عەبدوڵا ساڵح
ماوەیەکە شەڕو پێکدادان لەم دوو شارەدا دەستی پێکردوە لە نێوان ئەو هێزە چەکدارانەی لەوێ جێگیرن، لایەنێکیان لەهەردوو شارەکە کوردزمان و ئەویدیکەیان عەرەبزمان و تورکمان زمانن، ئەنجامی ئەوپێکدادانە چەندین کوژراو برینداری، چەکدارو سڤیل، لە هەردووک لا لێکەوتۆتەوە .
هەموو لایەنە بەشداربوەکانی ئەم شەڕە بەرامبەر دوژمنێک وەستاون ناوی داعشە، بۆیە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە هۆکاری ئەم پێکدادانە چی یە و بۆچی دەبێ لە ڕێسای ( دوژمنی دوژمنم دۆستمە ) بەدەر بێ ؟
ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە داعش لەباری سەربازیەوە لە پاشەکشەدایە، مانەوەی ئەم هێزە، بەگوێرەی هەواڵەکان، بەندە بەکاتەوە، ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین نزیک بەساڵێک کەمتر یا زیاتر، گەورە بەرپرسانی ئەمریکا باس لە هەڵاتنی چەکدارانی ئەو گروپە دەکەن بەرەو لیبیا و ئەوەش وەک نیشانەیەک بۆ تێکشکانیان و سەرکەوتنی بەرەی دژ بەوان لەقەڵەم دەدەن .
داڕشتنی پلان بۆقۆناغی دوای داعش لە ئێستاوە زۆر بەجدی کەوتۆتە بەرنامەی کار و سیاسەتی هەموو ئەو لایەنانەی لەشەڕی دژ بە داعشدا خۆیان بە براوە دەزانن، چ دەولی، چ ئیقلیمی و چ ناوچەیی، هەریەکە بە گوێرەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان. مەسەلەی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوزو دەسەڵات ناوەرۆکی ئەم پلانەیە .
دەنگۆی ئەوەهەیە جەزائیر کەوتبێتە نێوانگیری بەینی ئەردۆگان و بەشار ئەسەد چونکە هیچکام لەم دوو لایەنە بە شەڕ پشتی یەکتریان پێ لە عەرزنەدرا، وەواپێدەچێ بەشار ئەسەد وا زوو نەڕوا، جگە لەوەش نیمچە دەوڵەتێک لە باکوری سوریا خەرێکی دامەزرانەو هێزێکی سەربازی تۆکمەو بەتوانای هەیە کە هیچکام لەم دوو دەوڵەتە نەک تەنیا چاویان پێهەڵنایە، بگرە بەخەتەر گەورەی دەزانن بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتیان.
لە توزخورماتو کینەو بوغزی قەومی و تایفی لەسەردەستی هێزە دەسەڵاتدارە قەومی و تایفیەکانی ناوچەکە مێژویەکی قێزەونی هەیە، ئەمە کراوە بە بنەما و بیانوو بۆ هەڵایساندنی شەڕێکی نگریس بەمەبەستی سەرلەنوێ دابەشکردنی ناوچەی نفوزو دەسەڵات بۆ قۆناغی دوای تێکشکانی سەربازی داعش لەلایەک، وە پەردەپۆش کردنی ئەو ئیفلاسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی سەرانی هەردووک لا خۆیان و کۆمەڵگایان تێوەگلاندوە لەلایەکی تر.
هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا ئەم ووڵاتە حکومەتی وا فاشلی بەخۆیەوە نەدیوە وەک ئەوەی ئێستا شیعە بەڕێوەی دەبا .
سوور بوون و پێداگری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش لەسەر قوڵکردنەوەی شەڕی دوزخورماتو بە بیانوی بەرگری لە هاونیشتمانیە کوردەکانی ئەو شارە جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک هیچیتر نیە، مەگەر ئەو کارەساتەی ئەمڕۆ هەر ئەو حیزبانە بەسەر چەندین ملیون خەڵکی هاوزمانی خۆیانیان هێناوە لە کوردستان دەلیل نیە بۆ ئەو سیاسەتە چەواشەکاریە ؟
ئەو دەسکەوتە گەورەو بەرچاوانەی لە کوردستانی سوریا بەدەست هاتوون نابێ بکەونە نێو تەڵەی شەڕی قەومیەوە چونکە بێشک دەبێتە مایەی لەدەستدانی هەلێکی مێژویی کە ڕەنگە وا زوو دووبارە نەبێتەوە .
شەیپور لێدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی قەومی و کردنی بە بنەمایەک بۆ بەردەوامبونی ئاڵوزی و پشێوی و نەهێشتنی ئاشتەواری ناو کۆمەڵگا بەبیانوی بەرگری لە ” خاک و نەتەوە ” لەهەر لایەنێک و بۆ هەر مەبەستێک بێ پێویستە ڕیسوا و ئیدانە بکرێ .
25 / 4 / 2016