شەرێکی کۆنەپەرستانه کە به ناوی “ئازادی موسڵ”وە بەرپا بوه، لەراستیدا نەخەڵکی موسڵ به مانای واقیعی ئازاد دەکات ونه تیرۆریزمی ئیسلامی لەبەین دەبات، بەڵکو ئەم شەڕە بە دەورو پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتانی کۆنەپهرستی جیهانی بەرێوە دەچێت.
شەری موسڵ بێجگه له وێرانکردنی ئەم شاره و کوشتنی به کۆمەڵی ژنان و پیاوان ومنداڵان و بەساڵاچوان مانایەکی تری نیه. هەرئیستا بهشێک له خەڵکی موسڵ له نێوان موسڵ و تەلەعفەر لەنێوان داعش وحەشدی شەعبی گیریان خواردوه. دانیشتوانی ئەو دێهاتانەی گوایه له دەستی داعش رزگاردەکرێن به دەستی هێزه قەومی و مەزهەبیەکانی ئەم شەڕەوە دەرگیری ماڵوێرانی وکوشتنی بێ لێپرسینەوە ئەبن بهناوی هاوکارانی داعشەوە.
کەسان و لایەنی ئازادیخوازو ئینساندۆست و بەشەریەتی هاوچەرخ و شارستانی ناکرێ لە بەرامبەر ئەم کارەساتە مەترسیدارەدا بێدەنگ بن. دیوارێک له سانسۆر لەدەوری ئەم شەڕه دروست بوەو دەشاردرێتەوە. زانراو نیە ئەو هه زاران تۆپ و مووشەکانەی تائیستا رەوانەی دێهاتەکان و ناوشاری موسڵ کراون، چەند کەس دەکوژن و چەند ماڵی خەڵک وێران دەکەن، ئەمە جگە لەوەی کە نازانرێ تیرۆریستانی داعش چ قەڵاچۆکردنێکیان بەرێخستووە بەرامبەر خەڵکی بە بارمتەگیراوی موسڵ.
ئێمه لەخەڵکی ئینساندۆستی جیهان داوادەکەین له بەرامبەر ئەم شەڕه کۆنەپەرستانه و خاپوورکردنی شاری موسڵ و کوشتن و ئاوارەکردنی سەدان ههزار خەڵکی ئەم شاره بێدەنگ نەبن و دەنگی نەفرەت و ناڕەزایەتی بەرزبکەنەوه، بههانای خەڵکی ماڵوێران و برینداری ئەم شەڕەوه بچن. ماهیەتی ئەم شەڕه کۆنەپەرستانەیە بۆ تەواوی دنیاو بیروڕای گشتی جیهان روون بکەنەوه.
ئەم شەڕەی ئێستا، تاقەڕێگای لەنێوبردنی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی نیه. دەبێ ئەو دەوڵەتانەی کهداعشیان دروستکرد و پشتیوانییان لێکردو زەمینەیان سازدا بۆ گەورە کردنی، بهدونیا بناسێنرێن وریسوا بکرێن. خۆشکردنی زیاتری ئاگری شەری قەومی ومەزهەبی ودابەشکردنی عێراق لەسەر ئەم بنەمایه تەنیا شەڕی کاولکاری له بن نەهاتوەو داڕمانی تەواوی کۆمەڵگەیە.
هەموو دەزگا ئینساندوستیەکان و رێکخراو و یەکێتیە کرێکاریەکان و بەشەریەتی موتەمەدن پێویستە لهدژی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی بەقەومی و مەزهەبیکردنی ناوچەکه هەڵوێست بنوێنن و دژ بهوێرانکاری و کوشتنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبون بوەستنەوە و بەدەنگ ئازارەکانی ئەو خەڵکە بێن و هەنگاوی جدی بنێنن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
دیسەمبەری 2016