ماوەی چەند رۆژێکە رژێمی فاسیستی و قەومپەرستی تورک، لە ژێر ناوی جەنگ لەدژی داعش و پاریزگاری لە سنورەکانی، دەستی داوەتە هێرش و ملهوری سەربازی بۆسەر کوردستانی سوریا.
رژێمی ناسونال فاشیستی تورکیا، بەدوای کودەتا شکستخواردوەکەی بەشێک لە سوپای تورکیا، لەناوخۆی تورکیا دەستی داوەتە گرتنو راوەدونانو لەسەرکاردەرکردنی دەیان هەزار کەسو سەرکوتو داپڵۆسینو بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکانو داخستنی دەیان رۆژنامەو گۆڤارو کەناڵی راگەیاندن وهەوڵێکی سیستماتیکی دەست پێکردوە بۆ داسەپاندنی یاساو ریسای ئیسلامیو داعشیو بەسەر خەڵکی مۆدێرنی تورکیادا. لە دەرەوەی تورکیاشدا دەستی داوەتە ملهوریەکی سەربازی و هێرش و پەلامار بۆ سەر کوردستانی سوریا و تۆپبارانکردنی کانتۆنەکانی عفرینو کۆبانیو جەزیرە… هەموو ئەم هێرشو ملهوریانەش لەژێرناوی بەرگری لە “دیموکراتیەتی تورکیا” و پاراستنی سنورەکان و “جەنگ لە دژی داعش” ئەنجام دەدات.
تورکیا، وەکو دەوڵەتێکی فاشیستو کۆنەپەرستی ناوچەکە، دەیەوێت لە رێگای ئەم هێرشو ملهوریانەوە، کێشەناوخۆییەکانی بە قازانجی حیزبی دەسەڵاتدار یەکلایی بکاتەوە، لەئاستی ناوچەکەشدا پێگە لاوازە سیاسی و سەربازیەکەی قەرەبوو بکاتەوەو لەژێرناوی “شەڕی دژی تیرۆرو داعش” دا پشتیوانی هەریەکە لە ئەمریکاو روسیا بەدەست بهێنێ بۆ دروستکردنی “ناوچەی ئارام”و تەواوکردنی ئەو سیاسەتەی کە نەیتوانی لەڕێگای پشتگیری ئاشکرای داعشەوە بەدەستی بهێنێ، کە شکستهێنانە بە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیاو پاشەکشەکردنە بە هێزەکانی پەیەدە کە وەکو درێژکراوەی پەکەکە لێیان دەڕوانێ و مامەڵەیان دەکات.
ئەم هێرشو ملهوڕیە سەربازیەی تورکیا لە دژی خەڵکی کوردستانی سوریاو هێزە سیاسیەکانی لەناو هەلومەرجێکی سیاسیو سەربازیی ناوچەکەدا دەچێتە پێشەوە کە هێزە ئیمپریالیستەکانی وەکو روسیاو ئەمریکا و دەوڵەتە خزمەتکارەکانیان لە سعودیەو تورکیاو قەتەرو ئێران و رژێمی بەشار ئەسەدو گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان جەنگێکی خوێناوییان لە سوریادا بەرپاکردوەو کۆمەڵگایەکی دەیان ملیۆنیان تووشی ماڵوێرانیو کارەسات و ئاوارەیی و کوشتاری بە کۆمەڵ کردوە. خەڵکی کوردستانی سوریا لەماوەی رابروودا توانییان کە بەرگریەکی چەکدارانەی بێ وێنە لە دژی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی(داعش) بکەن و ئەفسانەی داعش تێك بشکێنن. ئێستاش هەرئەوجۆرە بەرەنگاریە جەماوەریە سیاسی و چەکدارانە دەتوانێ لوتی دەوڵەتی کۆنەپەرستو داعش پەروەری تورکیا لە زەوی بدات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا ئیدانەی هێرشو پەلاماری سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریاو پیلانگێڕیەکانی ئەو دەوڵەتە بەهاوکاری گروپو هێزە بەکرێگیراوەکانی بۆ نانەوەی شەڕێکی ناوخۆ لەکوردستانی سوریا، دەکاتو خوازیاری دەستبەجێ کشانەوەی ئەو هێزانەیە لە کوردستانی سوریا، هاوکات بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا دەکات، کە دەوری شایستەی خۆیان بگێرن بۆ بەرگریکردن لە ئیرادەی راستەوخۆی جەماوەری کوردستانی سوریا لە بەرامبەر لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیاو هەروەها پشتیوانی لە خەڵکی سوریا بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگو دەستێوردانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیو دەوڵەتە کۆنەپەرستە خزمەتکارەکانیان لەناوچەکەدا.
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
٤-٩- ٢٠١٦