ئەم شەڕە شەڕی مرۆڤایەتی هاوچەرخ نیە!

دەربارەی شەڕی جەمسەرە کۆنەپەرستەکان و ئۆپەراسیۆنی “ئازادی موسڵ”
ئەم شەڕە تیرۆریستیەی لە نێوان تیرۆریزمی دەوڵەتی جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تیرۆریزمی ئیسلامی بەرپاکراوە، بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەناو “ئازادکردنی موسڵ” پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە و چارەنوسی هەموو مرۆڤایەتی خستوەتە بەردەم هەڕەشە‌و کارەساتەوە. مرۆڤایەتی هاوچەرخ و شارستانی قوربانی ئەوەڵ و ئاخری ئەم شەڕە وێرانکاریەیە. بەڵام هیچ یەک لە جەمسەرەکانی ئەم شەڕە نە ئەمریکاو رۆژئاواو هاوپەیمانەکانیان، نە روسیاو هاوپەیمانەکانی و نە تیرۆریزم ئیسلامی، جەمسەری ئەم خەڵکە نین. مرۆڤایەتی هاوچەرخ دەبێ دەست بەجێ ریزێکی جیاواز و سەنگەرێکی سەربەخۆ لە دژی هەمو لایەنەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە لێبدات. بەرەی ئەم خەڵکە هاتنەمەیدانێکی سەربەخۆیە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ وەستانەوە دژی ئەو هۆکارانەی کە ئیسلامی سیاسی لەسەر دەلەوەڕێت و گەشەدەکات، لە دژی سیاسەت و دەوڵەتانێک کە هەمیشە لە پشتی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامیەوە راوەستاون، وە سەرئەنجام لە دژی ئەو ملهوڕی و لەشکرکێشی و سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی کە جەمسەرە جیهانیەکان بە ناوی “شەڕی دژی تیرۆریزم”ەوە بەڕێوەیدەبەن. ئەرکی کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کریکاری و شارستانیەکانە ئەم بێدەنگی ئێستا بشکێنن و دەستپێشخەری بکەن بۆ هێنانەمەیدانی دوبارەی ئەو بزوتنەوە مەزنەی کە بەرامبەر جەنگی ئەمریکا دژبە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا خۆی نمایشکرد. بە تایبەت بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتانی رۆژاوا بە بەهانەی فریوکارانەی جەنگی دژی داعش و لەناوبردنی تیرۆریزم، خەڵکی کۆمەڵگا رۆژاواییەکانیشیان دوچاری جۆرێک لە چەواشەکاری و پاسیفیزم کردوە، نەک هەر لە مەیدانی وەستانەوە بەرامبەر ئەو بەربەریەتەی کە ئەم دەوڵەتانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەڕێوەی دەبەن، بەڵکو تەنانەت لە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتیە کرێکای و جەماوەریەکان کە لە ووڵاتانی رۆژاوادا بۆ سەپاندنی خواستەکانیانە بەسەر دەوڵەتاکاندا، بەردەوام لە مەیدان بووە. 
دڵخۆشکردن بەوەی کە دەوڵەتانی زلهێزو ئیمپریالیست بەم جەنگە مەترسی تیرۆریزم لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لادەبەن، خۆشباوەڕیەکی بێ پاساوو کوشندەیە، لە راستیدا ژەهرێکە دەرخواردی ئەم خەڵکەی دەدەن. هەڵوێستی مرۆڤایەتی ئازادیخوازو شارستانی ناکرێ و ناتوانێ خۆشباوەڕی و دەستەوئەژنۆ مانەوە بێت بەرامبەر بەو بەربەریەتەی کە هەردوو جەمسەرە ئیمپریالسیتیە جیهانی و هاوپەیمانە ناوچەیەکانیان لە عێراق و سوریا و ناوچەکە بەناوی شەڕی دژی داعشەوە بەرێوەیدەبەن. گرتنەبەری هەڵوێستێکی دروست و چالاک و پێشڕەو، هەروەها هاتنەمەیدانێکی بەرینی جیهانی بۆ بەرگرتن بەم بەربەریەتە و بە شکستکێشانی هەمو لایەنەکانی ئەم پێشبڕکێ تیرۆریستییە، مەیدانی نەبەردی بەشەریەتی ئازادیخوازو شارستانیە. بەکردەوە دەرهێنانی ئەم هاتنەمەیدانە ئەرکی چینی کرێکارو کۆمۆنیزم و هێزو بزوتنەوە سۆسیالیستی و ئازادیخوازەکانە. مەیدانی نەبەرد و سەنگەری بەرەنگاری بەشەریەتی ئازادیخوا، سەنگەری بەرگریە لە مافی خەڵکی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، سەنگەری وەستانەوەیە لە دژی ستەمی مەزهەبی و دینی، سەنگەری وەستانەوەیە دژی راسیزم و دەمارگیری نەژادی و نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی، پێداگریە لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنوسی خەڵکی ئازادیخواز و ستەمدیدەی دنیا….سەنگەری پێداگریە لەسەر مافە جیهانداگرەکانی مرۆڤ و وەستانەوەیە دژی سیاسەتی “هەر کۆمەڵگایەک بەپێی فەرهەنگی خۆی”، سەنگەری پێداگریە لەسەر غەیرە قەومی و غەیرە دینی بونی دەسەڵات و دەوڵەت و دەستورو یاساکان، سەنگەری خەباتە بۆ ناچارکردنی زلهێزەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرست بۆ دەسهەڵگرتن لە دەستێوەردان‌و رەهاکردنی مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی و یەکلاکردنەوەی مەسەلەی دەسەڵات بەپێی خواست و ئیرادەی ئازادانەی خۆیان…ئەمە پێویستی بە هاتنەمەیدانێکی بەرین و دەخاڵەتێکی چالاک و پێشڕەوانەی چینی کرێکارو هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکانە لەسەرتاسەری جیهاندا.
بێگومان تەفروتوناکردنی داعش و وەدەرنانی لە هەموو ئەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتوە، وە بە دیاریکراوی ئازادکردنی دانیشتوانی بەدیلگیراوی شاری موسڵ، خواستێکی ئینسانی و ئازادیخوازانەو پێشڕەوە و دەبێ بە توندی پێداگری لەسەر بکرێت. بەڵام ئەمە ئەرک و کاری خودی خەڵکی موسڵ و خەڵکی عێراقە بە پشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان و هێزە رادیکال و شۆڕشگێڕ و سۆشیالیستەکان و هەموو ئەو هێزانەی کە هیچ شوناسنامەیەک جگە لە شوناسنامەی ئینسانی بەرەسمی ناناسن و خەباتی بۆ دەکەن. بێگومانیش کوتانەوەی سەری داعش کارێک نیە کە ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە تەنها بۆ خۆیان پاوانی بکەن و دەستی لایەنی تر بگرن کە بیەوێ سەری داعش بکوتێتەوە و تەفروتونای بکات. بەڵام ئەم کارە بە شەڕی تیرۆریستی‌و بۆمباران‌و خاپورکردنی شارەکانی عێراق و سوریا و بەتایبەتیش شاری موسڵ‌و کوشتاری خەڵکەکەی بە دەستی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و هیزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە مەیسەر نابێت. مرۆڤایەتی ئازادیخواز و هاوچەرخ نابێ رێگابدات ئەم هێزانە خراپ کەڵک لە نەفرەت له‌داعش وەرگرن و لە پێناو ئامانجە دژی ئینسانیەکانی خۆیاندا، نابێ رێگابدرێت لەشکرکێشی و جەنگی تیرۆریستی و وێرانکاری وەکو “شەڕی دژی تیرۆریزم” به‌خەڵک بفرۆشرێ. ئەوەی کە بەشەریەتی ئازادیخواز دەبێ بەسەر ئەم هێزانەدا بیسەپێنێت و ئەوەی کە پێویستە ئەم دەوڵەت و هێزانە لەژێر گوشاری مرۆڤایەتی ئازادیخوازدا ملکەچی بن، پێچانەوەی بارگەو بنەیان و چوونە دەرەوەیە لە ناوچەکە، هەروەها دەبێ ناچاربکرێن خۆیان و گوێلەمشتەکانیان دەستهەڵگرن لە پشتیوانی و هاوکاری و پڕچەککردنی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی. بەم جۆرەیە کە ئەم گروپە مافیایی و دڕندانە لە سویچەوە دەکوژێنەوە. با ئەودوای کارەکە وازلێبینن بۆ خەڵکی ناوچەکە تا ئەم باندانە لەڕیشەوە دەربهێنن و بەئیرادەی خۆیان دەسەڵاتی دڵخوازی خۆیان بەرپابکەن.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
١٤/١٠/٢٠١٦

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *