پەیامی هەردوو حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بۆ   کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆست

سەبارەت بەکارەساتەکانی دوای شەڕی موسڵ..!

 شەڕێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی مەترسیدار کە به ناوی رزگارکردنی موسڵەوە هەڵگیرساوە، دانیشتوانی ئەو شارەی لەناو دۆزەخ و چارەنوسێکی تاریک و بێ دەربازبوندا راگرتووە.

دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی له ناوچەکەدا به ناوی شەڕ لە پێناو ئازادکرنی موسڵ له ژێر دەستی داعش، خەریکن چەواشەکاری دەکەن و خۆڵ دەکەنه چاوی خەڵکی ناوچەکه و جیهانەوە. بەڵام پێویستە  ئەوە رۆشن بێت کە ئەم شەڕه، شەڕێک نیە بۆ له ناوبردنی داعش. هەر ئەمڕۆ و سبەینێ ئەوانەی ئێستا لەم شەڕەدا بەشدارن، بۆخۆیان داعش له‌موسڵ به‌رەو شوێنێکی دیکە دەگوێزنەوەو بەڕێیان دەکەن. دوکەڵی ئەم شەڕه هەرئەمرۆ چۆتە ناو چاوی خەڵکی موسڵەوە. پێویستە لەوەش دڵنیا بین کە سبەینێ شەڕێکی تری ناوخۆیی لەنێوان شیعه و سونە و عەرەب و کورد و تورکمان بەو مەبەستەی کە کێ خاوەنی موسڵە، بەڕێ دەکەوێت. ئەم شەڕه بۆ ئازادیی خەڵکی موسڵ نیه و نابێت، شەڕه بۆ بەرجەستەبوون و بەئاکام گەیشتنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەوڵەت و هێزە بەشدارەکان و بۆ دابەشکردنی عێراق لەسەر بنەمای قەومی وتائفی.

 شەڕی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی موسڵ مەحکومە. ئەوانەی زەمینەسازبون بۆ گەشەو گەورەبوونی داعش و پشتیوانییان لێکرد و هەر بۆخۆیان سەپاندیان بەسەر خەڵکی ناوچەکه و موسڵدا، ئێستاش خەریکن بەناوی ئازادی موسڵەوە دوبارە لەڕێگەی کوشتنی بەکۆمەڵ و ئاوارەکرن و وێرانکاریەوە خەڵکی دەکەنە قوربانی  سیاسەتەکانیان و زەمینەی شەڕێکی  تایفی و قەومی دیکە بەڕێ ئەخەن.

هاوپەیمانانی ئەمریکا لە هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەرئێستا و لەسایەی دۆزەخی شەڕدا، خەریکی پاکتاوکردنی نەتەوەیین و بەپێی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان چەندین گوندی عەرەب نیشینیان کاولکردوە، لەلایەکی دیکەوە حەشدی شەعبی بۆتە بەڵایەکی وەها مەترسیدار کە خەڵكی ئەو ناوچانە نەک ناتوانن خۆیان بدەن بەدەسەتەوە و شاد بن بەوەی کە رزگاریان دەبێت لە تیرۆریزم، بەڵکو بەئاشکرا بوونی ئەم هێزانە لەم شەڕەدا بە کارەساتێکی گەورەتر ناوزەد دەکرێت. 

جەماوەری ئازادیخوازی عێراق و کوردستان

ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەبێ دیاری بکەین کە لەبەرامبەر ئەم جەنگە کۆنەپەرستانەیەدا لەکوێدا راوەستاوین، ئەرک و پێداویستیەکی مێژوویی و ئینسانیە. هەرجۆره خۆشخەیاڵی و باوەڕ و بیرکردنەوەیەک که گوایه ئەمه شەڕی ئازادیی موسڵه و بە قازانجی خەڵکە، خەسارەتێکی گەورەیه و باجەکەی خەڵکی موسڵ و کوردستان و عێراق دەیدەنەوه.

شەڕی قەومی – تائیفی و مەزهەبی بەهەر هۆ و بیانوویەکەوه بێت مەحکوومه و دەبێت بەری پێ بگرین و لەبەرامبەریدا بوەستینەوە، دابەشکردنی عێراق لەسەر بنەمای  قەومی ومەزهەبی تاوانێکی گەورەیە لەبەرامبەر ئازادی و ژیان وگوزەرانی خەڵکدا. تەنها به هاوپشتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخواز و پشت بەستن به شوناسنامەی  ئینسانی دەتوانرێت باری کارەساتەکان  شەڕو تاوانەکانی شەڕی قەومی وتائیفی ومەزهەبی کەم بکاتەوه.

بانگەوازتان دەکەین  با پێکەوه دەست بخەینە ناو دەستی یەکترو لەدژی نەتەوەپەرستی و مەزهەب و دابەشکردنی ئینسانەکان بەو شوناسنامانەوه رابوەستین. تەنها بەم جۆره دەتوانین ئەرکی ئینسانیمان جێ‌بەجێ بکەین.

دیسەمبەری ٢٠١٦

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *