە ئامادەبکەین، تا لەکاتی پێویستدا ئامادەی بەرەنگاربونەوەی چەکداری هەبێت دژی تیرۆریزمی ئیسلامی. ئەوەی بەداخەوە لە جەنگی دژی داعشدا وون بوو، نەبوونی ئەو ئامادەییە فکری و سیاسیەی جەماوەر بوو بۆ وەستانەوە دژی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی، بۆیە لە کۆتاییدا جەنگی سەربازی لەدژی داعش لەلایەن جەماوەرەوە بەجێ هێڵرا بۆ ئەو هێزانەی کە شەڕی هەمەلایەن و سەراپاگیر لەدژی داعش ناکەن و تەنها لە چوارچێوەی جەنگێکی سەربازیدا دەیهێڵنەوە کە دەست بۆ بنەما فکری و کۆمەڵایەتیەکانی داعش و داعشیزم نابەن!

عوسمان حاجی مارف: من پێم خۆشه‌ لێره‌دا دوو خاڵ باس بكه‌م له‌ په‌یوه‌ند به‌م مه‌سه‌لانه‌وه‌ كه‌ هاوڕێ محسن ده‌یڵێ. خاڵێک کە پێویستە تەئکیدی لەسەر بکەینەوە بەتایبەتی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ئەم شەڕە لە ئێستادا بە دەورو نەخشی دەوڵەتی ئەمریکاوە بەستراوە، کە نەخش و ئامانجی سیاسی ئەمریکا هەوڵدانیەتی بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەقازانجی خۆی وەک محسن وتی لەبەرامبەر ڕووسیاو جەمسەرەکانی تردا. هەر بۆیە ئەم شەڕە لە ئێستادا بۆ دەوڵەتی ئەمریکا خۆی لە دەرهێنانی شاری موسڵە لە ژێر دەستی داعش بەهەر نرخێک بێت دیاری کردووە، شەڕی موسڵ لە ناو گێژاوی سیاسی ناوچەکەو کێشمەکیشی لایەنەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا لە ئێستادا مەوقعیەتێکی حەساسی بۆ پێگەی ئەمریکاو ئاڵوگۆر لە هاوکێشەی سیاسیدا وەرگرتووە. ئەمریکا بۆ هەڵسانەوەی بەشێک لە شکستەکانی و خەونی پاراستنی باڵادەستی تاک قوتبیەکەی ئەم شەڕە بە هەموو کارەساتەکانیەوە هەر دەبێت بکات، تا هەنگاوێک لەبەرامبەر رەقیبەکان و جەمسەرەکانی بەرامبەری بەرێتە پێشەوە. هەر بۆیە ئەم شەڕە لە دواجاردا بە چ بارێکدا بۆ ئەمریکا بە حساب دێت، بەدوای دەرپەراندنی داعشیش کۆتاییەکەی دیار نییەو ئاکامەکانی هەمەلایەن دەبێت، کە پێشتر قسەمان لەسەر کردووە.

خاڵێکی تر کە لە بارەی لاوازی هێزی چەکداری جەماوەریەوە پێوستە ئاماژەی پێ بکەین، دەوری باڵادەستی و ئەزمونێک، کە حزبە ناسیۆنالستەکان لە عێراق و کوردستاندا لە بارەی ڕێکخستنی هێزی چەکداریەوە بینیویانەو زاڵیان کردووە، بەو مانایەی کە مەوقعیەت و جێگاوڕێگای دەسەڵاتی بۆرجوازی و حزبەکانیان هەمیشە هەوڵیان داوە دەورو ئیرادەی جەماوەری خەڵک بخەنە لاوەو گۆشەگیری کەن و بێ ئیرادەو بێ دەسەلاتی بکەن، و چاوەڕوانی و ئاسۆیەک بخەنە بەردەمی چارەنووسی خەڵک کە چاوەڕانبن کەسان و لایه‌ن و پاڵەوانان هەن فریاتڕەسیانن. خودی ئەم ئاراستەیە لە زۆرلایەنەوە کارکردی لەسەر جەماوەری خەڵک بە سلبی بەجێ هێشتووە تا ئاستی بێ ئیرادەکرن و نائومێد بوون بە خۆ، هەر لەم ڕەواجی دوورخستنەوەیەی دەوری خەڵکدا، کارکردی لەسەر ڕێکخستنی چەکداریش بە قورسی داناوە، بەتایبەتی حزبە ناسێۆنالستەکان هەمیشە هێزی تایبەتی چەکدار بە حزبەکەیان بە شیوەیەکی وەها ڕێکخستوە و ناو لێناوە، کە گوایە سەرەکیترین و گەورەترین سەرچاوەی ڕزگاری خەڵکن، تا ئەو ئاستەی بە ناوی شۆرشی چەکداری و فیداکاری و تەقدیسی پێشمەرگایەتی و شەهید بوونەوە و لەسەرو ئێرادەی خەڵکەوە خۆیان بکەنە خاوەنی کێشەکان و هێزی زاڵ و تەنها ئومێدێک/ ئەم دەورەیان مێژووی چەند دەیەی واقعیەتی سیاسی عێراق و کوردستانە، هەر بۆیە ڕێکخستنی هێزی چەکداری جەماوەری دوور لە ئاسۆ ئەو فەزاو باڵادەستی حزبە ناسۆنالستەکاندا کارێکی ئاسان نییە و کاری زۆرو بە دیقەت و هوشیاریەکی جددی پێویستە.

دیدگای سۆشیالستی: بە دوای ڕاگه‌یاندنی ئەو بەیانەی حزب كه‌ لایه‌نگری له‌ شه‌ڕی ئێستای موسڵ ناكات، ئەوە دیارە کە هه‌ندێك بە لێکدانەوەو تێگەیشتن و بۆچونی خۆیەوە‌ و هه‌ندێكیش له‌ ناڕۆشنیدا بەو جۆرە باسی هه‌ڵوێستی حزب ئه‌كه‌ن كه ‌گوایە مانای ئەو بەیانە لایه‌نگری‌ له‌ داعش دەگەیەنێت. وەڵامی ئێوە چۆنە لەبەرامبەر ئەم ئدعا بێ ناوه‌ڕۆكەدا‌، هەروەها گه‌ر هه‌ڵوێستی حزب لەو بارەیەوه‌ ڕۆشن بكه‌یته‌وه‌ كه‌ بۆچی پێتان وانیه‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕ بێت له‌ دژی داعش؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ شه‌ڕ نیه‌ دژی داعش، ئه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ كامه‌یه‌ و پێویسته‌ كێ بیكات به‌ تایبه‌تی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی دنیا پێیان له‌ موسڵ و ناوچه‌كه‌دایه‌؟

عوسمان حاجی مارف:  پێم باشە لە سەرەتادا هەر بە شێوەیەکی سادە بڵێم کە ئەم هێرشە بۆسەر شاری موسڵ نەک ڕزگارکردنی شارەکەو دانیشتوانەکەی نییە، بەڵکو وێرانکردنی ئەو شارەو ئاوارەکردن و کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانەکەیەتی، وەک ئەو شەڕەی کە تا ئێستا لە حەلەبدا بەردەوامە. گەر لەم واقعیەتەوە بڕوانینە ئەم شەڕە، ئاخۆ چ دڵخۆشی و ئومێدێک جێگای پێشوازیە کە پێناسەی ئەو شەڕە بکات بە ڕزگاری شاری موسڵ، یان گەر ئەم شەڕە مایەی کوشتاری بە کۆمەڵ و کارەساتی نائینسانی گەورەیە ئاخۆ ئەوە چ  بۆچوون و بیرکردنەوەیەکە بە ئەرێنی بڕوانێتە ئەم شەڕە؟ بۆ دەبێت لایەنگری لە تۆپباران و وێرانکردن و کارەساتی نائینسانی و کوشتنی بەکۆمەڵ بکەین؟ واتە ئەسڵی باسەکە هەڵوێستە لەسەر ئەوەی ئایا قەبوڵی بکەین دانیشتوانی موسڵ بکرێنە سوتەمەنی ئەم شەڕە؟ هەر هێزێک دابینی ئەوە بکات دانیشتوانی موسڵ پاریزراو سەلامت دەبن. ئەو کات قسەیەکمان نابێت و بابڕۆن داعش تەفروتونا بکەن، واتە گەر ئێمە لەڕوانگەی بەرگریکردن لە ژیانی دانیشتوانی موسڵەوە هەڵوێستمان دیاری بکەین، ئایا دەبینە لایەنگری داعش. با لێرەدا کەمێک بوەستین و بچینە ناو ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم وێرانکردن و کوشتاری بەکۆمەڵ و ئاوارەکردنەی کە ئێمە بە مەترسی دەزانین،  لە لایەنێکی ترەوە ئایا بەڕاستی ئەم شەڕە، شەڕە دژ بە داعشه‌؟ واتە گەر شەڕە دژی داعش یان بە پێچەوانەوە بەرژەوەندی ترو مەسەلەی تری لە پشتە، کە ناوی شەڕی دژ بەداعشیان لێ ناوە؟ پێویستە ڕۆشن بکرێتەوەو لایەنەکانی لێک بدرێتەوە و دیاری بکرێت.  بە شێوەیەکی بەرجەستە خاڵە ئەرێنیەکانی گەر بە قازانجی خەڵکە دیاری بکرێن، بەش بەحاڵی خۆم کە بۆم ڕۆشنە ئەم شەڕە دژ بە داعش و دژ بە تیرۆر نییە، چونکە بە جیا لەو واقعیەتەی کە داعش لە موسڵ دایە و دەسەڵاتدارەو دانیشتوانەکەی بە بارمتە گرتووەو بە دڕندانەترین شێوە مامەڵەی خەڵک دەکات و لە تراژیدیایەکی بەردەوامدایە، کە پێویستە ئیتر ئەمە کۆتایی پێبێت، بەڵام ئەم هێرشەی جەمسەرەکانی وڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکە، کە لە ژێر ناوی دژی تیرۆردا ڕێکیانخستووە ،یەکەم: تەواوی ئەو لایەنانە وەک جەمسەری تیرۆرزمی دەوڵەتی لەو مەیدانەدا خەریکن بەرژەوەندیەکانیان وکێشمەکێشی نێوانیان لەبەرامبەر وێرانکردنی شاری موسڵ و لەناوبردنی دانیشتوانەکەی دەبەنە پێشەوە و شەڕ دژی تیرۆر ناکەن، شەر بۆ گۆرێنی هاوسەنگی هێز دەکەن. دووەم: بەمانایەکی تر ئەمە شەڕی نێوان جەمسەرە تیرۆرستەکانە، کە داعش و ئیسلامی سیاسی و جمهوری ئیسلامی ئێران و سعودیەش جەمسەری ترن لەم شەڕەدا.

دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە خودی واقعیەتی ئەم شەڕە بە مانەوەی داعش یان دەرکردنی داعش لە موسڵدا ئاکامەکەی بەهەردوو باردا تراژیدیایەک و کارەساتێکی نامرۆڤانەی گەورەیە بەرامبەر دانیشتوانی موسڵ. بۆیە ئاسان نییە هەڵوێست گیری تەنها لەو ڕوانگەیەوە بکرێ و بە ئیجابی سەیری ئەوە بکرێت داعش لە موسڵ دەردەکرێت. ئەو هەڵوێستەی دیوی لایەنی تری شەڕەکە نەناسێ و نەبینێ یان بەکەم سەیری بکات، تەنها داعش لەم شەڕەدا بخوێنێتەوەو کارەساتەکانی شەڕەکەی پێ ئاسایی بێت، دەکەوێتە بەرامبەر هەڵوێستێکی نادروستەوە و دەبێتە لایەنگری لایەنی بەرامبەر بە داعش، کە دەوڵەتانی ئیمپریالی و تیرۆرستین، یاخود تەنها دەبێتە ڕەوتێکی دژ بە ئیسلامی سیاسی. لە هەمان کاتدا دەکەوێتە جەنجاڵی وەهمی بۆچوونی زاڵی بۆرجوازی کە ڕایانگەیاندووە ئەم شەڕە شەڕی دژی تیرۆرە. بەڵام لە دنیای واقعدا بەتایبەتی لەدوای ئەو ئاڵوگۆڕو کارەساتانەی بەرەوڕووی سوریا بۆتەوە، بۆ هەموو لایەک ڕوونە جەمسەرە ئیمپریالیستەکان چ دەورو کارکردێکیان هەیە لە هەوڵدانیان بۆ یەکلایی کردنەوەی ئایندەو چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و هەر جەمسەرێکی جیهانی و وڵاتانێکی ناوچەکە بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان لە ناو شەڕی موسڵدا دەخالەت دەکەن و کێشی دەکەن بۆ نەخشەکانیان بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆیان.

هەر ئەم هەلومەرجەشە کە دەبینین چ کارەساتێک و وێرانکاریەکی لە حەڵەبدا خوڵقاندوە. هێرشی ئێستا بۆ سەر موسڵ ناتوانرێت لەو واقعیەتە جیا بکەینەوە، لەوەی کە دەڵێین ئەمە وێرانکردنی موسڵە نەک ڕزگارکردنی، کە لە ئەزموون و دەوری کێشمەکێش و شەڕی جەمسەرە ئیمپریالیستەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەم جەمسەرانە شەڕی نێوان خۆیان دەکەن بۆ دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە سەرحسابی وێرانکردن و خولقاندنی کارەساتی نائینسانی و بەکار هێنانی مەترسیترین چەکی وێرانکەر.

با بێینەوە سەر ئەسڵی باسەکە، واتە ئەگەر ئێمە لە کاتێکدا لایەنگری ئەم هێرشەی ئێستا ئاماژەمان پێدا لەلایەن جەمسەرە کۆنەپەرستەکانەوە کە هەر لەسەرەتاوەو لە ناواخنی خۆیدا وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی تیا نمایش دەکرێت، لایەنگری نەکەین ئایا ماناکەی ئەوەیە کەدەبینە لایەنگری داعش، بەڵام بۆ نمونە گەر ئەو هەڵوێستەی ئێمە تەنها لەو ڕوانگەیەوە بێت تەنها شەڕێکی نێوان جەمسەرە ئیمپریالستەکانە و داعش بەدژی ئیمپریالیست وێنا بکرێت، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین وایە ئەو هەڵوێستەی حیزبی ئێمە نادروستەو دەکەوێتە بەرەی ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستیەوە، چونکە ئێمە دەڵێین و وتومانە داعش هێزێکی دڕندەیەو دەبێت کۆتایی پێبێت وەهەر لایەنێک ئەم دەورە ببینێت بە ئیجابی دەیبینین. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەو وێنایەمان لانییە و کەس ناتوانێ بیسەلمێنی کە ئەم شەڕە دژ بەداعشە و کۆتایی داعشە. لەوانەیە لەم شەڕەدا داعش دەرپەڕێنرێت، بەڵام بەبەهای وێرانکاری موسڵ و لە ناوبردنی دانیشتوانەکەی بێت، داوتریش تەواوی ئەو هێزانەی بەشدارن لەم شەڕەدا نەک هیچ  ئامادەکاریەکی ئینسانیان بۆ پاراستنی دانیشتوانی موسڵ نەکردووە، بەڵکو کێشمەکێشی نێوان خۆیان ئەو پەیامەمان پێ ذەدەن، کە بارگرژی زیاترو کارەساتی زیاتر دەکەنە ئایندەی موسڵ و ناوچەکە. هەر وەک ئاماژەم پێدا بە هەردووبارەکەیدا، واتە گەر ئێستا دانیشتوانی موسڵ ژیانیان لە دۆزەخ دایە بە دەست دەسەڵاتی داعشەوە، مەبەستی ئێمە ئەوەیە، کە ئەم هێرشەی سەر موسڵ نەک دانیشتوانەکەی لەو دۆزەخە دەرناهێنێ بەڵکو پڕۆسەیەکی خێرایە بۆ سوتاندنیان. ئێمە دەمانەوێت ئەم کارەساتە ڕوونەدات و لەهەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەو واقعە تاڵ و نائیسانیەداین. شەڕ لە دژی داعش نابێت وێرانکردنی موسڵ و کوشتاری دانیشتوانەکەی بێت. ئەو هێزانەی لەو شەڕەدا بەشدارن، ئاخۆ چ پێداویستیەکی پاراستنی خەڵکیان لە ئەستۆ گرتووە، یاخود لایەنێکی وەک حەشدی شەعبی چی کەمترە لە داعش وا شەرەفی پاڵەوانێتی ڕزگاری موسڵی پێ سپێردراوە؟ بەم مانایە دەڵێین ئەم شەڕە ڕزگارکردنی شاری موسڵ نییە، بۆیە ئەو بۆچونەی پێێ وایە بەم هێرشە دانیشتوانی موسڵ ئاسودە دەبن و ڕزگاریان دەبێت و کابوسێکیان لەکۆڵ دەکەنەوەو بە ئیجابی لێکی دەداتەوە، دەکەوێتە بەرگری لە شەڕی جەمسەرە ئیمپریالیەکان و کۆنەپەرستەکان. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەوە تێڕوانینی یەک لایەنەیەو بێ سود و زیانبەخشە بۆ هەر لایەن و کەسێک کەتەنها لایەنێکی ئەم شەڕە بناسێ و بە ئیجابی بیبینێت. هەرەوەها بە قازانجی ئایندەی خەلكی بیناسێت.

شەڕی ڕاستەقینەی دژ بەداعش دەبێت بە دەوری جەماەری خەڵک و هاتنە مەیدانی خەڵک و ئیرادەی خەڵک بەڕێوە بچێت. گەر ئەمە ئامادەنییە و ئێستا ناکرێ، مانای ئەوە نییە تەسلیم بەشەڕێك بین، کە لە بەرنامەو نەخشەو جێ‌بەجێکردنیدا ژیانی ملێون ئینسان دەخاتە مەترسیەوە و چاوەڕوانی گەورەترین کوشتاری بەکۆمەڵی تیا بەدی دەکرێت. ئەم شەڕە شەڕی خەڵکی موتەمەدن و ئێمە نییەو نابێت هیچ چاوەڕوانیەکی ئەرێنیمان لێی هەبێت. دەوری تەواوی ئەو هێزانەی لەشەڕی موسڵدا بەشدارن، مێژووی سیاسیان نەک تەنیا ئەوەی دەوری جددیان دیوە لە بێ ئیرادەکردنی خەڵک و وەلانانی دەورو دەخالەتی خەڵک، بەڵکو خاوەنی مێژوویەکن لە تاوانی گەورەی دژی ئینسانی. هەر خۆشیان دەوریان بووە لە دروست کردن و پشتیوانی کردنی تیرۆرستاندا و بەهێزکردنی دەستەو تاقمی ئیسلامی سیاسیدا. لەم شەڕەی ئێستاشیاندا گەر داعش بەگەورەترین قوربانی بەشەری لەموسڵ دەرپەڕێنن، بەڵام لەهەمان کاتدا لەچوارچێوەی واقعیەتی پێکهاتەیاندا کە نەتەوەچێتی و تائیفەگەری و ئیسلامی سیاسی و خورافات رەواج پێ دەدەن، خولقێنەری زەمینەی چەندین گروپی دڕندە و تیرۆریستی تر دەبن. بەرگرتن بەم کارەساتەنە پێویستی بە هاتنەمەیدانی ڕیزی بەرینی خەڵکی موتەمدن و ئازادیخواز هەیە لە ئاستی جیهاندا.

دیدگای سۆشیالیستی: با بێینه‌ سه‌ر لایه‌نێكی تری ئه‌م شه‌ڕه‌. شه‌ڕی موسڵ چۆن په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه‌ به‌ شه‌ڕی حه‌ڵه‌ب و ڕه‌قه‌ و سوریا به‌ گشتی؟ ئه‌بعاده‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌ چۆنه‌؟

عوسمان حاجی مارف: واقعیەتێک کە لە سوریادا دەگوزەرێ بەتایبەتی دوای شۆڕشەکانی میسرو تونس، سایەیەکی تەواوی بەسەر ناوچەکەدا کرد، بەڵام دیمان کە دەوری وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتی ئەمریکا چۆن ڕەوتی شۆڕش و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانیان کردە شەڕێکی ناوخۆو خوڵقاندنی سیناریۆیەکی تاریک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە هەمان کاتدا شکستی ستراتیجی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و کۆتاییهاتنی دەوری تاک قوتبی و باڵادەستی ئەمریکا بەسەر جیهاندا، بارزبوونی دەوری ڕووسیاو چین لە بەرانبەر دەورو مەوقعیەتی ئەمریکادا کاریگەریەکی تر بوو لە ئاڵۆزبوون و فراوان بوونی ناجێگیری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا.دەتوانین بڵێین بارگرژیەکانی ئۆکرانیا، لیبیا، یەمەن، سوریا و عێراق وێنای کێشمەکێش و شەڕی جیهانی جەمسەرە ئیمپیریالیەکانە. هەر لەم ڕاستایەشدا گروپە ئیسلامیە تیرۆرستەکان و هێزێکی وەک داعش لەنێوان ئەم گێژاوە سیاسی و جەمسەرە ئمپریالیستیانەدا زەمینەی گەشەی بوونی خۆی سوود لێببینێ و توانی ببێتە جەمسەرێکی تری شەڕەکەو مەترسی بخاتە سەر ناوچەکەو جیهان. واقعیەتی شەڕی حەلەب شەڕێکی گەورەی بەرژەوەندیەکانی جەمسەرە ئیمپریالیەکانە بەتایبەتی ڕووسیاو ئەمریکا، کە لەلایەن ڕووسیاوە جەخت کردنەوەیە بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی ئەسەد و مانەوەی تا جێگاوڕێگای ڕقوسیا لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا بپارێزێ، بەهەمان شێوە دەوڵەتی ئەمریکا بە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن و هەوڵدان بۆ وەلانانی ئەسەد، بەرژەوەندی خۆی دەبینێتەوە. ئەمە واقعیەتی سەرچاوەی وێرانکاری و کارەساتەکانی حەلەب و بارگرژیەکانی سوریایە. پڕۆسەیەک کە بەناوی ڕزگارکردنی موسڵەوە بەڕێوە دەچێت لە چوارچێوەی هەمان هەلومەرجی سیاسی و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکەدایە. هەرچەندە واقعیەتی هێزێکی وەک داعش کە لە موسڵدا دەسەڵاتدارو داگیرکەرە، بەڵام بەو مانایەی کە ئەم هێرشەش بۆ موسڵ شەڕی نێوان جەمسەرە ئمپریالیستی و وڵاتانی ناوچەکەو هێزە ئیسلامیەکان و داعشە، ئەمە هیچ  لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت، کە ئامانجی ئەم شەڕە چۆن هەر لایەنێک لە جەمسەرەکان دەیانەوێت لەم شەڕەدا هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆیان بگۆڕن. ئاکامی شەڕەکە گەر خراپتر نەبێت بە وینەی حەلەب باشترنابێت. هەر لە ئێستاوە کێشەی لایەنەکان لەدوای دەرکردنی داعش لە موسڵ ئاڵۆزو مەترسیدارە، ئێستا ئەو هێزانە لەبەرانبەر داعشدا یەکیان گرتووە و بونەتە بەرەیەکی بەناو “شەڕ دژ بەداعش”، بەڵام بەجیا لەو کارەساتانەی لەم شەڕدا ڕوو دەدات، بەڵا و کارەساتی گەورەتر کە چاوەڕوانکراوە دوای نەمانی داعشە لە موسڵدا. ئەو بەرەیە وەها هەڵدەوەشێتەوە و دەتەقێتەوە، کە چاوەڕوانی لە جۆرەها ڕووداوی شەڕو پێکدادانی تر مەترسیەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە. هەر لەم واقعیتەوەیە دەتوانین بڵێین، کە نەمانی داعش لە موسڵ نەک زەمانەتی ئاسودەیی و ئارامی سیاسی و پاراستنی ئەمنیەتی خەڵک ناکات، بەڵکو کارەسات و بەڵای گەوەرەتر دەخاتە بەردەم ڕێگای ژیان و گوزەرانی خەڵکی ناوچەکە، بۆیە ئەو بۆچونەی کە پێی وایە ئەم شەڕە ئەرێنیە و بەڵایەک بەسەر خەڵک کەم دەکاتەوە، دەبێت بۆ خۆی بێکار لەماڵەوە دانیشی و چاوەڕوان بکات تا کۆتایی شەرەکە و دواتر بەدوای خاڵە ئەرێنیەکان بگەڕێت کۆیان بکاتەوە.

دیدگای سۆشیالستی: به‌شداری هێزی حزبەکانی کوردایەتی‌ له‌م شه‌ڕه‌ی موسڵدا چۆن ده‌بینن؟ وه‌ك ئاگادارن هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی دۆناڵد تره‌مپدا ناسیۆنالیزمی كورد و به‌ تایبه‌ت بارزانی كه‌وتنه‌ ده‌ربڕینی پشتیوانی و كار گه‌یشت به‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا ئه‌كرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ بوونی ناوبراو به‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا ده‌رده‌بڕی. له‌ كاتێكدا ئه‌و زۆر به‌ ڕۆشنی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا باسی له‌وه‌ ئه‌كرد كه‌ ’’پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕكه‌ری باشن و ئه‌بێ به‌كاریان بهێنین.‘‘

عوسمان حاجی مارف: ئەحزابی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا هەمیشە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانیان گرێداوە بە بەرژەوەندی و سیاسەتی وڵاتانی ئیمپریالی و ناوچەکەوە، شەڕی کەنداو و تا ڕوخانی حزبی بەعس نمونەیەکی بەرجەستەیە، کە چۆن پارتی و یەکیەتی وەک هێزی میلیشیا خۆیان گونجاندو سازدا لەناو ستراتیژ و سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا. ئەوەی لێرەدا جێگای وەبیر هێنانەوەیە، بەتایبەتی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی داگیرکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، بەهەڵوێستێکی بێ مانا وەک ئەوەی پێشوازی لە داعش بکات وابوو. ئەوەی ڕاگەیاند کە “دەکرێ داعش دراوسێیەکی باش بێت و زیانی نەبێت بۆ کورد.” چونکە ئەوکاتە ئاشکرابوو کە سعودیە، تورکیاو قەتەر پشتیوانیان لەدەوری داعش دەکرد، و پارتیش بەرژەوەندیەکانی خۆی لە پەیوەست بەو سێ وڵاتەوە دەبەستەوە، بۆیە دەبوو هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بەیان بکات. بەڵام دواتر دوای ئەوەی ڕووداوەکان ئاڵوگۆڕی تری بەخۆوە بینی، لە هەموو شووێنێکی دونیاوە نەفرەت لە بوونی داعش دەکرا وەک دوژمنێکی جیهانی ناسێنرا، هەروەها داعشیش هێرشی کردە سەر ناوچە کوردنشینەکان و کارەساتی گەورەی لە شەنگالدا خوڵقان، مقاوەمەتی جەماوەری بەرانبەر داعش هێنایە گۆڕ و شەڕ لەدژی داعش لە هەموو لایەنێکەوە بوو بە زەرورەتێک. پارتی لە ناچاریدا وەها ڕایگەیاند، کە دەچێتە ناو بەرەی شەڕ دژ بە داعش، لە لایەکی تریشەوە لە ناو ئەو هەموو گێژاو و کارەساتانەو کوشتنی بەکۆمەڵدا و مەترسیەکانی داعش لە تەواوی ناوچەکەدا و دوای داگیرکردنی موسڵ ئاوارەبونیکی بێ شومار پەرش و بڵاوبووەوە، بەرزانی وتی فرسەتە بۆ دەوڵەتی کوردی، کە ئەم دروشمەشی لەو کاتەدا بە مانای مقاومەت نەکردنی داعش بوو. جگە لەوەش سوود وەرگرتن لە بوونی داعش بۆ شەڕ و کێشمەکێشی لەبەرانبەر حکومەتی ناوەندیدا. ئێساتش بەو پێیەی دەوڵەتی ئەمریکا پێویستی بەوەیە وەڵام بە شکست و پاشەکشەی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بداتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی بەرامبەر وڵاتانی زلهێزی جیهان بگۆڕێت. دەیەوێت بەهەر بەهاو ڕوودانی هەرکارەسات و وێرانکاریەک بێت، موسڵ لەژێر دەستی داعش دەربهێنێت. ئاشکرایە کە ئیستا ئەم شەڕە بەدەورو نەخشی ئەمریکا ڕێکخراوە و بە ڕێوە دەچێت. ئەمریکا پێویستی بە ئاڵوگۆر لە هاوکێشەی سیاسیە لە ناوچەکەدا، بۆ ئەمەش ‌هێزە کوردیەکان لە ئێستادا بە حکومی نزیکیان لە شەڕی موسڵەوە و ناشتوانن لە چوارچێوەی پلان و نەخشەکانی ئەمریکا دەرچن، ئامرازێکی باشن کە ئەمریکا فرێیان داتە ناو ئاگری شەڕەکەوە. حزبەکانی کوردایەتیش کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا جێگاو ڕێگایەکیان بەدەست هێناوە، ئێستاش بەو جۆرەی بۆ ئەمریکا پێویستە و سیاسەتەکانی پێ دەچێتە پێش، پارتی و یەکێتی هێزەکانیان خستۆتە خزمەت  شەڕی ئێستای ئەمریکا دژ بە داعش.

لە ئاستێکی وەها باڵادا ئەم حزبانە سیاسەتەکانیان گرێداوە بەبەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە، ناتوانن سەربەخۆبن و لە هەمان کاتدا ترسی ئەوەیان هەیە گەر لەهەر ئاڵوگۆڕو پێشهاتێکدا کە لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا ڕووبدات، ئەمانی تیا فەرامۆش بکرێن و بخرێنە لاوە، بەو مانایەی لە ئەگەری ئەوەی ئەمریکا پێویستی بە حزبەکانی کوردایەتی نەمێنیت، چونکە بەجیا لەوەی پارتی و یەکێتی وەک دووهێزی میلیشیا پابەندن بە بەرژەوەندی و نەخشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا،بەڵام لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە هیچ پەیمان و زەمانەتێکی لە بەرنامەو ستراتیژەکەیدا لە ئارادا نییە بۆ ئایندەی کوردستان و هیچ جێگا و ڕێگایەکی ڕۆشنیشی  نەخستۆتە ڕوو بۆ دەورو جێگای پارتی و یەکێتی، چونکە ئەمریکا بە گوێرەی کێشمەکێش و بەرژەوەندیەکانی لە بەرانبەر وڵاتانی زلهێزی تری دنیادا نەخشەکانی دیاری دەکات و ئەمان بەکار دە‌هێنێت، بەتایبەتی لە ئێستادا لەبەرانبەر ڕووسیادا. بۆیە پارتی و یەکێتی بەجۆرێکی گاڵتەجار و ڕیسواو دەستبەجێ دەچنە پاڵ ترامپ و پەیمانی دڵسۆزی پێدەدەن. ئەمەش واقعیەتی سیاسەتی حزبەکانی کوردایەتیە، کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بۆرجوازی کوردی هەمیشە لە چاوەڕوانی و ئومێدو پاشکۆبووندان بە وڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەوە، و ئاکامی ئەم سیاسەتانەیان هەرچی بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت بۆیان مەسەلەو گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ترامپ هەرچیەک بێت و هەر چیەک دەکات، دەست بەرداریان نەبێت و بەکاریان بهێنێت.

ئەم واقعیەتەش لە پاشکۆ بوونی حزبەکانی کوردایەتی بە سیاسەت و نەخشەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە لە بیست و پێنچ سالێ دەسەڵاتیاندا شێوزاێکە لە نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوندی سەرمایەو سەرمایەدارن لە کوردستاندا، کە پەیوەندی کارو سەرمایە لە ئاستی نزمترین کاری هەرزاند ڕابگرێت و کرێکاران بکاتە کۆیلەی ڕەهای کارو کەڵەکەی سەرمایەش لە بەرزترین ئاستدا بەرێوە بچێت. دەسەڵاتداری حزبە میلیشیاکان بە قۆرخ کردن و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی کوردستان، کە ڕیزێکی بەرین لە کرێکاری هەرزان و بێکاری و هەژاری و برسێتیان کردۆتە واقعی ئێستای دانیشتوانی کوردستان و بوونی کەمایەتیەک لە ملیاردێر، خەڵکیان ناچار کردووە ببنە بەشێك لە هێزی چەکداری حزبەکان و ببنە سوتەمەنی شەڕەکانیان، کە ناچاریان دەکەن لە بەرەکانی شەڕ بە شان و باڵی ئەمریکا و ترامپدا هەڵبدەن. ئەم شیوازەش بۆ خۆی جارێکی تر بێ ئیرادەکردنی زیاتر و زەلیل کردنی ئینسانەکانە بە چەوسانەوەی زیاتر و ڕەواجدان بە خورافاتی قەومی و چاوەڕوانی و ئومێدبوون بە ئەمریکا و ترامپ لە پێناو پاراستنی سەرمایەو سەرمایەداراندا. ئاکامەکەشی بوونی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە بە سوتەمەنی شەڕەکانیان، هەر بۆیە شەڕی موسڵ نەک شەڕی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازو موتەمەدن نییە، بەڵکو ئاکامەکەشی نادروستە ئەو ناوەی لێبنرێت کە هەلومەرجێکی ئاواڵەو لەبار بۆ خەباتی کرێکاران فەراهەم دێنێت.

دیدگای سۆشیالیستی:

باسكردن له‌ شه‌ڕی موسڵ ئاڵۆزییه‌كی هزری به‌سه‌ر جیهاندا هێناوه‌. به‌جیا له‌ لێكدانه‌وه‌كانی میدیای بۆرژوازی جیهانی, كه‌ له‌ پێناو ئاوكردن به‌ ئاشی جه‌نگخوازیدا، زهنیه‌تی مرۆڤایه‌تی هاوچه‌رخیان به‌وه‌ داگرتووه‌ كه‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌ به‌شداره‌كان داعشی خوێنخۆر له‌ناوده‌به‌ن، دوو گۆشه‌نیگای جیاوازی تریش ده‌بینرێن. یان ڕه‌خنه‌ له‌ دژی ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپرالیستیه‌كان خه‌ست ده‌كرێته‌وه‌ و به‌مجۆره‌ش فۆكه‌س له‌سه‌ر تیرۆریزمی ئیسلامی كاڵ ده‌بێته‌وه‌، یاخود ئه‌وه‌نده‌ دژی ئه‌مه‌ی دووه‌میان و ئیسلامی سیاسییه‌ و په‌رۆشی له‌ناوچوونی ئه‌م تیرۆریزمه‌یه‌، چاوی له‌ ئاستی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی و به‌مجۆره‌ش وێرانكاریه‌ك كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌ دوای خۆیدا ئه‌یهێنێ وه‌ك پێویست نابینێ. لێكدانه‌وه‌ی تۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

خەسرەو سایە:

ئەگەر‌ ئەو دوو گۆشە نیگا جیاوازەی کەلەپرسیارەکەتاندا ئاماژەی بۆدەکەن، وردتر فۆرمۆڵە بکەیەنەوە، دەتوانین وەک دوو ڕوانگەی پێچەوانەو نادروست، لەپەیوەند بەجەنگی ئێستای موسڵەوە، لەژێر چەمکەکانی  “ئەنتی ئیمپریالیستی” و”ئەنتی ئیسلامی” دا کۆ بکەیەنەوە. ڕوانگەی ” ئەنتی ئیمپریالیستی”، کەشەڕی موسڵ دەباتەوە نێو هەمان چوارچێوەی تەقلیدی “جەنگ و میلتاریزم”ی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیەوەوبەعەینەکی لیبراڵ چەپێکی زهنیگەراوە لێی دەڕوانێت، نایەوێت وناتوانێت تایبەتمەندیەکانی ئەم جەنگەو هێزە واقعیە بەشدارەکان و ئامانجەکانیان، لەجەرگەی دونیای سەرمایەداری دوای شکستی ستراتیژی “نەزمی نوێی جیهانی”ئەمریکا، ببینێ. ئیسلامی سیاسی وەک جوڵانەوەیەکی بۆرژوازی، کەلەدوای ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەرەوە، شەڕێکی جیهانی لەدژی ئەمریکا ڕاگەیاند، وەک لایەنێک لە جەنگی تیرۆریستان بەئامانجو ستراتیژی تایبەتی خۆیەوە ڕۆڵی لەم شەرەداهەیە، کەناکرێ لەژێر پەردەی شەڕی نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ڕوسیادا، حسابی بۆنەکرێ ولەبەرامبەردا هەڵوێستی ڵینەگیرێ. بەتایبەتی کەئیسلامی سیاسی وتیرۆریزمەکەی لەمڕۆدا مەترسیەکی جددیە بۆسەر کۆمەڵگای بەشەری. ڕەوتە ئەنتی ئیمپریالیستیەکان، تا ئەو ڕادەیەی لەپێگەی ڕابردووی زوڵمو زۆری داگیرکاری ئیستعماری و “ئاشتیخوازی و ئینساندۆستی” سەروچینایەتیەوە، هەڵویست لەجەنگو میلیتاریزمی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی دەگرێ. زۆرجار لەکەنار ڕەوت ودەوڵەتانی ئیسلامیدا، بەهۆی ئەوەی ئیدعای دژی ئەمریکایی دەکەن، ڕادەوەستێ. بانگەواز بۆ “ڕاوەستانی جەنگ” و بەدەستەوەگرتنی “بزوتنەوەی ئاشتیخوازی ودژی جەنگ” ودووبارەکردنەوەی لەهەرسەردەمێکدا وەک شیعارێکی هەویەتی بەرامبەر بە لەئارادابوونی هەر جەنگێکی بەکردەوەو تایبەت، ڕەنگدانەوەی ئەو زهنیگەرایی وبۆچونە سەروچیانیەتیە ڵیبرال و ئینساندۆستانەیەیە، کەڕەوتەکانی پشتی ڕوانگەی ئەنتی ئیمپریالسیتی، بۆ سیاسەتی پاسفیستانەی خۆیان بەرامبەر هێزە بەشدارەکان لەهەر شەڕیکی کۆنکرێتدا دووبارەی دەکەنەوە. لەکاتێکدا لەسونەتی مارکسیستەکاندا وانییە، کە بەشیعاری “ئاشتی و ڕاوەستانی جەنگەوە” بچینە سۆراغی جەنگەکانەوە. 

 لەبەرامبەریشدا ڕوانگەی “ئەنتی ئیسلامی” وەک خەسڵەتێکی ڕەوتە دژی ڕژێمیەکان، لەولاتانی ڕۆژهەڵاتیدا، ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەئیسلامی سیاسی لەدەرەوەی کێشمەکێشی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی مامەڵە دەکەن و بەهەر ڕادەیەک جەنگو میلیاتریزمی ئەم دەوڵەتانە، لەدژی ئیسلامی سیاسی بێت و ڕووی لەلاوازیان بکات، بەوڕادەیەش باری”پۆزەتیڤ” و”ئیجابی” تیا بەدی دەکەن، تەنانەت ئەگەر بەنرخی کوشتارو کاولکاری فراوانیش تەواو ببن. ڕەوتەکانی پشتی ئەم ڕوانگەیە لەچاوی مشکەوە جەنگەڵستان دەبینن وپێیان وایە هیچ ئاژەڵێک هێندەی پشیلە دڕندەنییە! لەکاتیکدا، جەنگی ئێستای موسڵ لەگەڵ ئەوەدا کە تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکای وەک لایەنێکی سەرەکی خستۆتە مونافەسەیەکی جەنگیو تیرۆرستیەوە لەبەرامبەر ڕوسیاو هاوپەیمانەکانیدا، خۆی ئەڵقەیەکە لەجەنگێکی فراوانتری نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕوسیاو ڕۆژئاوا ودەوڵەتانی ناوچەکەو چەندین هێزی بۆرژوازی محەلیەوە، لەسەر داهاتوی دونیاو ناوچەکە. لەڕوانگەی ئەم ڕەوتە ئەنتی ئیسلامیەدا، پێداگری لەسەر ئەوەی کە”جەنگ لەدژی داعش مەحکوم دەکەیت یان نا”، میحوەری هەر ‌هەڵویست گرتنێکی چەپو کۆمۆنیستیە. کەوایە مادەم جەنگ وکێشمەکێشی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیو ناوچەکە ڕووی لەوەدەرنانی داعشە وبەم جۆرەش ئیسلامی سیاسی تیا دەدۆڕێ، نابێ مەحکوم بکرێ وفشارەکان بۆ خاوبوونەوەی لەسەر لایەنە دەرگیرەکان لەم جەنگەدا دابنرێ. تەنانەت ئەگەر کارەساتی ئینسانیو کاولکاریو کوشتاری بەکۆمەڵیشی لێبکەوێتەوە. ئەم ڕەوتە ئەنتی ئیسلامیو دژی ڕژێمیانە، کەبەرامبەرەکانیان بە”پاسفیست” تۆمەتباردەکەن، بەکردەوە خۆیان سیاسەتی چاوەڕوانی و ڕاوەستان بەدیار تیرۆریزمی دەوڵەتیو وجەنگی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەو زلهێزی دونیاوە، بەو وەهمەوە ڕاگرتووە، کەئەمریکاو غەرب بەدەرپەڕاندنی داعش لەموسڵ، ئیسلامی سیاسی لاوازدەکەن! 

بەبڕوای من ‌هەردوو ئەم ڕوانگەیە، لەدەرەوەی لێکدانەوەیەکی کۆمۆنیستی و ئینسانی بۆ جەنگی ئیستا ڕاوەستاون وناتوانن لەبەرژەوەندی جیهانی کرێکارانەوە هەڵوێست بگرن. 

دیدگای سۆشیالیستی: كه‌واته‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی سێیه‌م هه‌یه‌، هه‌روه‌ك له‌ به‌یانی حزب و هه‌ندێك له‌ باسه‌كاندا بینراوه‌. ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی سێیه‌مه‌ دەبێت پێداگری له‌ چی بكات؟

خەسرەو سایە:

هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، سەرەتا لەڕوانگەی تەحلیلیەوە دەبێ شەڕی موسڵ لەچوارچێوەی جەنگێکی فروانتر، کەلەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا لەئارادایە، لێکبدرێتەوە وسەرنجی بۆبدرێ. جەنگێک کە واوەتر لە داعش و ڕەوتەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی، ئەمریکا وڕوسیا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، چەندین هێزی ناوچەیی و محەلی و دەستەوتاقمی چەکداری قەومی و مەزهەبی، تیا بەشدارە و هەریەکەشیان لەڕەوەندی دوبارە سازدانەوەی دونیا و ناوچەی ڕۆژهەڵات و جێگیرکردنی هاوکێشەیەکی نوێدا، بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترو گەیشتن بەئامانجی تایبەتی خۆی کەوتونەتە کێشمەکێشو ململانێیەکی جەنگیەوە. بەواتایەکیتر جەنگی موسڵ وەک یەکێک لەمەیدانەکانی جەنگ لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، لەدرێژەی توندبوونەوەی دژایەتی ومونافەسەی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ودەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لەپێناو بڕانەوەی بازنەی نفوز وڕۆڵ وجێگاو ڕێگای هەریەکە لەم هێزانە، لەژێر ناوی “جەنگ لەدژی تیرۆر” و “پاکسازی موسڵ لەداعش” هاتۆتە کایەوە. بە دیاریکراوی ئەکرێ بڵێین کە پەلاماردانی سەربازی بۆسەر موسڵ، پرۆژەیەکە کە ئەمریکا دوای ساڵێک نەخشە کێشان و ئامادە سازی بۆی، لەڕاستای ڕاگرتنی باڵانس وهەستانەوەی ڕۆڵی شکستو روولەخواری سیاسی و ستراتیژی خۆی لەبەرامبەر نەیارە جیهانی و ناوچەییەکانیدا، وەک پێداویستیەک دەستی بۆبردووە. 
پاشان دەبێ ماهیەتی ئەم جەنگە،  لەدەرەوەی پڕوپاگەندەی جەنگی وبانگەشەی ئەوەی کەلایەنەکان سەبارەت بە خۆیان لەم جەنگەدا دەیڵێن، سەرنجبدرێ وبکرێتە بنەمای لێکدانەوەو هەڵویستگرتن. دروشمی “ئازادی موسڵ و کۆتایهێنان بەتیرۆرو داعش”، کەوەک چەترێک ڕیزێک لەدەوڵەتان و ‌هێزگەلی ناوچەیی و محلی،  کۆنەپەرست وناکۆک بەیەکی لەژێر سایەی خۆیدا کۆکردۆتەوە، ئەیانەوێت لەبەرگی دژایەتی تیرۆردا، ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانە و کاولکاری و ئینسانکوژی جەنگەکەیان داپۆشن و ڕای گشتی جیهانی پێ چەواشە بکەن. لەکاتێکدا ئەم ‌هێزانە  لەبنەرەتدا خۆیان هێزو لایەنی تیرۆریستین وتیرۆر بەشێکە لەکارنامەی سیاسیان. ئەمریکا کەخۆی لەسێنتەری تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا ڕاوەستاوە ولە کاولکردن و کوشتاری خەڵکی عێراقدا مێژویەکی خوێناوی تۆمارکردووە، بەسادەیی ناتوانرێ، وەک هێزی ڕزگارکەری عێراق، لەتیرۆر وتیرۆریزمی داعش قەبوڵبکرێ. دەوڵەتانێکی کۆنەپەرستی وەک سعودیە، تورکیا، ئێران، کە هەر یەکەیان خاوەنی کارنامەیەکی ڕەش وخوێناویە، لەبەرامبەر هاوڵاتیانی ژێردەستیاندا و بەم یان بەوجۆرەش لەسەر‌هەڵدانی خودی داعشدا ڕۆلێان هەیە، قیافەی “دژی تیرۆر ودژی داعش بوون” بەهیچ جۆرێک بە باڵایان ناخوات. ئەم دەوڵەتانە کەلەدونیای پڕلەناڕۆشنی وقەیران و ئەو گێژاوە سیاسیانەی ڕووی لەسەرمایەداری جیهانی و نەزمەکەی کردووە،  ئەمڕۆ هەم خۆیان لەگەڵ بێئاسۆیی وقەیران لەناوخۆدا بەرەو ڕوون وهەم فرسەتیان وەرگرتووە، تا ڕاستەوخۆ لەسەر سازدانەوەی سیستمەی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وبەدەستهێنانی باڵادەستی ناوچەیی، بکەونە بەرامبەر بەیەکەوە، لەم ڕاستایەشدا ئامادەن تاگەیشتن بەئامانجە گڵاوەکانیان، دەیان شاری وەک موسڵ لەناوچەکەدا، بەناوی دژی تیرۆرەوە بەخاک یەکسان بکەن. لەمانیش لەخواروتر دەوڵەتی عێراق وعەبادی وبارزانی وحکومەتی هەرێم، حەشدی شەعبی ومیلیشیای سونەکان.. کەڕاستەوخۆ لەژێر سایەی هەمان دروشمی مەحبوبی ئەمریکادا، یانی “شەڕ لەدژی تیرۆر” کۆبوونەتەوە، خۆیان ودەسەڵات ونفوزیان بەسەر خەڵکەوە بەرهەمی سەرهەڵدانو درێژەکێشانی سیناریوی ڕەشو تیرۆرو تەقینەوە و ڕقەبەریە قەومیو ئاینیو تیرەگەرییەکانە .. کەوایە جەنگێک کەلەلایەن هیزگەلێکی لەم جۆرەوە دەبرێ بەڕێوە، نەک هەر لەهەموو سەرێکیەوە جەنگێکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانیەوە و بەهیچ جۆرێک هەڵگری لایەنی پۆزەتیڤ وڕزگاری بەخشی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەگشتی وخەڵکی شاری موسڵ بەتایبەتی نییە، تەنانەت نەک هەر تیرۆرو داعش لەناو نابات، بگرە، کردەیەکی میلیتاریستی کۆیرانەیە کە”ڕزگاری خەڵکی شاری موسڵ”ی کردۆتە پاساوێک بۆ داسەپاندنی تراژیدیایەکی ئەوپەڕی خوێناوی و کۆمەڵکوژی ئینسانی. تەنانەت بەپێچەوانەی ئەوانەوە کە “لایەنی پۆزەتیڤ وڕزگاربونی خەڵک لەدەستی داعش” لەم جەنگەدا دەبیننەوە، ئەم جەنگە بەو ئەگەرەوە کەداعش لەموسڵ وەدەرنێ، نەک هەرئارامی وژیانەوە و گێڕانەوەی “ئاهێک” بۆ خەڵكی ئەم شارە بەدوای خۆیدا ناهێنێ، بەڵکو بوار بۆ سەرهەڵدان ودرێژەکێشانی شەڕی قەومی وئاینی، شەڕی نێوان دەستەو تاقمی میلیشیایی، لەسەر داهاتوی ئەم شارە و چۆنیەتی سازدانەوەی دەسەڵات لە عێراق وناوچەکەدا، دەکاتەوە و هاوکاتیش، کێشمەکێش و مونافەسەی ئێستای نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەو دەخاڵەتی سیاسی و سەربازیان لەعێراقدا دێڵێتەوە. بێگومان لەوەها حاڵەتێکیشدا، تیرۆرو تەقینەوە و سەرهەڵدانەوەی داعش لەفۆرمێکیتردا، ئەگەرێکی ئەکیدە.

لەبەرامبەر جەنگێکی لەم بابەتەدا ئەو شتەی کەدەبێ بەسادەیی  لەلایەن هەر هێزێکی کۆمۆنیستی و چەپ وئینساندۆستەوە پێداگری لەسەر بکرێ، ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بەتەواوی لایەنە بەشدارەکان و خۆدی جەنگەکەیان. نابێ بەهیچ جۆریک ولەژێر هیچ ناوێکدا، لایەنەکانی ئەم جەنگە کەمتر لە بکوژانو ماڵ کاولکەری خەڵکی بێدیفاعی شاری موسڵ بناسرێن، دەبێ خەڵکی موتەمەدنی جیهان بەرامبەر بەکوشتارو کاولکاریو کۆمەڵکوژیەک کە ئه‌مریکا و هاوپەیمانانی لەناوچەکەدا بەناوی”شەڕ لە دژی تیرۆریزمی داعش”ەوە  دەستی بۆبردووە، بێتە دەنگ وبەهاتنە مەیدانو توندکردنەوەی فشار، دەستی میلتاریستی وجەنگخوازی، دەوڵەتانی ئیمپریالیستی وناوچەکەو هێزە هاوپەیمانەکانیان، لەڕۆژهەلاتی ناوەراست کۆتایی پێ بهێنرێ وچارەنوسی خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ بڕیاری خۆیان بەجێبهێڵدرێ. لەهەمان کاتدا دەبێ پێداگری لەسەر ئەوە بکرێ کەکۆتایی هێنان بەداعش وتیرۆریزمی ئیسلامی، لەوێوە نییە کە کۆمەڵگای بەشەری لەچاوەڕوانیدا، بەدیار هێزە ئاسمانیەکانی ئەمریکاوە ڕاگیرێ، تا داعش لەموسڵ دەرکات! بەڵکو لەوێوەیە کەچینی کرێکارو خەڵکی ئازادیخوازو موتەمەدن، چ لەئاستی ناوچەکەو چ لەئاستی جیهانیدا، لەپێناو وشککردنی سەرچاوەکانی مانەوەی ئیسلامی سیاسی و سەرهەڵدانی تیرۆریزمەکەی بێتەمەیدانەوە. لەوانە بەستنی هەمو ئەو ڕێگایانەی هاوکاری داعش دەکەن، پاکكردنەوەی ناوچەکە لەمیلیاتریزم وهێزی جەنگی دەوڵەتان، چارەسەرکردنی کێشەی فەلەسەتین و کێشەی کورد، دامەزراندنی دەسەڵاتی سکولارو نەقەومی و نەمەزهەبی لەناوچەکەو .. هیتر. بەبڕوای من هەڵەی هەرکۆمۆنیستێک لەوێوە دەست پێدەکات کەبە عەینەکی”مەحکوم کردن وەیا نەکردنی”  ئەمریکاوە لەم شەڕە بڕوانێ ، وەیا ئەوانەی کەلەهەڵویستەکانیاندا تەنها “جەنگی ئیمپریالیستەکان” دەبینن و ڕێگایەک ناخەنە بەرپێی کۆمەڵگای بەشەری بۆ ڕزگاربوون لەتیرۆریزمی ئیسلامی کەلەبوعدێکی جیهانیدا، بۆتە مەترسیەک.. بەکورتی ئەمانە ئەو چوارچیوەیەن کەدەبێ پێداگریان لەسەر بکرێ.

دیدگای سۆشیالیستی:

مه‌نسور حكمه‌ت له‌ باسی (دنیا دوای ١١ ی سێپتێمبه‌ردا) زۆرتر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕی دوو جه‌مسه‌ری تیرۆریستیه‌، ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی. پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا و دوای ١٥ ساڵ له‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی ئه‌و كه‌ دنیا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێز و ئیمپریالیستیه‌كان له‌ هه‌وڵی خۆئارایشدانه‌وه‌دان بۆ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی جیهان، ئایا واقعه‌ن ئه‌مه‌ی ئێستاش هێشتا شه‌ڕی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ ناوبراوه‌ی تیرۆریزمه‌؟ یان ململانێی ئه‌م زلهێزانه‌یه‌ له‌پێناو ئامانجی دابه‌شكردنه‌وه‌ی جیهاندا؟! جیاوازی ئه‌و كات و ئێستا به‌ كۆنكرێتی چییه‌؟ و‌ ئایا ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش به‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌ قه‌تیس بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ مه‌نسور حكمه‌ت ده‌یڵێت؟

خەسرەو سایە:

بەدڵنیاییەوە ئەو جەنگەی کەئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەگوزەرێ، چ لەڕوانگەی ‌هێزە بەشدارەکان وئامانجەکانیانەوە، وچ لەڕوانگەی ئالۆگۆڕە جیهانیەکان ومێژوویەک کەتیا شکلی گرتووە،  ناتوانرێ کتومت وەک دۆخی ١٥ ساڵی دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر پێوانە بکرێ وبەتەنهاش لەچوارچێوەی شەڕی دووبەرەی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیو تیرۆریزمی دەولەتی ئەمریکادا لەقاڵب بدرێ. هاوکاتیش ئەمە ناکاتە ئەوەی کەجەنگی ئێستا بەوێنەی جەنگە ڕاستوخۆ و کلاسیکەیەکانی ڕابردووی نێوان دەوڵەتان وبلۆکە ئیمپریالسیتیەکان وەک ئەوەی لەسەردەمی جەنگەکانی یەکەمو دووەمی جیهانیدا ڕوویانداوە، سەرنجبدرێ. چونکە جەنگی ئێستا لەنێوەڕاستی کێشمەکێشو شەڕی دووبەرەی تیرۆریستیدا، پای دەوڵەتانێکی ئیمپریالیستی وەک ڕوسیا ودورکەوتنەوەی دەوڵاتانی غەرب لەهەژموونی ئەمریکاو هاوکات جەمسەرگرتنی دەوڵەتانو هێزگەلێکی ناوچەیی لەنێوان ئەمریکاو ڕوسیادا، لەپاڵ ڕۆڵی تیرۆریزمی ئیسلامیدا، بەرهەم هێناوە. بەم جۆرەش ئەم جەنگە لە ڕوانگەی زەرورەتە ئابوریەکانی دونیای سەرمایەداری ومەتڵوبیەتی چینایەتیەوە بۆ بۆرژوازی جیهانی لەدوانەتیجەدا، ڕووی لەسازدانەوەی دونیا ودابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەنیوان هێزە بەشدارەکاندا، کەدیارە لەهەمان کاتدا بەمانای پەکخستن و شکستپێدانی پرۆژەی دونیای یەك قوتبیە، کە ئەمریکا لەساڵی ٩١ه‌وه‌ بەشوێنیەوەیەتی. بەڵام بۆ خستنەڕووی وەڵامی کۆنکرێتی پرسیارەکەتان و زیاتر ڕۆشنکردنەوەی خاڵی جێگای مەبەستی من ڕێگا بدەن سەرنجێکی کورت لەپێشینە مێژویەکانی جەنگی ئێستا بدەم:

ساڵی ٩١ بەدوای هەڵوەشانەوەی دونیای دووقوتبی “شەرق وغەرب”، دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، “ستراتیژی نەزمی نوێی جیهانی” بەدەستەوە گرت، کەئامانج لێی بەرگرتن بەڕۆڵی پوکانەوەو ڕوولەخواری ئەمریکاو سازدانەوەی دونیای یەک قوتبی بوو بە ڕابەری تاک لایەنەی خۆی. بەم پێیەش جەنگی یەکەمی کەنداو لەدژی عێراق وەک مەتڵوبەیەتێکی جیهانی بۆ چینی بۆرژوازی لەئەمریکا بەدەستەوەگیراو سەرەتای ئاڵوگۆڕێکی فراوانی جیهانی دەستی پێکرد. ئەم جەنگە ئەگەرچی بوژانەوەیەکی بەسەر ڕۆڵی باڵادەستی ومیلیستارستی ئەمریکادا هێناو تا ڕادەیەک هێزە ئابوریو سەربازی وسیاسیەکانی دەوڵەتانی ئەوروپاو یابان وگەلێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ڕاکێشایە ژێر سیبەری سیاسەتو ڕۆڵی ئەمریکاوە، کەلەشەڕو کێشمەکیشدا لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا دریژە پێدەری بوو، بەڵام نەیتوانی دونیا بەپێی ستراتیژی نەزمی نوێی جیهانی بە یەکجاری یەکلابکاتەوە وبەمجۆرەش ڕوڵی ڕابەری جیهانی ئەمریکا بەکراوەیی لەنێوەندی ئاڵوگۆڕە جیهانیەکانی ئەم دەیەیەدا هێشتەوە. لەدرێژەی ئەم بارودۆخە جیهانیەدا، کردەوە تیرۆریستیەکەی ١١ی سێبتەمبەری ٢٠٠١ ، لەئەمریکادا،  نەک هەر “ستراتیژی نەزمی نوێی جیهانی”ئەمریکاو مەسەلەی سازدانی دونیای یەک قوتبی بە ڕابەری ئەمریکای بردە نێو هەلومەرجێکی تازەوە، بەڵکو دەرگای بەڕووی جەنگێکی جیهانی تیرۆریستی لەنیوان دوقوتبی تیرۆریستی ئیسلامی ودەوڵەتیدا خستە سەرپشت. جەنگێک کە مۆری خۆی نا بەنێوچەوانی مەسەلە سیاسیو سەربازی وئابوریەکان و تەواوی ئەو کێشمەکێشانەی کە لەنێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیستی وناوچەییدا، لەئارادابوو. بەوتەی مەنسور حکمەت:

تاوانى تيروريستى سامناكى ١١ى سپتامبه‌رى ٢٠٠١ له‌دژى به‌شه‌رييه‌ت و كوشتارى هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكى بيديفاع له‌ ئه‌مريكا، جيهانى خستوته‌ به‌ر ده‌روازه‌ى يه‌كێك له‌ تاريكترين و خويناويترين سه‌رده‌مه‌كانى مێژووى هاوچه‌رخ. ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌سته‌ى فه‌رمانڕه‌واى ئه‌مريكا ناوى لـێ ناوه‌ جه‌نگى جيهانى له‌دژى تيروريزم، له ڕاستيدا چوونى جيهانه‌ بۆ ناو قوناغێكى تازه‌ و وێرانسازى له‌ جه‌نگى جيهانيى تيروريسته‌كاندا.

ئەم ڕووداوە کە لەلایەکەوە بووە بەهانەیەک بەدەستی ئەمریکاوە تا لەژێر ناوی “شەڕ لەدژی تیرۆر”دا، تەواوی تواناو ئیمکاناتە سەربازیەکانی خۆی بۆ بەکردەوە دەرهێنانی هەمان ستراتیژ وهەمان ئامانجی پێشوو بکەوێتە پەسیجی جەنگیەوە و سەرەنجام هاوپەیمانیەتیەکی جیهانی لەدژی تیرۆر بەرابەری خۆی شكڵ پێبدا ودەوڵەتانێکی نەیاری لە”لیستی میحوەرەکانی تیرۆر”دا جیگیرکرد. لەلایەکیتریشەوە ١١ی سیپتەمبەر جگەلەوەی ئیعلانی شەڕێکی جیهانی تیرۆریزمی ئیسلامی لەدژی ئەمریکاو غەرب بوو، لەهەمان کاتدا ئەو ئەوەشی بەگوێی دونیادا دا، کەئیسلامی سیاسی وەک قوتبێکی تیرۆریستی بۆسەر ئاستی ستراتیژێکی جیهانی هەڵکشاوەو ئیدعای دەسەڵاتدارێتی و بەڕەسمی ناسینی پێگەی دەوڵەتی خۆی دەکات لەئاست جیهان و ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا. لە چوارچیوەیەکی ئاواشدا، شەڕی ئەمریکا لەدژی ئەفغانستان، بەبەهانەی تۆڵەسەندنەوە لە بن‌لادن وتاڵیبان دەستی بۆ برا. بەلام ئەوەی مەعلوم بوو کە ئامانجی ئەمریکا لەم شەڕەدا نەبۆ دەستکۆتاکردنی تیرۆریزم بوو و نە تەنانەت لەدژی ئیسلامی سیاسی وهەڵپێچانی ڕەوتەکانی بوو، بەڵکو ئەم شەڕە بەردەبازێک بوو بۆ خۆئامادەکردن وسوڕانەوەی سوکانی ماشێنی جەنگ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، کەعێراقی بەنیشانە گرتبوو. سەرەنجام شەڕی دووەمی کەنداو هەردوو ساڵ دواتر ولە٢٠٠٣دا، بەخێرایی گیرایە بەرو ڕووخانی ڕژێمی عێراق وداگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوەی بەدوای خۆیدا هێنا. زەلکاوێک کەبەدوای داگیرکردنی عێراق وسیاسەتێک کەبۆ سازدانەوەی دەوڵەت لەسەربنەمای قەومیو ئیسلامی وتیرەگەری بەناوی دیموکراسیەوە لەلایەن ئەمریکاوە گیرایەبەر. زەمینەی مقاوەمەتی چەکداری بۆ ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیو دەرکەوتنی ئەلقاعیدە خۆشکرد، دەرکەوتنی زەرقاوی ودەیان دەستەوگروپی چەکداری تیرۆریستی کەکۆمەڵگای عێراقیان ڕاکێشایە نێو تونێلێکی تاریکی تیرۆرو کوشتارو تەقینەوەو کاوڵکاریەوە. بەکردەوە عێراق بووە مەیدانی ڕاستەوخۆی شەڕی هەردوو جەمسەری تیرۆریستی ئیسلامی ودەوڵەتی، کەلەجەرگەیدا دەوڵەتی ئیسلامی عێراق وشام، واته‌ داعش، لەلایەن زەرقاویەوە ڕاگەیەندرا. بەڵام درێژەکێشانی بارودۆخ لەعێراق وکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، جارێکیتر ئەمریکای لەگەڵ بێئاکامی وشکستێکی ستراتیژیدا بەرەو ڕووکردەوە و ڕوئیای شکڵدان بەجیهانی یەک قوتبی وەک خەونێک هێشتەوە. بەتایبەتی بەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و دەخاڵەتی سەربازی ناتۆ لە لیبیا، پاشان گۆڕانی شۆڕش لەسوریا بەجەنگی ناوخۆ، هەموو ئەمانە کەلەدرێژەی خۆیدا دەخالەتی سەربازی ڕوسیا ودەوڵەتانی ناوچەکەی لێکەوتەوە ولەپاڵ ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران وئەمریکادا، جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستای بردە هەلومەرجێکی ترەوە، کەئیتر ناتوانرێ بەتەنها لە چوارچێوە وقاڵبی ڕووبەڕووبونەوەی دووبەرەی تیرۆریستی، ئیسلامی وتیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکادا، لێکدانەوەی بۆبکرێ. بەواتایەکیتر جەنگێک کەئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لەعێراق وسوریاو لیبیا ویەمەن و سۆماڵ وگەلێک وڵاتی تر بەڕێوەدەبرێ، ئەگەرچی لەژێر ناوی “جەنگ لە دژی تیرۆر”دا درێژەی هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی ناجێگیری سیاسی وئابوری وشەڕی نیوان هێزە ئیمپریالیستیەکان، دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە وهێزە نیوخۆییەکان وئیسلامی سیاسیش وەک تەرەفێک بەرێوەدەبرێو لەئاست هەروڵاتەشدا تەرەفەکانی دەرگیر لەجەنگدا، لەهاوکێشەیەکی کۆنکرێتتردا قەراریان گرتووە وهەریەکەیان بەتایبەتمەندی خۆیەوە وەک یەکێک لەئەڵقەکانی جەنگێکی فراوانتری ناوچەیی جێگایان گرتووە. بۆنمونە جەنگ لەموسڵ وەک یەکێک لەئەڵقەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانیەوە لەدژی داعش (وەک ڕەوتێکی تیرۆریستی ئیسلامی) بۆ ئامانجی هەستانەوەی باڵانسی هێز لەبەرامبەر ڕوسیادا، لەسوریادا گیراوەتەبەر کەلەزۆر ڕووەوە لەشەڕی حەلەب جیاوازە وجێگایەک نییە بۆ دەخالەتی ڕاستەوخۆی سەربازی ڕوسیا. بەڵام شەڕ لەیەمەن بەتەواوی بەجێ هێڵراوە بۆ ‌هێزە نیوخۆییەکان و کێشمەکێشی دەوڵەتانی ناوچەکە کەلەسەرێکدا سعودیەو قەتەر ڕاوەستاوەو لەسەریکیتریدا ئێران ئامادەگی هەیە. لەلیبیاش ڕۆڵی داعش وئیسلامی سیاسی وگروپەکانی دیاردەیەکی بەرچاوە.. بەبروای من ئەمانە لایەنی کۆنکرێت و تایبەتمەندی جەنگی ئێستایە.

دیدگای سۆشیالیستی: به‌ڵام هاوڕێ خه‌سره‌و ڕوسیا خۆشی ڕایگه‌یاند، كه‌ پشتیوانی هێزه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان ئه‌كات بۆ’’شه‌ڕی دژی داعش‘‘ له‌ موسڵ كه‌ ڕۆشنه‌ مه‌به‌ستی هێزه‌كانی وه‌ك حه‌شد ئه‌لشه‌عبیه‌، وه‌ك هێزێكی پارامیلیتاری كه‌ له‌ دروستكراوی ئێرانه‌. ئه‌مه‌ش لێكچونێك له‌گه‌ڵ دروستكردن و پشتیوانی حوسیه‌كان له‌ یه‌مه‌ن له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر سعودیه‌دا نیشان ده‌دات. سه‌رئه‌نجام ئایا ئێوه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌ركه‌وته‌ی شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت (پرۆكسی وۆر) ئه‌بینن؟ به‌ واتایه‌كی تر هێزه‌ ئیمپریالیسته‌كان له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌شداری شه‌ڕن له‌ ناوچه‌كه‌دا، نه‌ك ته‌نها له‌ موسڵ، و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش هێزه‌ ناوخۆییه‌كان (به‌ وڵاته‌ ناوچه‌ییه‌كانیشه‌وه‌) به‌كاردێنن، ئێوه‌ ئه‌مه‌ چۆن ده‌بینن؟

خەسرەو سایە:

ئەوە ڕاستە کە لە جەنگی ئێستادا، دەوڵەتانی ناوچەکە و بگرە جیهان بەپێی بەرژەوەندی هاوبەشیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دابەشبوون بەسەر چەند جەمسەرێکدا و بەم پێیەش لەکەنار یەکتردا ڕاوەستاون و لە هەندێ کات و شوێنیشدا وەک تەواوکەری بەرنامەی سیاسی و عەسەکەری یەکتر ڕۆڵ دەگێڕن، بەڵام من وای نابینم کە “شەڕی بەوەکالەت” چەمکێکی دروست بێت بۆ پێناسەکردن و تەعمیمدانی لە شێوەیەکی گشتیدا بەسەر رۆڵی دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە نیوخۆییەکان لە جەنگی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چونکە ئەم چەمکە وەک کۆدێک لەباری مێژوویەوە پەیوەستە بەسەردەمانی دونیای دوجەمسەری “شەرق غەرب” و دابەشبونی دەوڵەتان لە هاوکێشەیەکدا کە ئەم دوو جەمسەرەی خستبووە شەڕێکی سارد و بەردەوامەوە. ئەمە بەو مانایەی کە لەلایەکەوە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی کە لە هەردوو جەمسەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، لەلایەن ئەمریکا و ڕوسیاوە ڕێبەرایەتی دەکران، سەریان لە موسابەقەیەکی میلیستاریستی و ئەتۆمی مەترسیداری وادا دەرهێنابوو کە تیاچوونی هەموو دونیای لە سادەترین ڕوبەرووبونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی نێوان خودی ئەم دەوڵەتانەدا دەکردە ‘ئیمکان” و ئەگەرێک، هەربۆیە جەنگی سارد لە فۆرمی جەنگە ناوچەیی و بڕگەییەکاندا، کە بە وەکالەت لەلایەن وڵاتانێکەوە ده‌بران بەڕێوە، ڕێگایەک بوو بۆ بەلاداخستنی بارگرژیە سیاسیەکان و لەهەمان کاتدا درێژەدان بە کێشمەکشی نێوان هەردو جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان.  لە لایەکی تریشەوە، خودی سەرهەڵدانی هەردو بلۆکی شەرق و غەرب، دابەشبونیکی ئایدۆلۆژی، دابەشبوون لە فۆرمی حکومەتیدا، لە نیزامی ئابوری و سیستەمی ئەمنی و بازرگانیە ناوچەییەکانی بەسەر دونیادا داسەپاند و سەرەنجام بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهانی لە نێوان خۆیدا دابەشکرد. تەنانەت سەرهەڵدانی دەوڵەتانی تازە لە ڕۆژهەڵات لەسایەی دابەشبوونە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئابوریەکانی ئەم دووبلۆکەدا ئیمکانی شکڵگرتنیان بۆ زامن بوو. لەواقعیەتێکی ئاوادا ئەم دەوڵەتانە کەوەک حەوزەی نفوزی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی قەراریان گرتبوو، بەپێویست لەبازنەی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی هەردوو جەمسەری شەرق وغەربدا، دەجوڵانەوەو بۆ ئەوەی کەبتوانن بەرژەوەندیە ئابوریو بازرگانیو ئەمنیەتیەکانی خۆیان زامن کەن، ناچاربوون، لەنیزاعاتە ناوچەییەکاندا، لەپەیوەند بەسیاسەتی دەرەکی ئەمریکاو ڕوسیاوە، دەرکەون و شەڕی بەوەکالەتیان بۆ ئەنجام بدەن. 
بەڵام دونیای ئەمرۆ کە هێشتا هیزە ئیمپریالیستیەکانی لە چوارچێوەی جەمسەرە ئایدیۆلۆژی، ئابوری، نورمی حکومەتیو ئەمنیەتیە جیاجیا ودژبەیەکەکاندا، یەکلانەکردۆتەوە، هێشتا مەسەلەی دابەشکردنەوەی جیهان لەنێوان هیزە ئیمپریالیستیەکاندا، بەسەرەنجام نەگەیشتووەو بەم پێیەش دونیای سەرمایەداری لەگەڵ نارۆشنی و گێژاوێکی سیاسیدا بەرەوڕووە. بەپێویست دەوڵەتانو هێزەکانی، بەبەرژەوەندی سەربەخۆ وکارنامەی سەربەخۆی خۆیانەوە هەم خستەۆتە بەرامبەر بەیەکەوەو هەم بەپێی بەرژەوەندی هاوبەشیان لەکەنار یەکدا ڕای گرتوو. 

لەمانەش زیاتر تایبەتمەندیەک کە جەنگی ئێستای پێدەناسرێتەوە و لەجەنگە کلاسیکیەکانی تری  وەک جەنگی جیهانی یەکەمو دووەم جیای دەکاتەوە، خەسڵەتی تیرۆریزمەکەیەتی، ئەمە بەومانایە نا کە بەناوی تیرۆریزمەوە وەیا لەدژی تیرۆر پاساو دەدەرێ، بەڵکو بەو مانایەی کەبەرەکانی، وەک ئەوەی کەلەهەرجەنگێکدا ڕۆشنو زانراوە، نادیارە. واتە حزوری سەربازی ڕاستەوخۆی هەردوو بەرەی جەنگ نارۆشن و گەلێک جار یەکتەرەفەو گەلێ جاریتر تێکەڵاوە. تیرۆر لەتاریکیدا، تیرۆری ئاسمانی و بۆمباران، دەستبردن بۆ سەرپێخستنی دەستەجاتی میلیشیای چەکداری محەلی، سیاسەتی کۆنتراکردنی میلیشیا قەومیو ئاینیەکان، تا ڕاکێشانی ماشینی جەنگی .. ئەمانە لایەنە سەرەکیەکانی جەنگی ئێستایە کەخەسلەتی جەنگی تیرۆریستانی لەخۆگرتەوە، جەنگێک بەبێ ئەوەی هیزە ئیمپریالیستیەکان ئیتر ناچاربن بەوەی راستەوخۆ دەستبەرن بۆ حزوری سەربازی زەمینی تیایدا. لەم پەیوەندەدا ئەگەر سەرنج بخەینە سەر تابلۆی ڕاوەستانو رۆڵگێڕانی ‌هێزەکان لەجەنگی ئیستادا، “جەنگی بەوەکالەت” بەمانای دەقیقی چەمکەکە خۆی دەرناخات. بۆنمونە، شەڕ لەحەڵەب کەهێزەکانی ڕوسیا وئێران وحزبوڵای لوبنانی ڕۆڵی سەرەکی دەگێرن تا سوپای سوریا خۆی، ئایا لەم حاڵەتەدا کێ شەڕی بەوەکالەت بۆکێ دەکات؟ یا ئەوەی کەقاسم سلێمانی وهێزەکانی ئێران لەعێراقدا زیاتر ڕۆڵی هەیە لەچاو سوپای عێراقدا، ئایا دروستە بڵێین ئیران شەڕی بەوەکالەت بۆ عێراقدەکات؟ هەرلەم بارەوە بارزانی وهێزی پێشمەرگە لەپشتەوە لەگەڵ ئەمریکادا بە ٤١٥ ملیۆن دۆلار هاوکاری ڕێکەوتون، بەڵام لە ئەرزی واقعدا، ئەم ‌هێزە لەژێر فەرمان وبڕیاری سوپای عێراقیدایە، ئایا بارزانی شەڕی بەوەکالەتی کام لایەن دەکات، عێراق یان ئەمریکا؟  لەمەش زیاتر هەموودەزانین هێزەکانی سعودیە لە جەنگی یەمەندا کۆنترۆڵی شەڕیان بەدەستەوەیە تا ئەو دەسەڵاتەی پێی دەڵێن “حکومەتی شەرعی یەمەن”، کەوایە دەکرێ بلێین سعودیە شەری بەوەکالەت بۆیەمەن دەکات؟.. تەنانەت ئەگەر سەرنج لەئامادەگی ‌هێزەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بدەین کەبەشێکی زۆریان  دەخاڵەتیان لە جەنگی ناوچەکەداهەیە ولەهاوپەیمانێتیدان لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام ڕۆڵگێڕانیان سەربەخۆتر دەردەکەوێ، لەوەی کەجەنگی بەوەکالەت بۆئەمریکا ئەنجام بدەن… بەکورتی دەمەوێ بڵێم کە واقعیەتی هیزە ئیمپریالیستیەکانو دەوڵەتانی ناوچەکە لەدۆخێکی ناجێگیرو قەیراناوی دونیای سەرمایەداریدا کەبۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دونیاو ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کەوتونەتە جەنگەوە، توانای ڕاوەستانی سەربەخۆ و هێز نواندن وڕۆڵگێڕانیان لەدەرەوەی “جەنگی بەوەکالەت” داناوەتەوە وهەر لایەنە سەرەرای هاوجوتی وهاوبەشی خۆی لەگەڵ سیاسەت وبەرنامەی ئەم یان ئەو دەوڵەتی ئیمپریالیستیدا، بەلام کەوتۆتە شوێن بەرژەوندی تایبەتی خۆیەوە وچاوی لە بەدەستهێنانی جێگاوڕێگا و نفوزی خۆیەتی. نمونەی تورکیا و جێگۆڕکێ سیاسیەکانی بەڵگەیەکی زیندوە بۆ ئەم حوکمە.

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *