پەیامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ جەماوەری نارازی!

ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و مامۆستایان‌و کارمەندانی کەمدەرامەت و توێژە هەژارو بەشخوراوەکانی کوردستان بەرامبەر بەقەیرانی ئابوری‌و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم بۆ شکاندنەوەی باری سەختی قەیرانەکە بەسەرشانی ئەواندا رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو هەڵکشان دەچێت! ماهیەتی بۆرژوازیانەو دژی کرێکاری‌و دژی خەڵکیی حکومەت رۆژدوای رۆژ بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵکی چەوساوەو بێبەشی کوردستان ئاشکراتر دەبێت. بیرکردنەوەی جەماوەر لە چۆنێتی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە ئاخرین بزماری بەتابووتی پرۆژەکانی چاکسازی هێزە بۆرژواییەکاندا داکوتاوە. ئێستا ئەو هێزانەی باسی چاکسازیی سیاسی و حکومەتیان دەکرد، خۆشیان بوونەتە قوربانی سیاسەتی هەلپەرستانەو قازانجپەرستانەی خۆیان‌و لە فکری ئەوەدان چۆن جێ پێکانیان لەناو دەسەڵاتدا بسڕنەوەو جارێکی دیکە خۆیان بخزێننەوە ناو ناڕەزایەتیەکانی جەماوەرەوە. تەنانەت یەکێتی نیشتمانی کەخۆی شەریکە بەش‌و دەسەڵاتی پارتیە خۆی وەکو رەخنەگری حکومەت‌و لایەنگری ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر دژی نەبوونی مووچەو خزمەتگوزاریەکان نیشان دەدات!
لەم هەلومەرجە ئاڵۆزە سیاسیەدا ئەرکی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریە کە زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەو ڕوداوەکاندا بکەن. پێویستە رێگانەدەین بزوتنەوەکە لەرێڕەوی راستەقینەی خۆی دەربکرێت‌و دوبارە زەحمەت‌و قوربانی و خەباتی جەماوەری بێبەش و چەوساوەی کوردستان ببێتەوە بە کەرەستەی مامەڵەی سیاسی نێوان ئەو حزبانەی کە لەسەر حسابی برسێتی خەڵك بەشوێن ئیمتیازاتی سیاسیەوەن. ئەو حزبانە کە تادوێنێ لەحکومەتی بنکەفراواندا پێکەوە خەریکی بەشکردنی قوتی خەڵك بوون، ئێستا ئاستی توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك دەبینن، بۆیە هەوڵ دەدەن جەماوەر بەرەو کاری پێشوەخت رابکێشن تا چەواشەکردن و سەرکوتکردنیشی ئاسان بێت!
ئامادەکردنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بۆ ئەوەی حسابی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا یەکلایی بکاتەوە، بۆئەوەی کۆتایی بە نایەکسانی‌و بێمافی‌و ناعەدالەتی بێنێ، بۆئەوەی گەندەڵی و تاڵانو بڕۆی حزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی لەڕیشەوە دەربکێشێت، بۆئەوەی ژیانێکی شایستەو یەکسان بۆ خۆی و نەوەکانی دواتر فەراهەم بکات، لەناو پرۆسەیەك لە خەباتی هوشیارانە و یەکگرتوو رێکخراودا دەچێتەپێشەوە لەپێناو باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیان‌‌و گوزەران‌و فراوانکردنەوەی ئازادیەکانی. مانگرتن و خۆپیشاندان، کۆبونەوەی ناڕەزایەتی‌و پەناگیری لە شوێن‌و ناوەندەکانی کارکردندا، لە فەرمانگەو خەستەخانەکاندا، لە قوتابخانەو زانکۆو پەیمانگاکاندا، داخستنی دوکان و بازاڕەکان، بۆ گێڕانەوەی مووچە خوراوەکانی مووچەخۆران، بۆدانی مووچە لەکاتی خۆیداو بێدواکەوتن، بۆ دابینکردنی ژیان و دانی بیمەی بێکاری بەوانەی ئامادەبەکارن و کاریان دەستناکەوێ، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو تەندروستی، خوێندن، کارەبا، ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت بەخۆڕایی لە ئێستادا ئەو هەنگاوە دروستەیە کە دەتوانێ ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ناڕازی لە موجازەفەو لەباربردن بپارێزێ و هەنگاوەکانی داهاتووش زامن بکات. 
هەرئێستا بەشێك لەکارمەندانی فەرمانگەکانی حکومەت لەناو فەرمانگەکانی خۆیاندا دەستیان داوەتە مانگرتن، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگاو زانکۆو پەیمانگاکاندا مامۆستایانیش دەست بەمانگرتن و خۆپیشاندان بکەنەوە. هێشتا بایکۆت‌و جێهێشتنی دەوامیش وەکو بژاردەیەك لەلایەن بەشێك لەفەرمانبەران‌و مامۆستایانەوە تەماشا دەکرێ. بەڵام وەکو چۆن پاراستنی ناڕەزایەتیەکان لەکاری پێشوەخت و موجازەفە ئەرکێکی سەرجەم رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەیە بەهەمان شێوەش دوبارە نەکردنەوەی ئەزمونێکی بێکاریگەری وەکو بایکۆت کە ناڕەزایەتیەکان دەپوکێنێتەوەو لەباریان دەبات، بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی سەرجەم جەماوەری ناڕازی کوردستان دەکات کەلەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن لە پاڵ مامۆستایان و خوێنداکاراندا لەسەرجەم فەرمانگەو خەستەخانەکاندا، لەناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریدا مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بەرپابکرێ‌ لەپێناو:
1- گێڕانەوەی مووچە زەوتکراوەکانی مووچەخۆران‌و دانی مووچە لەکاتی خۆیداو بێدواکەوتن.
2-  دابینکردنی کار بۆ بێکاران یان دابینکردنی ژیان و دانی بیمەی بێکاری بەوانەی ئامادەبەکارن و کاریان دەستناکەوێ.
3-  دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو تەندروستی‌و پزیشکی، خوێندن‌و پەروەردە، کارەبا‌و ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت بەخۆڕایی.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٥-٩-٢٠١٦

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *