رەوەندی کۆتایی هاتنی داعش‌و گۆڕانکاریە سیاسیەکان لە عێراق و کوردستان‌و ئەرکەکانمان

موحسین که‌ریم:

هاورێیان و دۆستان
ئەم کاتەتان باش
ئەمەی خوارەوە وتارێکی شیکاری منە دەربارەی بارودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە لەبەر رۆشنایی کاریگەریە جیهانیەکانی جەنگی داعش..
ئەم وتارە لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری دیدگای سۆشیالیستی دا بڵاوبۆتەوە… ئەگەرچی سیاسەتی گۆڤارەکە بەوجۆرەیە کە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی هەر ژمارەیەك لەسەر ئینەرنێت دوای دەرچوونی ژمارەی تازەی گۆڤارەکە دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی باسەکەی خاسیەتێکی شیکاری سیاسی هەیە و راستەوخۆش پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستاوە هەیە، بۆیە بە وەرگرتنی رەزامەندی سەرنوسەری گۆڤاری دیدگای سۆشیالیزم.. بابەتەکەم لێرەدا بۆ ئێوەی خۆشەویست بڵاوکردەوە.. هاوکات دەتوانن کە ژمارە(٤) ی دیدگای سۆشیالیستی لە شارەکانی کوردستان و لە دەرەوەی ووڵات بەدەست بهێنن کەلەگەڵ ئەم بابەتەی مندا چەندین بابەتی گرنگ و بەپێزی کۆمۆنیستی تێدایە…
هەربژین
موحسین 

رەوەندی کۆتایی هاتنی داعش‌و گۆڕانکاریە سیاسیەکان لە عێراق و کوردستان‌و ئەرکەکانمان

قەیرانی سەرمایەی ئیمپریالیستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ەوە، ئابوریی سەرتاپای جیهانی سەرمایەداری بەرەو شڵەژاوی‌و بێ ئاسۆیی پاڵ پێوەنا. لەپاڵ هەوڵەکانیان بۆ شکاندنەوەی باری قەیرانەکە بەسەر شانی کرێکارو زەحمەتکێشدا، هاوکات ململانێیەکی سەختیش لەنێوان بلۆکە ئابوری‌و سیاسیە گەورەکانی بۆرژوازی- ئیحتکاری بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکەو خۆدەربازکردن لەسەر حسابی یەکتری دەستی پێکرد. ململانێی نێوان بلۆکە ئیمپریالستیەکان بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوزو بازاڕی کارو کاڵاو جموجووڵی سەرمایە، لەناو هەلومەرجێکدا دەچێتەپێشەوە کە بە رۆژەکانی کۆتایی دنیای تاك جەمسەری دەژمێردرێت‌، ئەمریکا دەمێکەیە ئەوجێگاورێگا تایبەتەی کە وەکو سەرکردەی جیهانی سەرمایەداری هەیبوو، لەدەستی داوە. سەرمایەی ئیمپریالیستی لەجەرگەی دووبارە نەخشەکێشانەوەی ناوچەکانی نفوزو دەسەڵات و کۆنترۆڵی بازاری کاڵاو سەرمایەدا بەسەر چەند بلۆك‌و جەمسەردا دابەش بووەو ئەم پرۆسەیە لەناو بەرامبەرکێ‌و پێکدادانی بەرژەوەندیەکاندا بەشێوەیەکی مەترسیدار رەوتی بەسەرەنجام گەیشتنی خۆی دەپێوێ. یەکێك لە مەیدانە سەرەکیەکانی ئەم ململانێیەش ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر کوانووی جەنگێکی بە وەکالەت دانراوە کە یاریزانە سەرەکیەکانی ئەمریکاو ئەوروپاو روسیاو چینن و لەرێگای وەکیلە ناوچەییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. داعش وەکو پێداویستیەکی ئەو جەنگە و بە هاوکاری و چرای سەوزی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، لەهەناوی بارودۆخی سیاسی قەیرانگرتووی سوریاو عێراقدا سەری هەڵداو پەلی هاویشت‌و مۆری خۆی دا لە رەوەندی گۆڕانکاریە سیاسی و سەربازیەکانی عێراق و سووریا.

لەم دابەشبوونەدا، لەئاستی ناوچەکەدا، ووڵاتانی ئێران و عێراق و سوریا لەپاڵ بلۆکی روسیاو چین دا جێگایان بۆ خۆیان گرتوە. تورکیا و سعودیەو چەند ووڵاتێکی دیکەی عەرەبیش لەپاڵ ئەمریکاو ئەوروپادا بەشێوەیەکی گشتی راوەستاون. بەڵام ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی تورکیا لەدوای کۆدێتا سەرنەکەوتوە سەربازیەکەوە ئاراستەیەکی نوێی لە سیاسەتی حکومەتی ئاك پارتی و ئۆردوگاندا هێناوەتە ئاراوە، کە نزیکبونەوە لە روسیا وەکو بردنەسەری توانای مانۆڕکردن‌و کارتی فشار بەرامبەر ئەمریکاو ئەروپا دەستی بۆ دەبرێت. ئەم مانۆڕە سیاسی‌و ستراتیژیە ئەگەری ئەوەی هەیە شکڵو شێوەی جیاواز بە دابەشبوون‌و بلۆك بەندیەکانی ناوچەکە بدات. لەولاشەوە ووڵاتانی ئیمپریالیستی ئەوروپا بە هەندێك دورکەوتنەوە لە ئەمریکا بەشوێن بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیانەوەن و بەرەو ئەوە دەچن کە وەکو بلۆکێکی ئابوری- سیاسیو سەربازی سەربەخۆ جێگای خۆیان لە دابەشکردنە ئیمپریالیستیەکاندا بگرن.

داعش کە وەکو هێزێکی سەربازی- ئایدیۆلۆژی کە لە بەرەی تورکیاو سعودیەدا حسابی بۆ دەکرێت‌و بەشێك بوو لەو گروپ و دەستە ئیسلامیانەی کە ئەمریکا بەشێوەی جۆرواجۆر هاوکاری دەکردن و وەکو ئامێرێکی بەدیهاتنی ستراتیژی خۆی لەناوچەکەدا تەماشای دەکرد، بووبوە هۆکاری تێکدانی جێگیری سیاسی لەعێراق و سوریاو نانەوەی کارەسات‌و پەرەدان بە تیرۆرو کۆمەڵکوژی‌. ئەمەش بەتایبەتی دوای راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعش و بەرەوسەرچوونی خواست‌و مەرامەکانی بەشداریکردنی لە دەسەڵاتی ناوچەییدا وەکو هێزێکی لەرادەبەدەر کۆنەپەرستی بۆرژوازی، ئەوروپا وتەنانەت ئەمریکاشی بەو بڕوایە گەیاند کە دەبێ جڵەوی ئەم هێزە بگیرێت. پەلامارەکانی ئەمریکا لە پرۆسەی جڵەوکردن نەك کۆتایی پێهێنانی داعشدا لەژێرناوی”جەنگی دژی تیرۆر”دا دەستی پێکرد. ئەوروپاش وەکو هەنگاوێك لەرەوتی دوبارە سەربەرزکردنەوەی وەکو بلۆك‌و جەمسەرێکی ئیمپریالیستی، پەیوەست بوو بە جەنگی”دژی تیرۆر”ەوە، بەتایبەتی کە بەرژەوەندیەکانی نەك هەر لە سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە باکوڕی ئەفریقادا کەوتە بەر مەترسیەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رەوت‌و گروپە ئیسلامیەکان لە لیبیادا دەستی باڵایان پەیداکردو فرسەتی پەلهاویشتنی دەسەڵاتی داعشیش بۆ لیبیاش فەراهەم بوو.

دوای هاتنە ناوەوەی روسیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆناو جەنگی سوریا، جێگاورێگای ئەمریکا لە نەخشەکێشانی سیاسی‌و سەربازی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا بەشێوەیەکی بەرچاو لاسەنگ بووە. ئەم لاسەنگیەی ترازووی هێز لەپاڵ شکستە سیاسی‌و سەربازیەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەو بەتایبەتی لە عێراقدا، بە ئاستێکی ترسناکتر بۆ هەژمونی ئەمریکا لەناوچەکەدا تەواوبووە. ئەوروپا کە ماوەیەکی زۆرە دەیەوێ خۆی لەژێر هەژمونی سەربازی و سیاسی و ئابوریی ئەمریکادا دەربکێشێ‌و وەکو وەکو بلۆکێکی سەربەخۆی ئابوری‌و سیاسی و تەنانەت سەربازیش رەفتاربکات‌، بەهێزبوونی داعشیش راستەوخۆ مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیەکان و بگرە ئاسایشی ناوخۆی دروست دەکات، بۆیە بەرامبەر تەدەخولی سەربازی راستەوخۆی روسیا لە سوریادا کاردانەوەیەکی پێچەوانە لەخۆی نیشان نەدا. سەرەنجام رەوتی گەمارۆدانی داعش لەرووی سیاسی و دارایی‌و سەربازیەوە دەستی پێکرد. دەوڵەتی ئەمریکا ناچاربوو کە دەستبەرداری روخاندنی ئەسەدو هاوکاریی گروپە ئیسلامیە نەیارەکانی بێت.

لەئێستادا رەوەندی سیاسی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق و سوریا بەرەو ئەوە دەچیت کە بەشێوازێکی دیکە یەکلایی بێتەوە. دەوڵەتە ئیمپریالسیتەکانی وەکو ئەمریکاو روسیاو چین و ئەوروپا لەسەر مێزی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە کۆبونەتەوەو کۆبونەوەکانی جنێف، ئەگەرچی بە ناوی پرۆسەی ئاشتی لە سوریادا ناودەبرێ، بەڵام لەراستیدا یەکێکە لە ئەڵقە گرنگ‌و چارەنوس سازەکانی رێکەوتنی نێوان بلۆکە گەورە ئیمپریالیستیەکان لەسەر دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز لەئاستی جیهانیدا. ئەمریکا تەنها لە سەر یەکلایی کردنەوەی کەیسی سوریا لەگەڵ روسیادا رێکەوتن ناکات، بەڵکو لەسەر کیشەکانی جزیرەی قەرم و ئۆکرانیاو پەلهاویشتنی ئەمریکاو ناتۆ بۆ سنورەکانی روسیاو باقی کێشەکانی دیکە، دەبێ بەرێکەوتن بگەن. لەم نێوەدا کێشەکانی نێوان ئەوروپاو روسیاش دەبێت بە جێگایەك بگەن‌و سەرەنجام کێشەو قەیران‌و شەڕەکانی سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەراست یەكێك دەبن لە وێستگە گرنگ و ستراتیژیەکانی تەوابوونی پرۆسەی شکڵگرتنی دنیای فرەجەمسەری‌و کۆتایی هاتنی یەکجارەکی دنیای تاك جەمسەری ئەمریکا. هەر بەم پێیە سوریاو داعش لەئێستادا بونەتە سەنتەری یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیەکان‌و رێکەوتنامەی جنێف لە ئاکامی رێکەوتنی ئەو هێزو بلۆکانە لەسەر دابەشکردنەوەی بازاری جیهانی سەرمایە بەسەرەنجام دەگات.

لەناو ئەم پرۆسەی دوبارە دابەشکردنەوەی بازاری جیهانیەدا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەگەری ئەوەی هەیە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی سیاسی بەسەردابێت‌و لەئاکامی ئەوەشەوە ئەگەری گۆڕانکاری لە جوگرافیای سیاسی ناوچەکەو جێگاورێگای دەسەڵاتە سیاسیەکانی ئێستا، ئەگەرێکی پێشبینی کراوە. مەسەلە مێژوویەکانی وەکو مەسەلەی فەلەستین‌و مەسەلەی کورد دوبارە وەکو دوو پرسی گرنگ دێنەوە سەر شانۆی سیاسی ناوچەکەو کاریگەری لەم رەوەندە سیاسی و ئابوری‌و سەربازیەی جیهان و ناوچەکە وەردەگرن و پیویستیان بە وەڵامدانەوەیەکی جیاوازە لەوەی تا ئێستا هەبوە. مەسەلەی ئاسایش‌و ئاوارەیی‌و دەورو دەخالەتی دین و بزوتنەوە دینی و ئیسلامیەکان و سیکولاریزم وەکو پرسە گرنگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ناوچەکە خۆیان دەخەنەروو. دەوڵەتانی ناوچەکە بەشێوەی جۆراوجۆر پریشکی ئەم ئاڵوگۆڕانەیان بەردەکەوێ‌. ئێران و تورکیاش ئەگەرچی وەکو دوو بلۆکی ناوچەیی بەهێز دەردەکەون، بەڵام ناتوانن لەو ئاڵوگۆڕانەی کە روبەرووی ناوچەکە دەبێتەوە خۆیان پارێزراوو دورەپەرێز رابگرن! توندکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئێران‌و تورکیا هەوڵێکی ئەو دوو دەوڵەتەیە بۆئەوەی پردێکی هاوکاری‌و پێکەوە کارکردن لەنێوانیاندا بهێڵنەوە تا بتوانن ناتەبایی‌و ناکۆکیەکانیان لە هەلومەرجێکی کۆنترۆڵکراودا بەرنە پیشەوەو لەدەستی هەردوولایان دەرنەچێ.

دەوڵەتی تورکیا کە بۆ چەندین مانگ دەچێت، دوای شکستی پرۆسەی ئاگربەست، راستەوخۆ دەرگیری ململانێیەکی سەخت بوەتەوە لەگەڵ پەکەکەو لەرووی بارودۆخی ناوخۆییشیەوە ئاماژەکان ئاسۆیەکی روون پیشان نادەن. کۆدێتا سەربازیە سەرنەکەوتوەکەی تورکیا قوڵیی ئەو کێشانە دەخاتەروو، هەروەها دەرگای دەستپێکردنی دەورەیەکی تازەی لە لێکترازان‌و پەشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو ووڵاتەدا کردۆتەوە. پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپا و تووشی ئاڵۆزی‌و لێڵی بووە. حکومەتی ئەکەپەو ئوردوگان لەناو گێژاوێکی سیاسی ناوخۆیی‌و تەریك کەوتنەوەیەکی دیپلۆماسی‌دا بە قبوڵکردنی پۆزش بۆ روسیا، دوای ئینکارکردنێکی چەند مانگی، لە هەوڵی پەیداکردنی رێگایەکی دەربازبووندایە. ئومێدی تورکیا بۆ بەدەستەوە گرتنی داعش وەکو کارتێکی دەستوەردان لەکاروباری سیاسی ناوچەکەو سوریا بەرەو لاوازی و کوژانەوە چووە. سەرەنجام تورکیا ناچاربوو لە دوای هەموانەوە پەیوەست بێت بە بەرەی شەڕ دژی داعش‌و لە دەوڵەتی پشتیوانی داعشەوە ببێتە دەوڵەتی نەیاری داعش! هێزێکی وەکو پەیەدە کە تورکیا بەنەیاری خۆی دەزانێت، لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە سیاسی و سەربازیەکانی هەریەکە لە ئەمریکاو روسیا لەناوچەکەدا پێگەیەکی پەیداکردوەو ئەگەری ئەوە زۆرە لەنەخشەی سیاسی داهاتوی سوریادا جێگایەکی پێببڕێت. روو وەرگێڕانی ئوردوگان بەلای روسیاداو نەرمی نیشاندان لە کەیسی سوریا بە قازانجی ستراتیژی روسیاو هەروەها پەیوەستبوونی تورکیا بە شەڕی دژ بەداعش بۆئەوەیە کە ئەم بارە لارە ناوخۆیی‌و ناوچەییە راست بکاتەوە.

ئێران کە وادەردەکەوێ خاوەنی قورساییەکی زیاتربێت لە هاوکێشەی سیاسی- سەربازی ناوچەکەداو بوونی لەپاڵ روسیادا جێگاو پێگەیەکی باشتری پێبەخشیوە، لەئاستی ناوخۆدا کێشەکانی نێوان دەستەی فەرمانڕەوا قوڵتر بونەتەوە. عێراق کە بەناوچەیەکی نفوزی گرنگی ئێران دادەنرێت، تووشی قەیرانێکی کوشندەی سیاسی و حکومەتی بووە. دەرگیربوون‌و تێوەگلانی ئێران لە کۆمەڵێك کێشەی ناوچەیی، لە سوریاو یەمەن و لوبنان باری سەر شانی ئەو رژێمەی قورستر کردوە. رێکەوتننامەی نێوان ئێران و ووڵاتانی (٥+١) روبەرووی گرفتی جدیە کە هەمیشە هەڕەشە لە جێگیری سیاسی‌و تێکچوونی زیاتری بارودۆخی ئابوری ئەو وڵاتە دەکات. فاکتەرەکانی فشارو تێكچوونی بارودۆخ لەسەر دەوڵەتی ئێران کەم نیە. هەوڵەکانی سعودیە بۆ هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی و چەکداریی رژێمی ئێران بەو ئاقارەدا کاردەکات. کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر کێوی هەژاری و بێمافی‌و بێدەرەتانی ئابوری‌و سەرکوتی سیاسی‌و داپلۆسین‌و لەسەر کوانووی نارەزایەتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش راوەستاوە.

بارودۆخی سیاسی و ئابوری عێراق و کوردستان لە هەموو کاتێك زیاتر بەرەو داڕمان و تێکچوون چووە. سەرهەڵدانی داعش‌و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی خاکی عێراق، بۆ ماوەیەك کێشەکانی ناوخۆی هێزەکانی دەسەڵاتداری عێراقی هێورکردەوە، بەڵام کۆتایی پێنەهێنان. ئێستا کە رەوەندی پاشەکشەی داعش دەستی پێکردوەو خەریکە کۆتایی تەمەنی داعش لەسەر مێزی رێکەوتنی نێوان ئەمریکاو روسیاو بلۆکە ئیمپریالیستەکاندا دەنوسرێتەوە، هێزە سیاسی‌و چەکدارە دەسەڵات بەدەستەکانی عێراق‌و کوردستان خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ هەلومەرجی دوای داعش‌و دیاریکردنی نەخش‌و جێگاورێگای خۆیان لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکەدا. کێشمەکێشی نێوان هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەو باڵەکانی لەلایەك و ململانێکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئیسلامی سیاسی سونەو هێزو لایەنەکانی بۆرژوازی کورد لەلایەکی دیکەوە، ئاماژەیەکە بۆ دەرکەوتن‌و گیرسانی ئەو هەلومەرجە تازەیە.

ئەو بنبەستەی کە دەسەڵاتی سیاسی عێراقی تێکەوتوەو لێکترازان‌و قوڵبونەوەی کێشەو ململانێی نێوان هێزو رەوتە سیاسیەکانی بۆرژوازی عێراقی بە کوردو عەرەبەوە، ئایندەی عێراقی وەکو دەوڵەتێکی یەکگرتوو خستۆتە ژێر پرسیارەوەو ئەگەری هەڵوەشانەوەو دابەشبوونی عێراق، وەکو مەرجێك بۆ دابینوونی جێگیری سیاسی بۆ بۆرژوازی جیهانی و ناوچەکە قبوڵ بکرێت. ئاڵۆزی‌و گیرخواردوویی‌و بێئاسۆیی قەیران‌و کێشمەکێشەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم پرۆسەیە لەناو ململانێیەکی پڕ توندوتیژیدا بەسەرەنجام بگات، بەتایبەتی کە دابینبوونی جێگیری سیاسی‌و دەسەلاتی سیاسی لە عێراقدا بە توندی بە جێگیربوونی سەقامگیری سیاسیەوە لە ناوچەکەو بەتایبەتی تر لە سوریادا گرێی خواردوە. یەکێك لەو سیناریۆیانەی کە ئەگەری زۆرە خەڵکی عێراق و کوردستان روبەرووی ببنەوە، قوڵبوونەوەی کێشەی نێوان هێزە سیاسیەکانی بۆرژوازی عەرەبی‌و کوردیە کە هەوڵ دەدەن سەربکێشێتە ململانێ‌و پێكدادانی نەتەوەیی، ئەوەش ئایندەیەکی تاریك دەخاتە بەردەم خەڵکی عێراق‌و کوردستان.

بۆرژوای کوردو بزوتنەوە سیاسیەکانی‌و بەدیاریکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە هەلومەرجی سیاسی دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر عێراق‌و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەدوایدا هاتن، لەئاستی ناوچەکەدا بووژانەوەیەکی بەخۆوە بینی‌و دوای هاتنی(داعش)یش‌ ئەم بارودۆخە هەنگاوێکی گەورەتری هاویشت. سەرباری کێشە سیاسی‌و ئابوریەکانی دەسەڵاتی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، کە ئەو دەسەڵاتەی هەرچی زیاتر خستۆتە بەرامبەر ژیان‌و ماف‌و گوزەران‌و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو بێبەش‌و کەمدرامەتەوە، بەڵام لەناو هێزەکانی بۆرژوازی دا لە ئاستی ناوچەکەدا هیچ کات ئەو پێگەیەی ئێستای نەبوە.

شەڕکردن‌و بەرەنگاربونەوەی داعش، بەتایبەتی لەلایەن ئەو رەوتەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە کە بەرەوتی پەکەکە دەناسرێت، چ لە کوردستانی عێراق‌و چ بە پلەیەکی سەرەکی‌و کاریگەرتر لە سوریا، پێگەیەکی بەهێزی بۆ ناسیۆنالیزمی کوردو بەتایبەتی رەوتی پەکەکە دەستەبەر کرد. ئەوەش وایکرد کە پەکەکە وەکو رەوتێکی بەهێزی ناسیۆنالیزمی کورد لەبەرامبەر رەوتێکی بەهێزی دیکەی ئەو بزوتنەوەیەدا کە ساڵانێکی زۆرە لە کوردستانی عێراقداو لەئاستی بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەژمونی‌و دەسەڵاتی خۆی سەپاندوە، رەسمیەت وەربگرێت‌و هێزكی وەکو یەکێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش کە نەیارو مونافیسی تەقلیدی پارتی بوون، لەپاڵ بلۆکی پەکەکەدا خۆیان پێناسە بکەن‌و لەورێگایەشەوە هەوڵ بدەن پارسەنگی ‌هێز لەگەڵ پارتیدا راست بکەنەوە.

ئەم دابەشبوون‌و بلۆك بەندیەی باڵ‌و بەشەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەپاڵ دابەشوونێکی ناوچەیی و جیهانیدا کە خەریکە ئایندەی ناوچەکە شکڵ پێدەدات، بە دوو ئاراستەی دوور لە یەکتردا دەڕواتە پێشەوە. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وەکو سەرکردەی باڵێکی ناسیۆنالیزمی کورد کە لە سەر بلۆکی تورکیا- سعودیە- قەتەر حسابی بۆ دەکرێت، کۆمەڵێك ووردە حزبی هاوشێوەی خۆی لە سوریاو تورکیادا دروستکردوەو هەروەها هاوکاری سیاسی حزبەکانی دیموکراتی ئێران دەکات وەکو بەشێك لە ئەرکی هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تورکیا- سعودیە- قەتەر بۆ فشار دژ بە ئێران، وەکو دوو هێزو بلۆکی رکابەری ناوچەیی. لەولاشەوە پەکەکە کە هەرئێستا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا لە شەڕێکی سەخت دایە، لەپاڵ پەیەدە کە وەکو لقێکی پەکەکە لە سوریادا ناسراوەو لە بارودۆخی سوریاداو شەڕی داعشدا پێگەیەکی پەیدا کردوە، بە ئیزافەی یەکێتی‌و گۆڕان، بلکۆکێکی دیکەیان دروست کردوە کە لەناو دابەشبونە ناوچەییەکاندا لەپاڵ بلۆکی ئێراندا حسابیان بۆ دەکرێت. ئەم دابەشبونە لەچوارچێوەی بلۆکبەندیەکی دیکەی جیهانیدا کە دوو قوتبی ئەمریکاو روسیا لەسەریانەوە وەستاون، قیافەی خۆی دەخاتەروو.

بانگەشەیەك کە ماوەیەکە پارتی دەربارەی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و پێکهێنانی دەوڵەت دەیکات، لەسەر هەمان ئاراستەی دابەشبونە سیاسی‌و ناوچەییەکەی مانا پەیدا دەکات، کە دەیەوێ لەپاڵ تورکیادا بەرژەوەندیەکانی داهاتوی دەستەبەربکات. ئاراستەی روداوە سیاسیەکانی ناوچەکەش ئەگەرێکی لەوچەشنەی بەهێزکردوە کە عێراق وەکو دەوڵەتێکی یەکپارچە نەمێنێتەوەو بۆ (٣) ناوچەی نیمچە سەربەخۆ لەرووی ئابوری‌و سیاسیەوە دابەش بکرێت، کە یەکێك لەو (٣) هەرێمە ، کوردستانی عێراق دەبێت. هاوکاتیش وەکو چەکێکی سیاسی‌و پڕوپاگەندەیی لە بەرامبەر نەیارو مونافیسەکانی‌و بۆ بەهێزکردنی هەژمونی‌و باڵادەستیی خۆی لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی‌و لەئاستی کۆمەڵگای کوردستان‌و بگرە کێشەی کورد لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێ.

بەرەی بەرامبەر پارتی بە سەرکرادیەتی پەکەکە، هەوڵ دەدەن ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو زۆرتر بە قازانجی خۆیان بشکێتەوە. خودی پەکەکە کێشەو شەڕی خۆی لەگەڵ تورکیادا تائاستی شەڕی ناوشارەکان بردۆتە پێشەوەو دەوڵەتی روسیاش تا ئێستا بە ئاشکرا هاوکاری پەکەکەی کردوەو لە سوریاش بەرگری لە بەشداری پەیەدە دەکات لە گفتوگۆکانی جنێڤ و لایەنەگری دانی دەورێکی گرنگی سیاسەیە بە پەیەدە. یەکێتی و گۆڕان ماوەیەکی زۆرە خۆیان لەناو بلۆکی پەکەکە- پەیەدەدا پێناسە کردوەو ئێستاش رێکەوتنی نێوانیان قایمکردنی نێوماڵی خودی ئەم بلۆکەیە چ بۆ بەرەوپیرچوونی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان‌و چ بۆ راستکردنەوەی باڵانسی هێز لەبەرامبەر پارتیدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا. بێمەیلی نیشاندانی یەکێتی‌و گۆڕان بۆ پرسی سەربەخۆیی‌و دەوڵەت‌و پێداگری لەسەر رێکەوتن لەگەڵ بەغدا هاوتەریب دێتەوە لەگەڵ بلۆک بەندیە ناوخۆییەکانی ئێستای بزوتنەوەی کوردایەتی. بەڵام نزیك بوونەوەی تورکیاو روسیا، کە لە گۆشەیەکیدا ئامانجی دەست هەڵگرتنی روسیایە لە هاوکاری و پشتیوانی پەکەکەو پەیەدە، کاریگەری لەسەر دەورو نەخش‌و پەیوەندی‌و هاوسەنگی نێوان ئەو دوو باڵەی ناسیۆنالیزمی کورد دادەنێت.

کرێکارو زەحمەتکێشی ناوچەکەوعێراق وکوردستان تائێستا زۆرترین باجی قەیران‌و شەڕو ململانێکانی نێوان هێزو دەوڵەتە ئیمپریالیستی‌و بۆرژواییە جیهانی‌و محەلیەکانیان داوە. بەشی ئەوان لەو قەیران‌و شەڕانەدا کوژران‌و ئاوارەبوون‌و ماڵوێرانی‌و سەپاندنی هەژاری‌و بێکاری‌و بێمافی بووە بەسەریاندا. هێزو لایەنە بۆرژواییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق‌و کوردستان بۆ جێبەجێبوونی بەرژەوەندیە سیاسی‌و ئابوریەکانی خۆیان، هەروەکو تائێستاش نیشانیان داوە، ئامادەی گرتنەپێشی هەرجۆرە سیاسەتێکی دژی ئینسانی‌و تێوەگلانن لە پیلانەکانی دەوڵەتان‌و هێزە ئیمپریالیستەکان‌و باکیان بەوە نیە کۆمەڵگای عێراق بۆناو شەڕێکی سەرتاپاگیری مەزهەبی- تائیفی‌و نەتەوەیی پاڵ پێوەبنێن. ئەگەرچی شکستی داعش لە رووی سەربازی‌و سیاسیەوە بووەتە بەرنامەی کاری سەرجەم هێزە جیهانی‌و ناوچەییەکان‌و هێزەکانی ناوخۆی عێراقیش، بەڵام کۆتایی هاتنی داعش بەمانای کۆتایی هاتنی کێشەیەك نیە کە داعش وەکو هێزێکی ئیسلامی سیاسی- سونە بە رەگو ریشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیەوە نوێنەرایەتی دەکات. بەو پێیەش چ مەسەلەی جێگیری سیاسی لە ناوچەکەو چ هێوربوونەوەی کێشەکانی عێراق‌و چارەسەرکردنی کێشەی دەسەڵات، بەبێ ئیمتیازدان بەرەوتی ئیسلامی سیاسی سونەو ناسیۆنالیزمی عەرەبی، واتە بە پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەی داعش، دابین نابێت.

هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێدانی جێگاورێگایەکی تایبەت بە رەوتی ئیسلامی سیاسی سونەو تەنانەت بەهێزکردنی پێگەی سەربازی ئەو رەوتە لەبەرامبەر وازهێنانیان لە داعش‌‌‌و لاوازکردنی تواناییە سەربازی‌و لۆجستیکیەکانی داعش، لە سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر حکومەتی عێراقدا دەردەکەوێ، بۆئەوەی رێگانەدات هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شێعەو حەشدی شەعبی هیچ دەورێك ببینن لە پرۆسەی گرتنەوەی ناوچە سونە نشینەکاندا. ئامادەکاریەکان بۆ گرتنەوەی موسڵیش لەلایەن سوپای عێراق‌و هێزەکانی حەشدی نیشتمانی سەر بە رەوت‌و هێزە ئیسلامیە سونەکانەوە لەچوارچێوەی بەرنامەو نەخشەی سەربازی ئەمریکادا، دەچێتەپێشەوە. ئەمریکا بۆ جێبەجێ بوونی نەخشەکەی لەبەرامبەر دانی بڕێك پارە بە حکومەتی هەرێم هێزی پێشمەرگە وەکو سوپای زەمینی خۆی لەو پرۆسەیەداو لەپاڵ هێزە سونیەکاندا بەکاردەهینێت. ئەگەر گرتنەوەی موسڵ بۆ ئەمریکا، لەلایەکەوە بۆ پارسەنگی باری لاری خۆی بێت لەگەڵ روسیا لە سوریاو هاوکات سنورێکیش بۆ هەژموونی سیاسی- سەربازی ئێران بەسەر بارودۆخی سیاسی‌ عێراقدا دادەنێت، ئەوا بۆ رەوتە ئیسلامیە سونەکانیش بەدەستهێنانی پێگەیەکی جوگرافی‌و سیاسی گرنگە بۆ دەستگیربوونیان لە دەسەڵاتی سیاسی لە بەشێکی عێراقدا کە بەناوچەی نفوزو دەسەڵاتی خۆیانی دەزانن‌.

چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی لە ناوچەکەو لەعێراق‌و کوردستانیش ئەگەر ئامادە نەبن بۆ دژوەستانەوەی ئەم پیلان‌و سیاسەتە دژی ئینسانیەی بۆرژوازی، نەك هەر کارەساتی زیاتر چاوەڕێی چینی کرێکارو کۆمەڵگا دەکات، بەڵکو ژیان وگوزەران‌و ئایندەی نەوەکانی داهاتوو بۆ چەندین ساڵ‌و بگرە دەیە مۆرکی کۆیلایەتی‌و بێمافی‌و هەژاری موتڵەقی لێ دەدرێت.

دژوەستانەوەی ئەم ئایندەیە کە بۆرژوازی جیهانی‌و ناوچەکە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیەیان رەنگ رشتوە، پێویستی بە هێزی بەرەنگاربوونەوەو پشتیوانیی فراوان هەیە. پێویستی بە هاوپشتی‌و هاوکاری‌و هاوخەباتی چینایەتی هەیە لە ئاستی ناوچەکەو دنیادا. پێویستە بەرەیەکی جەنگی چینایەتی فراوان لە ئاستی جیهانی‌و ناوچەکەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسی- جەماوەری لەدژی سیاسەت‌و پیلانەکانی بۆرژوازی ئیمپریالیستی‌و هێزە بۆرژواییە محەلی‌و دەوڵەتەکانیان پێك بێت. هێزە کۆمۆنیست‌و کرێکاری‌و ئازادیخوازەکان دەبێت پلاتفۆرمێکی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە دەورو دەخالەتی سەربازی‌و سیاسیی بلۆك‌و هێزە ئیمپریالسیتەکان‌ لە ناوچەکە بخەنەروو کە خاڵە سەرەکیەکانی ئەو پلاتفۆرمە بریتی بێت لە:

  1. کشانەوەی هەموو هێزە سەربازیەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی‌و کۆتایی هێێنان بە میلیتاریزەکردنی ناوچەکەو هەرجۆرە دەستێوەردانێکی سەربازی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی.
  2. کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی سیاسی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی‌و پشتیوانی‌و هاوکاریکردنی دەوڵەتە سەرکوتگەرو پۆلیسیەکان و هێزو دەستەو تاقمە چەکدارە ئیسلامی و نەتەوە پەرستەکان لەناوچەکەدا.
  3. تەسلیمکردنی چارەنوسی سیاسی خەڵکی ناوچەکە، بە عێراق‌و کوردستانیشەوە، بە بڕیاری سیاسی ئازادنەو سەربەخۆی خەڵك خۆیان، دوور لە کەشوهەوای جەنگ‌و سەرکوت‌و تیرۆرو دەستێوەردانی سیاسی، بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی دڵخوازی خۆیان کە بەرجەستەی ئیرادەی ئازادانەو دەستەجەمعییان بکات.
  4. پاکردنەوەی ناوچەکە لە داعش‌و هەرجۆرە دەستەو گروپێکی فاشیستی ئیسلامی‌و نەتەوەپەرست.
  5. گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆناوچەکانی خۆیان‌و قەرەبووکردنەوەیان لەرووی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون‌و خزمەتگوزاری‌و بارودۆخی ژیان و گوزەران‌و ….تاد.
  6. هاوکاریکردنی بزوتنەوەو هێزو لایەنە پێشکەوتنخوازو سۆشیالیست‌و سیکولارەکانی ناوچەکە لەلایەن جەماوەری ئازادیخوازی جیهان‌و وەستانەوە دژی پیلانگێریەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی‌و سەرکوتگەری دەوڵەتە بۆرژواییەکانی ناوچەکە لە دژیان. هاوکات بەهێزکردن‌و فراوانکردنەوەی بەرەی جەنگی چینایەتی دژی بۆرژوازی‌و دەوڵەتەکانیان لە ووڵاتەکانی خۆیاندا‌.

بێجگە لەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکرا، دابینبوونی ئاسایش‌و ئارامی‌و ئازادی‌و دوورخستنەوەی خەڵکی ناوچەکە لە کاریگەری دین‌و رەوتە ئیسلامی‌و دینیەکان لەژیانی سیاسی خەڵك و کۆمەڵگادا، یەکێکە لە مەسەلە بنەڕەتی و ئەولەویەکانی خەڵکی ووڵاتانی ناوچەکە. بۆ مەیسەرکردنی ئەم ئەولەویەتە پێویستە یەکەم ؛ مەسەلە مێژووییە چارەسەرنەکراوەکان، وەکو مەسەلەی فەلەستین‌و مەسەلەی کورد بەشێوەیەکی عادیلانەو لەلایەن خۆیانەوە یەکلایی بکرێتەوە. بەبێ چارەسەری ئەو دوو گرفتە مێژووییەی ناوچەکە ئیمکانی ئەوە نیە کە دەرگای کۆمەڵگایەکی ئازادو ئارام و خۆشبەخت بەرووی هاوڵاتیانی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراست بکرێتەوە. چارەسەری کێشەی فەلەستین بەجۆرێك پەیوەستە بە ملدانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ دامەرزاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی‌و چارەسەری کێشەی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان، بەڵام کێشەی کورد، بەهۆی بوونی کورد لە چەند ووڵاتێکی ناوچەکەدا، خاسیەتێکی ئاڵۆزو چەند لایەنەی وەرگرتوە. چارەسەری کێشەی کورد بەوجۆرە دەبێت کە هاوڵاتیانی ناوچە کورد نشینەکانی ئەو ووڵاتانە، بە کوردستانی عێراقیشەوە، خۆیان بەشێوەیەیکی ئازادنە بڕیار بدەن لەسەر مانەوە یان نەماوە لە چوارچێوەی ئەو ووڵاتانەدا. دووەم؛ پێویستە دەسەڵات‌و دەوڵەتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت‌و قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی هەرجۆرە حزب‌و لایەنێکی سیاسی دینی‌و نەتەوەپەرست کە دووبەرەکایەتی ئاینی‌و نەتەوەیی لەنێوان هاوڵاتیانی ناوچەکەدا پەرە پێدەدەن‌و ئاگری شەڕو کێشەی ئاینی‌و نەتەوەیی خۆش دەکەن، دابمەزرێن‌ و دوور بن لە هەر پێناسەیەکی نەتەوەیی‌و ئاینی. دامەزراندنی دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی شورایی گونجاوترین شێوازی دەسەڵاتدارێتی و حاکمیەتە کە توانای ئەوە هەیە زۆرترین ئازادی و ئارامی و ئاسایش و یەکسانی بۆ هاولاتیانی ناوچەکە دابین بکات بەبێ جیاوازی نەتەوەو رەگەزو ئاین و بیروباوەڕی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی.

لەئاستی عێراق‌و کوردستان پێویستە چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی بەسەر ئەو جیاوازی‌و دوبەرەکایەتی‌و پڕوپاگەندە فکری‌و سیاسیانەدا سەرکەون کە بۆرژوازی کوردو عەرەب لەنێوان چینی کرێکاردا پێکیان هێناوەو بەردەوامیش هەوڵی قوڵکردنەوەی دەدەن. ریزی یەکگرتووی خەباتی چینی کرێکاری کوردستان‌و عێراق زامنی دەربازبوونی چینی کرێکارو جەماوەرو کۆمەڵگایە لەو ئایندە تاریکەی بۆرژوازی بۆی دیاری کردوون. ئەرکێکی گرنگی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە چینی کرێکار لەژێرباری کاریگەری فکری‌و سیاسی سەرجەم هێزو دەستەو تاقمە بۆرژواییە نەتەوەیی و تائیفی و دینیەکان دەربکێشن. هوشیاری چینایەتی‌و هاوبەرژەوەندی چینایەتی لەناو چینی کرێکاردا رەواج پەیدا بکات‌و چینی کرێکار لە دەوری ئاسۆی سیاسی رزگاریبەخشی خۆی؛ واتە کۆمۆنیزم، کۆبێتەوە.

کێشەیەکی دیکەی ناوخۆیی چینی کرێکار لە عێراق‌و کوردستان پەرش‌و بڵاویی‌و نارێکخراویی‌و دابەشبوونیەتی بەسەر دەستەو لایەنە بۆرژواییەکان‌و لاوازیی هوشیاری‌و ئینتمای چینایەتی‌و خەباتکارانەیەتی کە بووەتە یەکێك لە گەورەترین مەترسیەکان‌و فاکتەرەکانی زاڵبوون‌و جێبەجێبوونی سیاسەت‌و پیلانەکانی بۆرژوازی‌و هێزە رەنگاورەنگەکانی. بەرجەستەبوونی ئینتمای چینایەتی کرێکاران لەرێگای دامەزراندنی رێکخراوە جەماوەریە خەباتکارانەکانی خۆیان‌و حزبی سیاسی کۆمۆنیستی شۆڕشگێری خۆیانەوە دەبێت. بەبێ رێکخراوبوونی کرێکاران لە رێکخراوەی جەماوەری(غەیرە حیزبی)و حیزبی سیاسی چینایەتی خۆیدا ئیمکانی بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی بۆرژوازی نیەو بگرە ئیمکانی بەرگریکردنی لە ژیان‌و گوزەرانی خۆشی نابێت کە هەرئێستا لەلایەن بۆرژوازی و دەسەلاتەکەیەوە چ لە عێراق‌و چ لە کوردستان هێرشێکی ترسناکی کراوەتە سەر. رێگایەك کە ماوەتەوە بۆ رابەران‌و هەڵسوڕاوانی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە دەستبەجێ دەست بۆ ئەو کارە بەرن.

بەهێزکردنی حزبی سیاسی چینی کرێکار مەرجێکی سەرەکی بەدیهاتن‌و سەرکەوتنی ئەو کارەیە. بەبێ دەورو نەخشی حزبی سیاسی کۆمۆنیستی چینی کرێکار ئیمکانی رێکخراوکردن‌و رابەری‌و رێنمایی کردنی خەباتی تەنانەت ئابوری‌و بەدەستهێنانی ریفۆرمی سیاسی‌و ئابوریی پایەدار نیە. حزبی سیاسی مارکسیستی‌و کۆمۆنیست‌و شۆرشگێر پێداویستیەکی یەجگار گرنگی خەباتی یەکسانیخوازانەی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشە. بەبێ ئەنجامدانی ئەم ئەرك‌و وەزیفانەو بەبێ بەڕێخستنی جەنگێکی فراوان‌و هەمەلایەنەی چینایەتی سەرکەوتن بەسەر پیلانەکانی بۆرژوازی جیهانی‌و ناوچەکەدا سەختەو مەیسەر نابێت. ئەگەر بۆرژوازی جیهانی‌و بلۆکە ئیمپریالیستیەکان خەریکن جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنە مەیدانێکی گرنگی داڕشتنی نەخشەی جیهانی دوای دنیای یەك جەمسەری‌و دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز لەنێوان خۆیاندا، ئەوا بەهەمان رادە وەستانەوە دژی ئەم بەرنامەیەی بۆرژوا- ئیمپریالیزمی جیهانی پێویستی بە هێزو تواناو پشتیوانیی جیهانیی چینی کرێکار هەیە.

ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق‌و کوردستانیش ئەوەیە کە بتوانێ تەبدیل بێت بەو حزبە سیاسیەی کە چینی کرێکار پێویستیەتی. حزبێك کە پێویستە بتوانێت هە نگاوبەهەنگاو جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بۆ شۆڕش ئامادە بکات‌و لەهەموو نەبەردو سەنگەرەکانی خەباتی رۆژانەیدا چینی کرێکار بەرەو سەرکەوتن رابەری بکات‌و وەڵام بە پێداویستیە سیاسی‌و چارەنوسسازەکانی کۆمەڵگا بداتەوەو رێگای دەربازبوون نیشانی خەڵک‌و کۆمەڵگا بدات. ئەو بارودۆخەی رووبەرووی عێراق‌و کوردستان دەبێتەوە، ئەرکی مەزن دەخاتە سەر شانی کۆمۆنیستەکان‌و رابەرانی کرێکاری‌و هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری. لەناوچەیەکدا کە ئێمە تێیدا هەڵسوڕانی سیاسی دەکەین، خەریکە گەورەترین ئاڵوگۆڕی سیاسی- ئابووری رودەدات. رێگایەکی دیکەمان لەپێش نیە بێجگە لەوەی کە خۆمان بۆ روبەرووبونەوەی ئەو ئاڵوگۆڕانە ئامادەبکەین‌.

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *