شەوی ١٤ لەسەر ١٥-٧/٢٠١٦ جارێکی تر دنیا بووە شاهیدی تیرۆریزمی کوێرانەی ئیسلامی سیاسی. لەداهێنانێکی نوێی ئینسان کوژیدا، کە لە شەقامی پرۆمێناد دێز ئەنگلایس Promenade des Anglais لەشاری شاری نیسی فەرەنسا ڕویدا، لانی كەم ٨٤كەس لە خەڵکی سفیل گیانیان لەدەست داو زیاتر لە ٢٠٢ تريش بريندار بوون. کە ژیانی ژمارەکیان لە مەترسیدایە. هاوکات فەزای ترس و تۆقاندنیان کردەوە دێوەزمەی سەر ژیان و گوزەرانی ئاسایی خەڵکی فەرەنساو تەواوی ئەوروپا،…ئەم کردەوە ئینسان کوژییەی ئیسلامی سیاسی ویژدان تۆپیوو لەرێگای بارهەڵگرێکەوە ئەنجامدرا، کە ئاپۆرای خەڵکی سفیڵی لە ئاهەنگی نیشتیمانی فەرەنسادا، کردە نیشانەو شێلا… ئەم کردەوەیەی ئیسلامی سیاسی تێر نەبووی کوشتار و خوێن، لە کاتێکدا ڕویدا کە هەر چەند ڕۆژ لەمەو بەر هەمان ئەو ئینسان کوژانە بەسەدان کەس لە خەڵکی کەڕادەی بەغدایان، لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا، خەڵتانی خوێن و کوشتار کرد…
جەنگ و ململانێی هەردوو قوتبی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بەسەرکرادیەتی ئەمریکاو و روسیا، لە ناوچەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ قوتبی تیرۆریزمی ئیسلامی بە سەرکردایەتی ئیران و تورکیاو عەرەبستانی سعودی وقەتەر… بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی جوغرافیای سیاسی ناوچەکە و داسەپاندنی دەسەڵاتی کرێگرتەی سەر بەخۆیانە… قوربانیانی نێوان جەنگ و ململانێی ئەم دوو قوتبە… خەڵکی سفیڵە لە فەرەنساوە بۆ عێراق، لە بەلجیکاوە بۆ سوریا… ئەگەر دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی و بۆمبابارانکردن و جەنگی بە وەکالەتی نێوان ئەم دوو قوتبە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا… جەنگێکی چەورو نەبراوەو درێژ ماوەی لە ناوچەکەدا بەرپا کردووە، کە بۆ چەندین دەهە ئاکامە وێرانکاریەکانی دەمێنێتەوە، ئەوا سازش و دەستهەڵگرنی دەوڵەتەکانی ئەمریکاو غەرب، لە پێوانەو مافە مەدەنیەکان و خستنە ژێر پرسیای مافی هاوڵاتی بوون، لە ژێر ناوی مەڵتی کەڵچەریزمدا… ئەو جیاکارییەیە کە بەئاشکرا دنەی ململانێی دینی و مەزهەبی ئیتنیکی دەدات… ڕێگەدان بەکردنەوەی دەیان مزگەوت و پێکهێنانی دەیان گروپی هەمە ڕەنگی ئیسلامی و مەزهەبی و هەڵرشتنی پارەوپولی خەیاڵی بۆیان… نەک دەستی ئیسلامی سیاسی کراوەتر کردوە بۆ پەروەردەو پێگەیاندنی کادر و باندی تیرۆریستی ئیسلامی لە ناوخۆیی ئەوروپاو ئەمریکادا، بەڵکو هاوکات لەبەرامبەردا گروپە ڕاسیستەکانی بەهێز کردوە… کە ئەمەش هێندەی تر ئایندەی کۆمەڵگای ئەوروپی خستۆتە بەردەم مەترسی ترسناکتر لە داهاتوودا…
خەڵکی ئازادیخوازی ئەمریکاو ئەوروپاو دنیای شارستانی، کە دژی جەنگ و ملهوری ئەمریکاو و غەرب بوون لە عێراق و ناوچەکەدا… نەک بەشێک نین لە تاوانکاری وڵاتەکانیان و پاشەکشەیان لە مافە مەدەنیەکان و مافی هاوڵاتی بوون… بەڵکو ئێستا ئەمانیش وەکو خەڵکی عێراق و سوریاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست… لە قوربانیانی جەنگ و ملهوری دەستێوردانی سەربازی و پاشەکەشەی و وڵاتەکانیانن، لە مافە جیهان داگرە ئینسانیەکان و هاوکات کراونەتە نیشانەی دەستی تیرۆریزمی هەوسار پچڕاوی ئیسلامی… ئەمەی لە فەرەنسا ڕویداو پێشبینی دەکرێت چ لە فەرەنساو چ لەوڵاتانی تری ئەوروپا چەند بارە بێتەوە… ڕاسانێکی گەورەی پێویستە. ڕاسانێکی جەماوەری لەخوارەوە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی….
دنیای شارستانی و بزوتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتیەکان، لە ئەوروپاو تەواوی ناوچەکە لەبەردەم ئەرکێکی گرنگ و چارەنوس سازدان…. گوشارهێنان بۆ وڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا بۆ پابەند بوونیان بەمافە ئینسانییە جیهانیەکان و مافی هاوڵاتی بوون و دەست بەرداربوونیان بۆ سازش لەگەل ئیسلامی سیاسی و گروپە دینی و مەزهەبی و ئینتیکی و هاوکات گوشار هێنان بۆیان بۆهەڵگرتنیان لە دەستێوەردان و جەنگ و ملهوری نواندن، لە گۆشەو کەنارە ئەزمەگرتوەکانی دنیا و بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەتوانێ دنیا بە ئاقارێکی تردا، ئاڕاستە بکات. ئەمە نەبەردێکە دەبێ دەست پێبکات…
ئیمە لە رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆریسیەی فەرەنساو عێراق و … دەکەین، خۆمان بە بەشدار لە غەم و پەژارەی کەس و کاری قوربانیەکان دەزانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.. هاوکات شان بەشانی دنیای شارستانی و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە پێشکەوتنخوازەکان، بۆ کۆتایهێنان بەجەنگی تیرۆریستی نێوان تیرۆریزمی ئیسلام و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، تێدەکۆشین و لە پێناو مافە ئینسان جیهان داگرەکاندا، لەپاڵ بەرەی بەدەستهێنانی مافە ئینسانیەکانیدا، دەوەستین…
مەرگ بۆ تیرۆر جەنگ و کوشتار
ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٥ یولی ٢٠١٦