عەبدوڵا مەحمود :
ناڕەزایەتی مامۆستایان و بەشێکی زۆر لە کرێکاران و کارمەندان، بەدژی سیستەمی پاشکەوتکردنی موچەو دواکەوتنی موچەکانیان، لەسەراسەری کوردستاندا، درێژەی هەیە. لە زۆنی سەوزو نیلیدا ئەم ناڕەزایەتیانە پێیان ناوەتە ئاستێکی باڵاترەوە. کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامی هەیە و تەواوی دەرگای قوتابخانەکان داخراون. بەڵام سەرباری پێداگری و سوربوونی مامۆستایان لەسەر خواستەکانیان، وەسەرباری بەردەوامی کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆت، هێشتا دەسەڵاتی سیاسی ئامادە نییە وەڵام بە داوا سادەو ڕەواکانی مامۆستایان بداتەوە.
ئەوەش کە ناوی یەكێتی مامۆستایان، و رێكخراوە مامۆستاییەکانی سەر بە حزبەکانە، ماهیەتیان بە تەواوەتی دەرکەوتووە کە ئەمانە ئامرازو وەسیلەن بەدەستی حزبەوە بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی حزبەکەی خۆیان و وەستانەوە بە رووی خواست و ویستی راستەقینەی داوا رەواکانی مامۆستایان و کارمەنداندا.
بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و بە دیاریکراویش بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندان… بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی بە ئاقاری سەرکەوتندا ببڕێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی ناچار بە ملدان بەخواستە رەواکانی بکات، وە بۆئەوەی هێزو توانایی فراوانی خۆی نمایش بکات، پێویستی بە چەند هەنگاوێکی دیاریکراو هەیە.
رێكخراوبوون
هەنگاوێکی چارەنووساز کە دواخستن هەڵناگرێت رێکخراوبوونە. لە دڵی کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆتدا… لە هەر قوتابخانەو زانکۆ و پەیمانگایەکدا، پێویستە گۆرەپانەکانیان بکرێنە سەکۆی ئاڵوگۆڕی بیروراو، چ کردن و وەڵامدانەوە بەرێگریەکان و نارۆشنیەکان و گرنگی رێکخراوبوون… لە کۆبونەوەی گشتی هەر کام لەم بەشانەدا مامۆستایان پێویستە نوێنەری راستەقینەی خۆیان، کە بەرگری لە ویست و خواست و داوا رەواکانی مامۆستایان بکات هەڵبژێرن، بێ گوێدانە بیروباوەرو ناسنامەی حزبی و ئایدۆلۆژی. ئەو هەنگاوە پیویستە ببێتە ناوکۆکەی پێکهێنانی رێکخراوی سەراسەری و سەربەخۆیی مامۆستایان بە ئاسۆیەکی رۆشنەوە. رێکخراوێک کە ئیرادەی راستەوخۆی مامۆستایان لە بەرامبەر بە دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی سازشکار نوێنەرایەتی بکات. نەبوونی رێکخراوێکی سەربەخۆ بە ئاسۆی رۆشنی خۆیەوە بۆ بەرگری لە خواست و مافەکانی مامۆستایان، لاوازیەکە کە توانایی و مامۆستایانی پەک خستووە و ریزەکانی شەقار شەقار کردون.
داخوازی و مافەکانی مامۆستایان، تا دەربڕینی توڕەیی و ناڕەزایەتی و کۆبونەوە و مانگرتن و بایکۆتی هەزاران مامۆستا، لە نەبوونی رێکخراوێکی سەربەخۆی خۆیاندا… توانایی مامۆستایان و هیزی بەرگری و هێرشکردنیانی سنوردارو پەک خستووە… هەر ئەمەشە وای کردووە دەسەڵات لەبەرامبەر هەلومەجی سەخت و ژیان و داخوازیەکانیاندا، لاباک و کەڕو کوێر بێت.
هاوپشتی…
بە جیا لە پێداویستی رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون و پاراستنی ریزی سەربەخۆ، بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوپشتی کرێکاران و کارمەندان و خوێندکاران و کەس و کاری خوێندکاران، بۆ خواستەکانیان، یەکێکی ترە لەو مەسەلانەی کە پێویستە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندان لێی بەهرەمەند بن. ئەگەر بەسەدان قوتابخانە دەوام تیایاندا راگیراوە، بەهەزاران هەزاران مامۆستا دەستیان داوەتە کۆبونەوەو مانگرتن و بایکۆت. ئەوا سەدان هەزار خوێندکار لەچاوەروانی گەرانەوەدان بۆ دەوام… ئەو سەدان هەزار خوێندکارە، بە تایبەتی خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکان، لەشکرێکی زۆر گەورەن و پێویستە بچنە پشت داواو داخوازیە رەواکانی مامۆستایان و لە پاڵیاندا بوەستن. بەدەنگی بەرز پشتیوانی لە داخوازیەکانی مامۆستایان بکەن… هەروەها کەس و کاری خوێندکاران، دایک و باوک و خوشک و کەس و کاریان، پێویستە ئەمانیش بەریزی ئەم لەشکرەوە پەیوەست بن. چوونی خوێندکاران و کەس وکاریان بۆ پشت داخوازیەکانی مامۆستایان، پشتیوانیکردن لێیان چ بە وەستان لەپاڵیان بێت، یان بە شێوازی تری گونجاو، دەتوانێ دەسەڵاتی کەڕو کوێر… بخاتە ژێر گوشاری جەماوەری گەورەترو فروانترو بیانخاتە لەرزە. هەروەها پشتیوانی کرێکاران و ناوەندە کرێکاریی و بەرهەم هێنەکان لە مامۆستایان، چ بە ناردنی پەیام و دەستەی نوێنەرایەتی و چ بەدەستدانە کۆبونەوە و مانگرتن و کار راگرتن… هێزێکی زۆر گەورە دەبەخشێت بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی خواستەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا… پاراستنی ریزی سەربەخۆ و هەڵبژاردنی نوێنەرانی واقعی و ئازادانە کۆبونەوەی گشتی مامۆستایان خۆیاندا، تا دەگاتە بەرچاو رۆشنی لە چونیەتی بەدەستهێنانی داخوازیەکان… دەتوانێ هاوکار بێت بۆ راکێشانی پشتیوانی چینی کرێکارو توێژەکانی تری کۆمەڵگا، لە داواو ویستەکانی مامۆستایان. چینی کرێکارو رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتەکانی تر نابێ رێگەبدەن، مامۆستایان وەکو توێژیکی کۆمەڵایەتی بە تەنها بن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان…
داخوازی مامۆستایان ڕووی لە كێیە؟
مامۆستایان، وەکو توێژێکی بەرینی کۆمەڵایەتی، ئاگان بەوەی هەرێمی کوردستان دەمێکە کراوەتە دوو زۆن، لە ژێر قەڵەمرەوی دوو پارتی سیاسیدا. کە زۆنی زەردو زۆنی سەوزو لە ئێستادا نیلیش بەشێکە لە زونی سەوز. ئەم دوو زۆنە پاوانی دوو حزبی سەرەکی پارتی و یەکیتیە. کە هەر یەکەیان دەسەڵاتی بەسەر زونی خۆیدا بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە و خۆبەستنەوە بەسیاسەتی رۆژی زلهیزەکانی دنیادا، داسەپاندووە. بەو راستیە سادانەوە، بەرپرسی زۆنی زەرد پارتی و بەرپرسی زۆنی سەوز یەكێتیە. کە هەرکام لەم دووپارتە، هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی سیاسی و ئابوری و ئیداری و ئاسایش و زۆنی ژێر دەسەلاتی خۆیانیان بەدەستەوە گرتووە. بەو مانایە یەکێتی بەرپرسی زۆنی سەوزو پارتی بەپرسی زۆنی زەردە. نارەزایەتی و خۆپیشاندان لە زۆنی زەردا دەبێ روو لە پارتی و لە زونی سەوزدا رووی لە یەکێتی و نیلی بێت. ناکرێ رێگە بدرێت یەکیتی نیشتیمانی، شانی خۆی لە داخوازییەکانی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان لە زونی سەوز خاڵی بکاتەوە و رووی ناڕەزایەتیە رەواکانی زونی سەوز ئاراستەی پارتی بکات. بە پێچەوانەشەوە ناڕەزایەتی و نەفرەتی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان لە زۆنی زەردا، دەبێ روو لە پارتی بێت و نابێ لەژێر هیچ بیانویەکدا ڕێگە بدرێت پارتی شانی خۆی لە داواو داخوازیەکانی خەڵکی زۆنی زەردا خاڵی بکاتەوە و بەرپرسیاریەتی ئاراستەی دەسەڵاتی زۆنی سەوز بکات. یەكێتی و پارتی هوشیارانە دەیانەوێت ئاراستەی نەفرەت و توڕەیی جەماوەری بەلارێدا ببەن و شانی خۆیان خاڵی بکەنەوەو بیخەنە سەر یەکتری، تا دەسەڵاتی خۆیان لە زۆنی خۆیان پارێزراو بێت و لە گوشاری جەماوەری ناڕازی بە دووربن. داخوازیەکانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکانی کارمەندان و مامۆستایان لە زونی سەوزدا، رووی لە یەکێتی نیشتیمانیی و هێزە بەشدارەکانی دەسەڵاتە لەو ناوچەیەدا. پارێزگاری سلێمانی نوێنەری یەكیتی نیشتمانیە و نوێنەری خەڵکی شاری سلێمانی نییە، تا بکرێت تەتەر بۆ گەیاندنی داخوازیەکانی زۆنی سەوز بە دەسەڵاتی زۆنی زەرد، لە ژێر ناوی ئەوەی حکومەت لە هەولێرە. نە حکومەتێک لە دنیای واقعیدا بوونی هەیەو نە پەرلەمانێک… ئەمە درۆیەکی هێندە گەورەیە هەموو کەسێکی هوشیار دەیزانێت. بۆیە کرێکاران و کارمەندان و جەماوەری ناڕازی لە زۆنی زەردا، رووی داواو داخوازییەکانیان و نەفرەتیان لەپارتی و لە زون سەوزیشدا لە یەکیتی نیشتیمانییە و دەبێ ئەوان وەڵام بدەنەوە. داهات و دەسەڵات و سەرکوت و بێمافی، هەر زۆنێک لەدەستی حزبی باڵادەستی ئەو زۆنەدایە.
ئۆپۆزیسیۆنی!! بۆرژوازی کوردو ناڕەزایەتیەکان…
ئەو حزب و رێكخراوانەی کە پێشتر و بەر لە کابینەی حکومەتی بنکەفروان!! خۆیان بە ئۆپۆزیسێۆن دەزانی… وە پاشان چوونە ناو حکومەتی بنکە فراوانەوە، ئێستا لە هەلومەرجی مایەپوچی و حکومەت و پەرلەمانەکەیاندا، کە لەکۆمپانیایەکی دابەشکردنی پۆست و سامان، زیاتر شتێکی تر نەبوو… ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەکانیان، بەهەموو تەسەلیەکی ژیانی شاهانەیانەوە، خەریکی کڕوزانەوەو خۆ هەڵواسینن بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستانەوە. دەچنە ریزی مامۆستایانی ناڕازی بۆ موچە، لەپاڵ مانگرتنی فەرمانبەراندا خۆیان غەمبارنیشان دەدەن. ئەم جەنابانە نەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە، یان بۆ وەرگرتنی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا، بەڵکو بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بکەنە دەستمایەی سیاسی بۆ گەڕانەوەیان بۆ کۆمپانیای حکومەت و پەرلەمانەکەیان لە هەولێر، فرمیسکی درۆینە دەرێژن. کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان، نابێ رێگە بدەن ئەم خێڵە سازشکارە، خۆیان بە ویست و خواستەکانیانەوە هەڵبواسن. ئەمانە لەهەر زونێک بن، بەشێکن لە دەسەڵاتی دزو گەندەڵ و مافیایی ئەو زۆنەی ئێستای بزوتنەوەی کوردایەتی. لە سنوری زونی سەوزو نیلیدا، جگە لە یەکێتی نیشتیمان هەموو ئەو حزبانە و بەپرسەکانیان بەر پرسن لە دۆخی ناهەمواری کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و نابێ رێگەیان پێبدرێت شانی خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە خاڵی بکەنەوەو خۆیان وەکو دەم راست و غەمخۆری ئۆردوی ناڕازیان نیشان بدەن. بێگومان لە زۆنی زەردیشدا بە هەمان شێوە، ناکرێت ئەو حزب و رێکخراوانەی لەو زونەدان لەو حکومەت و پەرلەمانەدا بوون، ئێستا رێگەیان پێ بدرێت خۆیان بە ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو زۆنەوە هەڵبواسن و خۆیان لەو هەموو سەرکوت و نابەرابەری و تاڵانیە، بێبەری بکەن….
داخوازیەکانی ئێستا چین؟
شک لەوەدا نییە… بەهۆی نابەرابەری و دزی و تاڵانی ئاشکرا و دەسەڵاتی مافیایی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی تابڵێی ترسناک و نەخوازراودایە…هەموو ئەو پیداویستیانەی بۆ تاک و کۆمەڵ و ژیان کردنێکی تەندروست پێویستن… لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە وەکو ئاو کارەباو سوتەمەنی… تا دەگات بەسەرەتایی ترین مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکان… تا دەگاتە زەوتکردنی بەری رەنجی خۆیان کە موچەیە… لێیان زەوتکراوە. بۆیە داواو داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان یەکجار زۆرن… بەڵام لە ئێستادا مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە و دانی موچەکان لە کاتی خۆیدا… سەرەکیترین داخوازی بەشی هەرەزۆری کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایانی کوردستانە. کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەککلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم… کە هەموو حزبەکان و بە تایبەتیش ئەوانەی لە تام کردنی کێك و شیرینی دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەماندا!! لە نیوەی رێگادا ناردرانە ماڵەوە، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە ئەم دۆخە ترسناکەی خەڵکی کوردستان ببەستنەوە، بە پەکخستنی پەرلەمان و پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، وەهەر بەو ئامانجەش هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان ببن و دەستکەوتەکانی هاتنە مەیدان خەڵکی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی موچە و دانی موچە لەکاتی خۆیدا بکەنە رێگایەک بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەولێرو دەم ژەنینەوە لە کێک و شیرینی دەسەڵات لە پەرلەمان و حکومەتێکی ساختەدا… کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان، دەبێ بە هوشیاری و چاوی کراوەوە بروانە ئەم ریزە لە سواڵکەرانی سیاسی و چاوچنۆکی سەرمایە لە کوردستاندا. نابێ رێگە بدەن داواو ویستە بەرهەقەکانی خۆیان تێکەڵ بە بەرژەوەندی جیای ئەم حزبانە ببێ، کە دورو نزیک پەیوەندی بە خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە. هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچەو دانی موچە لەکاتی خۆیدا… داخوازیەکی رەواو سەرەکی ئێستای بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستانە. پێداگری لەسەریان، بە وەسیلەی رێکخراوبوون و بەرچاو رۆشنی و بە رێزی سەربەخۆیی خۆیانەوە، هەروەها بە پشتوانی بەشەکانی تری کۆمەڵگاوە، دەتوانرێ سەرکەوتنی بزوتنەوەی جەماوەری مامۆستایان، زامن بکرێت.
10ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
www.abdullamahmud.com