رێبوار ئەحمەد:
لەیەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی بارزانی و عەبادی دوای دەستپێکردنی ئۆپهراسیۆنی موسڵ، کە لە پشتی بەرەی شەڕی خازر ئەنجامیاندا، مسعود بارزانی لە بەرامبەر پرسیارێکی یەکێک لە رۆژنامەنوسان کە پرسی؛ پلانتان چییە ئەگەر ئەمریکا کورد بەکاربهێنێ بۆ بەرژەوەندی خۆی؟ بارزانی دەموچاوی گرژ کرد و چووبەگژی رۆژنامەنوسەکەدا و وتی؛ هەر پرسیارەکەت هەڵەیە، پرسیاری وا نابێ بکرێت، ئەمریکا کورد بەکارناهێنێ!!!
بە پێچەوانەی بەشەریەتی ئازادی خوازی دنیاوە کە نیگەرانن لەوەی ئەم ملیادێرە سەرەڕۆ و راسیستە دژی ژن و دژی ئازادی و دژی پرەنسیپە پێشکەوتوانەکان و …دەبێتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ناسیۆنالیزمی کورد دڵخۆشە بەبردنەوەی ترەمپ. وەکو زۆربەی شرۆڤەکارانیان دەڵێن “ترەمپ لە کلینتۆن باشترە بۆ کورد”. هۆکاری ئەمە چیە؟ لێدوانی ترەمپ دەربارەی (کوردەکان) کە مەبەستی ناسیۆنالیزمی کورد و دەسەڵات و حزبەکانیەتی، وەڵامی ئەم پرسیارە روون دەکاتەوە:
“کوردەکان سەلماندویانە کە باشترین شەڕکەر و بە وەفای ئەمریکان، ئەوان خاوەن دڵێکی بەهێزو جەنگاوەری عەزیمن، دەبێ ئێمە ئەوان بەکاربهێنین و سودیان لێوەرگرین”. یان دەڵێ “ئێمە دەبێ کوردەکان بەکار بهێنین، ئێمە دەبێ کوردەکان چەکدار بکەین”
We should be using the Kurds, we should be arming the Kurd
ئەمە پەیامە سەرمەست کەرەکەی ترهمپە بۆ ناسیۆنالیزمی کورد. نهێنی ئومێدی ئەم بزووتنەوەیە لەوەدایە کە ترەمپ مەیلی هەیە کورد بەکار بهێنێ و بۆ ئەم مەبەستەش چەکداریان بکات. ئەم رستانە بۆ ناسیۆنالیزمی کورد کە هەمیشە وێڵی دوای ئەوەن دەوڵەتێک چاوی تەماحیان تێببڕێت و مەیلی هەبێت بەکاریان بهێنێ، وەکو ئەوەیە لۆتۆیەکی گەورەیان بۆ دەرچوبێت. ئەم پەیامە بۆ سەرانی کوردایەتی دڵ ئارامیی دەبەخشێ لەوەی کڕیاری سبەینێشیان مسۆگەر کردوە و بازاڕی سەودایان گەرم دەبێت. پەیامی ترەمپ دور و نزیک هیچ پەیوەندیەکی بە مافی خەڵکی کوردستانەوە نیە، دەربارەی بە فەرمی ناسینی مەسەلەی کورد و هیچ رێگاچارەیەک نیە، دەربارەی پشتیوانی لە مەسەلەی کورد نیە، دەربارەی ئازادی ئەم خەڵکە لە ستەمکاری و بێدەرەتانی نیە و ناشبێت هیچ جۆرە چاوەڕوانیەکی لەم بابەتە لە ترەمپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا بکرێت. بەڵکو رێک بە پێچەوانە بۆ بەکارهێنانی ئەم خەڵکە و بە قوربانی کردنیانە بۆ ئامانجە دژی ئینسانیەکانی خۆیان، بۆ هێشتنەوەی ئەم خەڵکەیە لە ژێر چەپۆکی ناسیۆنالیزمی کورد و نەهامەتیەکانی، لە پاداشتی بەکارهێنانیانی دەسەڵات و حزبەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە خزمەت سیاسەتی میلیتاریستی و دڕندانەی ئەمریکادا. نابێ رێگا بدرێت ناسیۆنالیزم ئەم نیازە چەپەڵەی ترەمپ وەکو “باشی بۆ کورد” دەرخواردی خەڵکی کوردستان بدات و ئەم خەڵکە بکرێن بە ئامرازێک کە ئەمریکا بەکاریان بهێنێ.
هەڵوێستی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد لەگەڵ هەڵوێستی ئازادیخوازی مرۆڤایەتی هاوچەرخ ناکۆکی توندی هەیە. تەنانەت لەگەڵ هەڵوێستی شەقامی خودی ئەمریکادا ناکۆکی توندی هەیە. یەکێک لە پرەنسیپە جێکەوتوەکان لە محەکی ئازادی خوازی جیهاندا، بریتیە لە وەستانەوە دژی میلیتاریزم و ملهوڕی و داگیرکاری و کۆنەپەرستپەروەری دەوڵەتی ئەمریکا. یەکێک لە شانازیەکانی هەموو بزووتنەوە پێشکەوتوانەکانی جیهان راوەستانە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە کە لەسەراسەری دنیادا دوژمنایەتی هەموو تروسکایەکی ئازادی و هەموو جۆرە پێشکەوتن خوازیەک و مافی خەڵکی ستەمدیدە دەکات. پشتیوانی راستەوخۆ و هەمەلایەنەی داپلۆسینەرترین و کۆنەپەرستترین دەوڵەتان و هێزە کۆنەپەرست و تاوانکارەکانی جیهانە. دەوڵەتانی؛ ئیسرائیل، سعودیە، تورکیای ئەردۆگان، رێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی سوریا و لیبیا و..و..تەنها چەند نمونەیەکن. دەوڵەتی ئەمریکا بەرپرسی راستەخۆی؛ بەکاربردنی چەکی کۆکوژە لە یابان، کوشتاری بە کۆمەڵ لە ڤێتنام، وێرانکاری و کوشتار لە ئەفغانستان، خاپورکردنی عێراق و کوشتارێکی بێ شومار و نقوم کردنی لە سیناریۆی تەڵخی قەومی و تائیفی، وێرانکاری و کوشتار و پەرەگرتنی تیرۆریزم و کۆنەپەرستی لە لیبیا و سوریا…و….
کەسایەتیەکی وەکو گیڤارا بە هۆی جەنگینی ئازایانەی دژی ملهوڕی و داگیرکاری ئەمریکا، وەکو سیمبولی ئەم بەرەنگاریە خۆشەویستیەکی گەورەی هەیە لە ناو مرۆڤایەتی ئازادی خوازی جیهاندا. بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد نە تەنها شانازی بەوەوە دەکات کە ئەگەر دەرفەتی هەبێت لە پاڵ جەنراڵێکی دەست بەخوێنی ئەمریکادا راوەستێ و وێنە بگرێت، نە تەنیا کڵاو فڕێدەدات بە ئاسماندا بۆ ئەوەی دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا لە سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دژی ئنسانیەکانی خۆیدا جیگایەکیان پێ بدات، بەڵکو نیازی ئەمریکا بۆ “چەکدار کردن و بەکارهێنانیان” شاگەشکەیان دەکات.
مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد داستانی کەڵک وەرگرتن و جێگا پەیداکردنە لە قلشت و ناکۆکی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهان، مێژووی رۆڵگێڕانە وەکو دەسکەلای دەوڵەتانێک کە غەرقی ستەمکاری و داپڵۆسین و دوژمنایەتین لەگەڵ هەر تۆرسکاییەکی ئازادی و ئینسانیەت. هەموو جارێکیش ئاکامی کارەساتباری ئەم پاشکۆیەتی و خۆگریدانەیان لەگەڵ دەوڵەتانی تا سەرمۆخ کۆنەپەرست، بەسەر خەڵکی بێدەرەتانی کوردستاندا داشکاندوەتەوە. پاشکۆیەتیان بۆ؛ رژێمی شای ئێران، ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا و رژێمە سەرکوتگەرەکانی عێراق، هەروەها نسکۆی ١٩٧٥، کیمیابارانی هەڵەبجە، ئاوارەیی ١٩٩١، داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ٢٠٠٣ و نقومکردنی ئەم کۆمەڵگایە لە سیناریۆیی قەومی و تائیفی…چەند نمونەیەکی بەرجەستەن. باجیگرانی هەموو ئەوانە خەڵک داوێتی.
دۆناڵد ترەمپ دیسان نیازی وایە “کورد چەکدار بکات و بەکاریبهێنێ”، سەرانی کوردایەتی کە لە بەرامبەر بەکاربردنی ئەم وشانە لە لایەن رۆژنامە نوسانەوە خەریکە ئاگر دەگرن، لە بەکاربردنی لە لایەن ترەمپەوە سەرمەست دەبن. کوا جەنابی بارزانی یان تاقە یەک سەرکردەیەکی ئەم بزووتنەوەیە، هەر بەو جۆرەی لەسەر “بەکارهێنانی کورد” دەچن بە گژی رۆژنامە نوساندا، تۆزقاڵێک شەهامەت لەخۆ نیشان بدات و دوو رستە بەسەر زمان بهێنێ لە بەرامبەر ئەم دەربڕینە فالانژیستیە کە دەرحەق بە بزوتنەوە و ناسنامە پیرۆزە نەتەوەییەکەی بەکار براوە؟! ئەو کارە ناکەن، چونکە لە دڵەوە پێشوازی لە بەکارهێنانیان دەکەن.
هیچ ئازادی و خۆشبەختی و داهاتویەکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان، لە خۆگرێدان لەگەڵ ملهوڕی دەوڵەتی ئەمریکا و “بەکارهێنانیان” لە لایەن ئەم دەوڵەتەوە بەدی نایات. ئەزمونی مێژوو سەلماندوێتی کە ئاکامەکەی بریتی دەبێت لەکارەسات، لە باڵکێشانی کۆنەپەرستی، لە راگرتنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و تاڵانچیە بە سەر ژیان و چارەنوس و کەرامەتی خەڵکەوە. جگە لەمەش کۆسپ و لەمپەر پێکدەهێنێ لە بەردەم هاوپشتی بزووتنەوە پێشکەوتو و ئازادی خوازەکانی جیهان لەگەڵ بزوتنەوەی ئازدی خوازی خەڵکی کوردستان. لە کاتێکدا ئەم هاوپشتیە جیهانیە دەتوانێ پشت و پەنای بەهێزی خەڵکی کوردستان بێت بۆ ئازادی و داهاتویەکی پرشنگدار. بۆ هەڵتەکاندنی ئەم کۆسپە، خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان پێویستە دەنگێکی جیاواز و هەڵوێستێکی جیاواز و ریزێکی جیاواز لە ناسیۆنالیزمی کورد پیشانی خەڵکی ئازادی خوازی جیهان بدەن.
١٤-١١-٢٠١٦