کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!
دەوڵەتی ئیمپریالیست و بەربەریەتی سەرمایەداری بەڕابەری ئەمریکای بەکارهێنەری چەکی ئەتۆمی، دهیانهوێت جارێکی تر جیهان بەگشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوڕووی جەنگێکی کارەساتبار بکەنەوە. میدیا و دهزگاو ڕاگهیاندنی چەواشەکار خهریکن مێشکی خەڵکی دنیا دەشۆنەوە لهژێر ناوی”ئۆپەراسیۆنی ئازادی موسڵ “دا. لەگەڵ ئەوەدا خۆیان ڕاشکاوانە دان بەوەدا دەنێن کە ئەم ئۆپەراسیۆنە کارەساتێکی ئینسانی دەخوڵقێنێ، بەڵام دەیانەوێ بە بەهانەی لەناوبردنی ئەو داعشەی خۆیان پەروەردهو مەیدانداریان کردوەو تا ئێستاش دەوڵەتە گوێ لەمشتهکان هاوکاری دەکەن، ناوچەیەک بە چەند ملیۆن دانیشتوانەوە خاپورو خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ بکەن. دەیانەوێ ئەو ئاشوبی قەومی و مەزهەبیەی ١٣ ساڵە بەرپایان کردوە قوڵتر بکەنەوە و خەڵکی ناوچەکە لە تراژیدا نوقم بکەن. بۆ ئەم مەبەستە چەندین میلیشیای قهومی و مەزهەبی و عەشیرەتیان چەکدارو ئامادەکردوە، هەرچی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو جیهان ههیه بۆ دەخالەت لەم ناوچەیە خۆیان ساز و ئامادەکردووە.
هەر ئێستا چەند ملیۆن خەڵکی بێگوناهو بێدیفاع لەو ناوچانە گیریان خواردوەو هیچ ڕێگایەکی دەربازبونیان بۆ نەماوەتەوە. داعش دەیەوێ ئەو خەڵکە بکات بەقەڵغانی خۆی و بەهەڕەشەی مەرگ دەرگای دەربازبوونی لێداخستوون. ئەوانەشیان کە بەهەر چەرمەسەریەک بتوانن خۆیان لەبەربەریەتی داعش دەربازبکەن، لەگەڵ مەترسی میلیشیاو هێزە چەکدارە تائیفی و قەومیەکان بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەگەر بشمیننەوە بەربەریەتی داعش و بۆمباران و پەلاماری تیرۆریزمی دەوڵەتی بەڕابەری ئەمریکا کۆمەڵکوژیان دەکات. بەم جۆرە ئەم خەڵکە لەهەموولایەکەوە لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان.
ئەم دۆخە پێویستی بەهاتنەمەیدانێکی بەرین و بهشداری چالاکانهو پێشڕەوانەی چینی کرێکارو هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکان ههیه لەسەراسەری جیهاندا، بەتایبەتی ههروهک چۆن لهسهرهتاکانی لێدان لهعێراق وشەڕی یەکەمی کەنداودا دنیای شارستانی بهدهنگەوە هات وپێی نایە مەیدانەوە، پێویستە بەرامبەر بەم کارەساتەی ئێستا کەبەناوی “ئازادکردنی موسڵەوە” لەئارادایە بێدەنگی بشکێندرێت. وهلانان و وهدهرنانی داعش و هاوشێوهکانی لهو جێگایانه دهستیان بهسهردا گرتووه خواستێکی هەموو بەشەریەتی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهانه، بەڵام ئەمە کاری خودی خەڵکی ناوچەکەیە بەپشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان. ئەم کارە بەتیرۆریزمی دەوڵەتی و بۆمبارانی کوێرانە و خاپورکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و ماڵ و حاڵی خەڵک وکوشتاری خەڵکەکەی ناکرێت. ئەمە بەربەریەتێکی ئاشکرایە بەناوی ئازادیەوە خەڵکی لهدنیادا پێچەواشە دەکرێت. ئەمە پێشبڕکێیەکی تیرۆریستیە لە نێوان دەوڵەتان و جەمسەرە کۆنەپەرستە جیهانیەکان و تیرۆریزمی ئیسلامی دەسکەلای خۆیان لە پێناو دەسەڵات و دابەشکردنەوەی ناوچەکە لە نێوان خۆیاندا.
کرێکاران! ئازادیخوازان، بەشەریەتی شارستانی و هێزو لایەنەکانی لایەنگر لەمەدەنیەت و مرۆڤایەتی!
خەڵکی موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری پێویستی بەپەلە و بەهاوپشتی و بەهاناوە چوون هەیە! ئەوان لەمەیدانێکدا گیریان خواردووە کە بڕیارە بەم نزیکانە بکرێتە مەیدانی یەکێک لە جەنگ و بۆمبارانە خوێناویەکان. ئەگەر بەشەریەتی شارستانی دەستبەجێ بۆ دەربازکردنی ئەم خەڵکە نەیەتە مەیدانەوە، کارەساتێکی گەورەی ئینسانی دەخولقێ. ئەم کارەساتە نە تەنیا مەترسی تیرۆریزم لە ناونابات بەڵکو ئەم مەترسیە لەسەر هەموو دنیا زیاتر دەکات. ئەرکی بەشەریەتی شارستانیە بۆ بەرگرتن لەم کارەساتە، بۆ ناچارکردنی دەوڵەتانی ئیمپریالیست و کۆنەپەرستی ناوچەکە دەست لەپلانی کارەساتبارو کۆنەپەرستانەیان هەڵگرن، ناچار بکرێن ناوچەکە بەجێبهێڵن، ئەو دەستانە ببەستن کە هاوکاری داعش دەکەن. بەم جۆرە خەڵکی ناوچەکە خۆیان دەتوانن داعش نابووت بکەن و ئایندەی ئەم ناوچەیە بەئیرادەی خۆیان دیاری بکەن.
ئێمه بانگهوازتان دهکهین بۆ کاردانهوهی خێرا بهرامبهر ئهم پێشبڕکێ تیرۆریستیهی ئیسلامی سیاسی لهلایهک و تیرۆریزمی دهوڵهتی بەڕابەری ئەمریکا لهلایهکی ترەوە، هەروەها بۆ پشتیوانیکردن لهخهڵکی موسڵ وپارێزگاری لهخهڵکهکهی، بێنەمەیدان و دنیا لە دژی ئەم بەربەریەتە بهێننە جۆش. ئەم بەربەریەته مەترسیەکی گەورەیە لەسەر خەڵکی موسڵ، لەسەر خەڵکی ناوچەکە و لەسەر خەڵکی دنیا، بەڵام ئەمە حەتمی نیە. هاتنەمەیدانی بەشەریەتی شارستانی ئەتوانێ و پێویستە بەری پێبگرێت. با پێکەوە بۆ ئەم هاتنە مەیدانە دەستی یەکتر بگرین .
ڕێکخراوی دهرهوه ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥/١٠/٢٠١٦