ڕووی ده‌مم له تۆیه ئه‌دهه‌م بارزانی
جه‌مال محسن
١١ ی جانیوه‌ری ٢٠١٧
ڕۆژی سێ شه‌ممه، ١٠ ی جانیوه‌ری ٢٠١٧ هه‌ندێك مامۆستا، به ناوی نوێنه‌رانی مامۆستایانه‌وه، خۆیان گه‌یانده مه‌قه‌ڕی پارتی و چاویان كه‌وت به ئه‌دهه‌م بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه. به پێی ڕاگه‌یاندنی ئێن ئاڕ تی، گوایه ئه‌دهه‌م به ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی وتووه: ”مامۆستایان ڕازیبوون من نوێنەرایەتییان بکەم”. وه گوایه جه‌نابیان له‌و دۆخه ناڕازیه و هه‌وڵ ئه‌دات كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان مامۆستایان و بارزانیدا ڕێكبخات.
سه‌ره‌تا با كه‌مێك له‌و پێنج وشه‌یه وردبینه‌وه كه گوایه مامۆستایان جه‌نابیان به نوێنه‌ری خۆیان قبوڵ كردووه! یه‌كه‌م وشه: مامۆستایان. كێ وتوویه‌تی ئه‌و چه‌ند مامۆستایه‌ی هاتوون نوێنه‌ری هه‌موو مامۆستایان بوون و هه‌ن؟! له كوێ و چ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتی مامۆستایان‌دا ئه‌وانه دیاریكراون كه له‌گه‌ڵ ئه‌دهه‌م دابنیشن؟ له چ شوێنێك و چی باس بكه‌ن؟
دووه‌م وشه: ڕازیبوون. چۆن ڕازی بوون و به چی ڕازیبوون؟ به‌وه ڕازیبوون كه سه‌رانی ئه‌دهه‌م وه‌ك ده‌ستیان خستۆته سروشتی كوردستانه‌وه و كردوویانه به پاره و بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیان به‌وه بووه ده‌ست بخه‌نه قوڕقوڕاچكه‌ی خه‌ڵك؟ به‌وه ڕازیبوون مامۆستایان بنێرنه‌وه بۆ قوتابخانه سارد و سڕ و بێ ته‌خته و بێ به‌شێكی زۆر له قوتابیان، و به زه‌بری شه‌لاق وانه‌یان پێ بڵێنه‌وه كه له‌گه‌ڵ وتنی هه‌ر وشه‌یه‌كی وانه‌كه‌دا خه‌یاڵیان لای جلوبه‌رگ و قوت و خانوه به كرێكه‌ی مناڵه‌كانی خۆیان بێ؟ یان به‌وه ڕازیبوون كه ببنه خاوه‌نی موچه‌یه‌كی حزبی لای ئه‌دهه‌م و حزبه‌كه‌ی؟ ئیتر ئه‌وه‌یان شتێكه با بۆ مامۆستایان خۆیانی دابنێین و من هیچ پێشبینیه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌وان ناده‌م.
سێیه‌م وشه: من. لێره‌دا واته ئه‌دهه‌م بارزانی. واته من ئه‌بێ بڵێم: تۆ. تۆیه‌ك كه گه‌ر پێشتریش نه‌زانرابێ چ نۆكه‌رایه‌تی و پاره‌خۆریه‌كت بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه، به‌ڵام كه به ئاشكرا به ناوی ڕابه‌ری حزبوڵاوه فه‌توای كوشتنی ڕێبوار ئه‌حمه‌دت دا له‌به‌رئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ئیسلام كردبوو له وتارێكیدا به ناوی (ئیسلامیه‌كان فه‌توای كۆیله‌تی و ئیغتیسابی ژنان ڕائه‌گه‌یه‌نن)، ناوه‌خنی كه‌لـله‌ی پڕت له قین و كوشتاركردنی ئازادیخوازان ده‌رخست. تۆیه‌ك كه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌به‌رده‌م باره‌گای حزبه‌كه‌تدا به هێڵی سوور ئه‌زانی، كه جگه له‌وه‌ی به په‌نهانی ده‌ستی به خوێنی ده‌یان هه‌زار كه‌س سووره و به ئاشكراش خاوه‌نی مه‌له‌فی ڕشتنی خوێنی چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس و گیانبه‌ختكردووانی ١٧ شوباته. زیاترت له‌سه‌ر بڵێین كه بۆچی هاتووی بۆ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه؟! خۆ هه‌ر نه‌بێ بۆ ئه‌وه هاتووی وه‌ك سه‌عید سه‌حافی علوج پاكانه بۆ درۆ و پاره‌خۆری و سه‌ركوتی بنه‌ماڵه بكه‌ی.
چواره‌م و پێنجه‌م وشه: نوێنه‌رایه‌تیان بكه‌م. گه‌ر ئازایت به بێ حیمایه بڕۆ بۆ لای دایكێكی جه‌رگسوتاوی شه‌ڕی ناوخۆ، كه ڕه‌نگه یان كوڕێك یان كچێكی مامۆستا بێ، یان بێگومان كوڕ و كچه‌زای له قوتابخانه به زه‌بری ئێوه داخراوه‌كاندایه، و پێی بڵێ من نوێنه‌ری ئێوه‌م. گه‌ر زاتت هه‌یه به ته‌نیا و بێچه‌ك بڕۆ بۆ لای باوك و دایكی سوركێو، باوك و دایكی ڕێژوان، دایكی گه‌رمیان، دایك و باوكی سه‌رده‌شت…….. پێیان بڵێ تۆ نوێنه‌ری ناڕه‌زایه‌تی ئه‌وانی و ئه‌یگه‌یه‌نی به بارزانی. چ قه‌شمه‌رێكی تۆ؟!
ئه‌تانه‌وێ هه‌مان فیلمی ١٧ شوبات به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌مڕۆی مامۆستایان و كارمه‌ندان و خه‌ڵكی ده‌سته‌نگی كوردستان ده‌ربكه‌ن؟ ئه‌یهێنمه‌وه بیر هه‌ڵسوڕاوانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، مامۆستایان و ئه‌وانه‌شی كه له ١٧ شوباتدا ڕابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی جوڵانه‌وه‌كان بوون، ته‌نانه‌ت خێزانی كاوه گه‌رمیانی، كه وه‌عد و وعودی بارزانی به‌های فلسه سوورێك و بڵقێكی سه‌رئاوی هه‌بوو. یانی ئه‌تانه‌وێ خه‌ڵك بچن له دیوه‌خانه‌كه‌ی بارزانی دوای خواردنه‌وه‌ی دوو چای گه‌رم بڵێن هه‌مووان چاوه‌ڕێ بن سه‌رۆكی سه‌رۆكان خێری پێیه بۆتان؟!
هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵی دا ڕووی بنی مه‌نجه‌ڵئاساتان سپی بكاته‌وه، دیاره خۆی له‌به‌ر ده‌م هه‌مان دوكه‌ڵی ڕه‌شدایه!