كارڵ ماركس
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزیه‌وه: جه‌مال موحسن:
’’…. ئه‌و شته‌ی له ڕێی پاره‌وه بۆ منه، یانی ئه‌وه‌ی كه ئه‌توانم پاره‌ی پێ بده‌م (به واتایه‌كی دی، ئه‌وه‌ی پاره ئه‌توانێ بیكڕێ)، ئه‌و شته هه‌ر خودی خۆمم كه خاوه‌نی پاره‌كه‌م. مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی پاره مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی منه. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پاره هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و ده‌سه‌ڵاته ڕاسته‌قینه‌كه‌ی منه، واته خاوه‌نی پاره‌كه. بۆیه به هیچ جۆرێك كه‌سێتی سه‌ربه‌خۆی من دیار ناكات كه من چیم و چیم له توانادایه. من ناشرینم، به‌ڵام ئه‌توانم جوانترین ژن بۆ خۆم بكڕم. هه‌ربۆیه من ناشرین نیم چونكه كاریگه‌ریه‌كانی ناشرینی و توانای كۆسپدانانه‌كه‌ی به پاره پوچه‌ڵ ئه‌كرێته‌وه. من، به پێی سیفاته شه‌خسیه‌كه‌م، شه‌لم، به‌ڵام پاره ٢٤ قاچم بۆ ده‌سته‌به‌ر ئه‌كات. كه‌واته من شه‌ل نیم. من كه‌سێكی خراپم، ناپاكم، بێ ویژدانم، بێ مێشكم به‌ڵام پاره ڕێزداره و هه‌ر به‌مجۆره‌ش خاوه‌نه‌كه‌ی. پاره باشترینه، هه‌ربۆیه خاوه‌نه‌كه‌شی باشه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاره ناهێڵێ كێشه‌ی ناپاكیم هه‌بێ: بۆیه من به كه‌سێكی سه‌رڕاست دائه‌نرێم. من مێشكم له‌سه‌ردا نییه، به‌ڵام پاره مێشكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو شتێكه، كه‌وایه چۆن خاوه‌نه‌كه‌ی بێمێشك ئه‌بێ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی پاره ئه‌توانێ خه‌ڵكی زیره‌ك بۆ خۆی بكڕێ. كه‌واته ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زیره‌كه‌كه‌دا هه‌یه، زیره‌كتر نییه له‌و زیره‌كه؟ ئایا منێك كه به‌هۆی پاره‌وه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دڵی مرۆڤ پێی خۆش بێ هه‌مبێ، خاوه‌نی هه‌موو تواناییه مرۆییه‌كان نیم؟ هه‌ر به‌مپێیه‌ش ئایا پاره‌كه‌م هه‌موو ناتواناییه‌كانی من پێچه‌وانه ناكاته‌وه؟
ئه‌گه‌ر پاره ئه‌و لكێنه‌ره بێ كه من به ژیانی مرۆڤه‌وه ببه‌ستێته‌وه و كۆمه‌ڵگاش به منه‌وه و من په‌یوه‌ست بكات به سروشت و مرۆڤه‌وه، ئیتر ئایا پاره گرێبه‌ستی هه‌موو گرێبه‌سته‌كان نییه؟ ئایا له توانایدا نییه هه‌موو گرێكان بكاته‌وه و بیانبه‌ستێته‌وه؟ له‌به‌رئه‌وه‌ش ئایا هه‌روه‌ها هۆكاری سه‌ره‌كی جیابوونه‌وه نییه؟ ئه‌وه دراوه كه به ڕاستی ئه‌بێته هۆی جیابوونه‌وه و هاوكاتیش هۆكاری سه‌ره‌كی پێكه‌وه به‌ستنه، واته ئه‌و هێزی كیمیایی كۆمه‌ڵگایه. (له ده‌قه ئینگلیزیه‌كه‌دا نووسراوه كه لێره‌دا وشه‌یه‌ك له ده‌ستنووسه‌كه‌دا ناخوێنرێته‌وه و په‌ڕیوه_ وه‌رگێڕی كوردی).
شكسپیر به تایبه‌تی پێداگری له‌سه‌ر دوو تایبه‌تمه‌ندێتی پاره ئه‌كات:
١. پاره خودایه‌كی بینراوه، یانی گۆڕینی ته‌واوی سیفاته مرۆیی و سروشتیه‌كان بۆ دژه‌كانی خۆیان، شێواندن و تێكوپێكدانی شته‌كان: شته نه‌شیاوه‌كان (موسته‌حیله‌كان) به هۆی پاره‌وه پێكه‌وه ئه‌لكێندرێن.
٢. پاره قه‌حبه و گه‌وادی گشتی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌كانه.
توانای شێواندن و تێكوپێكدانی ته‌واوی سیفاته مرۆیی و سروشتیه‌كان، وه توانای پێكه‌وه‌لكاندنی شته نه‌شیاوه‌كان (موسته‌حیله‌كان)، واته ده‌سه‌ڵاتی خودایی پاره له جه‌وهه‌ری پاره خۆیدایه به وێنه‌ی سروشتی جۆرێتی مرۆڤی نامۆبوو و نامۆكه‌ر و خۆنامۆكه‌ر. پاره توانای مرۆڤی نامۆبووه. ئه‌وه‌ی كه من وه‌ك مرۆڤێك ناتوانم بیكه‌م و به‌وهۆیه‌شه‌وه هه‌موو ده‌سه‌ڵاته جه‌وهه‌ریه تاكیه‌كانم بێ‌توانا ئه‌مێننه‌وه، ئه‌توانم به پاره بیكه‌م. به‌مجۆره پاره هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه، كه خۆیان هیچ نین، ئه‌كات به شت واته ئه‌یانگۆڕێت به دژه‌كه‌یان.
ئه‌گه‌ر حه‌زم له ژه‌مێكی دیاریكراو بێ یان بمه‌وێ گالیسكه‌ی ئه‌سپ بگرم چونكه ئه‌وه‌نده هێزم نییه به پێ بڕۆم، پاره ژه‌مه‌كه و گالیسكه‌كه‌م بۆ ده‌سته‌به‌ر ئه‌كات. كه‌واته حه‌زه‌كانم له شتێكه‌وه كه له دونیای خه‌یاڵدایه ئه‌گۆڕێ و له‌وه‌وه كه له دونیای خه‌ون و خه‌یاڵ و ئاره‌زووكردندا بوونیان هه‌یه ئه‌گۆڕێ بۆ بوونێكی هه‌ستپێكراو و ڕاسته‌قینه، له خه‌یاڵه‌وه بۆ ژیان، له بوونێكی خه‌یاڵییه‌وه بۆ بوونێكی ڕاسته‌قینه‌یی. پاره له ڕوودانی ئه‌م ناوبژیكردنه‌دا ده‌سه‌ڵاته داهێنه‌ره ڕاسته‌قینه‌كه‌یه.
هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه كه داخوازیه‌كه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ش كه پاره‌ی نییه له ئارادایه به‌ڵام داواكردنه‌كه‌ی ئه‌و ته‌نها خه‌یاڵێكه و هیچ كاریگه‌ری و بوونێكی نییه بۆ من، یان بۆ كه‌سی سێیه‌م، یان بۆ كه‌سی تر. هه‌ر بۆیه‌شه ته‌نانه‌ت بۆ منیش وه‌ك شتێكی ناڕاسته‌قینه و بێ‌ئامانج ئه‌مێنێته‌وه. جیاوازی له نێوان داخوازیه‌كی كاریگه‌ر كه له‌سه‌ر پاره به‌ند بێ له‌گه‌ڵ داخوازیه‌ك كه له‌سه‌ر پێویستی من، هه‌ستی من، ئاره‌زووی من و… هتد به‌ند بێ جیاوازیه له نێوان بوون و بیركردنه‌وه‌دا، له نێوان شتێك‌دا كه بوونی له ناو مندا ته‌نها وه‌ك بیرێك هه‌یه و ئه‌و بیره‌ی كه وه‌ك شتێكی ڕاسته‌قینه له ده‌ره‌وه‌ی من بوونی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر پاره‌م نه‌بێ بۆ سه‌فه‌ر، كه‌واته پێویستم به‌وه نییه سه‌فه‌ر بكه‌م، واته پێویستی ڕاسته‌قینه و وه‌دیهاتووم بۆ سه‌فه‌ر نییه. ئه‌گه‌ر بگونجێم بۆ خوێندن به‌ڵام پاره‌كه‌یم نه‌بێ، كه‌واته گونجاو نیم بۆ خوێندن، واته گونجانی كاریگه‌ر و ڕاسته‌قینه‌م نییه. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌گه‌ر به ڕاستی هیچ نه‌گونجێم بۆ خوێندن به‌ڵام بمه‌وێ و پاره‌كه‌یم هه‌بێ، كه‌واته گونجانێكی كاریگه‌رم هه‌یه بۆی. پاره وه‌ك ناوه‌ندێك و توانایه‌كی ده‌ره‌كی و گه‌ردوونی (كه له مرۆڤه‌وه وه‌ك مرۆڤ یان له كۆمه‌ڵگاوه وه‌ك كۆمه‌ڵگا نه‌هاتبێ) بۆ گۆڕینی وێنه‌یه‌ك بۆ واقع و واقع بۆ وێنه‌یه‌كی په‌تی، ده‌سه‌ڵاته ڕاسته‌قینه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی مرۆڤ و سروشت ئه‌گۆڕێ به ته‌نها مه‌فاهیمێكی موجه‌ره‌د و به‌مجۆره‌ش بۆ ناته‌واویه‌كان و خه‌ونێكی به‌دینه‌هاتووی ئازاربه‌خش. ڕێك به هه‌مان شێوه‌ی كه ناته‌واویه‌كان و خه‌ونه به‌دینه‌هاتووه‌كان، واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بنه‌ڕه‌تیانه‌ی كه له ڕاستیدا هیچ له‌بارانه‌بوون و ته‌نها له خه‌یاڵی تاكه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه، ئه‌گۆڕێ بۆ ده‌سه‌ڵاته ڕاسته‌قینه‌كان و تواناییه‌كان. به‌مجۆره پاره له‌به‌ر ڕۆشنایی ته‌نها ئه‌م خاسیه‌ته‌یدا بریتیه له شێواندنی گشتی تاكه‌كان كه ئه‌یانكات به پێچه‌وانه‌ی خۆیان و سیفاتی پێچه‌وانه ئه‌دات به سیفاته‌كانی خۆیان.
به‌مجۆره پاره به شێوه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تێكده‌ره ده‌رئه‌كه‌وێ كه له دژی تاكیش و به‌سته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگاشه، كه خۆیان وه‌ك قه‌واره دێنه به‌رچاو. پاره دڵسۆزی ئه‌گۆڕێ به نادڵسۆزی، خۆشه‌ویستی به ڕق و ڕق به خۆشه‌ویستی، چاكه به خراپه و خراپه به چاكه، خزمه‌تكار به سه‌رۆك و سه‌رۆك به خزمه‌تكار، بێمێشكی به زیره‌كی و زیره‌كی به بێمێشكی.
له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره، كه وه‌ك مه‌فهومێكی چالاكی به‌ها بوونی هه‌یه، هه‌موو شتێك تێكئه‌دا و ئه‌یشێوێنێ، خۆی شێوێنه‌ر و تێكده‌ری گشتی هه‌موو شته‌كانه، جیهانه به ژێره‌وژووری، شێوێنه‌ر و تێكده‌ری ته‌واوی سیفاته سروشتی و مرۆییه‌كانه.
ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئه‌توانێ ئازایه‌تی بكڕێ ئازایه هه‌رچه‌نده ترسنۆكیش بێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره ناگۆڕدرێته‌وه به هه‌ر جۆرێتیه‌كی دیاریكراو، به هه‌ر شتێكی دیاریكراو یان به هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی بنه‌ڕه‌تی مرۆیی دیاریكراو، بگره ئه‌گۆڕدرێته‌وه به ته‌واوی جیهانی ئۆبجێكتیڤی مرۆڤ و سروشت له‌به‌رئه‌وه له ڕوانگه‌ی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه ئه‌كه‌وێته پێناوی ئه‌وه‌وه كه هه‌ر جۆرێتیه‌ك ئه‌گۆڕێت به هه‌ر جۆرێتیه‌ك و شتێكی تر ته‌نانه‌ت كه پێچه‌وانه‌كه‌شیه‌تی: پاره پێكه‌وه‌لكاندنی نه‌شیاوه‌كانه. پاره دژ به‌یه‌كه‌كان ئه‌خاته‌وه ئامێزی یه‌ك.
وای دابنێ كه مرۆڤ مرۆڤ بێ و په‌یوه‌ندیه‌كه‌شی به جیهانه‌وه مرۆییانه بێ، ئه‌و كات ئه‌توانی خۆشه‌ویستی ته‌نها به خۆشه‌ویستی بگۆڕیته‌وه، متمانه به متمانه و …هتد. ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌ی خۆشی له هونه‌ر ببینی، ئه‌بێ له باری هونه‌ریه‌وه كه‌سێكی ڕۆشنبیر بی. ئه‌گه‌ر بته‌وێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك دابنێی، ئه‌بێ كه‌سێكی خاوه‌ن كاریگه‌ریه‌كی بزوێنه‌ر و هانده‌ر بیت له‌سه‌ر خه‌ڵك. هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كت به مرۆڤ و سروشته‌وه ئه‌بێ ده‌ربڕینێكی دیاریكراو بێ په‌یوه‌ست بێته‌وه به ئامانجی ئیراده‌ته‌وه، به ئامانجی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی شه‌خسیته‌وه. ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی بكه‌یت به بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ردا خۆشه‌ویستی وه‌ربگریته‌وه، واته ئه‌گه‌ر خۆشویستنه‌كه‌ت وه‌ك خۆشویستن خۆشه‌ویستی دوولایه‌نه به‌رهه‌منه‌هێنێ وه ئه‌گه‌ر له ڕێی ده‌ربڕینێكی زیندووه‌وه ده‌رباره‌ی خۆت وه‌ك كه‌سێكی هه‌ستناسك نه‌توانی خۆت بكه‌یت به كه‌سێكی خۆشه‌ویست، ئیتر خۆشهویستیهكهت هیچ له‌بارانه‌بووه، به‌دبه‌ختیه.‘‘
* هه‌موو هێڵی ته‌ئكیده‌كان هی ماركس خۆیه‌تی (وه‌رگێڕی كوردی)
ده‌ستنووسه ئابوری و فه‌لسه‌فیه‌كان (ساڵی ١٨٤٤)، له كۆكراوه‌كانی ماركس ئه‌نگلس، به‌رگی ٣ (لاپه‌ڕه‌كانی ٣٢٤_٣٢٦). بڵاوكراوه‌ی لۆرینس و وشهرت ساڵی ٢٠١٠.
ده‌سنووسی ٣، به‌شی: ده‌سه‌ڵاتی پاره